بایەخی توێژینەوە بە زمانی دایک

2023-02-21

ڕزگار عەبدولکەریم

مامۆستا ئەحمەدی موفتیزادە، ناودار و دانشمەندی کوردزمانی شاری سنە بوو، مامۆستای زانکۆی تارانیش بووە، کوردیزانێکی زۆر باش و فارسییەکەشی زۆر باش بووە، لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت، هەرچەندە فارسی باش دەزانم بەڵام هەندێکجار هەست بەوە دەکەم ناتوانم بە باشی گوزارشت لەوە بکەم کە لە ناخمدایە، دەڵێت باش و سازگار ناتوانم ئەو بیرۆکەیەی لەزیهنمدا هەیە بیگەیەنم، بەڵام کاتێک بە زمانی دایک قسە دەکەم ئەوە زۆر سازگارتر و ئاسانتر دێت، ئەو دەڵێت چونکە من بە کوردی سازگارتر و سروشتیتر دێمە گۆ وەک لە فارسی .

ئەوە راستە زمانی ئینگلیزی بواری توێژینەوەی زانستی پاوانکردووە، ئینگلیزی بۆتە زمانی زانست، ئەوە راستە کە توێژەر چەند شارەزای زمانە جیاوازەکان بێت، ئەوەندە زیاتر دەتوانێت خزمەت بە خۆی و کۆمەڵگا و توێژینەوە بکات، دوور و نزیک ئەم باسە باسی ئەوە ناکات کە لەهەوڵدان بۆ فێربوونی زمانی جیاواز کەمتەرخەمی بکەین، هەرگیز ئەم نووسینە بۆ ئەوە هانت نادات، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە ئایا لە پاڵ ئەم گرنگیدان و هەوڵدانە، دەکرێت زمانی دایک پشتگوێ بخەین، ئەویش لە کوێ؟.

لە بواری زانست و توێژینەوەدا، لە ناوەندەکانی خوێندن، ئایا ئەگەر زانکۆکان بە کەم سەیری زمانی دایک بکەن، دەبی کێ گرنگی پێ بدات؟ کێ بە چاوی رێزەوە سەیری بکات؟ ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان زهنییەتێکی خراپ بۆ توێژەری کورد دروستکراوە، توێژینەوە بە زمانی کوردی بە کەم سەیر دەکرێت، تا رادەیەکیش وەک عەیبە تەماشای دەکرێت، ئەوەش لەئەنجامی خراپ تێگەشتن بوو لەبوارەکە، هەم وەزارەت و هەمیش زانکۆ و خودی توێژەرانیش نەخشیان لەم خراپ حاڵیبوونەدا هەبووە، بەڵام پێویستە لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستە بکەین، ئایا ئەم ئاراستەیە لە بیرکردنەوە لە شوێنی خۆیدایە؟ بۆچی ئەم ئاراستە دروست بووە؟ چۆن دەکرێت ئەمە بەشێوەیەکی هاوسەنگ راست بکرێتەوە کە هەم لە دونیا دوا نەکەوین هاوکاتیش زمانی خۆمان پشتگوێ نەخەین؟ دەکرێت توێژینەوەیەک بە زمانی ئینگلیزی بکەیت و لە گۆڤارێکی زۆر باشیشدا بلاوبێتەوە، بەڵام تەنها یەک کەسیش نەیخوێنێتەوە، هەندێک سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن کە بەشی زۆری توێژینەوە زانستییەکان بۆ جارێکیش ناخوێنرێنەوە!!! بەڵام دەکریت بە زمانی دایک توێژینەوەیەک بکەیت و کاریگەریی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی یان کارگێری لە وڵاتی خۆتدا دروست بکەیت، بۆ ئەمە پێویستە سەیری گاریگەریی کۆمەڵایەتی توێژینەوە بکەین، گۆڤاری نەیچەر کە گۆڤارێکی بەناوبانگ و ناسراوە، دەڵێت لەبری ئەوەی توێژەرە گەنجەکان چاویان لەسەر سایتەیشن و نیشانە پێدان بێت وەک پرۆکسی گاریگەریی و گرنگیپێدان، پێویستە ئیتر بیر لە گاریگەریی کۆمەڵایەتیی توێژینەوە بکەنەوە، پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن کاریگەریی لەسەر سیاسەتە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت زانستییەکانیش دابنێن، لە وتارێک لە وێبسایتی نەیچەر بڵاوکراوەتەوە باسی چەند توێژەرێکی میسری دەکات کە لێکۆلینەوەیان لەسەر گێچەلی سێکسی لە کۆمەڵگای میسری (شاری قاهیرە)کردووە، سەرئەنجام بۆیان دەرکەوتووە زانکۆکانی قاهیرە زۆرترین رێژەی گیچەڵی سیکسییان دژی ژنان و کچان تۆمارکردووە، سەرئەنجام ئەمە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی حکومەتی میسر و زانکۆکانیش جێهێشت، بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکە رێوشوێنی توند گیرایە بەر و رێژەی گێچەڵی سیکسی کەمی کرد، ئەو توێژینەوە بە زمانی عەرەبی کرابوو نەک ئینگلیزی، زانکۆکانی ئێران ساڵانە بە هەزارەها توێژینەوە بە زمانی فارسی بڵاو دەکەنەوە، ئایا هەموویان بێ کەڵکن تەنها لەبەر ئەوەی کە بە زمانی ئینگلیزی نەنووسراون؟ بێگومان نەخێر، دیسان دەڵێم وریابە ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ئیمپاکت فاکتەر و زمانەکانیتر گرنگ نین لە ژیانی ئەکادیمیدا، بەڵکو بۆ ئەوەیە بڵێم با زمانی خۆمان پشتگوێ نەخەین، بوار بۆ زمانی دایک هەبێت، ئەمە لە زۆرێک لەو دەوڵەتانەدا پەیرەو دەکرێت کە ناوێکی دیاری بواری زانستن، بۆ نموونە ئەڵمانیا، پۆڵەندا، مالیزیا، فەرەنسا… تد.