مەلا عەلی مەڵكەندی‌و مێجەرسۆن

2023-08-15
دیبلۆماتیک

مامۆستا عەلائەدین سەجادی، لە كتێبی ڕشتەی مرواریدا، چیرۆكێك سەبارەت بە هەڵوێستێكی بەرزی مەلا عەلی مەڵكەندی بەرانبەر " مێجەرسۆن"ی حاكمی سیاسی ئەوكاتەی ئینگلیز لە سلێمانی  دەگێڕێتەوەو دەڵێت:
ئەوا ئینگلیز ئیحتلالی عێراقی كردووە، مێجەرسۆن لە سولەیمانی تۆز ئەكا، زەبرو زەنگێكی وا ئەنوێنێ هەر نەبێتەوە، فەرمانی دەركردووە كە بەهەر شوێنێكا بڕوا ئەبێ خەڵكەكە هەموو لەبەری هەڵسن‌و ڕاوەستن تا ئەو دەڕوا، فەرمانی دابوو ئەگەر بەناو بازاڕدا تێپەڕی دەبێت دوكاندارەكان بەرزەپێ هەموو ڕاوەستن.

عەلائەدین سەجادی دەیگێڕێتەوەو دەڵێت:"  مەلا عەلی مەڵكەندی هەبوو، دوكانەكەی لەخوار مزگەوتەكەی ناوبازاڕەوەبوو، ئەچوو لەوێ دائەنیشت‌و مۆری هەڵئەكەند.
ڕۆژێك مێجەرسۆن ئەیەوێ بچێت بۆناو بازاڕ، لە " سەرا" دەرئەیچێت‌و ڕاست سەرەوخوار ئەبێتەوە بۆ ناوەڕاستی بازاڕەكە، بە بەر هەر دوكانێكا ئەڕوا خاوەن دوكان بەرزەپێ ڕاست ئەبێتەوە، مێجەرسۆن بەوجۆرە ئەڕوات تا ئەگاتە دوكانەكەی مەلا عەلی، سەیر ئەكا مەلا عەلی قورئانێك لەو لایەوەیەتی‌و مۆرێكیشی بەدەستەوەیە هەڵیئەكەنێ، نە هەستاو نەسەریشی لەسەر مۆرەكە بەرز ئەكاتەوە.
 وەكو عەلائەدین سەجادی دەیگێڕێتەوە، مێجەرسۆن بە هەڵوێستی مەلا عەلی توڕەئەبێ‌و ئەڕوا سەرەو خوار، دیسان لەولاوە ئەگەڕێتەوە، تەماشا ئەكا مەلا عەلی هەر لەبەری هەڵناسێ، دەچێتە بەر دوكانەكەی ئەوەستێ‌و مەلا عەلی هێشتا هەر سەر بەرز ناكاتەوە، مێجەرسۆن بەتوڕەییەوە ئەڵێ، مەلا  عەلی ئەوە بۆچی هەڵناسی؟
مەلا عەلی سەر بەرز ئەكاتەوەو ئەڵێ بۆچی هەڵسم، ئەڵێ نامناسی؟ ئەڵێ بۆچی ناتاناسم تۆ مێجەرسۆنی، ئەڵێ ئەی فەرمانەكەی منت نەبیستووە؟  مەلا عەلی دەڵێت بەڵێ بیستوومە، دەڵێت ئەی كە بیستووتە بۆ هەڵناسی.
مێجەرسۆن هەر چاوەڕێی ئەوە دەكات كە مەلا عەلی لەبەری هەستێ، بەڵام مەلا عەلی هەر بە دانیشتنەوە گفتوگۆ لەگەڵ مێجەرسۆندا دەكات و هەڵناسێتە سەر پێ.

دوای ڕۆژێک، مێجەرسۆن بە حاجیاغا كە ئەوكاتە مدیری پۆلیسی سولەیمانی دەبێت دەڵێت بچۆ مەلا عەلیم بۆ بێنە، مودیری پۆلیس دێت‌و مەلا عەلی هەڵئەگرێ، لە ڕێگادا پێی ئەڵێ من كاربەدەستێكم لەبەردەم ئەم حاكمەداو، ئەبێت بێم‌و فەرمانەكە جێبەجێ بكەم، تۆ خەڵكی وڵاتەكەمی‌و پیاوێكی پیرو موحتەرەمی، تكات لێئەكەم نەختێ بە نەرم‌و نیانی لەگەڵیدا بجوڵێرەوەو  ڕەوشتی چاوپێكەوتنت لەبەرچاوبێ، چونكە مێجەرسۆن پیاوێكە كۆ لە هیچ ناكاتەوەو ئێستا حاكمی ئەم وڵاتەیە، ئەگەر بێئیحترامییەكت لەگەڵدا بكا ئێمە هەموو بەدڵ بریندار ئەبین‌و هیچیشمان لەدەست نایەت.

