واشنتۆن‌و پەكیین كامیان یارییە بازرگانییەكە دەبەنەوە؟

2019-01-06

و.عەلی رەشید


بەهۆی باجە نوێیەكەی ئیدارەی ترەمپەوە كاڵا چینیەكان نرخیان زیاد دەبێت‌و بەمەش نرخی كاڵا بەرز دەبێتەوەو فرۆشی كەم دەكات، بەم پێودانگە چین بە بەهای دوو سەد ملیار دۆلار، كاڵای بەباجەكەوە دەبێتە دوو سەدو پەنجا ملیار دۆلار و زەرەرمەند كۆمپانیا چینیەكان دەبن، ڕەهەندەكانی تری ئەم جەنگە بازرگانییە نوێیە لەم ڕاپۆرتەدا بەوردی باسكراوە.

 
بێگومان بەپێوەرە ئابورییەكان هەتا باج‌و گومرگ كەمبكرێتەوە هاوردەو نرخی فرۆشی بازاڕیش كەمتر دەبێت‌و جوڵەی بازرگانی خێراتر دەبێت، لەساڵەكانی ڕابردوو ئەم ئاسانكاریە بازرگانیە دەبینرا، بەڵام لەئیدارەكەی ترەمپدا جەنگێك دژ بە چین لەڕووی بازرگانییەوە ڕاگەیەنراوە.
لەنێوان ساڵەكانی 1996 – 2016 ڕێژەی گومرگی لە12% بۆ نزیكەی لە 8% دابەزی، بەمەش جوڵەی بازرگانی جیهانی بەرزبوویەوە بۆ 15 ترلیۆن دۆلار.
بەڵام سیاسەتەكانی ترەمپ، بازرگانی جیهانی گەڕاندەوە بۆ دواوە لە سەرجەم بوارەكان و لەگەڵ زۆر دەوڵەتی جیاوازدا ، لەو نێوەندەشدا وڵاتی چین زۆرترین كاریگەری ئەو جەنگە ئابورییەی بەردەكەوێت و شەڕەكە لەگەڵ چینییەكان توند ترە.

 
هەندێك لەئابوریناسان ڕایانوایە لەم جەنگەدا چین زەرەرمەندی یەكەمەو لەكۆتاییدا ملكەچی فەرمانەكانی ترەمپ دەبێت، چونكە پێوەری بازرگانی چین لەگەڵ ئەمەریكا وادەخوازێت، بەڵام ئەم بۆچوونە زۆرتر لەهەڵەوە نزیكە، چونكە بازرگانی لەنێوان هەردوولادا هەیەو بێگومان چینیش هەمان سیاسەت پیادە دەكات و زەرەرمەند هەردوو واشنتۆن و پەكین دەبن وەكو یەك.

 
سێ‌ سیناریۆ لەكاتی جێبەجێكردنی باج و گومرگە نوێیەكان لەلایەن پسپۆڕانی ئابورییەوە خراونەتە ڕوو:

سیناریۆی یەكەم: ڕێژەی قازانج كەمدەكرێتەوە، لەم حاڵەتەدا كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی بەربووم كەم نەكەنەوە، ناچار دەبن نرخی قازانج كەمبكەنەوە هەتا بەردەوام بن.
سیناریۆی دووەم: زیادكرنی نرخی كاڵاكان، ئەمەش ویستی هەندێك كۆمپانیای وەكو ئەپڵە، ئەم سیناریۆ باری گران بۆ هاوڵاتیان دروست دەكات، بەڵام ئەگەری جێبەجێ‌ كردنیشی هەیە.
سیناریۆی سێیەم: كەمبوونەوەی خواست لەسەر كاڵاكان، بەمەش كۆمپانیاكان ڕێژەی بەرهەمهێنان كەم دەكەنەوە، كەئەمە زۆرتر ڕێی تێدەچێت جێبەجێ‌ بكرێت .
لەلایەكی ترەوە هەریەك لە پەكین و واشنتۆن ترسیان لەكاردانەوەی یەكتری هەیە، ئەمەریكا پێش سیاسەتە نوێیەكەشی ترسی لەپرۆژەكانی هەبووە لەگەڵ چیندا، بەڵام بەهاوكاری ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی جێبەجێیكردون.

 
هەرچی چینیەكانیشە جبەخانەی گەورەی چەكو تەقەمەنیان هەیە ئەتوانن لەبەرامبەر باجە نوێیەكانی ئەمەریكا بەكاری بهێنن لەوانەش: دروستكردنی پەیوەندی بازرگانی بەهێز لەگەڵ دەوڵەتانیتر بۆ دورخستنەوەی واشنتۆن و پەراوێزخستنی، بۆ نموونە چین پێناسەی گومرگی دادەبەزێنێ‌ لەسەر ئۆتۆمبێل لەبەرژەوەندی هاوپەیمانەكانی واشنتۆن بۆ دژایەتی ئەمەریكاو ڕاكێشانیان بەلای خۆیدا، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دژ بەكۆمپانیا ئەمەریكییەكان وەك لێكۆڵینەوەی ژینگەیی لەگەڵیان، یان لێكۆڵینەوە لەبارەی قۆرخكارییەوە.


سەرچاوە: سی ئێن ئێن عەرەبی