پاش نیوەڕۆی 31/1/1978یەكێك لەئافرەتەكانی ئەو ماڵەی كە شەهید ئارام لەگوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداغ لەماڵیان میوان دەبێت، ئارام ئاگادار دەكاتەوەو پێیدەڵێت ژمارەیەكی زۆری چەكدار لەخواروی گوندەكەوەن، لەبەر ئەوەی كە جلوبەرگی كوردییان لەبەردایە ئافرەتەكە نازانێت پێشمەرگەن یاخود جاش، پاش ئەوەی ئارام بە دوربینەكەی سەیریان دەكات بۆیدەردەكەوێت كە ئەو چەكدارانە جاشن.
بۆ رزگاربوون لەدەستی جاشەكان ئارام بەرەو سەرووی گوندەكە ماڵەكە جێدەهێلێتو لەدواوە یەكێك لەجاشەكان تەقەی لێدەكاتو شەهیدی دەكات، جاشەكان نازانن كە ئارامی ڕێبەری كۆمەڵەی رەنجدەرانیان شەهید كردووە.
بەپێی ناوەرۆكی نامەیەكی فوئاد مەعسووم كە 11/2/ 1978 بۆ دكتۆر كەمال فوادی ناردووەو لەپەراوێزدا باسی شەهید ئارامی بۆ كردووە، فوئاد مەعسووم نووسیوویەتی لەبەر ئەوەی شەهید ئارام هەویەی مزەوەری پێبووە جاشەكانو حكومەتیش نەیانزانیوە كە ئەوە شەهید ئارامە.
،،
بە پێی گێرانەوەكانی مەلابەختیار،" شەهیدئارام، بوونی نەوشیروان مستەفای لە سەركردایەتیی كۆمەڵەدا، پێ گرنگ بوو، كاك ئارام ڕەفیقی كاك نەوشیروان بوو، بەڵام ئەیوت قەت قبووڵ ناكەم كاك نەوشیروان ببێتە سكرتێری كۆمەڵە.
شاسوار جەلال ناسراو بە (ئارام)، ساڵی 1947 لەگەڕەكی (حاجی حان) ی شاری سلێمانی لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچكەی ماوەتو چوارتا تەواوكردووەو، قۆناغی ئامادەیی لەسلێمانی تەواوكردووە، ساڵی 1964 لەبەشی میكانیك، كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی كەمی توانای بینای چاوەكانی، وەرگرتنەكەی رەتكراوەتەوەو بەناچاری چووەتە كۆلێژی بازرگانیو لەساڵی 1969 - 1970 تەواویكردووە.
ئەو ئەندامی چالاكی یەكێتی قوتابیان بووە، لەساڵی 1974 وەك نوێنەری سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بەشداری كۆنگرەی لاوانی جیهانی لەمۆسكۆ كردووە.
لەكۆنگرەی سەرتاسەری قوتابیانی عێراقدا لەساڵی 1969، بەئاشكراو تەواوەتی رۆڵی كاریگەرو پێداگریی لەسەر خواستو ئاواتی قوتابیان دەركەوت كە لەناو هۆڵی كۆنگرەدا روو بەڕووی پیاوانی رژێم لە (یەكێتی نیشتمانی قوتابیانی عێراق) وەستایەوەو لەگەڵ هاوڕێكانیدا لە (نوێنەرایەتی قوتابیانی كوردستان) كشانەوەو هۆڵی كۆنگرەیان بەجێهێشت.
شەهید ئارام، رۆژنامەنووسێكی چالاك بووەو لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا چەندین بابەتی گرنگی لەڕۆژنامەی هاوكاریی بڵاوكردووەتەوەو لەگەڵ لاپەڕەی " سیاسەتی دەرەوە"ی رۆژنامەی هاوكارییو دواتریش رۆژنامەی برایەتی لەكۆتایی ساڵی 1973 و سەرەتای ساڵی 1974 بەگۆڕانكارییەكانی سیاسەتی جیهانی ئاشنابووە، لەو رووشەوە سەبارەت بەزۆربەی رووداو و بەسەرهاتەكانی ئەو رۆژگارە، وتارو شیكردنەوەی هەبووەو رای خۆی دەربڕیووە.
