خوێندنەوەیەك لە ڕوانگەی ئەزموونی ڕۆژئاواوە

2021-06-10

کاتێك لە سەرەتای نەوەتەکاندا، تورکیا فشارێکی زۆری خستە سەر ھەرێم و شەڕ لە سنور گەرم بوو، پەکەکە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکدا لەگەڵ حکومەتی ھەرێم، ڕازی بوو بەوەی ھێزەکان و بارەگای سەرکردایەتی بگوازێتەوە بۆ قەندیل. بەوەش یارمەتی خۆی و ھەرێمیشی دا، توانرا بۆ ماوەیەکی زۆر ببێتە چارەسەرێکی مام ناوەندی و فشار لەسەر ھەرێم کەمبێتەوەو پێواژۆی ئاشتیش دەست پێبکات.

بەڵام لە ئێستادا، بەھۆی زیاد لە ھۆکارێكەوە، لەوانەش، شکستی پێواژۆی ئاشتی و ھەڵەی لایەنی کوردی وگۆڕین و دڕبوونی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکەدا، دۆخەکە گۆڕانی گەورەی بەسەردا ھاتووە. ئەمەش وایکردووە، ڕێکەوتنە کۆنەکە توانای ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و ڕووبەڕوبوونەوەی ھەڕەشەو فشارەکانی نەمێنێت و پێویست بەوە بکات ڕێکەوتنێکی نوێ نەك شەڕ، جێگەی بگرێتەوە.

لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، بەسەرنجدان لە وقیعی ئێستای شەڕو ھەڕەشەکان لەنێوان پەکەکەو تورکیاو ھەرێمدا، کورد و پەکەکەو ھەرێم، دەکەونە بەردەم چەند بژاردەیەکەوە، لەوانەش:

١- بڕیاردانی بەرگریکردنی ھاوبەشی پەکەکەو ھەرێم دژ بە لەشکرکێشی و داگیرکاری تورکیا.
٢- بەرگریی پەکەکەو بێ دەنگبوونی ھەرێمی کوردستان و درێژەدان بەدۆخی ئێستا.
٣- ھەڵگیرسانی شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە کە دەبێتە شەڕی نێوان ھەرێم و پەکەکە چونکە لە ئەگەری ڕوودانیدا، بەو ناوەوە دەکرێت.
٤— ڕێکەوتنێکی نوێی نێوان ھەرێم و پەکەکە، لەپێناو لێکتێگەیشتن و یەکتر تەواوکردنی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە گەڕێکی تری شەڕی نێوخۆی کوردی و یارمەتیدانی ھەرێم و بەفیڕۆنەدانی تواناکان و لاوازکردنی پاساوی دەستی تورکیا بۆ درێژەدان بە لەشکرکێشیەکەی .

گەر سەرنج بدەینە ئەم بژاردانەی بەردەم کوردو پەکەکەو ھەرێم لە ئێستادا، گومانی تێدا نیە، بژاردەی چوارەم، واتە ڕێکەوتن و تەگبیری ھاوبەش و پارێزگاریکردن لە تواناکان، نەتەوەیترین، ئەخلاقیترین و عەقڵانیترین بژاردەیە،چونکە:

ا- بژاردەی یەکەم ناواقیعیەو وەھمە گرەو لەسەر ئەوە بکەین و پێمان وابێت، ھەرێم توانای شەڕی تورکیای ھەیە.
ب- بژاردەی دووەمیش وا دەکات بەشێکی بەرینی ھەرێم بکەوێتە ژێردەستی ڕاستەوخۆی لەشکری تورکەوە.
ج- شەڕی ناوخۆی کوردیش، بۆ پەکەکەو ھەرێمیش، نەھامەتی و قەیرانی جۆراوجۆری بەدواوە دەبێت وئەو بژاردەیە ھەموان دەبێت خۆی لێ بەدور بگرن، لەبەرئەوەی دەبێتە ھۆی:
١- بەفیڕۆدانی توانایەکی زۆری ماددی و مرۆیی ھەردوولا.
٢- بڵاوبوونەوەی زۆرتری بوغزو کینەی سیاسی و دژایەتی سێ پارچەی کوردستان بۆ یەکترو کاڵبوونەوەی زۆرتری ناسنامەی نەتەوەیی و بێ ڕەنگکردنی زیاتری مەسەلەی کوردستان لە جیھاندا .
٣- بوارکردنەوەی زیاتر بۆ دەستێوەردانی ناحەزان، لە کاروباری نێوخۆی ھێزە کوردییەکان وپەیوەندییەکانی نێوانیان.
٤- قوڵترکردنەوەی کێشە وقەیرانە ناوخۆییەکانی ھەرێم و دابەشبوونە نێوخۆییەکانی و لاوازترکردنی پێگەکەی.
٥- زیاتر لێکدوورکەوتنەوەی ھێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا لەیەکتری و شکستی ھەوڵەکانی پێکھێنانی ئیدارەیەکی ھاوبەش، کە جگە لە کورد، داخوازییەکی ھاوپەیمانانیشە.
٦- ناچارکردنی زۆرتری ھێزە کوردییەکان بۆ پاشکۆیی و سازشی زیاتر بۆ دەرو دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکە.

