شـــەکــرە، هەڕەشە لە عێراق دەکات

2023-07-05
دیبلۆماتیک

تا دێت، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە نێو دانیشتوانی عێراقدا هەڵدەکشێت و ڕێکخراو و ناوەندە تەندروستییە جیهانی و ناوخۆییەکانی عێراقیش سەبارەت بەو مەترسییە هۆشداری دەدەن.

هەرچەندە چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی هەن لە پێش عێراقەوەن، بەڵام  فیدراسیۆن و ڕێکخراوە تەندروستییەکان، ئاماژە بەوە دەدەن کە نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی ترسناک و بەرفراوان لەناو خەڵکی عێراقدا بڵاودەبێتەوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، تووشبوانی نەخۆشی شەکرە لە جیهاندا، ژمارەیان گەشتوەتە " 537" ملیۆن کەس.




بەپێی پێشبینی و خەمڵاندنی ڕێکخراوەکە، پێدەچێت تاوەکو ساڵی 2030 زیاتر لە سەد ملیۆن کەسی دیکە لە جیهاندا ببنە نێچیری نەخۆشییەکەو ژمارەی تووشبوان بگاتە 643 ملیۆن کەس.

وڵاتە عەرەبییەکان لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانن لە سەر ئاستی جیهان بۆ تووشبوونی هاووڵاتیانیان بە نەخۆشی شەکرەو لەناویشیان وڵاتانی " بەحرەین ــ کوەیت ــ لوبنان ــ عوممان ــ سعودییە ــ ئیمارات" لەو وڵاتانەن کە زۆرترین ڕێژەو ژمارەی هاووڵاتیانیان گرفتاری نەخۆشی شەکرەن.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە 13.9٪ی هاووڵاتیانی عێراق نەخۆشی شەکرەیان هەیەو بەشی زۆری توشبووانیش بێئاگان لەوەی کە تووشی نەخۆشییەکە بوون.

زانیاری و ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ناوەندە تەندروستییە عێراقییەکانیش ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە ئەو ژمارەیەی سەبارەت بە توشبووانی نەخۆشی شەکرە لە عێراقدا خراوەتە ڕوو، ئاماری توشبووانە لەناو ئەو هاووڵاتیانەدا کە تەمەنیان لە سەرووی بیست ساڵییەوەیەو ئەگەر ڕووماڵی ڕێژەی نەخۆشییەکە لەناو منداڵان و مێرد منداڵانیشدا بکرێت، ئەوا ڕێژەکە گەلێک بەرزتر دەبێتەوە.




عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتاندا بۆ نەخۆشی شەکرە لە پلەی " 30"ی یەمدایەو شارەزایانی تەندروستی لە عێراقیش،  ئاستی مەترسی نەخۆشییەکەیان بۆ خەڵکی عێراق بە " شێرپەنجەی بێدەنگ" ناوزەد کردووە.

 ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی نەخۆشی شەکرە، هۆشیاری دەدەن سەبارەت بە فراوانبوون و تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە لەناو هاووڵاتیانی عێراقداو ئەوان دەڵێن، شەکرە بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی عێراق و لە داهاتووشدا مەترسییەکە گەورەتر دەبێت و دەبێتە مردنێکی بێدەنگ بۆ دانیشتوانی ئەم وڵاتە.