عەلائەدین سەجادی، درێژە بە چیرۆكەكەی مەلا عەلی مەڵكەندی‌و مێجەرسۆن دەدات‌و دەڵێت: مدیری پۆلیس مەلا عەلی ئەباتە لای مستەفا بەهەجەت‌و دایئەنێ، مستەفا بەهجەت ئەوكاتە سكرتێری مێجەرسۆن بووە.

سكرتێر دەچێتە ژوورەوە بۆ لای مێجەرسۆن، ئەڵێت قوربان مەلا عەلی حازرە، ئەڵێ بابێتە ژوورەوە، مەلا عەلی ئەچێتە ژوورەوەو، مودیری پۆلیس‌و سكرتێرو كاربەدەستانیتر لەپەنجەرەوە بێ یان لەهەر كونێكەوە بێ سەیر  ئەكەن بزانن چی ڕوو ئەدا.
كە مەلا عەلی ئەچێتە ژوورەوە مێجەرسۆن لەشوێنەكەی خۆی هەڵئەسێ‌و دێ بە پیرییەوە‌و دایئەنیشێنێت‌و خۆ لە لای خواریەوە دائەنیشێ، ئەنێرێ چاو قاوەو شت دێنن‌و ئەكەوێتە قسەكردن لەگەڵیدا، وەك ئەوەی لەبازاڕدا هیچ ڕوویدانەبێ، لەپاش قسەو ماریفەتێكی زۆر، مێجەرسۆن بە مەلا عەلی ئەڵێ: 
مەلا عەلی تۆ پیاوێكیت لەباری گوزەرانەوە زۆر تەواو نیت، ئێمە ئەمانەوێ پیاوێكی زانای وەكو تۆ ئەم ولاتە كەڵكی لێوەر بگرێ، ئێستە ئەوا من داتئەنێم بە مامۆستای مەكتەب مانگی بە " 250" ڕوپیە، تۆ بۆ خۆت نەختێ ئەبوژێیتەوەو باری ژیان‌و گوزەرانت چاك ئەبێ.
مەلا عەلی ئەلێێت، جەنابی مێجەرسۆن سوپاستان ئەكەم من گوزەران باشە، مێجەرسۆن دەڵێت رەِنگ بێ بەكەمی بزانی، ئەوە با مووچەكەت " 300" ڕوپیە بێت.
مەلا عەلی ئەڵێت، جەنابی مێجەرسۆن من لە مزگەوتەكەی مەڵكەندی نوێژ دەكەم‌و هەموو ڕۆژ دێمە دوكانەكەم مۆر هەڵئەكەنم، ئەوا خوا ڕزقی داوم‌و پێی بەڕێوەدەچم‌و لەوە زیاترم ناوێت.

مێجەرسۆن زۆری لەگەڵدا خەریك ئەبێت، بەڵام كەڵكی نابێت‌و مەلا عەلی بە داواكارییەكەی ڕازی نابێت.
 دواتر مێجەرسۆن بە مەلا عەلی دەڵێت، ئەوە من تاقیمكردیتەوە، ئەگەر قبوڵت بكردایە فەرمانم دەكرد هەرچی شتی خراپ‌و ناشایستەیە لەگەڵتدا بیانكردایە تا ئەیان بردیتەوە دوكانەكەی خۆت.
لە كۆتاییدا مێجەرسۆن دوای نەوازشێكی زۆر مەلا عەلی بەڕێ دەكات‌و پێی ئەڵێ لە ئێستە بەدواوە لەهەر دائیرەیەكدا كارێكت هەبێ، دەبێت بە بێ گیروگرفت بۆت جێبەجێبكەن.
مەلا عەلیش پێ ئەڵێت: جەنابی مێجەر، هیش ئیشێكم بە هیچ دائیرەیەك نییە، ئیشم تەنیا بە دوكانەكەی خۆم‌و مزگەوتی مەڵكەندی هەیە.