هێشتا عومەری سەید عەلی ڕێکخەرە

سەردەشت عەلی

2025-01-05

لە وەڵامی تانەیەکی گروپی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا،  فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، بەشی کارگێڕی و یاسایی، لەکۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ، لەبەیانی ژمارە (٣٣٣) کەلە ٢٤ی٩ی ساڵی ٢٠٢٤ دەرچووە، 
لەبارەی خاوەندارێتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، بۆچونی یاسایی و فەرمی خۆیان ئاشکراکردووە..

لەبەیانەکەدا هاتووە، بەو پێیەی کە عومەر عەلی حسێن، بەهیچ جۆرێک وازنامە (استقالە)ی لەپۆستی ڕێکخەری گشتی  نەگەشتتۆتە کۆمیسیۆنی باڵا، بۆیە تائەم 
ساتەش ناوبراو بەفەرمی  ڕێکخەری گشتی  بزوتنەوەی گۆڕانە.

هەروەک بەپێی ئەو بریکارنامە گشتی و ڕەهایەی کە لەلایەن ڕێخەری گشتییەوە بۆی کراوەتەوە  ( دانائەحمەد مەجید)  ئەتوانێت پەراوەی سەرجەم ماف و دەسەڵاتەکانی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە (کەلەدەستوری گۆڕاندا هاتووە)بکات.

لەبەشێکی تری بەیانەکەدا هاتووە کە لەسەر داوای حیزبی گۆڕان، ئەنجومەنی کۆمیسیاران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی ویلایەتی ئێستای ڕێکخەرو سەرکردایەتی گۆڕان(جڤاتی گشتی، جڤاتی نیشتمانی ) بۆماوەی شەش مانگ، وە لەوماوەیەدا داوای بەستنی کۆنگرەی حیزب بکەن، وە ئەم ڕێکارانەی بزوتنەوەکەی بە پێچەوانەی یاسای حیزبەکان دانەناوە،



لەخوێندنەوەی ناوەرۆکی ئەم بەیانەوە باری سەرنجی خۆمان لە ڕوانگەیەکی یاساییەوە بەمجۆرە دەخەینەڕوو:

یەکەم : بەپێی بڕگەی دووەم لەمادەی (١٩) لەیاسای حیزبە سیاسیەکانی عێراق ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠١٥، کارێکی یاسایی و ڕێگە پێدراوە کە ڕێکخەری گشتی هەموو یان بەشێک لە دەسەڵاتەکانی کە لەپەیڕەودا هاتووە بداتە کەسێکیتر.

دووەم: هێشتا بەفەرمی عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە، هەرکات بیەوێ دەتوانێ وەکو ڕێخەری گشتی مامەڵەی فەرمی لەگەڵ بکرێت.

سێیەم: بەو پێیەی کە سەید عومەر لەڕێگەی گرێبەستی بریکارنامەوە دەسەڵاتی داوە بە دانا ئەحمەد مەجید،
کەواتە ئەم بابەتە لەڕووی یاساییەوە (ئەحکامی وکالە) ی بەسەردا جێەجێ ئەکرێت کەلە مادەکانی (٩٣٣ هە تا٩٤٩)ی یاسای شارستانی ژمارە٤٠ی ساڵی ١٩٥١ی عێراقیدا دەقنووس کراوە،
دد
چوارەم :هەر بەپێی ئەحکامەکانی وەکالەت سەید عومەرلەهەر کاتێکدا بیەوێ دەتوانێ کۆتایی بەو بریکارنامە گشتی و ڕەهایە بهێنێت کە داویەتی بە دانا ئەحمەد مەجید، هەروەک چۆن مافی دانا ئەحمەد مەجیدیشە بەویستی خۆی داوای کۆتاییهێنان بە بریکارنامەکە بکات.
لەم ڕووەوەوەهیچ ڕێگرێک نیە لەوەی سەید عومەر بریکارنامە بە کەسێکی تر بدات هەتا ڕێگەپێدراوبێت وەک بریکاری یاسایی بەئەرکەکانی ڕێکخەر هەستێت.

پێنجەم :لەحاڵەتی لەدەستدانی توانای هۆشمەندی، یاخود مردنی سەید عومەردا ئەوا دانا ئەحمە مەجید  نەک هەر ناتوانێت وەکو ڕێکخەر خۆی بناسێنێت، بەڵکو مافی ئەوەشی نامێنێت کە وەکو ڕێگەپێدراو (مخول) پەراوەی دەسەڵاتەکانی ڕێکخەر بکات، پێویستە دەست بەجێ دەست هەڵبگرێ لە ئەرکەکانی، بەپێچەوانەوە، بڕیارو ڕاسپاردەکانی  هیچ جۆرە شوێنەوارێکی فەرمی ویاسایی لێناکەوێتەوە.