لەو سەردەمە دژوارەی كە سەركردایەتی كۆمەڵە كەوتە بەر شاڵاوی رژێمو هەندێكیان شەهیدكرانو هەندێكیش زیندانی كران، ئارام لەو بارودۆخە ناسكەدا كە كۆمەڵە زەبری كوشندەی بەركەوتو بێ سەركردە مایەوە، ئەو توانی شیرازەی رێكخستنەكان لەترازان بپارێزێت.

،،
بەوتەی ئارام بارزانی نەك هەرلەگەڵ رەوتی شۆڕشی گەلاندا نەڕۆشتووە، بەڵكو شۆڕشی كوردی چەند هەنگاوێك بەرەو دواوە هێناوەو گەورەترین جەزرەبەی بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد گەیاندووە، كە سوڵتەی دیكتاتۆریانەی خۆی بەسەردا سەپاندو بزوتنەوەكەی خستە مستی دوو دوژمنی سەرسەختی كورد كە ئەوانیش ئێرانو ئەمەریكا بوون.
ئارامو ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلوول
لەوتارێكیدا كە لەناوەراستی مانگی مارسی ساڵی 1976دا نووسیویەتیو پاش دوو ساڵ بەسەر شەهیدبوونیدا بەناوی كۆمیتەی هەرێمەكانەوە بڵاوكراوەتەوە.
ئارام پێیوایە ڕێكەوتنی جەزائیری نێوان ئێرانو عێراق هۆكاری سەرەكی رووخانو نسكۆی شۆرشی ئەیلوول نەبووە، لەوتارێكیدا كە پاش ساڵێك لەنسكۆ نووسیویەتی، دەڵێت:" ئەو ڕێكەوتنە تاكە هۆكار یان هۆكاری بنچینەیی ئاشبەتاڵ نەبوو، بەڵكو گەلێك هۆكاری بنچینەییو گرنگ پێش ئەو ڕێكەوتنە كەڵەكە بوو بوونو بزوتنەوەكە قاوغێكی بەتاڵو زەبەلاحی مابووەو بۆ رووخانی تەنها پاڵێكی وەكو رێكەوتنەكەی ئێرانو عێراقی پێوویستبوو، چونكە ئەگەر وانەبێت چۆن بزووتنەوەیەكی زل، وا زوو بەئاسانیو دەستو برد و بێ قەیدو مەرج ئاشبەتاڵی لێدەكرێت".
بەوتەی ئارام بارزانی نەك هەرلەگەڵ رەوتی شۆڕشی گەلاندا نەڕۆشتووە، بەڵكو شۆڕشی كوردی چەند هەنگاوێك بەرەو دواوە هێناوەو گەورەترین جەزرەبەی بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد گەیاندووە، كە سوڵتەی دیكتاتۆریانەی خۆی بەسەردا سەپاندو بزوتنەوەكەی خستە مستی دوو دوژمنی سەرسەختی كورد كە ئەوانیش ئێرانو ئەمەریكا بوون.
ئارام لەو وتارەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە بارزانی دەبوایە شۆڕشەكەی نەخستایەتە دەستی ئێران، ئەو پرسیوویەتیو نووسیوویەتی:" بارزانی بۆچی بەئاسانی خنكاندنو شەهید كردنی قازی محەمەدی بیرچووەوە، خۆ هیچ نەبێت دەبوو فەرمانی خنكاندنەكەی خۆی بیر نەچووایەتەوە كە ئێران بۆی دەركرد".
ئارام پێیوابووە كە نابێت كۆمەڵە لەناو یەكێتیدا بتوێتەوە
شەهید ئارام پێیوابووە كە دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ چینی بۆرجوازی كوردستاندا بكرێتو حسابی تایبەتیان بۆ بكرێتو بڕوایشیوابووە كە نابێت بەرپرسیارێتیان بدرێتێ لەشۆڕشی نوێدا، چونكە بەبڕوای ئەو، ئەوان خۆیان دەخزێننە ناو سەركردایەتی شۆڕشە نوێیەكەوەو شۆڕش تووشی لە ڕێلادان دەكەنو بەرەو هەڵدێریشی دەبەن.
