خەیاری کوردستان بەكەڵكی خواردن دێت؟

2018-04-01

ژمارەیەک بازرگان هەوڵیانداوە کە بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن، بەڵام چەندین تەنی لێ رەتکراوەتەوە بە هۆی ئەوەی بۆ خواردن ناشێن و زیانی تەندروستی هەیە، لەکاتێکدا هەمان ئەو بەرهەمانە لە بازاڕەکانی کوردستاندا زۆر بەهەرزان ساغ دەکرێنەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کوشتوکاڵی حکومەتی هەرێم، ١٧ هەزار خانوی پلاستیکی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە کە چەندین بەرهەمی وەک خەیار و تەماتە و پیاز و پەتاتە و شووتی تێدا بەرهەم دەهێندرێت و ٧٣٪ی ئەو خانوە پلاستیکیانەش دەکەوێتە سنوری پاریزگای سلێمانیەوە.

،،

عەتا محەمەد عەبدوڵڵا:

"ئێمە ڕێژەیەکی زۆر لە خەیاری کوردستانمان بۆ وڵاتانی وەک قەتەر و ڕووسیا نارد، بەڵام لە هیچکامیاندا لە پشکنین دەرنەچوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە بەرهەمەکاندا رێژەیەکی زۆر سەمادد و ماددەی کیمیایی هەیە، بۆیە ئەوان ڕێگەنادەن لە بازاڕەکانیاندا ئەو بەرهەمانە ساغبکرێتەوە"


ئەوەی لە پرسەکەدا بۆتە مەترسیەک کە هەموان ئێستا دانی پێدا دەنێن و کەسیش هەوڵی چارەسەری نادات بەکارهێنانی ماددەی کیمیایەکانە لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا، چونکە جوتیاران بە رێژەی جیاواز سەماد بۆ گەشەکردنی خێرای بەرهەمەکە و ماددەی کیماییی قڕکەر بۆ ڕێگری لە نەخۆشکەوتنی بەرهەمەکان بەکاردەهێنن، بەڵام بەشێوازێکی نازانستی.

دانا لوقمان، جوتیارێکی خاوەن پرۆژەی کشتوکاڵیە لە شارۆچکەی ئەڵلایی، لە نزیک شاری سلێمانی، ئەو دوو پرۆژەی خانووی پلاستیکی هەیە کە ٢٨ خانوی پلاستیکی تێدایە و لە نێو خانوەکاندا کۆمەڵێک ماڵی ئاوەرەی عەرەب هەیە کە کارەکانی بۆ ڕادەپەڕێنن، دانا نایشارێتەوە کە ئەوان بەپێی شارەزایی خۆیان ماددەی کیمیای و سەماد بۆ بەرهەمەکان بەکاردەهێنن و چاودێری و کوالێتی کۆنتڕۆڵیان لەسەر نییە.

ئەو وتی" هەم سەماد و هەم ماددەی کیمیای کە بەکاردەهێندرێت بە پێی ئەو ڕێنماییانە دەکرێن کە لەسەری دراوە و جوتیارەکان خۆیان هۆشیاریان هەیە، بەڵام هیچ چاودێریەک نییە و دەکەوێتەوە سەر شارەزایی جوتیارەکان"

fvt

لە بارەی ئەو سەمادانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدان ئەم جوتیارە وتی"ئێستا بازاڕ کەمە و سەرچاوەی تۆ و سەمادیش نییە، لە بازاڕی رەشدا دەکڕدرێتەوە، بۆنوموونە سەمادی پۆتاس ٢٥ کیلۆ لە بازاڕی رەشدا بە ٦٠$ دەفرۆشرێت و وەک خۆراکێک وایە بۆ گەشەکردن دەدرێت بە بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بۆ ئەوەی زووتر گەشە بکات، کە ئەم نرخەش بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی زۆرە و گران لەسەرمان دەکەوێت"

هەرچەندە بەهۆی نازانستی بەکارهێنانی ئەم ماددانە بەرهەمەکشتوکاڵیەکانی هەرێم لە وڵاتانی درەوە ڕەتدەکرێنەوە، بەڵام ئەم جوتیارە دەڵێت"ڕەتکردنەوەی بەرهەمی کوردستان بەهۆی خراپیەکەیەوە نییە"

ئەو وتیشی"خورمای باشور بە خراپترین شێوە گەورە دەکرێت، کەچی دەنێردرێت بۆ هەموو وڵاتان، بەڵام چونکە کوردستان بێخاوەنە و دەوڵەت نییە شتەکانی رەتدەکرێتەوە، جگە لەوەش ئێمە ٤ ساڵە داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەین کە کوالێتی کۆنتڕۆڵ بۆ میوە دانێن تا ئەو کێشانە کۆنتڕۆڵبکرێت بەڵام هەر دایان نەناوە"

،،

 بەڕێوبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوەن لە وەزارەتی کشتوکاڵ :

