سودانی، ئەو پیاوەی بە "چانس" گەمەکان دەباتەوە

ئەلەند مەحوى

2024-04-30

سەرەڕای ئاڵنگارییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان، عێراق بە سەردەمێکی نوێدا تێدەپەڕێت، عێراقی نوێ بەو حکومڕانیە نوێیە دەڵێم، کە لەسەر دەستی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دەستی پێکردووە، ئەم عێراقە وڵاتێکە دەیەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و کێشە گەورەکان چارەسەر بکات.

کابینەکانی پێشووی عێراق جیاوازبوون لەم کابینەیەی ئێستا، هەندێک لەوان سەرقاڵی بەهێزکردنی میلیشیا و هەندێکیان سەرقاڵی رازیکردنی مەزهەب و هەندێکیشیان لە ناو شەڕی داعش و گەندەڵی و ململانێی ناوخۆیدا غەرق بوون.

رۆژانێک بوو پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک بوون، کە بە عێراقەکەی دی ناوی دەهێنرا، تەنانەت باس لەوە دەکرا چۆن ئەزموونی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ عێراق، بەڵام ئەو سەردەمە بەهۆی ململانێکانی پارتی و یەکێتی و گەندەڵی و ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە لەبارچوو، ئێستا عێراق لە گەشتێکدایە کە هەرێمی کوردستانی سەدان کم بەجێهێشتووە.

محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانێکی جیاوازە، ئەو توانیوتەتی هاوسەنگی لە نێوان ئەمریکا و ئێران رابگرێت، بە چەشنێک هەردووکیان بە قازانجی عێراق بەکاربهێنێت، لە ناوخۆ شیعەکان کابینەکەی دەپارێزن و لە دەرەوەش ئەمریکا مامەڵەی تەواوی لەگەڵ دەکات و بەرامبەر چەندین مەرجی قورس دەیپارێزێت.

کابینەکەی سودانی کاری لەسەر چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان کردووە، وەک بوژانەوەی ژێرخانی ستراتیجی ئابووری وڵات، دابینکردنی کارەبا، دابینکردنی سوتەمەنی، چاکسازی بانکی و دابینکردنی دۆلارو...، لەم رووەوە هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە و بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، نیشاندەرەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە سودانی لە کڕینی فڕۆکەی نوێ و چەکی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەگەڵ تورکیاش هەنگاوی جدی ناوە و بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنیان دەڕوات.

سیاسەتی ئەم کابینەیە روونە، چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان ناگۆڕێتەوە بە بەربەستە بچووکەکان، ئەم کابینەیە ئامادەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، تەنانەت رەنگە نەوتی هەرێمی کوردستانیش هەناردە بکات، بەڵام ناهێڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەبێت.

سودانی ئامادەیە دڵی تورکیا رازی بکات لە بارەی چەککردنی (پەکەکە)، بەو مەرجەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بێ ئاو نەبن، ئامادەیە چاکسازی بانکی بکات و دۆلار لە بانکەکانەوە نەنێردرێت بۆ ئێران، بەو مەرجەی دۆلاری کاشی لە ئەمریکاوە بە بەردەوامی پێبگات و بڕەکەی زیاد بکرێت.

کەس گومانی لەوە نییە عێراق وڵاتێکی گەندەڵە، بەڵام هیچ کەس ناوی سودانی و کابینەکەی وەک شەخص و وەک کابینە بە حکومڕانیەکی گەندەڵ ناهێنێت، ئەمەش بۆ خۆی گرنگە و بەو مانایە دەخوێندرێتەوە کە سودانی گڵۆپی سووری بۆ گەندەڵی لە کابینەکەیدا هەڵکردووە.