ئارام بڕوای وابووەو بەردەوامیش ئەوەی دووپات دەكردەوە كە پێوویستە لەناو نیمچە بەرەی یەكێتیدا، دەبێت " كۆمەڵەی ڕەنجدەران" سەربەخۆیی ئایدۆلۆژییو رێكخستنو بیرورای پارێزراوبێتو نابێت ئایدۆلۆژیای كۆمەڵە لە بۆتەی یەكێتیدا بپوكێتەوە، یان لاواز ببێت.
بەوتەی مەلا بەختیار، شەهیدئارام، ئەگەرچی كارێكی ئێجگار زۆری بۆ دامەزراندنو گەشەپێدانی "ی ن ك" كردووەو لە مامجەلایشی، وەكوو ڕێبەرێكی گەورەی بزووتنەوەی نیشتمانی ڕوانیوە، دیسان هەرگیز ئامادە نەبووە، دەست لە سەربەخۆیی كۆمەڵە هەڵبگرێت، واتە تواندنەوەی كۆمەڵە لە بۆتەی یەكێتیی نیشتمانیدا، ئەوەی كە نەوشیروان مستەفا، پاشی 10 ساڵ لە شەهیدبوونی ئارامو لە كۆنگرەی یەكی یەكییەتیدا، ئەنجامی دەدات.
شەهید ئارامو بیری عێراقچێتی لەناو كۆمەڵەدا
بەوتەی برام جەلال نووسەری كتێبی "چەپكێك لە مێژووی كۆمەڵە" لەپاش نسكۆی شۆڕی ئەیلوولو گرتنی زۆربەی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵە، كۆمیتەی هەرێمەكانی دامەزراند، وەكو برایم جەلال باسی كردووە، شەهید ئارام پێشتر وازی لەكۆمەڵەی رەنجدەران هێناوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە بەر لەگیرانی ئەندامانی كۆمەڵە هەوڵەكەیان بۆچەسپاندنی بیری عێراقچێتی سەری نەگرتووە، بەڵام گرتنی بەكۆمەڵی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵەی بەهەل زانیوە بۆ درووستكردنی كۆمیتەی هەرێمەكانو كۆكردنەوەی ئەندامە كۆنەكانی كۆمەڵە، ئەوانەی پێشتر وازیان لەكۆمەڵە هێنابو و خاوەنی بیری عێراقچێتی بوون.
برایم جەلال كە ئەو دەمە خۆی كەسێكی دیاری ئاراستەی كوردستانیبوونی كۆمەڵە بووە، باسلەوە دەكات كە ململانێی نێوان عێراقچییەكانو ئاراستەی كوردستانیبوونی كۆمەڵە دوو ساڵی خایاندووەو لەمایسی ساڵی 1972دا لایەنگرانی بیری عێراقیبوون، لە كۆمەڵە چوونەتە دەرەوەو پاش ئاشبەتاڵ سەریان هەڵداوەتەوە.
هەر سەبارەت بە وازهێنانی شەهید ئارام لەكۆمەڵە، خاوەنی كتێبی "چەپكێك لە مێژووی كۆمەڵە" دەڵێت:" لە مانگی 5ی ساڵی 1973لەڕێگەی ڕێكخستنەوە ئاگادار كراین كە هەندێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرو چەند هاوڕێیەكی ئاستی سەرووی كۆمەڵە وازیان لەكار هێناوە، لەوانە كاك نەوشیروان بەهۆی سەفەرییەوە بۆ وڵاتی نەمساو شاسوار جەلال "شەهید ئارام" لەبەر ئەوەی كە ڕەوتی كۆمەڵە لەگەڵ بۆچوونی ئەودا نەگونجاوە.

