لەنێوان نۆكیا وهەڵبژاردەی بەرازیل چارەنوسێكی هاوبەش هەیە

2022-12-17

هەتا ساڵی 2010 كۆمپانیای نۆكیا گەورەترین كۆمپانیای دروستكردن و فرۆشتنی مۆبایل بوو لە جیهان، كۆنترۆڵی بازاڕی تەكنەلۆژیای مۆبایلی كردبوو.
تەنها لە ساڵی 2006 كۆمپانیای نۆكیا بە بەهای51 ملیا دۆلار،مۆبایلی لە جیهاندا فرۆشتووە،بەڵام بۆچی  لەپڕێكدا ئەم كۆمپانیا گەورەیە تووشی شكست هات و ئیفلاسی كرد؟

دوای بەدەستهێنانی سەركەوتنی گەورە بۆ ماوەی چەند ساڵێك، وردە وردە كۆمپانیای نۆكیا هەرەسی هێنا و ڕوو بە شكست چوو تا ڕادەی لەبیرچونەوە و كوێربونەوەی ناوەكەی.
لەپشت شكستی ئەم براندە گەورەیەی مۆبایلەوە دووهۆكاری سەرەكی هەبوو:
یەكەمیان:دواكەوتن لە پێشكەوتنە تەكنەلۆژییە خێراكان
نۆكیا نەیتوانی هاوشانی پێشكەوتنە تەكنەلۆژییە نوێیەكان هەنگاوبنێت و دواكەوت لە دابەزاندنی بەرنامە نوێیەكان لەسەر مۆبایلەكەی.
نۆكیا بەناوبانگ بوو بە تۆكمەیی ئامێرەكانی،بەڵام نەیتوانی سیستمی كارپێكردن و پرۆگرامەكانی نوێ‌ بكاتەوە لەكاتێكدا بەشێوەیەكی خێرا گۆڕانكاریان بەسەر دەهات.
دووەمیان: خراپ مەزەندەكردنی هێزی خۆی
نۆكیا باوەڕی تەواوی بەناوی خۆی بوو،پێی وابوو هەرگیز بەكارهێنەران و كڕیارانی لێی دور ناكەونەوە و بۆ هەمیشە مۆبایلی نۆكیا بەدەستەوە دەگرن.
لەمەدا نۆكیا چاوی لە سەركەوتنەكانی رابردووی بوو،بەڵام ئاگای لەو راستییە نەبوو لە بواری تەكنەلۆژیادا سەركەوتنی رابردوو براندی بازرگانی بە ئەندازەیەكی گەورە كاریگەری نابێت ئەگەر لەگەڵ پێشكەوتنە تەكنەلۆژیەكان خۆی یەكلایی نەكاتەوە

ئەگەر نۆكیا بیتوانیایە سیستمی ئەندرۆید بەكاربهێنێت لەوانەیە خەڵكی بەر لەهەموو كۆمپانیایەكی دیكە پێشوازیان لە نۆكیا بكردایە بەهۆی ئەو پێشینە باشەی هەیبوو،كەچی نۆكیا لە جیهانی سیستمی سیمبیان مایەوە كە سیستمێكی لاواز و پڕ لە كێشە بوو.

هەروەها لەكاتێكدا سیستمی 4g  لە جیهاندا بڵاوبویەوە هێشتا نۆكیا نەیتوانیبوو سیستمی 3g   بۆ سیتمی مۆابیلەكانی زیاد بكات.

چیرۆكی نۆكیا لە سەداسەد بەسەر هەڵبژاردەی بەرازیلدا جێ‌بەجێ‌ دەبێت
لەكاتێكدا هەموان باسی سەروەریەكانی بیلی و رۆناڵدۆ دەكەن،سەروەریەكانی رابردوو هیچ سودێكیان نییە بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ ئەگەر نەتوانی لەمڕِۆدا خۆت بسەلمێنیت.

پێویستە بەرازیلییەكان ئەو راستییە بزانن كە تۆپی پێ‌ی ئەوروپا ئەمڕۆ پێشكەوتنی گەورەی بەخۆوە دیوە و بۆتە زانست وەك هەرشتێكی دیكەی زانستی.
راستە بەرزایل لانكەی تۆپی پێیە بەڵام ئەگەر پێ‌ بەپێی ئەو پێشكەوتنانە هەنگاو نەنێت كە لەجیهانی تۆپی پێ‌ هاتۆتە ئاراوە هیچ ئەنجامێك بەدەست ناهێنیت ئەگەر خاوەنی ئەستێرەی گەورە و بەناوبانگیش بیت.
كۆمپانیای نۆكیا بەتواوی پوكایەوە  هەرچەندە خۆی داهێنەری مۆبایل بوو.
هەمان چارەنوسیش بۆ بەرازیل.
بەراستی هاندەرانی بەرزایل هەقیانە بگرین بۆ جامی زێڕینی لەدەست چوو.