کامە دوعا بۆ غەززە گیرا دەبێت؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2024-06-03

پێغەمبەر فەرمووی: "دوعا کرۆکی عیادەتە" ئەم قسەیە لە کورتترین و سادەترین واتادا بەو مانایە دێت کە دوعا خۆی ئامانجە نەوەک هۆکاربێت بۆ ئامانجێک. واتە گەر تۆ توانیت دوعا بکەیت، ڕازو نیاز لەگەڵ زاتی باری بگۆڕیتەوە، خەڵوەتی لەگەڵ بکەیت ئەوە بزانە لەسەر ڕێگا ڕاستەکەیت.

 دەبێت شتێک ڕوون بێت کاتێک ئێمە لە خودا دەپاڕێینەوە پاڕانەوەکانمان وەک پاڕانەوەی کۆیلەیەک لە پاشاکەی نەبێت، خودا بەپرۆسەی مرۆڤاندن "ئەنثرۆپۆمۆرفیزم"دا نەبەین، هەڵەی سەلەفییەکان دەقیق لێرەدایە. ئەوان مێتافۆر و مەجاز و تەئویلیان قەبوڵ نییە. پێیان وایە عەرش و کورسی و دەست و قاچ کێشەی نییە گەر بڕیاریان بۆ خودا لێبدەین.

 لە کتێبی یەکەمی مەسنەویدا حیکایەتێکی سەرنجڕاکێش هەیە و مەولانا دەڵێت : بەدەوییەک لەتەنیشت ڕوباری فورات ژیان دەکات، بۆ ئەهلی بیابان ئاوی زوڵاڵی فورات بەنرخترین شتێکە کە لەو وشکەڵانەی بیاباندا خاوەندارێتی لێدەکەن. ڕۆژێک کابرای بەدو بە ژنەکەی دەڵێت بۆ کەمێک لەم ئاوە شیرینە نەبەم بۆ خەلیفە لە بەغدا تا تامی بکات و هەندێ دینارم پێببەخشێ لە پاداشتیدا و ئێمەش دەوڵەمەند ببین! کابرای سەحرانشین پێی وایە خەلیفەی بەغدا ئاوی شیرینی فوراتی نەچەشتووە. بە خۆی و گۆزەیەک ئاوەوە ڕوودەکاتە کۆشکی خەلیفە لە بەغدا. پێچەوانەی سیاسییە گرگنەکانی ئەمڕۆ پاسەوانانی کۆشک زۆر بە دڵیکی فراوانەوە پێشوازی لێدەکەن و دڵی ناشکێنن و دیارییەکەی لێوەردەگرن، پێی ناڵێن کابرا ئەم گۆزە ئاوە چییە هێناوتە بۆ خەلیفە کە هەموو فورات و خەڵکەکەشی هی خۆینی. دەیبەنە ژوورەوە بۆلای خەلیفە تا پاداشتی گۆزەی ئاو وەرگرێت. کابرا کە خەلیفە دەبینێت مەست دەبێت و چاوی جگە لەخەلیفە شتێکی دیکە نابینێت. خەلیفە پێی دەڵێت فەرموو ئەمرکە چیت دەوێ لەپاداشتی گۆزە ئاوی شیرینتدا پێت بدەین، کابرا دەڵێت: قوربان تا پێش ئەوەی بتبینم چاوم لە دینار بوو، ئێستا کە خۆتم دیوە تامەزرۆ و مەستی دیدارم، دیدار ناگۆڕمەوە بە دینار:

تا بدینجا بهر دینار آمدم// چون رسیدم مست دیدار آمدم، این

کە پێغەمبەر دەفەرموێت دوعا کرۆکی عیبادەت دەبێت شەرحەکەی هەر ئەمە بێت،دوعا مەستی دیدار دروستیکات نەک ویستی دینار. مەسەلەی دوعا بۆ ئێمە دەقیق مەسەلەی گۆزە ئاوە، پێمان وایە حۆری و بەهەشت و باخ و سەرکەوتنەکان بە گۆزە ئاوە کەمەکانی عیبادات دەستدەخەین، لەکاتێکدا کە گەیشتین بە تامکردنی لەزەتی گۆڕینەوەی ڕازو نیاز لەگەڵ خەلیفەی حەقیقیدا ئیدی ئەوانە خۆبەخۆ نامێنن و مەستی دیدار دەبێتە هەموو شتێک.



