لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی چییان پێوتم؟ 

هەفتەی داهاتوو چی روودەدات؟
2023-02-18

هۆشیار عەلی


وەك پیشەیەكی رۆژنامەنوسی، ئەم ئێوارەیە سەردانی بازاڕی دۆلارەكە "بۆرسەی سلێمانی"م كرد، لە نهۆمی ژێر زەمین كە چەقی نرخی دۆلار و دینارە و لەوێوە نرخی دۆلار كڵپە دەكات و دینار هاڕە دەكات، چومە نزیكەوە، یەكێك لەوانەی كە كاری ئاڵوگۆڕ دەكات و لە پەناوە چاوەڕێی نرخە نەك لەناو بۆرسە، لێم پرسی، دۆخەكە چۆنە، وتی خراپ، وتم بۆ، وتی یاری بە نرخ دەكرێت، پێم وت چۆن یاری پێدەكرێت، كێ یاری بە بۆرسە دەكات، وتی ئەوانەی كە خاوەنی پارەیەكی زۆرن، بە بە ملیۆن دۆلار دەكڕن و هەرچی هەیە كۆی دەكەنەوە لای خۆیان و دواتر نرخی لەسەر دیاری دەكرێت و دەیخەنەوە ناوبازاڕ، وتی ئەوە كەی بۆرسەیە، سودی بۆ چەند كەسێكە، مۆبایلەكەی دەرهێناو وتی سەیركە سلێمانی هەمیشە لەگەڵ بەسرە 2 بۆ 3 هەزار دینار جیاوازیمان هەبووە و بەسرە لە خوار سلێمانییەوەیە، خێرە ئێستا سلێمانی گرانترە لە بەسرە؟ ئاشكرایە و قسەكەی راستە، ئەوكات ئەو قسەی دەكرد لە بەسرە 153500 بوو، لە سلێمانی 600 بوو، من دەپرسم بۆ دەبێت جیاواز بێت؟.

دواتر پیاوێكی تر لە هەمان جێگا سەری هێنایە ناو سەر و دەستیكرد بە قسەكردن، تەمەنی لە سەرو 50 بوو، وتم چ باسە، لە چەنایە دۆلار وتی 153600، هاواری لێ بەرزبووەوە وتی كێ هەیەتی من بە 500 دەمەوێت، كاتێكم زانی هاوار بەرزبووەوە بوو بە فیكە و هۆڕ لەناو بۆرسە، وتم چییە ئەوە، وتی تۆزێ دابەزی، پرسیارم لێكرد وتم باشە بۆ نرخ دانابەزێت، خۆ لە چەند لاوە بانكی ناوەندی بە 130 دەیفرۆشێت، ئەم قسەی جیاوازی دەكرد، وتی پێشتر بانكی ناوەندی گیری بە دەست بۆرسەی بەغدا خواردبوو، لە سلێمانی دادەبەزی، لە بەغدا وەك خۆی بوو یان كەمتر دادەبەزی، بەڵام ئێستا بۆرسەی سلێمانی و هەولێر بوونەتە ئاگری ژێر كا بۆ بەغدا و ئەمان ناهڵێن بەغداش دابەزێت، لێم پرسی چار چییە، وتی بەغدا ناچارە بۆرسەكانی هەرێم بگرێت و لێرەوە هەوڵ بۆ دابەزینی نرخی دۆلار بدات بەرانبەر بە دینار، وتم چۆن، وتی بڕیار هەیە بەڵام فەرمی نییە ئەویش ئەوەیە هەفتەی داهاتوو، لە سلێمانییەوە دۆلار بە نرخی هەرزان بفرۆشرێت و چاودێری دۆخەكە بكرێت، زۆرم لێكرد كە وردەكاری بدات، بەڵام قسەی نەکرد و بە دەم رۆشتنەوە وتی ئەویش بۆ ئەوانەیە كە لە پێشەوەن بۆ فەقیر نییە.

 

هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی، بۆرسەكانی سلێمانی و هەولێر هۆكارێكن بۆ دانەبەزینی نرخی دۆلار، ئەگەر یاری بە نرخەكان بكرێت دواجار خەڵكی زیانمەند دەبن و نرخی كەلوپەل و خۆراك بە بەرزی دەمێنێتەوە.

لەگەڵ جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی قسەمكرد ئەو باسی لەوەكرد، سیستمی فرۆشتنی بانكی ناوەندیی كۆنەو دەبێت بچێتەسەر سیستمی نوێی ئەلیكترۆنی و حەواڵەش زیاتر بكات بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دابەزێت، ئەویش ئاماژەی بەوەكرد کە یاری بەنرخەکان دەکرێت و پێشی وابوو بە هێواشی دینار بەرزدەبێتەوە.

لە بارەی فرۆشتنی دۆلار بە كۆمپانیاكانی سلێمانی بە نرخی بانكی ناوەندی، باسی لەوەشكرد، كۆمپانیاو نوسینگەی سلێمانی ساڵی 2021 داوایانكردبوو كە بانكی ناوەندی راستەوخۆ دۆلاریان پێ بفرۆشێت و ئەوانیش بە نرخیی 132 بیخەنە بازاڕەوە، بەڵام بانكی ناوەندی باسی لەوەكردبوو بەهۆی ئەوەی زیاتر لە دوو هەزار كۆمپانیا هەیە و ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێن و سەرمایەكەشیان كەمە هی ئەوە نییە دۆلاریان راستەوخۆ پێ بفرۆشرێت، بەڵام دەتوانرێت هەر پێنج یان دە كۆمپانیاو نوسینگە پێكەوە سەرمایەكەیان یەكبخەن لە چوارچێوەی بانكێكی سەرافی و ئەوانیش دۆلاریان لە بانكی ناوەندی  بە راستەوخۆ پێ دەدرێت، ئێستا زیاتر لە 70 كۆمپانیاو نوسینگە بەشی زۆری رێكارەكانیان تەواوكردووە و كۆمپانیا هەیە هەموو مەرجەكانی رێككردووە و هیچی نەماوە، تەنها چاوەڕێی ئەوە دەكەین دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی بەو كۆمپانیایانە بفرۆشرێت و ئەوانیش بە نرخی 132 بیخەنە بازاڕەوە بەڵام بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو ئەوە  بكرێت ئاگادار نیم.