یارییە نەوتییە گەورەکەی ڕوسیا لە هەرێمی کوردستان

2018-04-22

یارییە نەوتییە گەورەکەی ڕوسیا لە هەرێمی کوردستان

دەمیتری ژدانیکۆڤ
و : رزوان حسن

مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە گەرمەی قەیرانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا نامەیەک لە ئیگۆر سیچین سەرۆکی کۆمپانیای ڕۆزنەفت گەشتە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا.


سەرچاوەکان دەڵێن ڕۆزنەفت کۆتا بڕی ١.٨ بلیۆن دۆلاری ڕێکەوتنەکەی داوەتە هەولێر. ڕۆزنەفت و سیچین، کە هەردووکیان لەسەر لکاندنی کریمیا بە ڕوسیاوە کەوتونەتە بەر سزاکانی خۆرئاوا، بەهیچ شێوەیەک ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە کە کۆمپانیاکە چەندە پارەی داوە بۆ هێڵەکانی بۆری وزە. نامەکەدا، کە کۆپیەکی دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، دەڵێت حکومەتی عێراقی «بەنیسبەت پێشنیارەکەی ڕۆزنەفت بۆ بەرەوپێشبردنی کێڵگە نەوتییەکانی باشوری عێراق نە حەزی پێی بوو نە هەڵوێستێکی بنیادنەرانەشی هەبوو. ».

،،

سیچین دەستێکی زۆر لەوە بەهێزتری هەیە کە بەرپرسانی عێراقی دەرکیان پێکردووە. لە ڕۆژانی پێشوتردا ڕۆزنەفت لە بەرامبەر ١,٨ بلیۆن دۆلار خاوەندارێتی هێڵەکانی بۆری نەوتی ناوەوەی هەرێمی کوردستانی له حکومەتی هەرێم وەرگرتبوو.


کوردستان، کە هەرێمێکی شەش ملیۆنییە، هەوڵی جیابوونەوەی لە عێراقدا و لەو هەوڵەیدا شکستی هێنا. بەغداد ڕیفراندۆمی ٢٥ی سێپتێمبەری هەڵوەشاندەوە و هێزی بۆ گرتنەوەی ئەو کێڵگە نەوتییە گرنگانە نارد کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێم بوون.


ئێستا سیچین، کە نزیکترین هاوپەیمانی ڤلادیمێر پۆتینە، دەڵێت حکومەتی عێراق دوودڵە لە کارکردن لەگەڵ ڕۆزنەفت، بۆیە کۆمپانیاکەی لەجێی ئەوە کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەکات، کە ئەویش لای خۆیەوە «خۆشحاڵی زۆری خۆی نیشانداوە بۆ بەرفراوانکردنی کاری هەماهەنگی ستراتیژی».


زلهێزەکانی جیهان لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا، کە پێشتر پشتیوانی خۆیان بۆ جوڵەی سەربەخۆیی کورد نیشاندا، لە دواجاردا بەغدادیان لەوە دڵنیا کردەوە کە دان بە سەروەری تەواوی عێراق بە کوردستانیشەوە دەنێن.


بەڵام هیچ جۆرە دڵ ڕازیکردنێکی لەو شێوەیە لە نامەکەی سیچیندا نییە. ڕۆزنەفت لەڕقی حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە بە بەهای ملیۆنان دۆلار وەبەرهێنان لە کوردستاندا بکات. ئێستا لەجێی پاشەکشەکردن لە وەبەرهێنان، کاری کۆمپانیاکە دوو هێندە زیادی کردووە.


هەروەها بە گوێرەی حەوت سەرچاوە کە لە نزیکەوە ئاگاداری مەسەلەکەن، سیچین دەستێکی زۆر لەوە بەهێزتری هەیە کە بەرپرسانی عێراقی دەرکیان پێکردووە. لە ڕۆژانی پێشوتردا ڕۆزنەفت لە بەرامبەر ١,٨ بلیۆن دۆلار خاوەندارێتی هێڵەکانی بۆری نەوتی ناوەوەی هەرێمی کوردستانی له حکومەتی هەرێم وەرگرتبوو.


بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەریەک لە ڕۆزنەفت و سەرچاوەکانی نێو پیشەسازی نەوت و سەرچاوەکانی ناو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق مەبەستی ڕۆزنەفت لە ڕێکەوتنەکە تەنها بازرگانی نەبوو، بەڵکو بۆ داکوتانی نفوزی سیاسی روسیا بوو لە عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.


ئەم سەرچاوانە دەڵێن کۆنترۆڵکردنی هێڵەکانی بۆری ڕۆڵێکی سەرەکی بە رۆزنەفت بەخشیوە لە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی هەناردەی نەوت، کە بەهۆی ریفراندۆم و دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتیەکانەوە لەلایەن عێراقەوە ڕاوەستابوو.


کوردستان یەدەگی نەوتی گەورەی هەیە -کە ڕەنگە یەک لەسەر سێی کۆی یەدەگی عێراق بێت- و هەناردەکردنی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئابوری ناوخۆ و ناوچەکە.


بەپێی دوو سەرچاوەی پیشەسازی لە هەولێر و بەغداد، یەکێک لە ئاماژەکانی نفوزی رۆزنەفت ئەوەیە بەرپرسانی کورد دەڵێن دەست بە بەردانەوەی نەوت و گواستنەوەی ئەو داهاتە ناکەین کە بۆ حکومەتی عێراق کۆکراوەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کرێی گواستنەوەی بۆرییە نەوتەکان دەدرێتە کۆمپانیا نەوتیە ڕوسیەکە.
وەزیری نەوتی عێراق جەبار لوعێبی ئەم مانگە لەکاتی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دیدیەر ئاسمیرۆ پیاوی دەستەڕاستی سیچین بە واقیعی دانی بە ڕۆڵی فراوانبووی کۆمپانیاکەدا نا و وتی ئامادەین هەماهەنگی لەگەڵ رۆزنەفتدا بکەین بۆ «نوێکردنەوەی هێڵەکانی بۆری نەوت».


رۆزنەفت و سیچین و کرملین و نوسینگەی سەرۆک وەزیران هیچکامیان ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەم پرسە بکەن. سیچین و کرملین چەندینجار ڕایانگەیاندووە پرۆژەکانی ڕۆزنەفت بەتەنها بازرگانین نەک سیاسی.


وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نەبوو قسە لەسەر هیچ لایەنێکی سیاسی ڕێکەوتنەکەی ڕۆزنەفت بکات.

 

 

،،

سەرچاوەکان دەڵێن کارەکانی ڕۆزنەفت لە کوردستان، ئەو هەرێمەی دەمێکە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، یارمەتیدەرە لە تێگەیشتن لەوەی کە چۆن کرملین ڕۆزنەفت -و بەڕێوەبەرە بوێرەکەی- وەک ئامرازی سیاسەتی دەرەوەی ڕوسیا بەکاردەهێنێت لە سەرانسەری جیهاندا.

لە کاراکاسەوە بۆ نیودەلهی

سەرچاوەکان دەڵێن کارەکانی ڕۆزنەفت لە کوردستان، ئەو هەرێمەی دەمێکە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، یارمەتیدەرە لە تێگەیشتن لەوەی کە چۆن کرملین ڕۆزنەفت -و بەڕێوەبەرە بوێرەکەی- وەک ئامرازی سیاسەتی دەرەوەی ڕوسیا بەکاردەهێنێت لە سەرانسەری جیهاندا.


زۆرێک لە وڵاتان لەوانە ئیتالیا و فەرەنسا کۆمپانیا نەوتییەکانی خۆیان وەک ئامرازی سیاسەتی دەرەوە بەکارهێناوە، بەڵام بەکارهێنانی ڕۆزنەفت لەلایەن ڕوسیاوە بەم شێوازە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لەژێر حوکمرانی پوتیدا بەشێوەیەکی ئێجگار زۆر زیادی کردووە.


بەنیسبەت کوردستانەوە، نفوزی زیادبووی ڕوسیا دەرخەری ئاوەژووبونەوەیەکی جیۆپۆلەتیکی گەورەیە. هەرێمەکە، هەر لە کاتی ڕووخانی سەدام حوسەینەوە لە کاتی داگیرکردنی عێراق بە سەرکردایەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لە نزیکەوە لەپاڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بووە.