ئەم سەردەمە نوێیەی عێراق دەتوانین بەجۆرێک وێنا بکەین کە سەردەمێکە عێراق داهات زیاد دەکات و چاکسازی دەکات و سیستمی بەرگری و سەربازی بەهێز دەکات، هەوڵی جدی دەدات خزمەتگوزاریەکان بە باشی دەستەبەر بکات و  کێشەی ئاو و کارەبا چارەسەر بکات، هەروەها لە رووی دیبلۆماسیشەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بەهێز دەکات.

لە راستیدا هەموو ئەوانەش کە بەدەستهاتوون، یان چاوەڕوان دەکرێت بەدەستبهێنرێن، دەستکەوتی سەرۆک وەزیران سودانی نین، رەنگە سودانی چانسی هەبووبێت کە لەسەردەمی حکومڕانی ئەودا موقتەدا سەدر لە کاروباری سیاسی دوورکەوتووەتەوە و هەموو رۆژێک شەقامەکانی بەغدا پڕ ناکات لە خۆپیشاندەری توڕە.

ئەو سەرۆک وەزیرانێکە چانسی ئەوەی هەبوو ئێران و ئەمریکا هەردووکیان لەسەری هاوڕابوون، چانسی ئەوەی هەبوو لە ماوەی حکومڕانیەکەیدا نرخی نەوت لە بەرزیدا مایەوە، چانسی ئەوەی هەبوو بەبێ ئەوەی هیچ بۆ هەرێمی کوردستان بکات، لە لایەن مەسعود بارزانی و نێچیراڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانییەوە پشتوانی دەکرێت، دەیان و سەدان چانسی دیکەش.

هێشتا مەترسی و نەنگی زۆریش لەبەردەم کابینەکەی سودانی بوونی ماوە، بەزاندنی خاک و ئاسمان عێراق لە لایەن ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل و میلیشیاکانەوە، لەسەرەوەی ئەو کێشانەدان تا ئێستا بە حکومەتی عێراق چارەسەرنەکراوە، کە ئەمە بەو مانایە دێت کە سیادەی عێراق شکێنراوە و پێشێلکراوە. سودانی لەم رووەوە زۆر هەست بە ئیحراجی دەکات، بەڵام زۆر بەڕاشکاوانە لەگەڵ ئێران و ئەمریکا دەدوێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە و رێزگرتن لە سیادەی عێراق.

ئەوەش روونە کە سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا، نەیتوانی ئەمریکا رازی بکات بە کشانەوەی هێزەکانیان لەسەر خاکی عێراق، ئەمەش ئەو داواکارییەیە هەموو رۆژێک میلیشیاکانی شیعە لە حکومەتی عێراقی دەکەن.

تەنها هێرشەکانی (حزب اللە عێراق) بۆ سەر سوپای ئەمریکا بەسە بۆ ئەوەی هەموو ریسەکەی سودانی ببێتەوە بە خوری، چونکە لە سەردانەکەیدا بۆ واشتن، بەرپرسانی ئەو وڵاتە زۆر بە روونی بە سودانیان وتووە "پێویستە رێگربیت لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بوێربیت بەرامبەر بە حزب اللە لە عێراق".

دەستکەوتەکانی سودانی زۆرن، بەڵام ئاڵنگارییەکان قورسترن، ئەگەر محەمەد شیاع سودانی بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی سەرکەوتنی، زاڵ بێت بەسەر بەربەستەکاندا، دەرفەتێکی زێڕین چاوەڕوانی دەکات، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق، کە ئەمەش بۆ خۆی مەترسیە بۆ سەر نوری مالیکی.

سوودانی زۆر باش لەوە تێگەیشتووە کە هەر تووڕە کردنێکی ئێران یان ئەمریکا، رەنگە کۆتایی بە حکومڕانیەکەی بهێنێت، هەربۆیە ئەوپەڕی دیبلۆماسیەتی خۆی بەکاردەهێنێت، بۆ بەردەوامیدان بەو هاوسەنگیەی کە لە نێوان ئەو دوو زلهێزەدا لە ناو عیراق دروستی کردووە.