کوردبوون لە بەغدا و کوردبوون هەولێر 

عادل باخەوان

2023-09-23

دوێنێ لە بەیروتبووم بەبۆنەی  وەرگێڕان و چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەم (عێراق، سەدەیەک لە ئیفلاس) لە فەرەنسیەوە بۆ عەرەبی. لەهەمانکاتدا بەردەوام نامەو وێنە و ڤیدیۆی وەفدی کوردیم لە بەغاوە بۆدەهات، هەر لە فڕۆکەخانەوە تا هۆڵی کۆبوونەوەکان، کۆبوونەوەی کورد لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، کۆبوونەوەی کورد لەنێو خۆیدا، کۆبوونەوەی کورد لەبەردەم دەزگاکانی ڕاگەیاندا.
بەپێی پرۆتۆکۆل، لەم جۆرە بۆنانەدا، کارێکی شیاونیە کە مرۆڤ هەمیشە چاوێکی لەسەر شاشەی تەلەفونەکەی بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە لە دۆخێکی ناوازەدان، کارکردنیش لەسەریان هەمیشە کۆدەکان دەشکێنێت و لەدەرەوەی پرۆتۆکۆلەکاندەبێت، بۆیە بەناچاری بە هاوڕێ لوبنانیەکانم وت : بمبورن، ئەمڕۆ لە بەغا ڕوداوێکی زۆر گرنگ ڕودەدات، بۆیە ناچارم هەندێک جار چاوێکم لەسەر شاشەی تەلەفونەکەم بێت. سەرۆکی دەزگای ئەشێت ئەنتوان بەخەندەیەکەوە تەماشای کردم و گوتی : خەمت نەبێ، لوبنان و عێراق لەیەکدەچن و لێت تێدەگەین.