،،
شەهید ئارام لەهیچ كام لەو كۆبوونەوانەدا نەكردوە كە مام جەلال دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان بۆ ڕێكخستنەوەو هەماهەنگی نێوان بزوتنەوەی سۆسیالیستیو كۆمەڵەو خەتی گشتی سازی داوە
ئارام بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی یەكێتی نەكردووە
هەرچەندە شەهید ئارام ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە لەسەر حسابی كۆمەڵەی ڕەنجدەران، بەڵام تا ساتی شەهید بوونی بەشداری یەك كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتیش نەكردووەو ئیلتیزامیشی بەبریاری كاری هاوبەشی نیمچە بەرەی یەكێتییەوە نەكردووە، بەتایبەت دانی بە سەركردەكانی باڵی بزووتنەوەی ناو نیمچە بەرەی یەكێتی " عەلی عەسكەریو دكتۆر خالیدو رەسووڵ مامەندو تایەری عەلی والیو سەعدی گچكە"دا نەناوە.
تالیب مۆریاسی كە ئەو سەردەمانە لەكۆمیتەی هەڵمەت كاری كردوەو بەوتەی خۆی ئەندامی سەركردایەتی ناوخۆی كۆمەڵەش بووە باسلەوە دەكات كە پاش ئەوەی مام جەلال نامەیەك بۆ شەهید ئارام دەنێرێتو داوای لێدەكات كە كۆمەڵە هاوكاری باڵی بزوتنەوەی سۆسیالیستی ناو یەكێتی بەكەن، رۆژێك لە گوندی "قامیش" عەلی عەسكەری شەهید ئارام پێشكەشی خەڵكی گوند دەكات تا قسەیان بۆ بكات، بەڵام شەهید ئارام بەو پێشكەشكردنە توڕە دەبێتو دەڕواتو كۆبوونەوەكە بەجێدەێڵێت.
هەر بەوتەی تالیب مۆریاسی، شەهید ئارام لەهیچ كام لەو كۆبوونەوانەشدا بەشداریناكات كە مام جەلال دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان بۆ ڕێكخستنەوەو هەماهەنگی نێوان بزوتنەوەی سۆسیالیستیو كۆمەڵەو خەتی گشتی سازی داوە.
هەرچەندە زۆرترین باس لەناكۆكی توندی نێوانیان دەكرێت، بەڵام بەوتەی ئاوات قارەمانی، عەلی عەسكەری بەردەوام نامەی بۆ شەهید ئارام ناردووە كە زوو بێتە دەرەوە، جەختكردنەوەو داواكردنی عەلی عەسكەری بۆ ئەوەی كە شەهید ئارام بچێتە دەرەوە، رەنگە زۆرتر پەیوەندی بەناكۆكییەكانی نێوان عەلی عەسكەرییەوە هەبووبێت لەگەڵ سالار عەزیزدا، ئەو كاتەی كە هەردووكیان پێكەوە بوون لەدۆڵی جافایەتی.
ئارام، رازینەبووە نەوشیروان مستەفا سكرتێری كۆمەڵە بێت
دەگوترێت كە شەهید ئارام بیرو بۆچوونی لەگەڵ مام جەلالو نەوشیروان مستەفادا نەگونجاوە، بەڵام ئاوات قارەمانی هاوڕێ نزیكەكەی شارو شاخی شەهید ئارام باسلەوە دەكات كە ئارام بە هاتنەوەی مام جەلالو نەوشیروان مستەفا زۆر دڵخۆشبووەو پێیوابووە كە بەهاتنەوەی ئەوان لەكێشەكانی ناو باڵەكانی یەكێتی رزگاریان دەبێت.
لانی كەم پێدەچێت شەهید ئارام، نەوشیروان مستەفای لەبەرانبەر نوێنەرو سەركردەكانی باڵی بزووتنەوەی سۆسیالستیدا پێباشتر بووبێتو خۆشحاڵیشبووبێت بەگەڕانەوەی بۆ كوردستانو رەفتاركردنی لەبەرانبەر سەركردەكانی بزوتنەوەی سۆسیالستیدا، چونكە شەهید ئارام لەگەڵ ئەواندا نەگونجاوەو بیروبۆچوونیان تەواو دووربووە لەیەكتر.
