کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جەستەی ئابووری جیهان

2020-03-05

هەر وەک چۆن کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان هەیە، بە دڵنیاییشەوە کاریگەریی لەسەر ئابوری جیهان بە گشتی و وڵاتان هەیە بە تایبەت. ‎لە مانگی ١٢ ی ساڵی ڕابردووەوە بە هەزارەها خەڵک لە ووڵاتی چین توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون، چینێک کە دووەم زلهێزی ئابووری جیهانە و هەر بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە، پێشبینی دەکرێت گەشەی ئابوریەکەی تا ٤.٥ پلە داببەزێت، بە جۆرێک کە لە ٣٠ ڕابردوویدا بەو هێندەیە ئابووریەکەی لە پاشەکشەدا نەبووە، کە ئەمەش دواجار کاریگەری دەبێت لە سەر سەرچاوەی مرۆیی و تەنانەت ئیداریی ئەو وولاتە، هەر وەک هەندێک لە ئابووری ناسانی جیهانیی دەڵێن، تەنها لە یەک مانگدا چین ٤ ملیۆن هەلی کاری لەدەستداوە.

لێرە ناچینە ئەو گریمانانەی کە ئایا ئەمە بۆ لە چین دەستی پێکرد و هەڵمەتی میدیای چۆن کاری لەسەر دەکات، یان پەیوەندی ئەم ڤایرۆسە بە جەنگی بایالۆژی زلهێزەکانەوە چیە، چونکە ئەوانە تا ئێستا گریمانی پشتڕاستنەکراوەن! بۆیە زیارتر لەسەر ئەو فاکتانە دەوەستین کە پەیوەستە بە ئێستا و تا ڕادەیەک داهاتووی نزیکی ئابوری جیهانەوە. ‎

ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە دوو مانگە تا ئێستا بە پێی نوێترین داتای ٢ ی مارس، نزیک بە ٣ هەزار و ٦٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و 888 هەزار و ٨٤٣ کەسیش هەڵگری ڤایرۆسەکەن، ٤٥ هەزار و ٦٣٦ کەسیش تەندروستیان ئاسایی بۆتەوە. بە پیی نوێرین زانیاریەکانیش، بە گشتی لە کۆی ١٩٣ وولاتی جیهان، ئەم ڤایرۆسە گەیشتۆتە ٦٨ وولات، کە بە چین دەست پێدەکات کە زۆرترین قوربانی هەیە و بە سریلانکا کۆتایی دێت کە تا ئێستا ١ حالەت تۆمار کراوە. بەوجۆرەش دەردەکەوتێت کە ٣٥،٢٣% ی وولاتانی جیهانی گرتۆتەوە.

،،

بەلام جیاواز لە ڕووەی تەندروستیەکەی، مەرج نیە هاوشێوەی فایرۆسەکە، کاریگەریە ئابووریەکان تەنها لەو وولاتە تووشبوانە بمێنێتەوە، بەڵکو زیانە ئابووریەکان بەر ئەو لەسەدا ٦٥ ەی جیهانیش دەکەوێت کە فایرۆسەکەشیان پێ نەگەیشتووە

ئەمەش بە هۆی پەیوەندی ئابووری و بازرگانیی نێوان وولاتان بە گشتی لە جیهاندا، کە زۆرجار وابسەتەبوونەکە بە جۆرێکە، دۆخێکی تایبەت لە وولاتێکی هەناردەکار، کاریگەری دروست دەکات لە سەر وولاتی هاوردەکار و ئاڵوگۆری بازرگانیی نێوانیان.

