هەڕەشەکانی بەردەم هەرێم

فارس نەورۆڵی

2024-05-28

ژیان بریتییە لەتەنگ و چەڵەمە و، قەلاچۆکردنی ئەم چەڵەمانەش، لەکایەی سیاستدا، یەکسانە بە دەرفەت و هەڕەشەش. هەڕەشەکانی سەر نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، جیاوازترە لەهەڕەشەی سەر نەتەوەیەک، کە خاوەن دەوڵەت بێت. بۆیە تێکۆشان بۆ دۆزینەوەی دەرفەت بۆ کورد، قورسترە لە هەمووی. لەمەش ماڵوێرانکەرتر ئەوەیە، کە دەرفەتت بۆ دێتە پێش و خۆت نەزانی چۆن بیقۆزیتەوە. 
لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە دەرفەتی زۆر لەبار و ئاڵتونی بۆ کورد هاتە پێش، بەڵام لەئەنجامی ئەو ئەقڵییەتەی، کە نەمانتوانی بۆ مەسەلە ستراتتیجییەکان بڕیاری هاوبەش و گوتاری هاوبەش دروست بکەین، چیدی ئەوا دەرفەتەکان گۆڕان بۆ هەڕەشە و، نوکەش  کۆمەڵێک هەڕەشەی دی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و،گەر چارەسەریان بۆ نەدۆزريتەوە، ئەوا وەک گەمەی مار و پەیژە دەمانهێنێتەوە بۆ خاڵی سفر.
بەشێک لەوهەڕەشانە بریتین لە:
 ١. پەرتەوازەی نێو ماڵی کورد، تادێ دنیای ئێمە لەیەکتر دوردەخاتەوە و لە دۆخێکداین، کەس بەدوعای ئەویتر ناڵێ ئامین و کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە. ئەمەش وایکردوە نەیارانی هەرێم ئەوەی بیانەوێ بیسەپێنن. تاوانباری یەکەمیش حزبە کوردییەکانن.
٢.نادادپەروەری. کۆمەڵگە چینی ناوەڕاستی نەماوە و کۆمەڵگە بەسەر دوو چینی باڵا و خوارەوە دابەشبووە. ئەمەش تا ئەو ئاستەی، کە چینێک بۆ کڕینی بۆنێک، بۆ پەتایەکی وەرزی دەچێتە ئەوروپا و لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتی هەیە بۆ نەخۆشی کوشندە دەبێت خێرخواز پارەی بۆ کۆکاتەوە. دەبێ ئەوەش بزانین هەموو ئاشوبەکان لەنادادپەروەرییەوە سەرچاوە دەگرن.  بێ باوەڕی بەمەسەلە باڵاکان و نەبوونی ئینتما بۆ خاک و نیشتمان  لەنادادپەروەرییەوە سەرچاوە دەگرێ.
 ٣.بێکاری. هەڕەشەیەکە کۆمەڵگە بەرەو داڕزان دەبات. بەتایبەتی ئێستا گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بێکارن. بەردەوام ڕێژەکەشی زیاتر دەبێت و ئەگەر هەلی کاریان بۆ دابین نەکرێت ئەوا دەرەنجامی باش نابێت و گەنجان توشی لادان دەکات .
 ٤. یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. لەئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و هەرێمایەتی لێکەوتەی خراپی دەبێت .
٥. نەخۆشی شێرپەنجە. بەداخەوە لە کوردستان ڕوو لە زیادبونە. بەشێک لە هۆکارەکەشی، بۆ نەبوونی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و لەبار نەبوونی سەلامەتیی گشتی دەگەڕێتەوە. 
٦. پیس بونی ژینگە .
