ماوەیەك دەنگی تەقینەوەی گەورەو بەهێز لە نزیكی شارۆچكەی عەربەت دەبیرسترێت، ئەو تەقینەوانە كە ڕۆژانە سەر لەبەیانیان دووبارە دەبنەوە، ترسو دڵەڕاوكێیەكی زۆری لەناو خەڵكی شارۆچكەكەدا درووست كردووە.
تەقینەوەكان لە ناوچەی " دوكانیان" كە دەكەوێتە بەشی باكوری شارۆچكەی عەربەت ئەنجام دەدرێت، جگە لەدەنگە گەورەو بەهێزەكەی، لەناو شارۆچكەكەشەوە دووكەڵی تەقینەوەكان دەبینرێت.
دەنگی گەورەو بەهێزی تەقینەوەكان، مەرترسیو نیگەرانی زۆری لای خەڵكی شارۆچكەكە دروستكردووەو "كۆمەڵەی ڕۆشنبیری لاوانی تانجەرۆ"ش ڕایدەگەیەنن ئەگەر وەڵامی بڕواپێكەری نیگەرانییەكانیان نەدرێتەوە، ئەوا لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێست وەردەگرنو خۆپیشاندان دان دژ بەو كارە ئەنجام دەدەن.
،،
دەنگی بەهێزی تەقینەوەكان، مەرترسیو نیگەرانی زۆری لای خەڵكی شارۆچكەكە دروستكردووەو "كۆمەڵەی ڕۆشنبیری لاوانی تانجەرۆ"ش ڕایدەگەیەنن ئەگەر وەڵامی بڕواپێكەری نیگەرانییەكانیان نەدرێتەوە، ئەوا لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێست وەردەگرنو خۆپیشاندان دان دژ بەو كارە ئەنجام دەدەن.
لە بەیاننامەیەكدا، كۆمەڵەی ڕۆشنبیری لاوانی تانجەرۆ، ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەوە ستەمێكی گەورەیە لە خەڵكی شارۆچكەی عەربەت دەكرێتو ئەوان دەپرسن كە بۆچیو لە پێناوچیدا، عەربەت دەكەن بەقوربانی، داواش لە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی عەربەتو شارەوانیو ئاسایشو پۆلیسو حیزبەكانو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەن كە چیدی لەو كارە بێدەنگ نەبن.
بەپێی بەیاننامەی كۆمەڵەی ڕۆشنبیری لاوانی تانجەرۆ، ماوەی چەند ڕۆژێكە بەشێوەیەكی بەردەوام لە دۆڵی دوكانیانی عەربەتەوە، كۆمەڵە تەقینەوەیەكی بەهێز دێنە تەقاندن، كە دەبێتە هۆی لەرزاندنی ماڵەكانو ڕاچڵەكاندنی سەدان نەخۆشو پەككەوتەو بڵاوبوونەوەی دوكەڵی ژەهراوی، كە دواجار لە ئایندەدا كاریگەرییەكانی دەبینرێن.
ئەوان لە بەیاننامەكەیاندا، سەرباری ئەوەی داوای هەڵوێست لەبەڕێوەبەری ناحیەو بەرپرسانی شارۆچكەكە دەكەن، ڕاشیدەگەیەننو دەڵێن:" كێ بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەموو ژەهرە بەسەر دانیشتووانی ئەم شارۆچكەیە، بۆچی ئەوانەی لێپرسراون، لە ئاست ئەم نادادییو زوڵمە لەعەربەت بێدەنگن؟
ئێمە وەك ڕۆشنبیریی تانجەرۆ، بەتوندی دژی ئەو زوڵمەین كە لەعەربەت ئەكرێت، تا ئەو شوێنەی دەنگمان بڕوات ئەیگەیەنینو ئەوانەشی لە ئاستی لێپرسراویدانو بێدەنگن لە ئاستی ئەم زوڵمە گەورەیە، جگە لە دۆڕانو سەرشۆڕی هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە".