هەربۆیە خاوبوونەوەی چالاکی ئابووری لە وولاتە توشبوەکان بەو کرۆنا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئابووری وولاتانی تر، چوونکە لە بازنە فراوانەکەدا، سوری ئابوری جیهانیی خاودەبێتەوە. ‎

بۆ زیاتر ڕونکردنەوەی وینەکە؛ ئەگەر ئابوری جیهانیش بە لاشەیەک بچوێنین (هاوشێوەی لاشەی مرۆڤەکان کە ڤایرۆسی کرۆنای پێ دەگات)، بانکەکان دڵی ئەو لاشە ئابووریەن و داراییش خوێنە و جموجۆلی مروڤەکان و میکانیزمەکانی گواستنەوە و ئاڵوگۆریش، خانە و دەمارەکان بن، ئەوا کاتێک کرۆنا کار لە هەنێک خانەبکات و هەندێک میکانیزمیش بۆ سور و هاتووچۆی دارایی پەخ بخات، ئەوا بە دڵنیاییەوە زیان بەر چالاکیی هەموو لاشە گەورەکە دەکەوێت (وە هەمان وێنەش بە بچووکتر، لە ئاستی پەیوەندی کەرتە ئابووریە جیاوازەکانی خودی هەر وولاتێکیشدا راستە کە خودی وولاتەکە سستی لە کەرتێکیدا ڕووبدات ڕوودەکاتە سەرجەم کەرتەکانی تر. ) هەر ئەمەشە وایکردووە کە لە کاتێکدا کە چەندەها کارگەی گەورە و هەناردەکار بە هۆی خۆپارێزی لەم فایرۆسەوە لە کاردەکەوێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاستی ئالۆگۆری بازرگانی لە جیهاندا کەم بکات، بە نزیکەیی بازاریی ئەسهومی جیهان، ٥ تڕلیۆن دۆلار زیانی پێبگات، وە زیان بە کۆی سیستەمی دارایی جیهانی بکەوێت.

هەندێک لە پێویستیە بنەڕەتیەکان کە ماکینەی جولەی کارن لە جیهاندا، هۆکاری سەرەکین بۆ گواستنەوەی زیانە ئابووریەکان بۆ کەرتەکان و بەشەکانی تری ئابووری جیهان. ئەگەر لە ووزەی جیهانەوە دەست پێ بکەین کە نەوتە، بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە چوونکە سەرەتا ئەم ڤایرۆسە لە چینەوە دەستی پێکرد کە دووەم زلهێزی ئابووریە لە دوای ئەمریکاوە، وە یەکەم ووڵاتی هاوردەکانی نەوتە، ئەمەش بوویە هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی نەوت و ووزە لەو وولاتەدا، سەرەنجامیش بە پێی ئاژانسی ووزەی جیهانی پێشبینی دەکرێت؛ لە جیهاندا بەکارهێنانی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا زۆر کەم بکات، لێرەشەوە ئەمەش نرخی نەوتی لە جیهاندا دابەزاندووە بۆ خوار ٥٠ دۆلار، کە نزمترین نرخە لە سالی ٢٠١٧ ەوە.

،،

‎بوارێکی تریش کە وای کردووە کاریگەریی ئەم ڤایرۆسە لە سەر لاشەی ئابووری جیهان دروست بکات، گەشتی بازرگانی و گەشتیاریە.

چوونکە هەموو ئەو وولاتانە بە هۆی ئەم کەرتەوە بەستراونەتەوە بە یەکەوە. هەر بۆیە سنوردارکردنی گەشتی چەندین وولات بۆ چین و پاشان چەندین وولاتی تر لە نێوان خۆیاندا، کە ژمارەیان بەردەوام لە زیاد بووندایە، چاوەڕێ دەکرێت کە زیان بدات لە داهاتی گشتی فرۆکەخانەکان لەئاستی جیهاندا بە بڕی ٢٩ ملیار دۆلار ، کە تەنها چین بڕی ١٢.٨ ملیار دۆلاری بەردەکەوێت.

