ئاینزاى شیعه‌ له‌ناو كوردانى سۆران‌و گۆراندا

2019-03-18
 
کەیومەرس عەزیمی - د. محەممەد عەلی چلونگەر
 
به‌شى دووه‌م
   کوردانی سۆرانی
 ئەو کوردانەی بە زاراوەی سۆرانی قسە دەکەن، زۆرترین رێژەی کوردانی ئێران و عێراق پێک دێنن. لەو دوو وڵاتە هەموو خێڵ و هۆزە کوردە سۆرانییەکان سوننەی شافعی مەزهەبن. لە ناویاندا تەنیا مەیلێک بۆ مەزهەبی تەشەیوع هەبووە، ئەویش مەیلی بنەماڵەی فەرمانڕەوای (ئەردەڵان)ە لە سەردەمەکانی دەسەڵاتدارێتی سەفەوی و قاجارەکاندا، کە هەندێک نووسەر جەختیان لە سەر کردووە.
 هەندێک لە مێژوونووسان و نووسەرانی بواری دین، بە هۆی پێوەندی بەربڵاویان لەگەڵ حکومەتەکانی سەفەوی و قاجار، بنەماڵەی ئەردەڵانی سنە بە پێڕەوی مەزهەبی شیعەی جەعفەری دەناسێنن، بەڵام کەسانێکی دیکەیش بە سوننەی شافعی مەزهەبیان دەزانن، واتە بە هاومەزهەبی ئەو خەڵکانەی فەرمانڕەواییان بە سەردا کردوون. گومان لەوەدا نییە کە کوردانی ئەردەڵان بە زاراوەی سۆرانی قسەیان کردووە، بەڵام لە بارەی بوونیان بە شیعە دەبێ بە پارێزەوە لێیان بڕوانرێت. چونکە هەندێک لە توێژەران پێیانوایە فەرمانڕەوایانی ئەردەڵان و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە پێناو درێژەپێدانی فەرمانڕەوایەتییاندا مەیلیان بۆ مەزهەبی تەشەیوع و بە جەعفەریبوون پێشان داوە. (هادیان، ١٣٨٩ی هەتاوی، ل ٤٤ - ٥١). 
شارەکانی ناوچەی هەورامان لە کرمانشان (پاوە، جوانڕۆ، روانسەر، سولاس) و هەموو شارەکانی پارێزگای سنە – جگە لە بیجاڕ و قوروە – هەموو شارە کوردنشینەکانی پارێزگای ئازەربایجانی خۆرئاوا – جگە لە کوردان، ناوچەکانی سەڵماس و ماکۆ- لەگەڵ هەموو کوردانی نیشتەجێی پارێزگای سلێمانی عێراق، بە زاراوەی سۆرانی قسە دەکەن و پێڕەوەی مەزهەبی شافعین. (ئەفشار، ١٣٨١ی هەتاوی، ل ١٣٤٩/ زەکی بەگ، ١٣٧٧، ل ١٦٣/ تابانی، ١٣٨٠، ل ٣٥٣) ئەوەیش سەرنجڕاکێشە کە بزانین لە ناو ئەو کوردانەی ئێران و عێراقدا کە بە زاراوەی سۆرانی قسە دەکەن، دەگمەن دەبینرێ کەسێک بووبێتە پێڕەوی مەزهەبی جەعفەری یا تاقمەکانی دیکەی پەیوەستکراو بە تەشەیوع، بەڵام لە ناو ئەو کوردانەی کە بە زاراوەکانی کوردی گۆرانی، کرمانجی یا زازایی قسە دەکەن، زۆر تاقم دەبینرێن کە پێڕەوی شیعەی دوازدە ئیمامی یا تاقمەکانی دیکەی پەیوەستکراو بە تەشەیوعن و دەکرێ بیانناسێنین.
