دەرفەتەکان دەسوتێن و کەس دوکەڵەکەشیان نابینێت!

ڕەوا موسا

2023-08-04

کاکە ئەمە دەرفەتێکی گەورەی مێژووییە دوایی کەس نەڵێت کورد سیاسەتمەداری تێدانەبوو تا دەرفەتەکان بناسێتەوە و بیقۆزینەوە، دوایە کەس قسەی هەڵیت و پەڵیت نەکات، چەندین نووسەری وریا و لێزانی کورد باسی ئەم دۆخەی ئێستایان کردووە دوایە هیچ قسە گەورەیەکی دوو حزبەکە نەڵێت ئەوانە وەستای قسان و کۆڵەواری دەستان بوون. 
بڕۆن هەموو کتێبەکانی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بخوێننەوە لە هۆکاری رووخانی هەر جوڵانەوەیەکی کوردییدا نووسراوە "زلهێزی بێگانە هاوکاری سوپای داگیرکەریان کردووە" جا چ راهینان و پێگەیاندن و پێدانی چەک بێت بە سوپای قاجار چ پەهلەوی چ عوسمانی چ تورکیا چ سوریا و چ شانشینی عێراق و کۆمارەکەی بێت. بەڵام ئەمڕۆ بەپێچەوانەوەیە، زلهێزە یەکەمە گەورەکەی دونیا کە ئەمریکا و بەریتانیا و ئەورووپان پشتیان لە سوپای تورکیا و سوریا و ئێران و تاڕادەیەکی زۆریش پشتیان لە سوپای عێراقیش کردووە وا خۆیان بە سوپاکەی تۆی کوردەوە مەژغوڵ کردووە. کەچی لەسایەی بنەماڵەگەری و عەشیرەتگەریدا گەندەڵترین سێکتەر و دامەزراوە و وەزارەت لە کوردستاندا وەزارەتی پێشمەرگەیە، لەگەڵ ئەوەی زۆرترین پارەی پێوەدەخورێ زۆرترین گەندەڵی و خزمخزمێنە و عەشیرەتگەریشی تێدایە.




تاکە خەمی ئامر لیوا و فەوج و سەرۆک بەش و بەڕێوبەرەکانی ئەم وەزارەتە ئەوەیە چۆن کوڕ و برازا و خوشکەزاکانی خۆیان ئامادەبکەن لەدوای خۆیان کورسییەکەیان بگرنەوە. تەنانەت کۆبوونەوەی وەزارەتیش لەگەڵ نێردەی هاوپەیمانان تەواو ڕۆتینی بووە، ئەوەی وەزارەت داوای دەکا هاوپەیمانان گاڵتەیان پێدێ و ئەوەشی هاوپەیمانان داوای دەکەن لە وەزارەت یەک دانەشی جێبەجێ ناکرێت.
 لەو لیوا هاوبەشانەی درووستیش کراون فێڵ و خیانەت لە رێنماییەکانی هاوپەیمانان کراوە لەهەر لیوایەک ئامرێک پارتی بێ جێگرەکەی یەکێتییە و بەپێچەوانەشەوە، چەک و جبەخانەیان جیایە و فەرمان و ئاراستەکردنیشیان لە جیهەتی جیاوازەوە بۆدێت. 

ئێستاش شەڕی شار و شاخیان بەس نەبوو شەڕی کۆمپیوتەریشی هاتەسەر، لەگەڵ ئەوەی کاک شۆڕشی وەزیر لە داخا وازی لە وەزارەت هێناوە و دەوام ناکا، ئەوە لیوا روکن بەختیاریش کە لەدوای وەزیر بۆتە سەرۆکی کەمپی یەکێتییەکانی وەزارەت روونکردنەوەی (کتاب)ی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە دەڵێت کەمپی پارتی شەڕی کۆمپیوتەرمان لەگەڵ دەکات و دەستیان بەسەر کۆمپیوتەرەکانی وەزارەت و نووسراوەکانی ناویدا گرتووە و پاسۆردەکانیشیان گۆڕیووە! لە ڕێکخستنەوە و بەهێزکردن دەرچووە و نیەتی هاوپەیمانان بنیاتنانی سوپایەکی مۆدێرنی نیشتیمانی کوردییە کە لەسەردەمی میرنشینی سۆرانەوە کورد سوپای وای بەخۆوە نەدیووە، کەچی ئەمانە بەشەڕە خزمێنە و شەڕە کۆمپیوتەر و شەڕە دۆلار ئەم دەرفەتەیان لەسەر لێواری دوو سێ مانگی دیکە ڕاگرتووە. قسە لەوسەرەوە خۆشە دوایە کەس نەڵێ زلهێزەکان کوردستانیان فرۆشت کەسیش نەڵێت کورد هەموو مەلای مەشهوربوو نە پیاو و نە ئافرەتێکی تێدانەبوو ئەقڵی لێکدانەوەی دەرفەت و پەیوەندییەکانی ناوچەکەی هەبێت. لەساڵی 1994یش لەجیاتی ئەوەی سود لە دەرفەتەکان وەربگرن و یەک وەزارەت و یەک سوپا دامەزرێنن هەستان لەسەر چەند دوکانێک لە قەڵادزێ و داهاتی مەرزی ئیبراهیم خەلیل دەرفەتەکەیان تێکدا و بیست ساڵ دوایانخست، ئێستاش دەیانەوێ لەسەر کۆمەڵێک ئیمتیازات و پارە و پلە و پۆست کە لەڕێی کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتەوە کتابەکان دەکرێت دیسان دەرفەتی ئەمجارەش تێکبدەن. دوایی کێ قەرەبووی ئەمەمان بۆ دەکاتەوە؟ دوایی لەڕێی هێزی پارە و میدیاوە ئەوانەی تێکیاندا دەبنە قارەمان و شۆڕشگێڕ ئەوانەشی هاواریان دەکرد " بۆ خاتری خوا تێکی مەدەن" دەبنە جاش و خۆفرۆش.....