لە کاتێکدا تەنها بواری گەشتیاری و گەشتی خەلکی لە نێوان وولاتان و پاشان خەرجی گەشتیاران، کە هەمووی دەچێتە بواری کەرتی گەشتیاریەوە، لە سەدا ١٠.٤ ی کۆی داهاتی جیهان پێکدەهێنيت لەگەڵ لە سەدا ١٠ ی فرسەتی کار لە جیهاندا، هەر بۆیە کە کەمبوونەوە و ڕاوەستانی گەشتەکان، زیانێکی گەورە دەدات لە چالاکی هەزارەها کۆمپانیا و بازرگان و ڕەخساندنی هەلی کار و ئاڵوگۆرری بازرگانی. بۆیە کە تەنها لەم کەرتە ئابووریانەدا زیانەکە بەم قەبارەبێت، بە دڵنیایەوە ئەم زیانە و زیانەکانی تر هاوشێوەی شەپۆلی دەریا، دەگوازرێتەوە بۆ سەرجەم وولاتانی تر و پاشان سەرجەم کەرتەکانی تری ئابووری جیهان.

هەروەک چۆن کە وولاتانی تایلاند و یابان، کە تەنها بە هۆی ڕاگرتنی گەشتەکانی چین بۆ ئەو دوو وولاتە کە گەشتیاری چینی سەردانکەری بەردەوام بوون بۆی، تایلاند لە یەک مانگدا، بە بڕی ١.١٥ ملیار و یابانیش بە بڕی ١.٢٩ ملیار لە زیانیان کردووە، کە ئەمەش هەمان سیناریۆیە بە رێژەی جیاواز بۆ سەرجەم وولاتانی تری جیهان لەوێشەوە بۆ سەرجەم کەرتە ئابووری ەکانی تر، لە پیشەسازیەوە بۆ گەشتیاری و کەرتی بانک و گشتووکال و گواستنەوە و بازرگانی گشتی و خزمەتگوزاریی و نیشتەجێبوون و چەندین کەرتی تری جیاواز. ‎لە کۆتاییدا؛ ‎هەموو ئەم زیانانەی ئەم ڤایرۆسە لە لاشەی ئابووری جیهان دەدات، تەنها هۆکارەکەی ئەوە نیە کە خودی ڤایرۆسە کاریگەرە، بەڵکو ئەمە پەیوەستە بە;

‎١- کاریگەریی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان لە بازرگانیی نێودەولەتیدا

‎٢- بازرگانی ئازاد و کاڵبونەوەی سنورەکان بە ڕووی بازرگانیی جیهانیدا

‎٣- نەمانی سنووری میدیایی و زانیاریەکان لە جیهاندا.

‎4 بچووکبونەوەی جیهان لە هاوکێشە ئابووری و داراییی و کارگێریەکان

‎5- پاشان نزیکبوونەوەی پێداویستیەکانی مرۆڤەکانە لە سیستەمی جیهانگیریدا.

‎بۆیە دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە ئەم زیانانە، بەشێکی بە هۆی دۆخی ئابووری جیهانیە کە لەبارە بۆ ڕوودانی زیان. چوونکە هەر وەک چۆن هەمان دۆخ لە کاتی ئاساییشدا زۆرترین سوود دەگەیەنێت بە گەشەی ئابووری، (بە هۆی وابەستەبوونی وولاتان بە یەکترەوە و خێرایی ئەرێنی لە مامەڵە دارایی و ئابووری و بازارگاندا)، بە پێچەوانەشەوە، گرفتێکی لەم جۆرەش بە ئاسانی دەتوانێت بێتە نێو سیستەمی ئابووری جیهانیەوە و زۆر بە خێرایی زیانە ئابووریەکان بگوازێتەوە، بەڵام خۆشبەختانە چاوەڕێ دەکرێت زیانە دارایی و ئابووریەکانی ئەم ڤایرۆسە لەسەر جەستەی ئابووری جیهانیی درێژ خایەن نەبن، و لە کورت مەودادا بتوانرێت بخرێنەوە دۆخی ئاسایی، بە تایبەت بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکان و وڵاتە گەشەسەندووەکان.