,,

لە رووی دینەوە، زۆرینەی ئەو کوردانەی بە زاراوەی کرمانجی قسە دەکەن، وەکوو کوردانی سۆرانی، پێڕەوی مەزهەبی شافعین و بەشێکیشیان بە هۆی پێوەندی و تێکەڵبوونیان لەگەڵ تورکانی عوسمانی، بوون بە پێڕەوی مەزهەبی حەنەفی و ئەهلی سوننەتن، بەڵام لە ناویاندا رێژەیەکی بەرچاو لە خێڵ و هۆز دەبینرێن کە پێڕەوی مەزهەبی شیعەی جەعفەری یا تاقمەکانی دیکەی شیعە، وەکوو عەلەوییەکانن

   کوردانی کرمانجی 
ئەو کوردانەی بە زاراوەی کرمانجی قسە دەکەن، زۆرترین رێژەی کوردەکان پێک دێنن. (کرمانجی) گرنگترین زاراوەی کوردانە کە زیاتر لە ٥٠%ی گەلی کورد لە سەرانسەری جیهاندا قسەی پێ دەکەن. ئەم زاراوەیە وەکو زاراوەکانی دیکەی زمانی کوردی، پێی دەنووسرێ و بە زمانی نیوەڕەسمی کوردان دەژمێردرێت، لە سەردەمی بەڕێوەبردنی عێراق لە لایەن بەریتانییەکانەوە لە خوێندنگەکانی ناوچە کوردنشینەکان دەخوێندرا. (ئەبالاس، ١٣٧٧ی هەتاوی، ل ٣٣).
 دەکرێ بوترێ هەموو کوردانی باکووری کوردستانی عێراق، ناوچە کورد نشینەکانی تورکیا، بەشێک لە کوردانی باکووری خۆرئاوای ئێران و کوردانی دانیشتووی ناوچەکانی قووچان و باکووری خوراسان بە زاراوەی کوردی کرمانجی قسە دەکەن، کە مەزەندە دەکرێت پێکەوە زیاتر لە نیوەی هەموو کوردان پێک بینن.
 لە رووی دینەوە، زۆرینەی ئەو کوردانەی بە زاراوەی کرمانجی قسە دەکەن، وەکوو کوردانی سۆرانی، پێڕەوی مەزهەبی شافعین و بەشێکیشیان بە هۆی پێوەندی و تێکەڵبوونیان لەگەڵ تورکانی عوسمانی، بوون بە پێڕەوی مەزهەبی حەنەفی و ئەهلی سوننەتن، بەڵام لە ناویاندا رێژەیەکی بەرچاو لە خێڵ و هۆز دەبینرێن کە پێڕەوی مەزهەبی شیعەی جەعفەری یا تاقمەکانی دیکەی شیعە، وەکوو عەلەوییەکانن.
کوردانی خوراسان کە ئێستا بە (زەعفەرانلوو) ناسراون و لە شارەکانی ئەسفراین، نیشابوور، شیروان، قووچان، دەرەگەز، کەلات و چنارانی ئێران نیشتەجێن، لە سەردەمی سەلجوقییەکان و تەیموورییەکاندا، کاتێک لە کوردستانی تورکیا و باکووری عێراقی ئێستا دەژیان، بە (چمش گزک) ناسراون و پێڕەوی مەزهەبی شافعی بوون و ئەهڵی سوننەت و جەماعەت بوون. هێشتا پێرەژنان و پیرەپیاوانی ئەو ناوچانە بە زمانی کوردی و زاراوەی کرمانجی قسە دەکەن. ئەوانە لەگەڵ چەند خێڵێکی تورک بە فەرمانی شاعەبباسی سەفەوی بۆ باکووری خوراسان گوازرانەوە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئۆزبەکەکاندا بەرگری لە سنوورەکانی ئێران بکەن. ئەو کوردانە لە ژێر دەسەڵاتی سەفەوی و لە ژینگەی خوراساندا، مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامییان وەرگرتووە و ئێستا هەموو کوردانی کرمانجی باکووری خوراسان پێڕەوی ئەو مەزهەبەن.
