ئیسرائیل، وەرچەرخانی جیۆپۆلەتیکیی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان

پێشڕەو محەمەد

2024-10-01

من شارەزای بواری جیۆپۆلەتیک نیم و زۆر بە کەمیش لە ژیانمدا خۆم پێوە سەرقاڵ کردووە، تەنها لەو شوێنانەدا نەبێت کە لە لێکۆڵینەوە فیکریی و فەلسەفییەکانمدا ڕێم کەوتووەتە سەر ئەم پرسە و ناچار بووم دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم بکەم. لەبەرئەوە، ئەوەی لێرەدا دەیڵێم زیاتر گریمانەن تا فاکت و ڕاستیی. بەڵام بەشێکیان لە خوێندنەوە و بەدواداچوونی ئەم دوواییانەوە هاتوون. 

جەنگی ئیسرائیل-حەماس، پاشان ئیسرائیل-حزبوڵا و ئێستاش دەنگۆی جەنگ لەسەر عێڕاق و کڕکەوتنی ئێران و جووڵەنەکردن، و ترسی تورکیا لە زیاتر بەرەوپێشچوونی ئیسرائیل، ئەو بۆچوونانە پشتڕاست دەکەنەوە کە باس لە گۆڕینی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. 

لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو گۆڕانی گەورەی جوگرافیای سیاسیی ڕوویاندا: ڕووخانی خەلافەتی عوسمانیی و دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی نوێ، ئەم گۆڕانە سەرتاپای لە دژی کورد بوو: دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی دڕندەی شۆڤینیی، فاشیست و ڕاسیستدا. دووەم وەرچەرخانی جوگرافیای سیاسیی دەگەڕێتەوە بۆ ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت و ئەمجارەیان لەم گۆڕانکارییەدا کورد بە ڕادەیەکی کەم بەرژەوەندیی خۆی چنییەوە: دروستبوونی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی دواتر: هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێڕاق و بەهاری عەرەبیی، وەک ئەنجامی زیاتری ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت و سۆپەرپاوەربوونی ئەمریکا. ئەمجارەش کورد قازانجێکی چکۆلەی کرد: سەرهەڵدانی ڕۆژاڤا.

جەنگی ئەمجارە دەکرێت وەک سێیەم گۆڕانی جوگرافیای سیاسیی دابنرێت. ئەگەر مرۆڤ بە وردیی، نەک بۆچوونی ئەمریکییەکان، یاخود ئیسرائیلییەکان، بەڵکو هی ئێرانیی و تورکەکان بخوێنێتەوە، ئەم ترسە گەورەیە بەدیدەکات. 

بۆ نموونە، مورات یەشلتاش، پسپۆڕی بواری جیۆپۆلەتیک و ئەندامی کارای تیک تانکی «دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی سیاسیی و ئابووریی تورکیا» (کە ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەردۆغان دایە) لە دووایین لێکۆڵینەوەیدا لە پەیوەندییدا بە جەنگی ئیسرائیل-حەماس بەناوی «هێرشبەرایەتیی ئیسرائیل واتا داڕشتنەوەی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» نەک تەنها ترسی تورکیا ناشارێتەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی پانیک-ئاسا باس لەوە دەکات کە دۆخی ئاسایی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشێوێت و لەگەڵ ئەوەی ڕەهەندی شاراوەی لێدوانەکانی ترس و دڵەڕاوکێ لەخۆ دەگرێت، داوا لە ئەردۆغان دەکات بە هەموو هێزی خۆی بەر بەم «کارەساتە» بگرێت. 

بێگومان جەنگ ڕووخسارێکی نامرۆڤانەی هەیە، بەگشتیی خەڵکانی مەدەنیی قوربانیی جەنگن، جگە لەم هێرشانەی ئەم دوواییانەی ئیسرائیل نەبێت کە بە مانای وشە مانای کۆنی جەنگی هەڵگەڕاندەوە و ئەم جارە سەری مارەکانی کردە ئامانج، بەڵام جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها جەنگ دەیگۆڕێت. مێژووی ئەم سەد ساڵە سەلماندوویەتی نەتەوە بێدەوڵەتەکان و داگیرکراوەکان گەورەترین قوربانیی «بارودۆخی ئاسایی کاروبارەکان» بوون. بەراوەژووبوونەوەی ئەم بارودۆخانە دەکرێت چانسێک بێت، دەرفەتێک بێت بۆ گەل و نەتەوە ژێردەست و داگیرکراوەکان خاکی لەدەستچوو و داگیرکراویان بگەڕێننەوە. 

ئەوەی تا ئێستا، لەم سی ساڵەی ڕابردوودا ڕوویداوە، هیچی ڕاستەوخۆ لە دژی کورد نەبووە، وەک یەکێک لە گەورەترین قوربانیانی «بارودۆخی ئاسایی کاروبارەکانی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، کتومت بەپێچەوانەوە. 

ڕۆژانی داهاتوو زۆر ڕەهەندی دیکەی ئەم بابەتە ڕوون دەکەنەوە.