بۆچی ئیسرائیل نەچوو بە هانای دروزەکانی سووریاوە؟

فەرمان حەسەن

2025-05-02

ئیسرائیل چوارەم رۆژی پێکدادانەکان لە نێوان چەکدارانی دروزەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا دەستوەردانێکی سنورداری کرد، تاڕادەیەک ئەمە پێچەوانەی پشتیوانی گەرمی ئیعلامیی پێشوتری تەلئەبیب بوو بۆ دروزەکان.

دەستوەردانەکە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایی زۆری دروزەکانی ئیسرائیل هات، کە داوایان لە ناتانیاهۆ کرد دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی دروزەکان، ئەوان حکومەتی ناتانیاهۆیان بەوە تۆمەتبار کرد، کە پێشتر ساڵانێک پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ بەرەی نوسرە هەبووە، بە جۆرێک چەکدارانی بەرەی نوسرەی ابو محمد جۆلانی پێشوو لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە، وایان لێکدایەوە ئێستاش ئیسرائیل لەبەر ئەمەیە جدی نییە لە پاراستنی دروزەکان.

دروزەکانی ئیسرائیل ژمارەیان ١٥٠ هەزارێک دەبێت، پێگەی باشیان لە سوپا و دامەزراوەکان هەیە، حکومەتیان دووچاری ئیحراجییەکی زۆر کرد و داوایان کرد هوتافی ئیعلامی لە واقیعدا جێبەجێ بکات، تەنانەت هەندێکیان چاوەڕێی جوڵەی حکومەتی ناتانیاهۆیان نەکرد و خۆیان سنوری سوریایان بڕی بۆ هاوکاری دروزەکانی دەوروبەری دیمەشق! سوپای ئیسرائیل رێگەی لێگرتن و گێڕانیەوە شوێنی خۆیان.
ئیسرائیل دەڵێت ئەو بۆردومانەی کردوویانە بۆ هاوکاری دروزەکان تەنها وەک هۆشدارییەک بووە واتە هێرشێکی گەورە نەبووە، تەنانەت بۆردومانی نزیک کۆشکی احمد شەرع کە دەوترێت شوینێکی چۆڵ بووە، زیاتر نامەیەکی سیاسی بوو وەڵامێکێش بوو بۆ ناڕەزاییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل.

شەڕی دروزەکان و حکومەت دوای رۆژێک هات لە گوتارەکەی وەزیری دەرەوەی سوریا اسعد شیبانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە داوایکرد سزاکانی سەر سوریا هەڵبگیرێت، پاش رۆژێک ریکۆردێکی دەنگيى یەکێک لە پیاوە ئاینییەکانی دروزەکان بڵاوکرایەوە کە سوکایەتی بە ئاینی ئیسلام دەکات”خۆیان دەڵێن دەنگەکە ساختەیە” بۆیە ئەمە گومانی لای هەندێک لە چاودێرانی سوریا دروستکردووە بەوەی شەڕەکە لە بنەمادا پیلانگێڕییە بۆئەوەی پرۆسەی لابردنی سزاکان هاودەنگی بۆ دروست نەکرێت.



کاردانەوە سنوردارەکەی ئیسرائیل لێکدانەوەی ئەوەی دروستکردووە، کە ئەو وڵاتە خواستی ئەوەی نیە لەم قۆناغە راستەوخۆ بەشداری راستەوخۆی شەڕی ناوخۆی سوریا بکات، ئەوەندەی مەبەستیەتی شەڕو گرژییەکان وەک کارتی سیاسی پیشانی حکومەتەکەی شەرع بدات، لەکاتێکدا لە دوای هاتنی دەسەڵاتی نوێی دیمەشقەوە تەلئەبیب بێ هیچ هۆکارێکی ئاشکرا هێرشی گەورەی ئاسمانیی کردە سەر سوریا، بەڵام لە کێشەی دروزەکان وای نەکرد.

لە بەرامبەریشدا حکومەتەکەی شەرع ئەو کاردانەوە توندەی دژی عەلەوییەکان هەیبوو بەرامبەر دروزەکان نەیبوو  بە ژمارەو هەڵمەتی گەورە نەچوونە شەڕ دژی دروزەکان کۆمەڵکوژی هاوشێوەی عەلەوییەکان نەبینرا، لەهەردوولا ژمارەی کوژراوەکان نزیکن لەیەک، تەنانەت لە ناوچەیەک سەرەتا چەکدارانی حکومەت لە پێناو وەرگرتنەوەی تەرمی کوژراوەکانیان کەمێک پاشەکشەیان کرد، ئەمەش دەکرێت وا لێک بدرێتەوە هەم دروزەکان پشتیوانی زیاتریان هەیە و هەم شەرع خۆی دەپارێزێت لە روودانی کۆمەڵکوژییەکی دیکە.

لەرووی سیاسییەوە حکومەتی سوریا تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی دۆخەکەی کرد، تەنانەت چوونە چەند ناوچەیەک کە لەدوای رووخانی ئەسەدەوە نەچوبوون، رێکەوتنێکی کاتی لەنێوان حکومەت و دروزەکان کراوە ئەگەرچی ئاگربەستەکە فشەڵە، تا ڕادەیەک کاردانەوەی توند و خێرا بۆ پاراستنی درووزەکان نەبینرا تەنانەت لای ئیسرائیلەوە، حکومەتی سوریاش بە هەستیاری زۆرەوە دەترسێت لە تەشەنەسەندنی شەڕی ناوخۆو بەردەوام بوونی سزاکان بۆیە راگرتنی کاتیی شەڕەکە بۆ هەردوولا “سید موقف” بوو.