( تەوحیدی، ١٣٧١ی هەتاوی، چەندین لاپەرەی کتێبەکە/ زەکی بەگ، ١٣٧٧ی هەتاوی، ل ١٦٣/ بهتوویی، ١٣٧٧ی هەتاوی، ل ٤٣)
جگە لە شیعە دوازدە ئیمامییەکانی ناو کوردانی کرمانجی، دوو تاقمی دیکەی ناو ئەو کوردانە دەکەونە بازنەی تەشەیوعەوە:
تاقمی یەکەم بە کوردانی قزڵباش ناسراون کە لە کوردستانی تورکیا، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقدا دەژین و بە زاراوەی کرمانجی قسە دەکەن، ئەوانە لە رابردوودا شیعە بوون بەڵام لەگەڵ شیعەی دوازدە ئیمامی زۆر جیاوازن، بە هۆی مەیلی شیعەبوونیشیان بەردەوام بە ئێرانی ناوزەد کراون. وا دێتە پێش چاو مەزهەبی ئەو کوردانە تێکەڵەیەک لە مەیلی سۆفیگەری و تەشەیوع بێت لەگەڵ کۆمەڵێک داب و نەریتی دینەکانی ئێرانی چاخی کۆن کە لە رابردووی دوورەوە لە ناویاندا ماوەتەوە. (عەبدولواحید، ١٣٧٨ی هەتاوی، ل ٢٥ – ٢٦/ کەنداڵ، وانلی، نازادار، ١٣٧٠ی هەتاوی، ل ٩١ -٩٢) 
,,

تاقمی دووەم بە (عەلەوییەکان) ناسراون کە بە زۆریی لە تورکیا و سووریا نیشتەجێن. ژمارەیەک لە خێزانە کوردە کرمانجییەکان و بە مەزەندە هەموو ئەو کوردانە بە زاراوەی (زازایی) قسە دەکەن پێڕەوی ئەو مەزهەبەن. (سەفی زادە، ١٣٧٨ی هەتاوی، ل ٣٨ - ٣٩). زۆرترین رێژەی عەلەوییەکانی تورکیا تورکن، بەڵام لە ناو کوردەکانی ئەو وڵاتەدا عەلەوییەکان پێرەویان هەیە

تاقمی دووەم بە (عەلەوییەکان) ناسراون کە بە زۆریی لە تورکیا و سووریا نیشتەجێن. ژمارەیەک لە خێزانە کوردە کرمانجییەکان و بە مەزەندە هەموو ئەو کوردانە بە زاراوەی (زازایی) قسە دەکەن پێڕەوی ئەو مەزهەبەن. (سەفی زادە، ١٣٧٨ی هەتاوی، ل ٣٨ - ٣٩). زۆرترین رێژەی عەلەوییەکانی تورکیا تورکن، بەڵام لە ناو کوردەکانی ئەو وڵاتەدا عەلەوییەکان پێرەویان هەیە، کە لە دەرسیم، خارپووت (ئالازیک) و مەرعەش دەژین. (کەنداڵ، وانلی، نازادار، ١٣٧٠ی هەتاوی، ل ٩١ – ٩٢/ تابانی، ١٣٨٠، ل ٤٠٣) . پێڕەوانی ئەو مەزهەبە کۆمەڵێک لە داب و نەریتە کۆنەکانی خۆیان پاراستووە و تەنیا ناوی هەندێک لە ئیمامەکان و ئەولیای دینیان پێ زیاد کردووە. هەرچەن عەلەوییەکان خۆیان بە شیعە دەناسێنن، بەڵام رێوڕەسمە دینییەکانیان لەگەڵ داب و نەریتەکانی ئیسلام زۆر جیاوازە. ئەوان رێزی هەموو پێغەمبەرەکان دەگرن، دوازدە ئیمام بە پیرۆز دەزانن و بە وێنای خودایان دەزانن لە سەر زەوی.
 یەکێک لە گرنگترین دەموچاوەکانی مێژووی هاوچەرخ لە ناو کوردانی عەلەوی تورکیادا (عەبدوڵڵ ئۆجەلان) رابەری حزبی (کرێکارانی کوردستان) ناوسراو بە (پەکەکە) یە کە ئێستا لە زیندانی تورکیادایە. 