بە پێی گێرانەوەكانی مەلابەختیار،" شەهیدئارام، بوونی نەوشیروان مستەفای لە سەركردایەتیی كۆمەڵەدا، پێ گرنگ بوو، كاك ئارام ڕەفیقی كاك نەوشیروان بوو، بەڵام ئەیوت قەت قبووڵ ناكەم كاك نەوشیروان ببێتە سكرتێری كۆمەڵە. كاك ئارام دڵنیا بوو كە خۆی شایستەیی تەواوی ئەو كارەی هەیەو متمانەی تەواوی ئۆرگانەكانی ڕێكخستنو هێزی پێشمەرگەی وەرگرتووە، من، خۆم پێم باش بوو، كاك نەوشیروان ببێتە سكرتێری كۆمەڵە. ئەو مەسەلەیەشم لەگەڵ كاك ئارام باس كردبوو. كاك ئارام ئەوەی قبووڵ نەبوو، دیارە كاك ئارام لە من بەئەزموونتر بوو".

شەهید ئارامو بەیاننامەو ڕاپۆرتی شوبات
دوای شەهیدبوونی شەهابو جەعفەرو ئەنوەر زۆراب، ئیدی كۆمەڵە دەكەوێتە دەستی شەهید ئارامو هاوڕێكانیو هەریەكە لەئارامو سالار عەزیزو مەلا بەختیار لە یەكێتیدا دەبنە ئەندامی سەركردایەتی.
هەیمەنەی ئارامو هاوڕێكانی لەپاش بڵاوكردنەوەی بەیانی شوباتەوە دەستی پێكردو ئەوان بەبڵاوكردنەوەی ئەو بەیانە خۆیان وەكو رابەرانی راستەقینەی كۆمەڵەی رەنجدەران ناساندو لەوێوە كۆمیتەی هەرێمەكان دروستبوو.
هەرچەندە هەر لەسەرەتای درووستبوونی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە، ململانێی كوردستانیبوونو عێراقیبوونی كۆمەڵە لەناو ئەو ڕێكخراوەدا دەركەوتبوو، بەڵام بەیانی 8ی شووباتی 1976ی شەهید ئارامو هاوڕێكانی كە بەناوی كۆمیتەی هەرێمەكانەوە بڵاویان كردەوە، بوویە بناغەی كاركردنی هێڵە عێراقچییەكەی ناو كۆمەڵەی ڕەنجدەرانو بوویشە پەیڕەوی كۆمیتەی هەرێمەكانو ئەوان كاریان لەسەر بەیانی هەشتی شووبات دەكردو تەنانەت ئەو بەیانە بوویشە بنەغەی درووستبوونی "ئاڵای شۆرش"كە لەساڵی 1986دا كە هەردوو هاوڕێی شەهید ئارام، " مەلا بەختیارو سالار عەزیز" رایانگەیاندو دەیانوویست وەكو ڕێكخستنێكی جیاواز لەناو یەكێتیدا كار بكەن.
برایم جەلال كە ئەوكاتە لەخەتی شەهید شەهابو باڵە كوردستانییەكەی كۆمەڵەبووە، باسلەوە دەكات كە بەشی یەكەمی بەیانی هەشتی شووبات باسی لاوازیو ورە رووخانی ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی كۆمەڵەی تێدابووەو ئەوان پێیانوابووە كە ترسنۆكانەو لەو كاتە ناسكەدا كوردستانیان جێهێشتووەو رایانكردووە بۆ ئێران، بەوتەی برایم جەلال شەهید ئارامو هاوڕێكانی شەهید شەهابو گیراوەكانی دیكەی كۆمەڵەیان بەوە تۆمەتباركردووەو پێیانوابووە كە بەرانبەر ڕێبازی كۆمەڵە بێباربوونو بەرەو بیروباوەڕو ئایدیای بۆرجوازی رۆشتوون.
هەر بەوتەی برایم جەلال، بەیانی هەشتی شووبات بەئاشكرا لێدانبووە لە كۆمەڵەو ڕێبازی كوردستانی كۆمەڵەو ئەو كاتەشی شاسوارو نەجمەدین" شەهید ئارامو سالار عەزیز" بەیانەكەیان نووسیوە هیچكامیان كۆمەڵە نەبوونو پێشتر وازیان لەكۆمەڵە هێناوە.