" میوەی کودرستان هیچ مەترسیەکی لەسەر نیە مەگەر ئەوە نەبێت کە ماددەی قڕکەری لێدەدرێت و بەر لەوەی کاریگەری ماددە قڕکەرەکە لابچێت بخرێتە بازاڕەوە، بۆ ڕێگری لەوەش ئێمە چەندین ڕێنماییمان داوە بە جوتیاران و لەڕووی ئایینی زانستیەوە تاوانی ئەو کارەمان بۆ خستونەتە ڕوو"

لە مێژە باس لە مەترسی و کاریگەری ئەو ماددە کیمیایانە دەکرێت لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵیەکان، بەڵام کاریگەری خراپی ئەم ماددانە ئەو کاتە بەباشی دەرکەوت کە بازرگانێک بەناوی عەتا محەمەد عەبدوڵڵا وەک دەستپێشخەریەک و لەکاتی دروستبونی گەمارۆی ئابوری بۆسەر قەتەر لە لایەن وڵاتانی کەنداو، زیاتر لە ٢٢ تەن خەیاری هەرێمی کوردستانی بردە وڵاتی قەتەر تا ساغی بکاتەوە، بەڵام تەنانەت یەک خەیاریشیان لە کوالیتی کۆنتڕۆڵی ئەو وڵاتە دەرنەچوو.

عەتا محەمەد عەبدوڵڵا بازرگانە و هاوکات نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیە لە بازاڕی سەوزە و میوەی سلێمانی، ئەو وتی"ئێمە ڕێژەیەکی زۆر لە خەیاری کوردستانمان بۆ وڵاتانی وەک قەتەر و ڕووسیا نارد، بەڵام لە هیچکامیاندا لە پشکنین دەرنەچوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە بەرهەمەکاندا رێژەیەکی زۆر سەمادد و ماددەی کیمیایی هەیە، بۆیە ئەوان ڕێگەنادەن لە بازاڕەکانیاندا ئەو بەرهەمانە ساغبکرێتەوە"

عەتا وتی" بۆ ڕووسیا سێ بەرهەمی جیاوازی خەیاری کوردستان لە سێ کێڵگەی جیاوازەوە برایە ئەو وڵاتە بەڵام هیچیان لە کوالیتی کۆنتڕۆڵ دەرنەچوون"

بەرپرسانی وەزارەتی کوشتوکاڵی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنن کە پیشتر چاودێریان هەبووە بەسەر خانوە پلاستیکیەکانەوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە و بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو چاودێریە نەماوە.

حسێن حەمەکەریم، بەڕێوبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوەن لە وەزارەتی کشتوکاڵ لەم بارەیەوە وتی"لە ساڵانی رابردوو بەردەوام لە هەموو پارێزگایەکدا لیژنەی تایبەتمان هەبووە و چاودیری پرۆژە کشتوکاڵیەکانیان کردووە و چاودێریان کردن و ڕێنماییان کردون و داتاو ئاماریان کۆکردۆتەوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو لیژنانە وەک پێویست کارناکەن و ڕێکخراو نین، بەڵام کەم تا زۆر چاودێریمان هەیە"

بەڵام بەڕێوبەرەکەی وەزارەتی کوشتوکاڵ ئەوەش ناشارێتەوە کە بەشێکی گرنگی کارەکە دەکەوێتەوە سەر ویژدانی جوتیار خۆی، ئەو وتی" میوەی کودرستان هیچ مەترسیەکی لەسەر نیە مەگەر ئەوە نەبێت کە ماددەی قڕکەری لێدەدرێت و بەر لەوەی کاریگەری ماددە قڕکەرەکە لابچێت بخرێتە بازاڕەوە، بۆ ڕێگری لەوەش ئێمە چەندین ڕێنماییمان داوە بە جوتیاران و لەڕووی ئایینی زانستیەوە تاوانی ئەو کارەمان بۆ خستونەتە ڕوو، ئیدی ئەوەی کەی کە دەمێنێتەوە دەکەوێتە سەر هۆشیارى و ویژدانی جوتیارەکە کە کارەکەیان بە باشی جێبەجێبکەن"

،،

د. حوسێن عەزیز مامۆستا لە کۆلێژی کوشتوکاڵ، زانکۆی سلێمانیی:

کێشەی زیانی ئەم بەرهەمانە ئەوەیە یەکسەر دەرناکەوێت و لە ماوەی درێژخایەندا دەردەکەوێت، چونکە کاریگەریەکەی کیمیاییەوە ودواتر لە نەخۆشی جۆراوجۆر و شێرپەنجەدا ڕەنگدەداتەوە، چونکە پاشماوەی ئەو بەرهەمە کیمیایانە دواتر بۆ خاکەکەش خراپە و هەر کاریەگری دەمێنێتەوە.

ئەگەر پرسی چاودێرینەکردنی بەکارهێنانی ماددەی کیمایی لە بەرهەمی کشتوکاڵی چارەسەر نەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتودا زیانەکانی لەسەر خەڵک و خاکی کوردستان دەربکەوێت، ئەم قسەیەش لە لایەن د. حوسێن عەزیز مامۆستا لە کۆلێژی کوشتوکاڵ، زانکۆی سلێمانیی پشتڕاست کراویەوە.

