ڕووخسارەکەی تری پیرە ڕێوی

محمد خۆشناو

2023-06-03

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ، ئاهەنگی لەدایکبوونی «100» ساڵە بۆ هێنری کیسنجەر وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا سازکرا ، کە بە پیرەڕێوی یان پادشای دبلۆماسی ناودەهینرێت ، کە تائێستا تەرکیزی زهنی بەو تەمەنە گەوریە باشە و  زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان گوێی بۆ دەگرن و ئامۆژگاریان دەکات لەسەر کێشەکانی جیۆسیاسی و ، دەنووسێ و قسە بۆ دزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات ، ئەم لەدایکبوونە پێشوازیەکی واگەرمی لێکرا وەک ئەوەی جیهان بەپێوەری بەها و ڕەوشت بڕوات ، نەک بەپێی بەرژەوەندی هەڵپەرستانەی نیشتیمانیی جیهانێک کە کەوتۆتە دەست کەمینەیەکی ئۆلیگارشی سەرمایەداری چڵێس و سیاسەتمەداری دووڕ و هەڵپەست کە ئەوە ئەوانن پێوەر دادەنێن و ، ئەوانن گەمە بە جیهان و گەلان و تاکەکان دەکەن .
ئەگەر بەشێوەیەکی پانوڕامی سەیری ئەو کار و کردەوە و ڕووداوانەی کە کیسنجەر بەشدار بووە و ڕۆلی تێدا هەبووە لە وڵاتانی سەرانسەری جیهان بکەین ، بۆت دەردەکەوێت کە ئەم پیاوە لەپشت زۆرێک لە دەستتێوەردانی ئەمەریکا لەکاروباری زۆر لە وڵاتانی جیهاندا بووە ، بەتایبەتی لە ئەمەریکای باشوور و کێشووەری ئەفریقا و ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەتا کێشوەری ئەوروپاش«قوبرس» و ئەوانی تریش .
کیسنجر لە کار و ژیانیدا دڵسۆز و وەلائێکی تەواوی بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی قوڵ لە ئەمەریکا هەبووە و ، گوێی نەداوەتە ماف و بەرژەوەندی گەلان و بەها و پرنسیب و ڕەوشت ، بۆیە لەدەیان ڕووداوی گەورەی خوێناوی تیوەگلاوە ، کە هەندێک کەس بە تاوانباری جەنگ دایدەنێن ، کە بەشداربووە لە فراوانکردنی جەنگی ڤیەتننام ، تا کەمبۆدیا و لاوسی-یش بگریتەوە و ، لەو سەردەمەدا هەڵمەتێکی گەورەی بۆردوومانی نهێنی بۆسەر کەمبۆدیا ئەنجامدرا ، کە بووە مایەی هەلکشانی «خەمیری سوور» کە نزیکەی دوو ملیۆن کەسیان کوشت ، هەتا  لە ڤیەتنام کاری نەکرد بۆ ڕاگرتنی جەنگ ، بەڵکە بۆ کۆتایهێنان بەتێوەگلانی ئەمەریکا لەو جەنگە واتە بە «ڤیەتنامکردنی جەنگ » واتە جەنگەکەی والێکرد کە لەنێوان هەردوو ڤیەتنام دابێت ، جگە لەمە کیسنجەر هەلسوڕێنەری گەورەی کۆدەتای دژ بە سەرۆکی هەڵبژێرداوی تشیلی «سلڤادۆر لیندی» لە ساڵی 1973 بوو و یارمەتی «بینۆشە »ی دیکتاتۆریدا کە بێتەسەر دەسەڵات ، کە تێیدا حکومەتەکەی هەزاران کەسی کوشت و ئەشکەنجەدا ، هەڵوێستی لە سیاسەتەکانی ئاپارتاید «جیاوازی ڕەگەزی » لە باشووری ئەفریقیا زۆر خەراپ بوو ، کە بەدیدگای جەنگی سارد و بەرژەوەندیەکانی وڵاتەیەکگرتوورکان و بێ بایەخدانان بۆ ئیعتیباراتی ئەخلاقی و دادپەروەری مامڵەی دەکرد ، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هیچ بەرپرسێک لە جیهان لە جەنگ و لە ئاشتی ئەوەندەی کیسنجەر خزمەتی ئیسرائیلی نەکردووە  هەموو گەڕە دبلۆماسیەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئامانجەکەی بریتی بووە لە دەربازکردنی ئیسرائیل و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا ، ئەوبوو  بە زهنە شەیتانیەکەی ڕۆلی هەبوو لە ئامادەسازیکردن بۆ نسکۆپێهێنانی مەزنترین شوڕشی خەڵکی کوردستان لە ساڵی 1975 , لەکن کیسینجەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لەسەروی پڕسیپ و بەهاکانە ، بەو پێیەی مامۆستای « سیاسەتی ڕیالستی »یە هەوڵدەدات  لە نووسین و لێدوانەکانیدا پاساو بۆ تاوانەکانی لەسەر  بنچینەی بەرژەوەندیەکانی ئاسایشی نەتەوەیی بێنیتەوە ، مردنی ملیۆنەها کەس لە جەنگ و ململانێ و ئیغتیالکردنی هەزاران لە کەسانی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئەندۆنیسیا و کوژرانی هەزاران ئەفریقی و دەیان قەسابخانە و کۆدەتای خوێناوی و کوشتنی نهێنی شتێک نیە و گرنگ نیە  ئەوەی گرنگە بەرژەوەندی نیشتیمانیی ئەمەریکایە ، سیناتۆری بەناوبانگی دیموکراسیەکان « بیرنی ساندرز » کیسنجەر بەوە دادەنێت کە زۆرترین وەزیری دەرەوە بووە لە مێژووی نوێ کە تێکیداوە .
هەندێک  ستایشی دەکەن بەهۆی بلیمەتیی لە ڕەسمکردنی بنەماکانی گەمەی سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی و ، هەندێک سەرکەوتنی گەورە لە  ئیدارەدانی ململانێی جەنگی سارد لەنێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت و ، دامەزراندنی پەیوەندی نێوان وڵاتەیەکگرتووەکان و چین لەناوەڕاستی حەفتاکان و چەندان کاری تر ، بەڵام هەموو ئەوانە ناکاتە بارستەی ئەو خوێن و فرمێسکەی کە ملێۆنەها کەس لەسەردەمی ئەودا ڕشتی و ملیۆنوها کەسی تر بۆ دوور لە نیشتیمان و غوربەدا کۆچیان کرد و ماڵیان وێران بوو  .