ووتەکان
بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت:
داوای ڕاگرتنی ئەو تەقینەوانە دەكەين
لە بەرانبەر نیگەرانی خەڵكی شارۆچكەی عەربەتدا سەبارەت بەو تەقینەوە گەورەو بەهێزانە، تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی تانجەرۆ- عەربەت، تەنها ڕوونكردنەوەیەكیان بڵاو كردووەتەوەو لە ڕوونكردنەوەكەیاندا دەڵێن:" ماوەی چەند ڕۆژێكە دەنگی تەقینەوە لە سنوری ناحیەكەمان دەبیسترێت، بە جۆرێك كە بووەتە جێگەی دڵەڕاوكێی خەڵكو ڕۆژانە سكاڵامان لەو ڕووەوە پێدەگات، سەرەتا بڕیاربوو ئەو بابەتە بە هەماهەنگیو وەرگرتنی مۆڵەت بەڕێوەبچێت، بەڵام بەداخەوە بەبێ ڕەزامەندی ئێمە ئەوكارە ئەنجام درا، دواتر كۆبوونەوەیەك لە دیوانی ناحیە ئەنجامدرا بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری ناحیەو لێپرسراوی یاریدەدەرێتی ئاسایشی عەربەتو نوێنەری دەزگای مینو كۆمپانیای خاوەنی تەقەمەنییەكان، تیایدا داوایان لێكرا بڕەكەی كەم بكرێتەوە، بەجۆرێك ترسو دڵەڕاوكێ لەلای خەڵك بڕەوێتەوەو تیمی وشیاركردنەوە بنێرن، بەڵام بە داخەوە ئەو پرۆسەیە بەردەوامە".
لەگەڵ ڕوونكردنەوەكەدا بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی تانجەرۆ- عەربەت، ڕایانگەیاندووە كە ئەوانیش دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دەنگی خەڵكی ناوچەكەو داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی ئەو تەقینەوانە دەكەن.
ڕێبین عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە " دیپلۆماتیك مەگەزین"ڕاگەیاند، كە سەبارەت بەو تەقینەوانەی خەڵكی عەربەتی نیگەران كردووە، ئەوە هەڵوێستو قسەی فەرمی ئەوانەو ئەوانیش داوای ڕاگرتنی ئەو تەقینەوانە دەكەن.
جیا لەدەنگە گەورەو بەهێزەكەی كە ترسو دڵەڕاوكێی زۆری لەناو خەڵكی شارۆچكەی عەربەتدا دروستكردووە، هێشتا نازانرێت تەقینەوەكان چینو بۆچی ئەو ناوچەیەش بۆ ئەو كارە هەڵبژێردراوە.
هاشم كەریم، لێپرسراوی كۆمەڵەی ڕۆشنبیری لاوانی عەربەت، بە دیپلۆماتیك مەگەزینی ڕاگەیاندو وتی:" ئەو تەقینەوانە لە دۆڵی دوكانیان، نزیك بە شارۆچكەی عەربەت ئەنجام دەدرێت، جگە لە دەنگە گەورەو بەهێزەكەی، لەناو عەربەتەوە دووكەڵەكەی دەبینرێت، دەنگەكەی هێندە بەهێزە پەنجەرەی ماڵەكان ڕادەوشێنێتو شوشەی پەنجەرەی شكاندووە، تا ئێستا لایەنی بەرپرس لێدوانی فەرمییان لەو بارەیەوە نەداوە، كە ئایا ئەمە كۆمەڵە تەقینەوەیەكەو ئێرە بۆ تەقینەوەیان هەڵبژێردراوە، یان تەقینەوەكان ئامانجی دیكەیان لە پشتەوەیە".
لێپرسراوی كۆمەڵەی ڕۆشنبیری لاوانی عەربەت، بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت، ئەگەر لایەنی بەرپرس وەڵامی بڕوا پێكەری ئەو هەموو ناڕەزاییە نەداتەوە، ئەوا ئەوان هەڵوێست وەردەگرنو خۆپیشاندان دژی ئەو تەقینەوانە ئەنجام دەدەن.
مامۆستا شاخەوان ڕەحیم، كە هاووڵاتییەكی ناحیەی عەربەتە، باسلەوە دەكات كە تەقینەوەكان ترسو نیگەرانییەكی زۆری لای خەڵكی شارۆچكەكە دروستكردووە، بەو تەی ئەو مامۆستایە دەنگی تەقینەوەكان سەرلەبەیانیان دێتو لەناو قوتابخانەو خویندنگەكاندا ترسێكی زۆری لای قوتابیانو خوێندكاران درووستكردووە.
ئەو مامۆستایە بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین وتی:" دەگوترێت كۆمەڵێ تەقەمەنییەو لەلایەن ڕێكخراوی ئێم ئەی جییەوە لەناو دەبرێت، دەشگوترێت بەو تەقینەوانە ئەو ناوچەیە بۆ كارگەی چیمەنتۆ ئامادە دەكرێت، ئەگەر لەشوێنێكیتر تەقەمەنی بدۆزرێتەوەو هەڵبگیرێتەوە بۆ لەشوێنی خۆی ناتەقێنرێتەوەو دەهێنرێت بۆ شوێنێكی ئاوەدانی بەمجۆرە، ئەگەر ئامانجێكیتر لە پشت ئەم تەقینەوەكانەوە نەبێت، ئەم شوێنە هەڵنابژێردرێت".
عەربەت، یەكێك لە ناحییەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانییەو بە دووری 20 كیلۆمەتر لێیەوە، دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە.