پڕۆگرامی  هارپ چییە؟

2023-02-09

نوسینی: لوقمان حەوێز


تێبینیەکی گرنگ: بەداخەوە وای لێهاتووە هەواڵ و قسە ڕاستەکان لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فێسبووک کە بە کوردی بڵاودەکرێنەوە وەکو دەرزی نێو کای لێهاتووە هێندە کەم بووە و خەریکە تەواو وون بێت، بەداخەوە شاڵاوێکی زۆر گەورە لە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندە ئەم چەند ڕۆژە دەستی پێکردوە کە گوایە ئەو بومەلەرزەی بەم دواییە ڕوویداوە دەستکردی مرۆڤە و هەندێک پڕۆگرامی وەک HAARP یان کۆمەڵێک پڕۆگرامی سەربازی نهێنی تر بەرپرس بوون لەوە، ئەو هەواڵانەش بڵاودەکرێنەوە بە سود وەرگرتن لە کەمی ئاستی زانستی و زانیاری خەڵک و یاریکردن بە سۆزی خەڵک، نوسەری ئەو نوسینەکانیش یان بە پاڵنەری سیاسی و ئایدیۆلۆژیەوە ئەوە دەکەن یاخود ئاگایان لە ڕاستیەکان نیە و بنێشتی ئەوانە دەجاوێننەوە کە پاڵپشتی لە تۆڕەکانی پیلانگێڕی دەکەن یان هەر بۆ سەرنجڕاکێشان ئەوە دەکەن وەکو کۆمەڵێک پەیجی هەواڵی کوردی، تکایە وەک هەمیشە ووتومە وریا بن و بڕوا بە هەموو قسە و هەواڵێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مەکەن... 

پڕۆگرامی هارپ چیە..؟ کەی و بۆ چ مەبەستێک دروست بوو..؟  چەند ساڵ کاری کرد..؟

پرۆگرامی هارپ HAARP کە بەدرێژی پێی دەووترێت:

 High.Frequency.Active.Auroral.Research.Program

 واتە پڕۆگرامی لەرەلەرە بەرزەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکی شەفەقی، کە مەبەست چالاکی چینی ئایۆنۆسفیری بەرگە هەوای گۆی زەویە، پڕۆگرامەکە لە ساڵی 1993 دەستی پێکرد، لە مانگی ئایاری ساڵی 2014 کۆتایی پێ هێنرا، لە مانگی ئابی ساڵی 2015 تەواوی باڵەخانەکە و کەل و پەلەکان لە ئالاسکا بە ئێجگاری درا بە زانکۆی ئالاسکا، خاوەنی پڕۆگرامەکە سێ لایەنی حکومی ئەمەریکی بوو لەگەڵ لایەنی چوارەم کە زانکۆی ئالاسکا بوو....

بە کورتی ئەم پڕۆگرامە بۆ لێکۆڵینەوە بوو لە چینی ئایۆنۆسفیر بۆ مەبەستی باشترکردنی پەیوەندیکردنی ڕادیۆیی، هەروەها مەبەستێکی تریش بریتی بوو لە داهێنان و باشترکردنی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ڕادیۆیی...

سێ لایەنە حکومیەکەی ئەمەریکاش ئەمانە بوون: 

هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمەریکا لەگەڵ دەزگای DARPA کە دەزگایەکی لێکۆڵینەوەیی زانستی پێشکەوتووە و سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە، لایەنی دروستکەری کەل و پەلەکان وجێبەجێکاری پرۆگرامەکەش کۆمپانیای BAE بۆ تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکان بوو....

مەبەست لەم پرۆگرامەکە بە ووردی ئەمە بوو:

ورژاندنی ڕووبەرێکی دیاریکراو لە چینی ئایۆنۆسفیر لە بەرگە هەوای گۆی زەوی بۆ ئەوەی بزانرێت کاریگەری چی دەبێت لەسەر شکاندنەوەی شەپۆلە کارۆموگناتیسیەکان کە بۆ مەبەستی پەیوەندی کردن بەکار دەهێنرێن، بە کورتی ئەم پڕۆگرامە بۆ لێکۆڵینەوە بوو لە چینی ئایۆنۆسفیر بۆ مەبەستی باشترکردنی پەیوەندیکردنی ڕادیۆیی، هەروەها مەبەستێکی تریش بریتی بوو لە داهێنان و باشترکردنی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ڕادیۆیی...

بۆ زانیاریتان چینی ئایۆنۆسفیر لە بەرگە هەوای گۆی زەویە لە بەرزایی 60 کیلۆمەتر دەست پێدەکات تاوەکو 1000 کیلۆمەتر، ئەم چینە لە ئەلیکترۆن و ئەتۆمی بارگاوی پێک دێت، ئەتۆمەکان بەهۆی تیشکی خۆر لە ڕۆژدا بارگاوی دەبن، گرنگی ئەم چینە لەوەدایە شەپۆلە ڕادیۆییەکانی گۆی زەوی دەشکێنێتەوە بەرەو زەوی و بەو هۆیەوە ئێزگە ڕادیۆییەکان و ئامێرە ئاساییەکانی پەیوەندی کردن دەتوانن بێ تەل پەیوەندی بکەن لەگەڵ یەکتر لە دووری هەزارەها و بگرە دەیەها هەزار کیلۆمەتر لە یەکتری لەسەر زەوی، بۆ زانیاریتان بەهۆی ئەم خەسڵەتەی چینی ئایۆنۆسفیر بوو بۆ نموونە دەیەها ساڵ پێش ئێستا گوێمان لە ئێزگە ڕادیۆییە جیهانیەکان دەگرت بە هۆی ئامێرێکی ڕادیۆی سادە کە بە دەستمانەوە بوو کاتێک ئێزگەکان هەزارەها کیلۆمەتریش دوور بوون...

هەر بۆ زانیاریتان ئەم چینە هیچ ڕۆڵێک نابینێت لە چالاکیەکانی کەش و هەوای گۆی زەوی، هەموو چالاکیەکانی کەش و هەوای گۆی زەوی لە چینی تڕۆپۆسفیر و ستراتۆسفیر ڕوودەدەن کە بەرزایی هەردووکیان بە یەکەوە دەگاتە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لەسەر ڕووی زەویەوە...

هەنگاوە عەمەلیەکانی پرۆگرامی هارپ چی بوون و چۆن بوون..؟

تاقی کردنەوەکە بەم شێوەیە بوو: کۆمەڵێک Transmitter ( واتە نێرەری ڕادیۆیی) بەهۆی کۆمەڵێکی زۆر لە ئەنتێنا بە بڕ و توانای 3.6 مێگا وات شەپۆلی ڕادیۆیی بە لەرە لەری زۆر بەرز دەنێردرا بۆ ڕووبەرێکی دیاریکراوی چینی ئایۆنۆسفیر، لەگەڵ ناردنی شەپۆلەکان و دوای ئەوەش گۆڕانکاری لە خەسڵەتە فیزیایی و کیمیاویەکانی چینی ئایۆنۆسفیر پێوانە دەکرا لەو شوێنە، مەبەستیش لەو پێوانانە باشترکردنی دیزاینەکانی ئامێرەکانی پەیوەندکردنی شەپۆڵە درێژەکان و مامناوەندیەکان بوو کە بۆ کاری سەربازی ومەدەنیش بەکاردەهێنرێت، بۆ زانیاریتان لەکاتی جەنگ یان کەوتنەوەی کارەساتی گەورە و لە ئەگەری نەمانی ئینتەرنێت و پەککەوتنی سەتەلایتەکان ئەو چینی ئایۆنۆسفیرە دەبێتە تاکە ڕێگەی پەیوەندیکردنی دور و گواستنەوەی زانیاریەکان لە جیهان...

لە ڕاستیدا لە ڕووی زانستیەوە ئەم بڕە لە شەپۆلی کارۆموگناتیسی واتە 3.6 مێگا وات بە هەر لەرەلەرێک بێت ناتوانێت هیچ کاریگەریەک دروست بکات لەسەر ژینگە یان کەش و هەوا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەندەها ئەنتێنای ئێزگەی ڕادیۆیی هەیە بە تەنیا بە بەردەوامی لە 24 کاتژمێردا نزیکەی یەک مێگا وات شەپۆلی ڕادیۆیی دەنێرێت بۆ چینی ئایۆنۆسفیر، بە سەدەها ئیزگەی ڕادیۆیی لەم شێوەیە تەنیا لە ئەمەریکا هەیە....

بە داخەوە ئەوانەی لە کوردستان باس لە کاریگەری پرۆگرامی هارپ دەکەن لەسەر بومەلەرزە و ژینگە و کەش و هەوا یان باران بارین لە کوردستان و ناوچەکە کۆمەڵێک مەسەلەی نا پەیوەندیدار تێکەڵ بە یەکتری دەکەن، لەلایەک باسی بڵاوکردنەوەی شەپۆڵی موگناتیسی و کارۆموگناتیسی دەکەن کە لە کەنداوەوە ئاڕاستە کراوە بەرەو ئەو شوێنەی زەەمین لەرزەکە تیایدا ڕوویداوە ئەم قسەیەش نەوەک هەر دورە لەڕاستی بەڵکو گاڵتەکردنە بە عەقڵی خەڵکی سادە، یان پێش چەند ساڵێک باسی کلکە هەڵمیەکانی فڕۆکەکانیان دەکرد Air.Plane.Vapor.Trails ئەوساکەش دەیانگوت گوایە ماددەی کیمیایی هەڵدەڕێژن و ئەوەش کاریگەری لەسەر باران بارین هەیە...

 



ئەو کلکە هەڵمیانە بەرهەمی سوتانی سوتەمەنی فڕۆکەکانن کە وەکو سوتەمەنیەکانی تر لە ماددەی هایدرۆکاربۆنی (نەوتی) پێک دەهێنن، پێکهاتەی سەرەکی بریتیە کاربۆن، ئۆکسجین و هایدرۆجین، کاتێک دەسوتێت تەنیا گەرمی و دوو بەرهەمی تری سەرەکی دروست دەکات، بەرهەمەکانیش هەڵمی ئاو و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، ئەو کلکە هەڵمیانەی دەیانبینین هەڵمی ئاوە، کاتێک لە توربۆی فڕۆکەکەوە دەردەچێت بەهۆی ئەوەی هەڵمەکە گەرمە ئەگەر هەوای دەوروبەری ئەو بەرزاییە زۆر سارد بێت یەکسەر هەڵمەکە دەبێتە هەور، ئەمە لەڕووی زانستیەوە وەکو هەموو ئەو هەڵمەی ترە کە لە دەریا و زەریاکانەوە بەرز دەبنەوە و کاتێک دەگەنە چینێکی دیاری کراو لە هەوای سارد هەڵمەکە دەگۆڕێت بۆ هەور...

بۆ زانیاریتان لە هەموو کاتێدا بە بەردەوامی بە شەو و ڕۆژ پتر لە 5000 فڕۆکەی بازرگانی و گەشتیاری بە ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوەیە و هەمان ئەو سوتەمەنیانە دەسوتێنن کە فڕۆکەکانی سەر ناوچەکە دەیان سوتێنن....

بەدەر لە بابەتی پرۆگرامی هارپ کە لەسەرەوە ورژاندم، کرۆکی کێشەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی نا زانستی و نا دروست لە سەرتاسەری جیهان لە ڕاستیدا پەیوەندی هەیە بە پێشکەوتنێکی بێ وێنە لە 25 ساڵی ڕابردوو لە ڕووی خێرایی و ئاسانی بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێت، لە سەردەمی پێش ئینتەرنێت هەموو سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری لە هەموو کونجێکی جیهان دیار و ناسراو بوون، تا ڕادەیەکیش بەرپرسیاریەتیان هەڵدەگرت لە ڕاستی و دروستی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵەکان، بەڵام لە دوای دەست پێکردنی سەردەمی ئینتەرنێت بەتایبەتیش دوای بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تۆڕی ئینتەرنێت باشترین زەمینەی ڕەخساند بۆ لایەنە خاوەن ئەجینداکان لە سەرتاسەری جیهان بۆ بڵاوکردنەوەی هەوڵی نادروست و هەڵبەستراو بێ ئەوەی پێویست بکات هیچ بەرپرسیاریەتیەکی ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵ زانیاریانە بگرنە ئەستۆ...

تێبینیەکی زۆر گرنگی تر: پڕۆگرامێکی تر هەبووە و کۆنە لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە لە نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی بەرگری کەندی بووە ئەویان بەناوی HARP و تەواو جیاوازە لەم پڕۆگرامە، ئەو پڕۆژەیەکی سەربازی بووە ویستراوە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیە لە جیاتی ڕۆکێت تۆپ و گوللە تۆپ بەکاربهێنرێت بۆ هەڵدانە ئاسمانیەکان، پڕۆژەکە لە شەستەکانی سەدەی بیستەم تەواو بوو، بەداخەوە گەلێک لەو بەناو شارەزایانەی باسی پڕۆگرامی HAARP یان کردوە هاتوون لەبەر کەمی زانیاری و نەزانی ئەم ناوەیان بەکارهێناوە واتە باسی HARP یان کردوە، چەندەها نوسینی کوردی و عەرەبیان بۆ ناردوم بەهەڵە باسی ئەو پڕۆگرامە دەکەن و نازانن ئەو پڕۆژەیە زۆر کۆنە و نزیکەی شەست ساڵە کۆتایی پێهاتووە...

سەرنج:
بۆ کۆکردنەوەی ڕاستیەکان و بنەما زانستیەکانی ئەم بابەتە سوودم لە چەندەها سەرچاوەی زانیاری ڕەسەن وەرگرتووە، لەوانە ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست، فاینانشال تایمز، ڕاپۆرتەکانی دەستەی کەش و هەوای نەتەوەیی ئەمەریکا  NOAA، دەزگای هەواڵی  BBC، ئاژانسی ناسا، ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵێک زانکۆ و کۆلیژی زانستی.