بەیانی هەشتی شووبات لەگەڵ ئەوەی كە وێستگەی تەقینەوەی هەردوو باڵەكەی ناو كۆمەڵەی رەنجدەرانبووە، سەرەتای دەستپێكردنی هەیمەنەی شەهید ئارامو هاوڕێكانیشیبوو بەسەر كۆمەڵەدا، برایم جەلال لە كتێبی " چەپێك لەمێژووی كۆمەڵە"دا باسلەوە دەكات كە ئەوان وەكو هێڵی كوردستانی ناو كۆمەڵە داوایان لەشەهید ئارام كردووە كە ئەو بەیانە رابگرێتو بڵاوی نەكاتەوە، ئەوسا پێكەوە گفتوگۆ لەسەر پێكەوە كاركردن دەكەین، بەڵام بەمەرجی بڵاونەكردنەوەی بەیاننامەكەی شووبات.
نووسەری كتێبی "چەپكێك لەمێژووی كۆمەڵە" دەشڵێت منو شەهید ئارام لەماڵی دلێری سەید مەجید لە 14-2-1976پێكەوە كۆبووینەوەو ڕێكەوتین لەسەر ئەوەی كە بەیانەكە دەستكاری بكرێتو بەیانێكیتر دەربكەن، بەتایبەت ئەوخاڵانەی كە پەیوەندییان بەسەركردایەتی كۆمەڵەو ڕێبازی كوردستانییەتی كۆمەڵەوە هەبوو.
جیاواز لەهەموو ئەو سەرچاوەو گێڕانەوانەی كە باس لە پیادەكردنی بیری عێراقیبوونی كۆمەڵە دەكەن لەلایەن شەهید ئارامو هاوڕێكانییەوە، ئاوات قارەمانی كە خۆی بەنزیكترین كەسی شەهید ئارام لەقەڵەم دەدات لەخەباتی نهێنی شارو پاشان لەشاخیش زۆربەی كات پێكەوە بوون، باسلەوە دەكات كە ئارام ئاراستەی كوردستانی هەبوووەو لەهاوینی ساڵی 1977یش لەقەرەداغ ماوەیەكی زۆر لەگەڵ فازیلی مەلا مەحمودو سامی شۆڕشدا لەسەر پرسی كوردستانی بوونو عێراقیبوونی كۆمەڵە موناقەشەیان كردووەو گوایە ئەوان داوایان لەشەهید ئارام كردووە كە پێوویستە كۆمەڵە واز لەكوردستانی بوون بێنێتو ببێت بەڕێكخراوێكی عێراقی.
رەنگە ئاوات قارەمانی تەنها كەس بێت كە پێیوابێت شەهید ئارام بیری كوردستانی بوونی بۆ كۆمەڵە پەیڕەو كردبێت، بۆیە قسەكانی هێند كاریگەرنینو پێدەچێت ئەودەمەش زۆر ئاگاداری ململانێ فیكریو ئایدۆلۆژییەكانی ناو باڵو ئاراستەكانی كۆمەڵە نەبووبێت.
رەنگە وتارێكی شەهید ئارام لەژمارە1ی " ئاڵای شۆڕش"دا كە لەمانگی ئەیلوولی 1975دا درچووە، باشترین بەڵگە بێت بۆ ئەوەی كە ئاوات قارەمانی لەم ڕووەوە نەك هەر نەیپێكاوە بەڵكو سەرباری نزیكییەكەشی لێیەوە، ئاگاداری فیكرو ئایدۆلۆژیای شەهید ئارام نەبووە.
ئارام لەژمارە 1ی ئاڵای شۆرشدا نووسیوویەتی:" شۆڕشەكەمان بریتیی نییە لە بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی تەسكی گەلی كورد، بەڵكو شۆڕشی دیموكراتی گەلی عێراقەو لەكوردستانەوە بەهۆی تەقینەوەی ناكۆكییەكانەوەو هەروەها لەسایەی باش هەڵكەوتنی كوردستانەوە دەستیپێكردووە".