ئەوەی من لەو چرکە ساتانەدا بە خەیاڵدانمدا تێدەپەڕی چەند پرسیارێکبوو :
ئایا لە کۆتاییدا کورد تێگەیشتوە لەوەی کە کوردبوون لە بەغا مانایەکی هەیە تەواو جیاواز لە مانای کوردبوون لە هەولێر؟ ئایا لە کۆتایدا کورد تێگەیشت لەوەی کە فۆرمەکان و میتۆدەکانی کارکردن لە بەغا دەبێت سەد و هەشتا پلە جیاوازبن لە فۆرمەکان و میتۆدەکانی کارکردن لە هەولێر ؟ ئایا لە کۆتاییدا کورد تێگەیشت لەوەی کە بەغا ئەویترێکە لەبەرامبەر هەولێردا و هەڵەیەکی نەک ستراتیژی بەڵکو وجودیە بەکارهێنانی هەولێر بۆ جەنگکردن لەگەڵ هەولێردا؟
ڕەنگە ئێمە لەم چرکەساتەدا وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانەمان لا نەبێت، چونکە تەواوی زانیاریەکانمان لانیە و لە ساتەوەختی نوسینی ئەم وتارەشدا، من لە فڕۆکەیەکدام لە بەیروتەوە بۆ بەغا، بەڵام ئەوەی لامانە، کۆمەڵێک داتای کۆنکرێتیە :
ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی لە وەفدەکەدا کە ماوەیەکی زۆرە ئەمە ڕوینەداوە، ئامادەبوونی زۆربەی هەرە زۆری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازی لە وەفدی هەرێمی کوردستان و پاشان کۆبوونەوە و هاوکارییکردنیان و دواتر بیناکردنی گوتارێکی یەکگرتووی کوردی دروستکراو لەسەر بەرژوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر بەغادا.
لەم چرکەساتەدا دوو هەستی سەرەتاییەمان بۆدروستدەبێت دەکرێت لە داهاتوی مامناوەندیدا چاودێری بەرەوپێشچوونی بکەین. هەستی یەکەم بریتیە لە کوردبوون لە هەولێر و دوهەمیشیان بریتیە لە کوردبوون لە بەغا.
لە هەولێر، شتێک هەیە بەناوی ماڵەوە ! لەماڵەوە ئەکرێ ئێمە ژورەکانمان جیاوازبن، ژوری یەکێتی، ژوری پارتی، ژوری کۆمەڵ، ژوری یەکگرتوو، هتد. ئەکرێ پێکەوە جیاوازبین لەسەر هەموو ئەو شتانەی کە لەنێو خودی ئەم ماڵەدا ڕودەدەن، هەر لە پرسی ڕوبەری سیاسیەوە تا دەگاتە ڕوبەری ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتوری و سەربازی، ئەکرێ ئێمە لەنێو ململانێیەکی سیستەماتیکی ڕێکخراودابین و بەهیچ شێوەیەک ڕەحم بەیەکتری نەکەین، ئەکرێ بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابین کە گۆڵ لەیەکتری بکەین و یاریەکان لە یەکتری ببەینەوە. هەموو ئەمانە تا ئێرە تەندروستن و لە سۆسیۆلۆژیای سیاسیدا پێی دەوترێت دێمۆکراسی !
لێرەوە مومارەسەکردنی کوردبوون لەنێو دێمۆکراسی وەک فۆرمێکی سیاسیدا، دەبێت تەواوی ئەو هەلومەرجەنەمان بۆ ئامادەبکات کە وەک یەک نەبین و وەک یەک بیرنەکەینەوە و وەک یەک سیاسەت نەکەین و وەک یەک لەنێو ڕێکخراوەکاندا نەبین، دەبێت ئەو هەلومەرجانەمان بۆ ئامادەبکات کە بە تەواوی جیاوازیەکانمانەوە یەکسانبین و پێکەوە بژین.
بەدەوری ئەم ماڵەدا کە هەرێمی کوردستانە، پەرژینێک هەیە کە پێکهاتوە لە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستان، لەو دیوی ئەم پەرژینەوە << ئەویترێک >> هەیە کە سیستمێک لە بەرژەوەندی و مانا و سامبۆل و جیهانبینی و نۆرمی ڕێکخراوی خۆی هەیە. تۆی کورد لە بەغا، ماڵەوە ناردویتی بۆئەوەی گوزارشت لە بەرژوەندیەکانی ئەم ماڵە کە هەرێمی کوردستانە بکەیت، بۆئەوەی لە بەغا بەزمانی ماڵەوە قسەبکەیت، بۆئەوەی جەنگ لەپێناوی پاراستنی ماڵەوە بکەیت، بۆئەوەی هەمیشە ڕۆحی زیندوی ماڵەوەی کوردبوونبیت لە دەرەوە، ئیتر ئەو دەرەوەیە واشنتۆن بێت یان بەغا، تاران بێت یان ئەنقەرە، لەندەن بێت یان قاهیرە.
بەپلەی یەکەم، ململانێی کورد لە ماڵەوە دەبێت لە پێناوی دروستکردنی هەلومەرجی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری سیاسی و ئازادی ئاینی و کولتوری و میدیای و هەموو ئازادیەکانی دیکە و دادی کۆمەڵایەتی و ...بێت. بەڵام لەهەمانکاتدا و بەپلەی یەکەمیش، ململانێی کورد لە دەرەوەی ئەم ماڵە کە هەرێمی کوردستانە، دەبێت یەک فۆرمی هەبێت و بەس، دەبێت یەک حکایەتی هەبێت و بەس، دەبێت یەک مانیفێستاسیۆینی هەبێت و بەس، کە ئەویش بریتیە لە بەرژوەندیەکانی هەرێمی کوردستان.
گەر کورد گەیشتە ئەم ئاستە لە وشیاری، لە ڕۆشنبیریی سیاسی، لە گەشەکردن و پێگەیشتن و تێگەیشتن لەوەی کە ماڵەوە و دەرەوە دوو چوارچێوەی لەیەکجیاوازن و دەبێت بە دوو میتۆدی جیاوازەوە لەگەڵ ئەم دوو ڕوبەرەدا مامەڵە بکەن، دڵنیام لەوەی کە نەک هەر تەنها بەغا، بەڵکو تەواوی وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتی و تەنانەت جیهانیش بەچاوێکی ڕێزەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن. گەر بەپێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەوە کورد مامەڵە بکات، گومانم لەوەدا نیە کە هەمیشە لەنێو پرۆسێسی دابەزێینێکی تراژیدی بۆ قوڵاییەکانی دۆزەخدا دەبێت.