٧. لاواز بون یاخود نەمانی باوەڕی گەنجان بەمەسەلە باڵاکان یاخود ستراتیجییەکان هۆکارەکانیشی ڕوونە .
 ٨. مادەهۆشبەرەکان. مادە هۆشبەرەکان چەکێکە بۆ لە بڕست بڕینی ئیرادەی تاک، کە بەداخەوە ئەگەر لە ووڵاتان بە کیلۆ هەبێ لە کوردستان وەک ئەوەی میدیاکان باسیان کرد کارگە هەیە بۆ بەرهەمهێنانی .
 ٩. پاشەکشەی کەرتی پەروەردە. بەمانا گەورە و فراوانەکەی تا ئەو ئاستەی ڕێز بەرە و نەمان دەچێت لەنێوان هاوڵاتیاندا ئەمەش هۆکاری جیاجیای هەیە.
 ١٠. هەڕەشەی هێواشی تەعریب لەسنورەکانی مادەی ١٤٠ . ئەمەش لەئەنجامی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و کێشەکانی ئەم لاو لا بۆیان دروست کردوین، بۆیە ئاگامان لەو سنورە جێ ناکۆکانە نەماوە کە تەعریب بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.
 ١١. نەبوونی ستراتیجی کلتوری.
 ١٢. نەبونی زمانی ستاندار.
 ١٣. لاوازی متمانەی گشتی بە سیاسەت و پرۆسەی سیاسی.
 ١٤. دەرکەوتنی ململانێی تەریقەتەکان و ڕەوتەکانی ئاینی جیاجیا و دابەشکردنی کۆمەڵگا بەسەر رێبازە جیاجیا ئاینییەکاندا. 
 ١٥. دروشمی ئاگرین و تێنەگەشتن لە هونەری سیاسەت. چینییەکان زۆربەی بازاڕی جیهانیان کۆنترۆڵ کرد. هێندە بەهێواشی و بێدەنگی ئەم کارە یان  کرد، کە ڕکابەرەکانیان هەستیان پێنەکرد تا دەستیان بەسەر بازاڕی جیهانیدا گرت، بەڵام لای ئێمە پێش ئەوەی هەنگاو هەڵنێین بەدروشم یار و نەیار تێدەگەیەنین. ئەمەش بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد هەڵەیەکی کوشندەیە.
١٦. مووچە و بژێوی ڕۆژانەی خەڵک.
١٧. نەڕەخساندنی هەلی یەکسان لە کایە جیاجیاکاندا و نەگەڕانەوە بۆ تواناکانی تاک و بەخشینی پلە و پۆست بە مەحسوبیەت و لایەنگری کوێرانە.
١٨. کۆنترۆڵکردن و دەست بەسەراگرتنی بازاڕ  بەر مەبنای قازانجی گروپ و دەستە و تاقم. بێ بنەما بوونی بازاڕی ئازاد.
۱۹. بە ئەهلی کردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی لەسەرحیسابی کەرتەکانی حکومەت.
۲۰. ⁠وەستانی گەشەی دیموکراتی وئازادیەکان .

٢١ . ئەم مۆدێلە ی ئێستا لەحیزبایەتی. ئەم مۆدێلە لەحیزبایەتی مۆدێلێکی کۆنی کۆمۆنیستی ستالینییە. ئەگەر هەڕەشەش نەبێت ئەوا ڕێگرە لە تێگەیشتنی بیری سیاسی و وەزیفەی حیزبایەتی مۆدێرن و بەکەڵکی ئەم سەردەمە نایەت. ئەم هەڕەشانەو هەڕەشەی دیکە، کە پێدەچێت دەچێ ئێمە هەستمان پێ نەکردبێت بۆڕوبەڕوبونەوەی ئەم هەڕەشانە باوەڕی بەهێزو بیری قوڵ و ئەقڵی گەورەو گوتاری هاوبەش و لەخۆبردویی دەوێت.

ئەم ووتارە بیر خستنەوەیەکی دۆستانەو بە پەرۆشی بۆ چاکەی گشتی ئەگەر خاڵێکیان هەڵە بوو ئەوا داوای لێبوردن دەکەم و ڕاستی کەنەوە.