کوردانی دانیشتووی سووریایش بە یەکێک لە لقەکانی کوردانی کرمانجی دادەنرێن، ئەو بەشەی کوردان کە نزیک ١٢%ی دانیشتووانی وڵاتەکە پێک دێنن، بە گشتی لە سێ ناوچەی سووریادا جێگیرین:
١. ناوچەی کورد کێو لە باکووری شاری حەلەب، هاوسنوورە لەگەڵ ئەنتاکیە و ئەسکەندەروونی تورکیا
٢. ناوچەی عەین عەرەب لە باکووری رۆژهەڵاتی حەلەب
٣. باکووری پارزگای جزیرە کە زۆرترین رێژەی دانیشتووانی کوردی سووریای تێدا کۆ بووەتەوە
لە شارە گرنگە کوردنشینەکانی تورکیا دەکرێ ئاماژە بە؛ قامشلوو، عاموودا، دربێسییە، درک، عێن عەرەب و عەفرین بکرێت کە تەنیا عەفرین لەگەڵ عێراق هاوسنوورە و ئەوانی دیکە لەگەڵ شارەکانی تورکیا هاوسنوورن. کوردانی سووریایش بە زۆریی پێڕەوی مەزهەبی شافعین و ئەهلی سوننەتن، بەڵام بەشێکیان پێڕەوی ئایینی (ئێزدی)*ن و بەشێکی دیکەیشیان عەلەوین کە لە رووی بیر و بڕوا و مەزهەبەوە زۆر لە عەلەوییەکانی تورکیا نزیکن، بەڵام خۆیان بە حسێنی ناوزەد کردووە. (رەشید یاسمی، ١٣٦٣ی هەتاوی ل ١٢٣/ کەنداڵ، وانلی، نازدار، ١٣٧٠، ل٢٥٥ - ٢٥٧) 
,,

تاقمێکی مەزهەبی دیکەی ناو کوردان، (سارلییەکان)ن کە لە ناوچەکانی باشووری موسڵ لە عێراق نیشتەجێن و بە زاراوەی گۆرانی قسە دەکەن. سارلییەکان خۆیان بە بەشێک لە خێڵی (کاکەیی) دەزانن کە لە ناوچەکانی کەرکووکەوە کۆچیان کردووە. (مینورسکی، ٢٠٠٧، ل ١٩٦) نزا و بیر و بڕواکانیان شاراوە و نهێنییە و کەس زانیاری تەواو و وردی لە بارەی بیر و بڕوایانەوە نییە

تاقمەکانی دیکەی پەیوەستکراو بە تەشەیوع لە ناو کورداندا
لەو تاقمە مەزهەبییە باوانەی ناو کوردان کە دەکرێت هەندێک داب و نەریتی تەشیوعیان تێدا ببینرێت و بخرێنە بازنەی مەزهەبەکانی تەشەیوعەوە، چەند تاقمێکی دیکە هەن کە لە رووی ژمارەی پێڕەوان و بەربڵاوی ناوچەکانیانەوە سنووردارن.      
