ماوەیەکە پرسی سپیکردنەوەی پارە لەلایەن دەزگای ھەواڵگری عێراقی و دەستەی ھاوبەشی چاودێری دارایی (ئەمریکا ــ عێراق) بەگەرموگوڕی باسی لێوە دەکرێت و لقی بانكێكی ئەهلی عێراق لە شاری سلێمانی تۆمەتبار دەکرێن بە سپی کردنەوەی بڕی یەک ملیار دۆلار بەشێوەی كاش لە ڕێگەی ناردنی پارەكان بۆ دووبەی و پاشان ناردنی بۆ وڵاتی سێیەم کە بریتیبوون لە وڵاتانی تورکیا و سویسرا و بەلجیکا و ئەڵمانیا و بەریتانیایە.
ئەو کەسەی وەک تۆمەتباری سەرەکی ئەم پرسە ناوی دەھێنرێت ناوی ڕەنج عبدالقادرە و راوێژكاری بانكی شەرقۆلئەوسەتە لە سلێمانی.
جگە لەم كەسە ناوی حەوت فەرمانبەر و ڕاوێژکاری تریش هاتووە و داوای ڕادەست کردنیان دەکەن لە ئاسایش و دادگای سلێمانی .
فەرمانێکی دادگای باڵای عێراقی کە بۆ وەزارەتی داد و ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان نێردراون داوا دەکەن بانکی شەرقولئەوسەت ــ لقی سلێمانی و کەسێک کە ڕاوێژکاری بانکەکە بوە بە ناوی ڕەنج عبدالقادر لێکۆڵینەوەیان لەگەل بکرێت و ڕاپێچی دادگا بکرێن بە تۆمەتی پرسی سپیکردنەوەی ملیارێک دۆلار.
داواکاری گشتی سلێمانی بە فەرمانی ژمارە ١٨٤ بەپشت بەستن بەمادەی ٧ یی یاسای ژمارە ١٥٩ ی سزادانی عێراقی،نوسراوێكی كردووە بۆ دادگای سلێمانی و داوای لێکۆڵینەوەی خێرا لەو كەیسە دەکەن.
بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك داواکاری گشتی نوسراوێكی دیكەی ئاراستەی دادگا كردووە لەبارەی رەنجە عەبدولقادر ی راوێژكاری بانكەكە، دیپلۆماتیک زانیویەتی جگە لەڕەنجە عەبدولقادر حەوت فەرمانبەر و ڕاوێژکاری دیكە لە بانکەکەی سلێمانی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.سێ کۆمپانیاش کە دوانیان وەھمین لە پرسی سپیکردنەوەی ئەو بڕە پارە زۆرەوە تێوەگلاون.
لەسەر ئەم پرسە، لە سەرەتای بڵاوبونەوەی هەواڵەكەوە دیپلۆماتیک پەیوەندی بە رەنج عبدالقادرەوە كرد و داوای ڕونکردنەوەی لێکرد،بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە لەسەر ئەو پرسە هیچ لێدوانێك بدات و رایگەیاند كە پارێزەرەكانیان راسپێردراون بۆ قسەكردن لەسەر ئەو پرسە.
هەرچەندە دۆسیەی بانكی شەرقولئەوسەت بەفەرمی جوڵێنراوە و لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەشتی سلێمانییە،بەڵام كۆمپانیای راوێژكاری یاسایی بانكەكە بە دیپلۆماتیكیان ووت تائێستا داوایان لێنەكراوە داخڵی ئەو دۆسیەیە ببن و ئاگاداری وردەكاری داواكە نین.
بەپێی زانیاریەکانی دیپلۆماتیک لەنێو شاری سلێمانی جگە لە بانکی شەرقول ئەوسەت حەوت کەسی دیكەش کە دوانیان ڕاوێژکاری یاسایی و یەکێکیان دەڵاڵ و ئەوانی دیش فەرمانبەرن تێوەگلاون و داواکاری گشتی و دەزگای ھەواڵگری عێراقی چاوەرێی دادگای سلێمانی و لێکۆلینەوەکانی دەکەن .
جگە لە کەسەکان زانیاریەکان دەڵێن لیستی لێکۆڵینەوەی دەزگای ھەواڵگری عێراق ناوی سێ کۆمپانیاشی تێدایە کە دوانیان وھمین و ناوەكانیان لای دیپلۆماتیك پارێزراوە.
داواکاری گشتی سلێمانی لەبەر فشاری دادگای باڵا و دەزگای ھەواڵگری عێراقی دادگای سلێمانیان ڕاسپاردوە ئەو باسە یەکلایی بکاتەوە، بە تایبەت کە ئەو پرسە راستەوخۆ کاریگەری ھەبوە لەسەر ئەو قەیرانی دۆلارەی كە ئێستا لە عێراقدا دروست بوە.