ئامۆس هۆچستین، کە لە ئیدارەکەی ئۆبامادا نێردەی تایبەتی وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو، دەڵێت لەگەڵ ئەوەی ڕۆزنەفت و کۆمپانیاکانی دیکەی دەوڵەتی روسیا بەدوای قازانجدا گەڕاون بەڵام لەکاتی پێویستدا وەک قەوارەی سیاسی هەڵسوکەوتیان کردووە.


ئەوەشی بە ڕۆیتەرز وت کە «ئەوان راستەوخۆ زانیاری دەنێرن بۆ پۆتین. هەموو مامەڵەیەک کە دەیکەن سیاسی نییە. بەڵام هەرکاتێک پوتین بیەوێت مامەڵەیەکی سیاسی ئەنجام بدات بە دڵنیاییەوە ئەوان وادەکەن. ڕوسیا ئامرازی زۆری نییە تا مومارەسەی نفوزی سیاسی خۆی پێبکات و وزەش هەرە کاریگەرترین ئامرازەکەیەتی.»


بەغداد، کە ئامادە نییە دان بنێت بە ڕێکەوتنی هێڵەکانی بۆری وزە، ئێستا کەوتۆتە نێو دۆخێکی قورسەوە.


توانا داراییەکانی حکومەتی عێراق بەهۆی جەنگانی لەدژی داعش زیانیان پێگەیشتووە، لەبەرئەوە پارەیەکی کەمی هەیە بۆ بنیادنانی هێڵی بۆری وزە لە کوردستانەوە، هاوکات پێی باش نییە بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕێگە لە چوونی نەوتی هەرێمەکە بگرێت، کە ئەویش خۆی چاوەڕێی گەیشتنی داهاتی پێویستە.


،،

ڕوسیا تاکە زلهێزی جیهانە دژی ریفراندۆم نەوەستایەوە و وتی لە خواستەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی تێدەگەین. ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا و تورکیا و ئێران هەمویان حەفتەیەک پێش ئەنجامدانی داوایان لە هەرێم کرد دەنگدانی ریفراندۆمەکە هەڵبوەشێننەوە یاخود دوای بخەن.

 

وەزیری دەرەوەی دووەم

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆزنەفت و سەرچاوەکانی نێو کایەی پیشەسازی ئەو ڕۆڵەی رۆزنەفت دەیگێڕێت بۆ زیاترکردنی نفوزی کریملین نامۆ نییە بە عێراق و لە شوێنانی دیکەی دیکەی جیهان ئەو ڕۆڵە گێڕدراوە.


سیچین وەک وەزیری دەرەوەی دووەمی روسیا رەفتار دەکات. یاخود ئەگەر بەشێوەیەکی جیاواز لێکی بدەینەوە، وەک سەرچاوەیەکی بواری پیشەسازی کە ئاشنایەتی لەگەڵ بەڕێوەبەری رۆزنەفتدا هەیە دەڵێت «سیچین نمایندەی هێز و توانا ئابوریەکەی پشتی سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕوسیایە». «زۆربەی جار ئەم سیاسەتانە ڕێک پەنجەکردنن بەنێو چاوی ئەمریکییەکاندا.»


لە ڤەنزوێلا ڕۆزنەفت نزیکەی ٦ بلیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتی دایە حکومەت. کۆمپانیاکە لە دواجاردا دەکرێت ببێتە خاوەنی پاڵاوگە گەورەکانی تەکسان، کە لە ئێستادا سەربە کۆمپانیایەکی نەوتیی حکومەتی ڤەنزوێلان بەناوی PDVSA، چونکە کێڵگە نەوتییەکان لە بری قەرزە وەرگیراوەکان دانراون.


ڕۆزنەفت بە بەهای ١٣ بلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە هیندستان کردووە _کە نرخێکی بەرزی نائاساییە بۆ دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی نەوت_ هاوکات هەوڵیداوە بڕە نرخێکی زیاتر لەوەی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی بدات و پەرە بە پەیوەندیەکانی ڕوسیا بدات لەگەڵ وڵاتەکە، کە بەردەوام هەر هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە.


سیچین لە سەرەتای ئەمساڵ لە چاوپێکەوتنێکی دەگمەندا لەگەڵ فرانکفۆرتەر ئەلجیمین زەیتونگ بە متمانەوە وتی هەریەک لە ڤەنزوێلا و کوردستان قەرزەکانیان بە تەواوی دەدەنەوە و ڕەتیشی کردەوە ڕێکەوتنەکان سیاسی بن.


لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا خۆی وەک سیاسی دەبینێت، ئەم بازرگانە ٥٧ ساڵه دەڵێت :«ئەوە پرسیارێکی قورسە.» زۆرجار هەستەکەی دەڵێی چەندین ژیانی جیاواز ژیاوی.


«پێم وایە باشترین وەڵام وشەی بەڕێوەبەرە».سیچین لە سانت پترسبۆرگ لەدایک بووە، لە ساڵانی هەشتاکان وەک وەرگێڕی سەربازی نێردرا بۆ مۆزەمبیق و ئەنگۆلا، کە لەوێ مۆسکۆ و واشنتۆن شەڕی نوێنەرایەتییان دەکرد.


پوتین لە سەرەتای نەوەدەکانەوە سیچین دەناسێت و کاتێکیش چووەسەر دەسەڵات بردی بۆ مۆسکۆ. سیچین بۆ بەنیشتیمانیکردنی پیشەسازی نەوتیی روسیا یارمەتی پۆتینی دا و لە ساڵی ٢٠١٢ بووە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕۆزنەفت.


 

،،

سەرچاوەکان دەڵێن ڕۆزنەفت کۆتا بڕی ١.٨ بلیۆن دۆلاری ڕێکەوتنەکەی داوەتە هەولێر. ڕۆزنەفت و سیچین، کە هەردووکیان لەسەر لکاندنی کریمیا بە ڕوسیاوە کەوتونەتە بەر سزاکانی خۆرئاوا، بەهیچ شێوەیەک ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە کە کۆمپانیاکە چەندە پارەی داوە بۆ هێڵەکانی بۆری وزە.

کوردەکان لە زووەوە باوەڕیان وایە کە وەک هەرێمێکی خاوەن ئۆتۆنۆمی عێراق دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی ژێر خاکەکەیان گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکاندا بکەن. لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەستیان کرد بە ناردنە دەرەوەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە.


لەگەڵ ئەوەدا حکومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت هەموو گرێبەستێکی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکاندا یاخود ناردنە دەرەوەی نەوت لە کوردستانەوە بەبێ رەزامەندی عێراق نایاساییە.


ڕوسیا تاکە زلهێزی جیهانە دژی ریفراندۆم نەوەستایەوە و وتی لە خواستەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی تێدەگەین. ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا و تورکیا و ئێران هەمویان حەفتەیەک پێش ئەنجامدانی داوایان لە هەرێم کرد دەنگدانی ریفراندۆمەکە هەڵبوەشێننەوە یاخود دوای بخەن.


ئەو کاتەی ریک تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرنەکەوتوانە هەوڵیدا گفتوگۆ لەسەر دواخستنی دەنگدانەکە بکات، لەملاوە سیچین سەرقاڵی وتوێژ بوو لەبارەی گرێبەستی هێڵی بۆری وزە.


لە ڕۆژانی دوای ریفراندۆم بەرپرسانی کورد، لەنێویاندا ئاشتی هەورامی وەزیری سەرچاوە سروشتیەکان، ڕوویانکردە مۆسکۆ بۆ بینینی جێبەجێکارانی ڕۆزنەفت و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، ئەمە بەگوێرەی دوو سەرچاوەکە.


لە ٢٠ی ئۆکتۆبەر، لە گەرمەی ئاڵۆزیەکانی پاش ریفراندۆم کاتێک هێزە میلیشیا شیعەکانی عێراق بە پاڵپشتی هێزەکانی ئێران پێشمەرگەیان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دوورخستەوە، سیچین ڕێکەوتنەکەی داخست.


سەرچاوەکان دەڵێن ڕۆزنەفت کۆتا بڕی ١.٨ بلیۆن دۆلاری ڕێکەوتنەکەی داوەتە هەولێر. ڕۆزنەفت و سیچین، کە هەردووکیان لەسەر لکاندنی کریمیا بە ڕوسیاوە کەوتونەتە بەر سزاکانی خۆرئاوا، بەهیچ شێوەیەک ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە کە کۆمپانیاکە چەندە پارەی داوە بۆ هێڵەکانی بۆری وزە.