__________________________     
 
  
ا. سارلییەکان 
تاقمێکی مەزهەبی دیکەی ناو کوردان، (سارلییەکان)ن کە لە ناوچەکانی باشووری موسڵ لە عێراق نیشتەجێن و بە زاراوەی گۆرانی قسە دەکەن. سارلییەکان خۆیان بە بەشێک لە خێڵی (کاکەیی) دەزانن کە لە ناوچەکانی کەرکووکەوە کۆچیان کردووە. (مینورسکی، ٢٠٠٧، ل ١٩٦) نزا و بیر و بڕواکانیان شاراوە و نهێنییە و کەس زانیاری تەواو و وردی لە بارەی بیر و بڕوایانەوە نییە. گوایە کتێبی پیرۆزیان بە زمانی فارسی نووسراوە و شوێنەواری زۆر لە دینی کۆنی ئێرانی و بیروبڕوای خێڵە غولاتەکانی شیعە لە ئایینەکەیاندا دەبیرێت. ( گولزاری، بی تا، ل ١٠١). وتراوە کە ناوی (سارلی) لەوەوە هاتووە کە رووحانییەکانیان بەهەشت بە ئەندامانی خێڵەکەیان دەفرۆشن و ئەگەر کەسێکی ئەو خێڵە شایانی بەهەشت بێ، دەڵێن (صار الی الجنە) واتە چوو بۆ بەهەشت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی روخساریان ئەوەیە کە وەکوو ئێزدی و ئەهلی حەقەکان سملێیان کورت ناکەنەوە. (رەشید یاسمی، ١٣٦٣ی هەتاوی، ل ١٢٤ – ١٢٥/ سوڵتانی، ١٣٨٥، ل ١٧٨)
ب. شەباک یا (شەبەکەکان)
هەرچەند شائیسماعیلی سەفەوی لە ساڵی ٩٠٧ی مانگی لە ئازەربایجان دەوڵەتی نوێی سەفەوی راگەیاند، بەڵام باپیرانی کە لە پێشەوایانی مەزهەبی ناو خەڵک بوون، چالاکییەکانیان لە ناوچەی (سنجار)ی کوردستانەوە دەست پێ کردووە، شێخ سەفییەدینی ئەردەوێڵی و سەدرەدین موسای کوڕی، لە کەسایەتییە دیارەکان و شوێنی سەرنجی پێشەوایانی عەلەوی زاگرۆس بوون. سەدرەدین بە هۆی تێکگیرانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی مەغۆل لە ساڵی ٧٥٨ی مانگی لە سنجارەوە دوور خرایەوە بۆ تەورێز و لەوێوە رایکرد بۆ گیلان و دوای ئەو رێبەرایەتی کەوتە دەست عەلائەدین عەلی. ئەو بەردەوام جلی رەشی لەبەر دەکرد و بە (عەلی رەشپۆش) ناسرابوو. عەلی لە پارێزکاربووندا زۆر زیادەڕۆیی دەکرد و چەند جارێک چووەتە خزمەتی تەیمووری مەغۆل و لە ساڵی ٨١٤ی مانگی کە شاهڕوخ چوو بۆ شەڕی قەرە یوسفی قەرەقۆینلوو، لە قەرەباغ دیداری لەگەڵ کرد. عەلاعەدین لە سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ کوردستان، کۆمەڵێک پێڕەو و فیدایی کۆ کردەوە کە بە (شەباک) یا (شەبەک) ناسراون. ئەو تاقمە پێشەوای خۆیان واتە عەلاعەدین عەلی بە (عەلییە رەش) ناو دێنن و هۆگرییەکی زۆریان بۆی هەیە. شەبەکەکان ئەو کوردانەن کە بە زۆری لە ناوچە کوردنشینەکانی موسڵ دەژین و بەریتانییەکان ژمارەیان بە نزیک ١٠ هەزار کەس مەزەندە دەکەن. 
ئەوانە بە کوردانی غولاتی شیعە دەژمێردرێن خاڵی هاوبەشی زۆریان لەگەڵ کوردەکانی ئەهلی حەق هەیە. ( مینورسکی، ٢٠٠٧، ل ١٩٦- ١٩٧) ئەوان تەنیا بۆ زیارەتی گۆڕەکان دەچن و لە لای گەورەی خۆیان کە بە (پیر) یا (باوە) ناوی دێنن، دان بەگوناهەکانیاندا دەنێن. شەبەکەکان لە بارەی ئیمامی عەلی زۆر زیدەڕۆیی دەکەن و لە ناویاندا کەسانێک هەن کە وەک رەمزن بۆ دوازدە ئیمام. کتێبی پیرۆزیان بە (مناقب) ناسراوە کە داب و نەریتی مەزهەبی تێدا نووسراوە و کفتوگۆی شێخ سەفییەدین و سەدرەدینی لەخۆ گرتووە. (سوڵتانی، ١٣٨٥ی هەتاوی، ل ١٧٨) هەروەها بڕوایان وایە کە هاوڕێیەتی ئیمامی عەلی هەموو گوناهێک دەشواتەوە. لە رۆژی ١٠ی مانگی موحەڕەمدا وەک رێزێک بۆ شەهیدانی عاشوورا تا شەو پێڵاو لە پێ ناکەن و ئەو شەوە بە (لیلە الکشفە) ناو دێنن. شەوێکێشیان هەیە بە ناوی (غفران) کە هەموو پیاوان و ژنان کۆ دەبنەوە و بە گریان و شێوەن داوای لێخۆشبوون دەکەن. ئەو بۆنەیە بە (عید عژرگیجە سی) ناو دێنن. (سوڵتانی، ١٣٨٢ی هەتاوی، ل ١٧٠ – ١٧٣/ رەشید یاسمی، ١٣٦٣، ل ١٢٥/ تابانی. ١٣٨٠ی هەتاوی ل ٣٥٤)
ج. بجوورانەکان
تاقمێکی دیکەی کوردان کە بە خاوەنی بیری تەشەیوع دەزانرێن، (بجوور ئانا) کانن. ئەوانە مەزهەبێکی تایبەت و نهێنییان هەیە و خۆیان بە (ئیلاهی) ناو دێنن کە دیارە مەبەست هەمان (عەلیوڵڵاییە). (مینورسکی، ٢٠٠٧، ل ١٩٧ - ١٩٨) ئەو تاقمە هەرچەن لە تورکیا دەژین، بەڵام لە ناو خاکی ئێرانیشدا و لە نزیک سنووری تورکیا لێیان دەبینرێ. هەموو پێڕەوانی ئەو مەزهەبە هۆگرییەکی زۆریان بۆ ئێران هەیە و ئیمامانی شیعە وەکوو ئیمامی عەلی و ئیمامی حسێن دەپەرستن، شێوەیەکن لە نێوان عەلیوڵڵاییەکانی ئێران و ئێزدییەکانی ئێران و تورکیا. (رەشید یاسمی، ١٣٦٣ی هەتاوی، ل ١٢٥/ تابانی، ١٣٨١، ل ٣٥٤/ گوڵزاری، بی تا، ل ١٠٣ ) کتێبی پیرۆزیان وەکوو کتێبی دینی شەبەکەکان و سارلییەکان بە زمانی فارسی نووسراوە. (سوڵتانی، ١٣٨٥ی هەتاوی، ل ١٧٩ )
,,

بەربڵاوبوونی تاقم و مەزهەبەکانی تەشەیوع لە ناوچە کوردنشینەکان، زیاتر لە هەر شتیک لە ژێر کاریگەری بگۆڕە زمانییەکان و جوگرافیای نیشتەجێبووندایە. لە ناوکورداندا زۆرترین رێژەی شیعە مەزهەبەکان بە زاراوەی کوردی گۆرانی قسە دەکەن و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان دراوسێی ناوەندەکانی تەشەیوعە لە ئێران و عێراق

ئەوەی لە کاتی توێژینەوەی دین و مەزهەبە باوەکانی ناو کوردان، لە پێش ئیسلام و دوای ئیسلامیش سەرنج رادەکێشێت، خاڵە هاوبەشەکان و پێوەندی بیر و بڕوایانە لەگەڵ ئێرانییەکان .
 کوردەکان بەشێکی زۆر لە دینە کۆنەکانی ئێرانیان بە زیندوویی راگرتووە و چ پێش ئیسلام و چ لە دوای ئیسلام لە بیر و بڕوایاندا خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ ئێرانییەکان هەیە.    
ئەنجام                
توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بارەی بیر و بڕوا و مەزهەبەکانی کوردان لە مێژوودا، چ پێش ئیسلام و چ دوای ئیسلام، دەریدەخات؛ کەلتووری هەڵکردن و ئازادی بیر و بڕوا و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان لە ناو ئەواندا تایبەتمەندییەکە. بوونی مەزهەب و ئایینی زۆر لە ناو کورداندا ئەوەی سەلماندووە. لە مێژووی کورددا تێکگیرانی مەزهەبی و ئایینی نەبووە و لە ناو کورددا مامەڵە کردن و پێوەندیگرتن لەگەڵ هاوزماندا جا هەر بیر و بڕوا و مەزهەبێکی هەبێت کارێکی ئاساییە. لە ناویاندا مەرج بۆ تێکەڵبوون و پێوەندیگرتن زیاتر کوردبوون و قسەکردنە بە زمانی کوردی نەک مەزهەب و ئایین، هەر بۆیە دەبینین کە چەندین تاقمی جۆراوجۆری ئاییینی کورد لە ناوچەیەکی تایبەت و سنوورداردا بێ هیچ تێکگیرانێک پێکەوە دەژین .
مەیلی زاتیی گەلی کورد بۆ کاروباری مەعنەویی و ئیلاهی، ناوچەکەیانی کردووە بە ناوەندێکی گونجاو بۆ بانگەشەی بیر و بڕوا، ئایین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان، مەیلی کورد بۆ هەڵکردنی ئایینی، زیاتر رێگەی بۆ ئەوە خۆش کردووە. توێژینەوەی زیاتر و وردتر لەم بارەیەوە رەهەندی زیاتری پەرتەوازەبوونی تاقم و مەزهەبەکانی ناو کوردان ئاشکرا دەکات؛ چونکە کەمبوونی توێژینەوە لەمبارەیەوە و لە لایەن توێژەرانی نیشتمانی و ئیسلامی ئاڵۆزبوونی بابەتەکەی زیاتر کردووە و نووسینی رووکەشیانەی خۆرهەڵاتناسان ناڕوونییەکانی زیاتر کردووە.
بەربڵاوبوونی تاقم و مەزهەبەکانی تەشەیوع لە ناوچە کوردنشینەکان، زیاتر لە هەر شتیک لە ژێر کاریگەری بگۆڕە زمانییەکان و جوگرافیای نیشتەجێبووندایە. لە ناوکورداندا زۆرترین رێژەی شیعە مەزهەبەکان بە زاراوەی کوردی گۆرانی قسە دەکەن و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان دراوسێی ناوەندەکانی تەشەیوعە لە ئێران و عێراق. ئەو دراوسێیەتییە و متمانەی حکومەتەکانی سەفەوی و قاجار لە بەکارهێنانی پیاوان و کاربەڕێکەرانی خۆیان لە ناو کوردانی گۆراندا بۆ بەڕێوەبردنی ناوجە کوردنشینەکان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی تەشەیوع لە ناو ئەو بەشەی کورداندا. جۆراوجۆر بوونی تاقم و مەزهەبە ئیسلامییەکان، وەکوو؛ شافعی، حەنەفی ، جەعفەری، ئەهلی حەق، عەلەوی، کاکەیی، بجووران، قزڵباش، عەلیوڵڵایی و حسێنی لەگەڵ رێژەی زۆری کوردانی ئێزدی، مەسیحی، ئاشووریی و کەلیمی، کەلتووری تایبەتی هەڵکردنی ئایینی لە نێوان گەلی کورددا پێشان دەدات، کە ئەوەیش لە نەتەوەکانی دراوسێیان جودایان دەکاتەوە.  
سەرچاوەکان
 
1. ابالاس، ادگار، جنبش کردها، ترجمه‌ اسماعیل فتّاح قاچی، تهران، نگاه، 1377.
2. الیما، بئوار، ێخرین مستعمره (بحران کردستان ترکیه از ێغاز تا اکنون)، تهران، پژوهنده، 1378.
3. افشار (سیستانی)، ایرج، کرمانشاهان و تمدن دیرینه‌ ێن، چ دوم، تهران، نگارستان کتاب،1381.