 بۆ ئەوەی بزانین چۆن دوعا دەکەین دەبێت چەمکی خودا نەجەڕێنین لەڕێگای مرۆڤاندنییەوە، واتە خودا بەمرۆڤ نەکەین و وەک مرۆڤ تەماشای نەکەین. یەکەمین هەنگاوی نەمرۆڤاندنی خوداش لەوەوە دەستپێدەکات کە باوەڕی تەواومان بەوە هەبێت خودا وەک ئێمە چاو لە دونیا و ئەگەرەکانی ناکات،  چاکە و خراپە، خێر و شەڕ، ڕەش و سپی، ڕاست و ناڕاست شتانێکی ئیعتبارین و ڕیشەکانی درووستبوونیان لە کۆ هەست و نەستەکانی ئێمەدان، واتە ئەوە ئێمەین ئەو مانایانەیان دەدەینێ، بە نیسبەت ئێمە بوونیان هەیە، دەنا لە میزانی خوادا شتێک نییە بەناوی چاکە یا خراپە، ئەوەی هەیە یاساگەلێکی گەردونی و گشتگیرن، ئێمە دێین مانای مرۆییان دەدەینێ. واتە شتگەلێک بۆ ئێمە مانای خراپ دەدەن بۆ خودا پێناچێت وابێت. خودا بەدڵنیایی سونەتی خۆی بۆ کەس و بۆ هیچ هەلومەرجێک تێک نادات ئەوە ئێمەین دەبێت خۆمان لەگەڵ ئەو سونەتانەدا بگونجێنین. یاسا لۆژیکییەکان، یاسا ماتماتیکییەکان، یاسا سروشتییەکان هەموویان سونەتی خوان نەگۆڕ و چەسپاون، لەهیچ هەلومەرجێکدا ئەمڕۆ بۆ کەس ناگۆڕێن. پێغەمبەر د.خ و هاوەڵەکانی لە خەندەقدا بە پلانێکی  مەجووسییەکان بردیانەوە، لەکاتێکدا لە ئوحوددا بەهۆی هەڵەیەکی تەکتیکییەوە شەڕەکەیان لەدەستدا لەکاتێکدا هەمان خودای بەدریشیان لەگەڵ بوو.

‌تەماشا مناڵێک کە لەئەنجامی پەیوەندییەکی ناشەرعی دروست دەبێت، بەهەمان ئەو شێوازەی مناڵێک کە لەئەنجامی پەیوەندییەکی شەرعی و شتێکی پیرۆزی وەک نیکاحەوە دروستدەبێت قۆناغەکانی کۆرپەلەیی دەبڕێت و دەبێت بە مرۆڤێکی ساغ و تەواو و دیارە لەدوای لەدایکبوونیشی یاساکانی ژیان بە هەمان هێندەی مناڵێکی مەشروع بۆ ئەمیش فەراهەم کراوە. ئەوە دیدە کۆمەڵایەتی و دینی و مرۆڤانەکەی ئێمەیە زۆرجار سنور بۆ ژیانیان دادەنێت دەنا خودا هیچ خۆهەڵقورتاندن و هەڵاوێردێکی نییە بۆ ئەم مناڵە تەنها لەبەر ئەوەی نامەشروعە بەوەی نەهێڵێت ببێت یا تۆڵەی لێبکاتەوە و بە شێواوی بهێنێتە سەر دونیا، بە پێچەوانەشەوە دەیان منداڵی مەشروعی دەیان کەسی دیندار و ئیماندار هەن بەهۆکاری ئەوەی لە هەنگاوێک لە هەنگاوەکانی قۆناخی کۆرپەلەییدا کۆرەکە بە زەبرێکی تیشکی یا دەرمانیی یا جێنەتیکی دەکەوێت، ئیدی ئەو منداڵە بە شێواوی لەدایک دەبێت، ئیمانداری و دوعاکانی دایک و باوک نابنە فریادڕەسی. دوو کەس بە مەشروع بێت یا نامەشروع کاتێک جوت دەبن پێ بزانن یان نا دوعایەکی کرداریی دەکەن بۆ ئەوەی چەند ئەگەرێک لە نێوان ئەو هەزاران میلیاردە لە ئەگەر پێکەوە ڕیز ببەستن بۆ لێکەوتنەوەی ئەنجامێک و کۆرپەیەک لەدایک ببێت.