د. حوسێن عەزیز دەڵێت"لە کوردستان کشتوکاڵێکی زانستی و ئەکادیمی نییە و ئەوەی دەکرێت هەڕەمەکیە و مەبەست لێی ئەوەیە لە زووترین کاتدا زیاترین بەرهەم بدات، بۆیە جوتیاران ڕێژەیەکی زۆر سەماد و کەرەستەی قرکەر دەکەن بەسەر بەرهەماکاندا و کاتێکیش دەگات بە بەکارهێنەر کاریگەریەکەی هەر دەمێنێت، ئەوەش مەترسی تەندروستی گەورەی بەدواوەیە"

د. حوسێن وتیشی"کێشەی زیانی ئەم بەرهەمانە ئەوەیە یەکسەر دەرناکەوێت و لە ماوەی درێژخایەندا دەردەکەوێت، چونکە کاریگەریەکەی کیمیاییەوە ودواتر لە نەخۆشی جۆراوجۆر و شێرپەنجەدا ڕەنگدەداتەوە، چونکە پاشماوەی ئەو بەرهەمە کیمیایانە دواتر بۆ خاکەکەش خراپە و هەر کاریەگری دەمێنێتەوە"

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش د. حوسێن عەزیز چارەسەرێکی دیکەی لایە کە لەوڵاتانی دیەکەی دونیا کاری لەسەر دەکەن، ئەو وتی"دەکرێت لە کوردستان میوەی کیمایی و ئۆرگانی جیابکەنەوە وەک ئەوەی لە وڵاتانی دیکە هەیە، کە میوەی سروشتی و بێسەماد کە بە ئۆرگانی ناودەبرێت بەجیا دەفرۆشرێت و نرخی گرانترە، بەڵام ئەوەش دەبێت پێشتر کوالێتی کۆنتڕۆڵی بۆداندرێت بۆئەوەی خەڵک هەڵنەخڵەتێندرێت"

،،

غەریب پێنجوینی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان:

بەپێی بەدواداچونی ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە زۆرێک لەو سەمادانەی کە بەکاردێن لە بنەڕەتدا قەدەغەن و بەشێوەی قاچاغ بەکاردەهێندرێت، تەنانەت دەرمانی قەدەغەکراو بەکاردەهێندرێت بۆ کشتوکاڵ یاخود ئەوانەی ڕێگەپێدراویشن بەپێی ڕێنمایەکان بەکارنایەن.

بەدەر لەوەش جوتیارێکی دیکە بەناوی ئازاد محەمەد کە لە پاریزگای هەڵەبجە کاردەکات و بەهۆی بیرۆکە نوێکانی ناوبانگی دەرکردووە چارەسەری خۆی بۆ کێشەکە هەیە، ئەو بە پێویستی دەزانێت جوتیاران بۆ جارەسەری ئەو کێشەیە ڕووبکەنە سەمادی ئاژەڵی نەک کیمایی.

ئازاد محەمەد وتی"خاکی ئێمە لە کوردستان باشترین زەویە بۆ کشتوکاڵ و کەمترین سەمادی پێویسەته، ئیستا من سەمادی ئاژەڵی بەکاردەهێنم کە زۆر باشترە لە سەمادیی کیمیایی و زیانی نییە، بەو هیوایەم لە داهاتوو جوتیارانی دیکەش پشت بەوە ببەستن"

جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئەوان چەندین جار بەدواداجونیان بۆ ئەم دۆسیەیە کردووە، بەڵام بێچارەسەر ماوەتەوە.

غەریب پێنجوینی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەم کێشەیەوە دەڵێت"بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیش لە خانوە پلاستیکیەکان وەک بەرهەمهێنانی مریشکی لێهاتووە کە خاوەنەکەی دەیەوێت لە کەمترین ماوەدا بەرهەم بخاتە بازاڕەوە، هەر بۆیە دەرمان و هۆڕمۆنی زۆری پێدەدەن دەیخەنە بازاڕەوە، بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەش لەئەستۆی وەزارەت کشتوکاڵە کە چاودێری بەردەوامی لەسەر ئەم دۆخە هەبێت چونکە بەکارهێنانی ئەو مادانە بەشێوەی ناتەندروست هەم بۆ خەڵک مەترسیدارە هەم بۆ خاکەکەش کە دواتر بێكەڵکی دەکات"

غەریب پێنجوینی وتیشی"بەپێی بەدواداچونی ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە زۆرێک لەو سەمادانەی کە بەکاردێن لە بنەڕەتدا قەدەغەن و بەشێوەی قاچاغ بەکاردەهێندرێت، تەنانەت دەرمانی قەدەغەکراو بەکاردەهێندرێت بۆ کشتوکاڵ یاخود ئەوانەی ڕێگەپێدراویشن بەپێی ڕێنمایەکان بەکارنایەن، هەر بۆیە ئەو دەرمانانە بە ناتەندروست بەکاردەهێندرێت و مەترسی گەورەیە بۆ تەندروستی"