جۆلانی پیاوی ئاردۆگان نییە، من شرۆڤەکاری سیاسیی نیم بەڵام نەشارەزایی چاودێر و شروڤەکاری سیاسیی کورد وایلێکردم ئەم نووسینە بنووسم کە بەرهەمی ڕۆژانەی چاودێریکردنی دۆخی تورکیا و سوریامە لەم دە ساڵەی دواییدا.
ئەوەی پێیوایە ئاردۆگان جۆلانی دروستکردووە بچوکترین ڕوداوەکانی نێوان ساڵانی 2017-2024 ی نێوان سوریا و تورکیا ئاگادار نییە. یازدە ساڵ بوو میدیا و پارە و سیاسەتی دەرەوەکی تورکیا لە دەوری بەدیلێک بۆ ئەسەد دەسووڕا، بەڵام جوڵەیەکی خێرا و لەپڕی جۆلانی کردی بە سەراب.
ئاردۆگان لە 2011 ەوە حکومەتێکی بە کامل تفاقەوە لە ئیستانبوڵ بۆ سوریا بە سەرۆکایەتی غەسان هیتۆ دروستکرد و مانگانە لە ماڵیاتی گەلانی تورکیا مەعاشی دەدان، هاوکات لە ساحەکەشدا فەندی سوپای سوریای ئازادی دەکرد کە ژمارەیان 22 هەزار میلیتان بوو. ریاز ئەسعەد کە پلەدارێکی سوپای ئاسمانی سوریا بوو هەر لەسەرەتای شۆڕشی سوریاوە پاڵی بە خۆپیشاندەرانەوە دا بوو بە سەرکردەی سوپا ئازادەکەی ئاردۆگان.
ریاز ئەسعەد لە زیهنیەتی گەنجانی سوریادا ڕۆڵێکی ئەفسانەیی زۆر گەورەی هەیە و دوابەدوای ئەوەی منداڵێکی لە ئیستانبوڵ لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا و خۆشی بریندار بوو ئەوەندەی دیکە بوو بە فیگەرێکی ئەفسانەیی سەربازی.
جیابوونەوەی جۆلانی لە داع×ش و دواتریش دروستکردنی نوسرە و نزیکبوونەوەی لە ئامریکا و دواتر ئیحتوا کردنی نووسرە و هەموو گرووپە لۆکاڵییە جیهادییەکان وایکرد بتوانن بەو فەندەی لە ئەوروپا و ئامریکاوە وەریدەگرن ئیدارەی ئیدلیب بدەن، دەست بەسەر زانکۆی ئازادی حەلەبدا بگرن کە ئاردۆگان نۆژەنی کردبوویەوە و سەرڕێی خستبوو و گەنجانی دەرەوەی دەەڵاتەکەی ئەسەد تێیدا دەیانخوێند.
هەر ئەمساڵ بۆ بەرگرتن لە جۆلانی ئاردۆگان چەندینجار هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد داو چەند جارێک ئەسەدی وە ک "براکەم ئەسەد"بانگکرد، بەڵام ئەسەد مەرجی هەبوو بۆ دیداری ئاردۆگان، تەنانەت جارێک گوتی:"من و ئەسەدی برام تێکەڵاوی خێزانیمان هەبوو لەڕابردوودا"، بەڵام ئەسەد هەر وەڵامیشی نەدایەوە داوای کرد مەرجەکانی قەبوڵکات ئەوسا قەبوڵی دیداری دەکات.
پاش دروستبوونی ستاتۆی ئیدلیب ڕیاز ئەسعەد پاڵی دا بە جۆلانییەوە، میدیا تورکییەکان دەستیاندایە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە ڕیاز ئەسعەد بووە بە قاعیدە! جۆلانی زۆر فرسەتتەڵەبانە لەڕێگای ئیدارەکەیەوە توانی ئەو حکومەتە کاتییە هەڵوەشێنێتەوە کە بۆ دوای بەشار ئەسەدی ئامادە کردبوو و یازدە ساڵ پارەی تورکەکانی لێ سەرف کردبوو، هەروەها لەڕێگای ئەفسانەیەکی وەک ڕیاز ئەسعەدیشەوە توانی ئیحتوای سوپای سوریای ئازادی ئاردۆگان لە هەندێ شوێن بکات و دواتڕیش تەواو بێ کاریگەریان بکات.
ئاردۆگان لەمەسەلەی سوریادا لەبەرامبەر ئامریکادا و بە جۆلانی دۆڕا، ناردنی خێرای ڕاوێژکاری میت پاشانیش هاکان فیدان بۆ لای جۆلانی پاش سەرکەوتنی جۆلانی تەنهاو تەنها بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو میساقەیە کە جۆلانی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کردوویەتی سەبارەت بە وزە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەماهەنگی ئەمنی.
بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ئیبراهیم کاڵن ڕاوێژکاری میتیش لە مزگەوتی ئەمەوی تەنها بۆ هێواشکردنەوەی ڕای گشتی تورکیایە لەبەرامبەر ئەو دۆڕانە دیپلۆماسی و سەربازییەی ئاردۆگان لە سوریا توشی هاتووە. جۆلانی زیرەکانە لە پرێس کۆنفراسەکەیدا لەگەڵ هاکان فیدان بەڕوونی داواکاری وەفدی تورکی سەبارەت بەهێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا ڕەتکردەوە لەلایەن تەحریر شامەوە، بەڵام هیچ لێدوانێکی بەرامبەر بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای تورک و سوپای سوریای ئاباد بۆ ژێرخانی ڕۆژئاوا نەبوو. تەنها ڕێگایەک بتوانێت شکستی یازدە ساڵی ئاردۆگان و سەرمایەگوزاری سەر سوپا مورتەزەقەکەی سوریاو حکومەتە کارتۆنییەکەی ئیستانبوڵ هەبێت و فشارەکانی سەری کەمبکاتەوە پەلاماردانی ڕۆژئاوایە لە هەموو لایەنەکانی دیپلۆماسی و سەربازییەوە.
بە بۆچوونی من جۆلانی لەناو هێڵە گشتییەکەی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی بەریتانیا-ئامریکادایە، تورکیا ناتوانێت هێڵە گشتییەکە تێپەڕێنێت، بەڵام دەتوانێت لە هێڵە لاوەکییەکاندا دەستکەوتی خۆی ببچڕێت، پێناچێت ڕۆژئاوا لە هێڵە گشتییەکەدا بێت بۆیە تا ئێستا تورکیا بێ پەروایانە کارەبا و سایلۆ و عەمباری ئاویان بۆردوومان دەکات. ە میساقی میللی نە پڕۆژەی داود ناتوانن لەو هێڵە گشتییەی ئامریکا- بەریتانیا لابدەن کە ئامادەیان کردووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لەم پڕۆژەیەدا بێ دەستکەت نابن.