4. افندی بایزیدی، محمود، ێداب و رسوم کردان، به اهتمام الکساندر ژابا، نڤرات و مقدّمه‌ هه ژار، ترجمه و چمایم عزیز محمّدپور داشبندی، میلاد،1369.
5. انصاف پور، غلامرچا، تاریخ سیاسی و جغرافیایی مردم کرد(از شرقی‌ترین تا غربی‌ترین)، تهران، ارمغان، 1379.
6. برونه، سن مارتین فان، ئاغا و شیخ و ده وله ت، ترجمه‌ سه روه ت محه مه د ئه مین، چ دوم، سلیمانیه، سه رده م، 1999.
7. بلو، ژویس، مسئله‌ کرد؛ بررسی تاریخی و جغرافیایی، ترجمه‌ پرویز امین، سنندج، دانشگاه کردستان، 1379.
8. بهتویی، حیدر، کرد و پراکندگی او در گستره‌ ایران زمین، تهران، خجسته، 1377.
9. تابانی، حبیب‌الله، وحدت قومی کرد و ماد، منشأ، نژاد، تاریخ تمدن کردستان، تهران، گسترده،1380.
10. توحیدی اوغازی، کلیم‌الله، حرکت تاریخی کرد به خراسان، مشهد، سروش، 1371.
11. رشید یاسمی، غلام‌رچا، کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او، چ دوم، تهران، امیر کبیر، 1363.
12. زکی بک، محمّد امین، کرد و کردستان، ترجمه‌ حبیب الله تابانی، تبریز ێیدین، 1377.
13. زکی بک، محمّد امین، زبده‌ تاریخ کرد و کردستان، ترجمه‌ یدالله روشن اردلان، تهران، توس، 1381.
14. سلگانی، محمّد علی، قیام و نهچت علویان زاگرس یا تاریخ تحلیلی اهل حق، چ دوم، تهران، سها، 1382.
15. سلگانی، محمد علی، نقش کردها در پاسداری از فرهنگ و تمدن ایرانی، تهران، وزارت امور خارجه، 1385.
16. سنندجی، میرزا شکرالله، تحفه‌ ناصری در تاریخ و جغرافیای کردستان، مقابله و تصحیح و انچمام حشمت‌الله گیّبی، چ دوم، تهران، امیرکبیر، 1375.
17. صفی زاده (بوره که یی)، صدیق، تاریخ کرد و کردستان، تهران، ێتیه، 1378.
18. عبدالواحد، سرهنگ شیخ، کردها و سرزمینشان، ترجمه‌ مهندس صلاح الدین عباسی، تهران، احسان، 1378.
19. کندال، عصمت، شریف وانلی، و مصگفی نازدار، کردها، ترجمه‌ ابراهیم یونسی، تهران، روزبهان، 1370.
20. گلزاری، مسعود، کرمانشاهان ـ کردستان (شامل ێپار و بناهای اسدێباد، کنگاور، صحنه)، تهران، انجمن ێپار ملّی، بی‌تا.
21. مینورسکی، فلادیمیر، بنچینه کانی کورد و چه ند وه تاریکی کوردناسی، ترجمه‌ نه جاتی عه بدوللا، سلیمانیه، مه کته بی بیر و هوشیاری، 2007.
22. مینورسکی فلادیمیر، مینورسکی و کورد، ترجمه‌ ئه نوری سولتانی، بی‌جا، چ دوم، بی‌تا، چاپخانه وه زاره تی په روه رده.
23. وان برویین، سن مارتین، جامعه‌شناسی مردم کرد (ێغا، شیخ و دولت) ساختار اجتماعی و سیاسی کردستان، ترجمه‌ ابراهیم یونسی، چ دوم، تهران، پاینده، 1372.
24. هادیان، کورش، سده‌های سروری (نگاهی به تاریخ و جغرافیای کردستان اردلان)، اصفهان، کنکاش، 1389.
25- Izady, M. r. history of the kurds, in http://www.en.kurdland.com/history. osp?
26- Nebez, jemal, The kurds; History and culture, London, WKA pablications, London;