دوعاکان دەبێت هەمیشە لە چوارچێوەی یاسا گەردوونییەکاندا بکرێن، ئەوسا خودا تەوفیقی جێبەجێ بوون دەدات. تەوفیق بە یەک وشە بەمانای ڕێککەوتنی کۆمەڵێک ئەگەر دێت کاتێک کەسێک ئیرادەیان بۆ بکات ببن.
 وەختێک زانایەک بە شوێن دەرمانی شێرپەنجەدا دەگەڕێت، ئەم کەسە خۆنەویستان دێت دوعا دەکات لە چوارچێوەی کۆمەڵێک یاسا و ئەگەردا کۆمەڵێکیان هەڵبژێرێت تا خودا تەوفیقی بدات  لینکی نێوان ئەم ئەگەرانە بدۆزێتەوە و بگاتە ئەنجامێک. شتێکی زۆر مەحاڵ و نەکردەیە تۆ ژەهر بخۆیت و چاوەڕێ بکەیت خودا شیفای نەخۆشییەکەت بە ژەهرە بدات. یاسا سروشتییەکان دەڵێن ژەهر بکوژە بەڵام دەرمان شیفایە. 

ئەوانەی ئەمڕۆ دوعای مەحاڵ دەکەن، داوای سەرکەوتن دەکەن بەبێ ئەوەی کارێک لە جنسی سەرکەوتنەکە بکەن، خوێندنەوەی وشەکانی قورئان وەک  شیفای شەکرە و زەخت و شیزۆفرینیا چاو لێدەکەن، بەستنەوەی پەڕۆ و پاتاڵ بە درەختێک یا مەزارێکەوە دەکەنە دەستکەلای سەرکەوتنیان، بەردێکی ڕەشی بێگیان لەو کەعبەیە دەپەرەستن، لەهەمانکاتدا لەیاسای ئەگەرە خوداییەکان "ڕێساکانی سروشت" تێناگەن هیچ نین جگە لەوەی دێن سوکایەتی بە خودا و دروستکراو و یاساکانی دەکەن، بە زمانێک دەڵێن ئێمە ئەوەندە بەڕێزین خودا یاساکانی خۆی لەبەرژەوەندیمان دەجەڕێنێت بەوەی ئێمە و تەمبەڵی و تەوەزەلیمان پێی خۆشە.
لە قورئانی پیرۆزدا هیچ ئاماژەیەکمان بۆ گارانتیکردنی هیچ جۆرە دوعایەک نییە کە قەبوڵبن جگە لە دوعاکانی لێخۆشبوون "الاستغفار" و دوعای هیدایەت نەبێت، خودا لەقورئاندا گارەنتی قەبوڵبوونی ئەو دو دوعایەی داوە بەمەرجێک کەسی دوعاکەر بۆ گەیشتن بەو دوانە ئەوەی لەسەرشانێتی ئەنجامی بدات، واتە هەم ناصیح بێت هەمیش ئەمین "انی لکم ناصح امین"و بتوانێت ئیقامەی حوجەت لەسەر کۆمەڵگاکەی بکات نەوەک جوێنیان پێبدات و بە دوعای بەد هەفتانە لەسەر مینبەرەکانییەوە بۆردومانیان بکات. خۆ کزۆڵ کردن و گریانی نێو قنوتەکان و نەفرەتکردنەکان بەبێ خوێندنەوەی هەلومەرج ئەنجامیان نابێت، خودا هەست  و سۆزی نییە تا ئێمە بەگریان زەخەی لێبکەین یاساکانی خۆیمان بۆ تێکبدات " وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَحْوِيلا"