بۆ ئەوانەی مشتەری کاڵای پەروەردەیی منداڵەکانیانن 

هێمن عەبدولقادر

2022-09-09

کاتێک دایک و باوک بەیانیان نان نادەن بەمنداڵەکانیان دەبێت بزانن منداڵەکانیان لە گرفتێکی گەورەدان، چونکە توێژینەوە زانستیەکان پێمان دەڵێن ئەو منداڵانەی کە برسین ناتوانن فێربن.

دەزانم توشی کاردانەوەی توندوقورس دەبم لەلایەن هەندێک لە دایکان و باوکانی بەڕێزەوە، وەلێ ناچارم بیڵێم کە خواردنی قوتابخانەو باخچە و حانووت و پێدانی پارە لە بری ژەمی بەیانیان یان نیوەڕوان، کارێکە کە لە ڕۆوی پەروەردییەوە تەندروست نییە.

تەنها بە تەماشاکردن و بێ هیچ توێژینەوەیەک دەتوانیت ئەم دیاردەیە بە ئاشکرا لەناو قوتابخانەکاندا هەست پێ بکەیت ، نەک تەنها لە قوتابخانەکان ، بەڵکو لە ناو فەرمانگە و شوێنی کارکردنەکانیش هەر زەلامە و بە کۆڵێک شەهادە و بەرپرسیاری و جوانکاری و ئوتومبیلی گرانبەهاوە ، باوەشێک نان و سەتڵێک ماستی بەدەستەوەیە ، ئەمە دەرەنجامی شکستی پەروەردەیی خێزان نیشان ئەدات 

جا پاساوەکەی هەرچییەکە (کاتمان نیە ، نان ناخوات ، درەنگ خەبەرمان بویەوە ، فریا ناکەوین ، لە خوێندنگا خواردنی خۆیان هەیە و ....هتد ) بەراستی عوزرێکە نەهێنانەوە و باسنەکردنی باشترە ، چون هیچ دایک و باوکێکی کوکوختی و چۆلەکە لێناگەڕێن بەیانیان بێچوەکانیان بێ ژەمێکی گەرم و فرێش ڕۆژ بکەنەوە ، ئەوا دیاردەی (قەڵەوی) و کێشی زیادە و چپس و پیپسی و ئیندۆمی و جەلی بۆنی ناو مارکێت و حانوتەکان بوەستێ ، جگە لە لەفە و پیتزا و خواردنی دیلیڤەری ، کە دەرخەری ئەوەیە خێزان کاتی بۆ هەموو شتێک هەیە بۆ منداڵەکانی نەبێت.

دیاردەی تێر خەو نەبوونی منداڵ دیسان یەکێکە لە گرفتەکانی پەروەردە، پێم وایە لەم دۆخەشدا نابێت هیچ کەسێک لۆمە و سەرزەنشت بکرێت جگە لەدایک و باوک، ئێستا جگە لەوەی زوو خەوتن وەک عەیبەیەکی گەورە سەیردەکرێ و درەنگ خەوتنیش وەک نیشانەی ڕۆشنبیری (کە زانست دیسان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت) ، خەوتنی ناو پۆل و ڕاکێشانی منداڵ بەدەم گریانەوە بۆ قوتابخانە و ڕقی منداڵ لە دەرس و دەور ، بەشی هەرە زۆری هی هەست نەکردنە بە دڵخۆشی 
(وە مرۆڤیش دڵخۆش نابێت تا دۆپامینی مێشکی نەڕژێت ، دۆپامینیش ناڕژێت واتا دڵخۆش نابێت ، هەتا تێر نەخەوێت) .

 گواستنەوەی دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ و منداڵانی باخچە و قوتابخانەکان بە پاس و تەکسی بەیانیان ، لە گواستنەوەی سەدان تانکەری پڕ بانزین و نەوت بە شەقامەکاندا مەترسیدار ترە .

کورد ئەڵێ (ئەوەی بەزۆر بیبەن بۆ مازوو ڕنین بە دارا هەڵناڕوانێ)  

ئێ مناڵێک لەکاتی خۆیا نەخەوێنرێ و نانی نەدرێتێ و بەیانی زوو وەک ئۆپراسیۆنی (دەلتا) و (لێدانی کورەی ئەتۆمی) لە سەعاتی سفردا لە پڕ گڵۆپی لێداگیرسێنی و هەڵکوتیتە سەری و بلوس بکەیتە بەری و کڵاو ڕاکێشی بەسەریا و جەدوەلی جیا نەکردبێتەوە و جانتایەکی هەشت کیلۆیی بکەیتە شانی و دوو هەزاری بە لولکراوی بخەیتە مشتییەوە و حانوت نان حازر نەبێ تەبعەن ، منداڵ خوێندنگای لێدەبێتە سەربازگە و مەشقی قورس بۆیە هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە لە بری فێربوون کەی سافیرەی کۆتایی مەشق لێبدرێت و بە قەولی خۆمان و خۆیان (بەربن) 

دایک و باوکێک  کە هەتا نیوەی شەو بە دیار مۆبایل و ماڵان و گەڕان و سەیران و میوانی و دەعوەتەوەن، چۆن ئەتوانن مندالەکانیان بە دروستی بخەوێنن. 


گواستنەوەی منداڵ بۆ قوتابخانە و سەیارە گەرم کردن و ئیزدیحامی ترافیک و خنکانی شەقامەکان و نەبوونی هێڵی گشتی ، هۆڕن لێدانی بەیانیانی بەردەرگا و تەلەفۆن کردن (ئەوە بۆنایەیتە دەرەوە) ، قەپاتکردنی سکرێتەر تا لەو چارەکایە فریای بخەی هیچی کەمتر نیە لە مەترسی پێشبڕکێیەکی ترسناکی وەک (فۆرمەلا وەن) جگە لەوەی تەواوی هۆکارەکانی گواستنەوەی منداڵ بۆ قوتابخانە و باخچە لەگەڵ سیستەمی نوێی پەروەردە نایەتەوە 

جێگەی خۆیەتی هەر لێرەدا داوا لە بەرپرسان بکرێت وردتر و ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ سیستەمی کامێرای هاتوچۆی پۆینت تو پۆینت بکەن ، من نازانم کێ ڕاوێژکار و نەخشە ڕێژی پشت ئەم بیرۆکانەیە ، وەلێ دەزانم کە ئەمە دەبێت دواین قۆناغی ڕێکخستن بێت لە دوای (دابینکردنی سیستەمی گشتی گواستنەوەی نوێ وەک ترام و میترۆ و چاککردنی ڕێگاو بانەکان و کەمکردنەوەی ئوتومبیل و ڕێکخستنی تابلۆی شەقام و ئوتومبیلەکان و لە ئاخر قۆناغدا کامێرا) چونکە ئەو فشارەی شۆفێر لەکاتی گواستنەوەدا لەسەری دروست دەبێت ، رەنگە ببێتە هۆی ڕودانی چەندین کارەساتی دڵتەزێن بۆ منداڵەکانمان (کاتێک میترۆیەک یان هێڵی گشتی کراوە نەبێت لەمسەری شارەوە بەیانیان بە دەخولەک بتگەیەنێتە ئەو سەری شار و فریای کارەکانت بخات ، پێش خەڵکی سبەینێ گرفت بۆ خۆتان دروست دەکەن کە ڕەنگە سەر بکێشێ بۆ  ناڕەزایی و خۆپیشاندان ) 

 گواستنەوەی دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ و منداڵانی باخچە و قوتابخانەکان بە پاس و تەکسی بەیانیان ، لە گواستنەوەی سەدان تانکەری پڕ بانزین و نەوت بە شەقامەکاندا مەترسیدار ترە .

 

کورد ئەڵێ (ئەوەی بەزۆر بیبەن بۆ مازوو ڕنین بە دارا هەڵناڕوانێ)  


شوکری فەزڵی دەڵێ :

(گەورە قانوونە، قسەی کورت ئەمەیە، درێژی نەکەی)

نامەوێت درێژە بە بابەتەکە بەم وەلێ قسەی وردتر و زانستی تر هەبوو بەڵام تەنها ئەوەندە دەڵێم 

یەک/منداڵەکانتان زو بخەوێنن ، دەبێت بینینی منداڵ لە دوای کاتژمێر ٩ بۆ ١٠ ی شەو  لە کۆڵان و شەقام و ماڵان و مارکێت و شوێنان وەک دیاردەیەکی عەیبە تەماشا بکرێت
 (زۆر ینەی جار هێزی عورفی کۆمەڵایەتی لە هێزی قانون زیاترە) 

٢- نان بدەن بە منالەکانتان ، کرمێکی فەریکە نۆک ئەم ئەرکە لە ئێمە باشتر جێ بەجێ دەکات ، لە ڕاستیدا بۆ هەموو کارێک ڕێگایەک هەیە ، هیچ عوزرێک قبوڵ نییە ، مەگەر تەنها یەک عوزر نەبێت ، ئەویش ئەوەیە کە لە هونەری دایکایەتی و باوکایەتیا کەوتوین و نمرەی پێویستمان نەهێناوە.

٣-ئەم دیاردانە زۆرجار لەناو چینی (خوێنەوار)دا ، زیاترن.

شاعیری گەورەی ئێرانی (شەفیعی کەدکەنی) دەڵێت:-
 (مەعریفەیەک ئینسان لە خراپە و هەڵە نەگێڕێتەوە ،نەزانی باشترە) 

دەی چی لەوە هەڵە و خراپترە کە دەرحەقی مندالەکانمان خراپ بین و کاروبارەکانیان بەهەڵە ڕایی بکەین ؟
سەرەڕای ئەوە ، تۆ کە نەتوانی خزمەتی منداڵی خۆت بکەیت ، من چۆن متمانەم بەوە هەبێت کە لەقوتابخانە خزمەتی منداڵی خەڵک بکەیت ، یان لەفەرمانگە ، خزمەتی خەڵکی تر بکەیت.

(پەروەردە و قوتابخانە و سیستەمی هاتوچۆ و تەندروستی و یاسای ووڵات هەمووی یەک پاکێجە و یەکتری تەواو دەکەن ، ناکرێت ئێمە تەنها لەیەک گۆشەی بەرژەوەندی خۆمانەوە دنیا ببینین ) 

حەمدی وتەنی :
مشتەری، مشتێ لە بارێ بۆ نموونە سەیر ئەکا 
کافییە بۆ ئەهلی دونیا تاقە یەک ئیشی قەبیح