پەکەکەو ئەزمونێك لە خۆرئاوای کورستانەوە:

گرنگە سیاسەتمەدارو ھێزی سیاسی و سەربازی و سەرکردە، سوود لە ڕابردوو وەربگرێت، بۆئەوەی ھەڵەکان دووبارە نەبنەوەو ئەزمونەکان یەکتری تەواو بکەن.
لێرەشەوە ئەگەر چاوێك بە ئەزمونی ڕۆژئاوادا بخشێنین، تێدەگەین کە، ململانێ و لێکتێنەگەیشتن وسازش بۆیەکتر نەکردنی ھێزە کوردیەکان لە رابردوودا، بە زیانی گەەرەوکارەسات بۆسەر مەسەلەی کوردستان و بە قازانجی دوژمنە ناسیونالیستەکانیان کۆتایی پێھاتووە و شکاوەتەوە.

بۆ نمونە، سەردەمێ تورکەکان ڕازیبوون بەوەی لەشکری ڕۆژ لە سنورەکانی نێوان ڕۆژئاواو تورکیا جێگیر بکرێن. کەچی لایەنی باڵادەستی ڕۆژئاوا ئەم بژاردەو دەرفەتەی ڕەتکردەوە؟! ئەمەش وایکرد، ڕەوشەکە بە داگیرکردنی ئەو ناوچانەو بەشێکی بەرچاو لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاو ھاوپەیمانە جیھادییەکانی و دەرھاویشتەکانی، کۆتایی پێبێت!

،،

ئێستاش دۆخەکە سەبارەت بە پەکەکەو پارتی و ھەرێم ھاوشێوەی دوێنێیە، بەڵکو خراپتریش، لەو سۆنگەوە کە سەبارەت وڵات و ناوەندو کەس ھەبوون، ھاوسۆزی ڕۆژئاوابن و ھەوڵی وەستاندنی لەشکرکێشیەکە بدەن. لە کاتێکدا سەبارەت بە قەندیل لە سۆنگەی بوونی پەکەکە لە لیستی تیرۆری خۆرئاوادا ڕەوشەکە جیاوازە.

لاوازکردنی ھەرێم و، گەر کرا تیابردنیشی، کە خواستی ھاوبەشی چەندین ھێزو دەوڵەتە لەناوچەکەدا، ڕەھەندی ئاڵۆزتر دەخاتە سەر کێشەکە. لەم ڕوانگەشەوە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەگەر ھەندێك لوتکە چیاو شوێن، کە ئێستا بەدەست پەکەکەوەن، بە گوێرەی ڕێکەوتنێك ڕادەستی پێشمەرگە بکرێن باشترو ڕوسورکەرتر نیە، لەوەی، یەك لە دوای یەك بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیاوە کە کشانەوەیان لەو شوێنانە کارێکی ھەروا سانا نابێت؟! ئایا ئەم بژاردە باشترە
یاخود بەم ھۆیەوە گەڕێکی تری شەڕی گەریللاو پێشمەرگە دەستپێبکات؟!

بەوەش لەیەك کاتدا، خاك و تواناو ھەستکردن بە ناسنامەی ھاوبەشی نەتەوەیی و ھاوچارەنوسیمان لە دەست بچێت؟ لەوسۆنگەوە کە ئەزمونی خۆرئاوا نیشانمان دەدات، کە بەرگریکردنی تاسەرو پارێزگاریکردن لەو ناوچانە، ڕەنگەبۆ پەکەکە ئاسان نەبێت و مەسەلەکە تەنھا دەبێتە تۆمارکردنی ھەڵوێست و نەبەردی، چونکەلە ئێستادا تورکیا خوازیاری شکستێکی گەورەی سیاسی و سەربازی لایەنی کوردی و پەکەکەیە، ھاوکێشەکانیش لە قازانجی ئەودان، تورکیا خوازیاری دوپاتکردنەوەی ئەزمونی پڵنگەکانی تامیل بەسەر قەندیلدا و ڕێگریکردنە لەوەی ھەدەپە، بتوانێت ڕۆڵی سیاسی خۆی لە قۆناغی داھاتوودا بگێڕێت.

ھەروەھا دەیەوێت ئەوەی بۆ ئێران لەگەڵ ھێزە کوردیە ناڕازییەکانی چۆتە سەر، واتە قەدەغەی ھێرشی سەربازی لە ھەرێم بۆسەر ھێزەکانی و کەمپنشینی، ھەمان شت بۆ ئەمیش لەگەڵ پەکەکەدا بچێتە سەر. واتە لە سنورەکانی دووریان خاتەوەو پێشمەرجەکانی شۆڕشی چەکداریان لەناو بەرێت. ناچار بە پاشەکشە بۆ شارباژێرو دەستبەرداری خەباتی چەکداریان بکات.
ئەمەش بیرکردنەوەیەکی نائاسایی وستراتیژی دەخوازێت، لە پێناو پارێزگاریکردن لەتواناکان ودوچارنەبونی شکستێکی قورس کە قەرەبوکردنەوەی ئاسان نەبێت.

،،

ھەڵبەت، ئێمە ھەوڵنادەین لە جیاتی پەکەکە، وەڵامی ئەم پرسیارو ئەگەرانە بدەینەوە. بەڵکو تەنھا دووبارە شتەکان دەخەینەوە پێشچاویان و یارمەتیان دەدەین.

ماوەتەوە بڵێین:

ئەرکی ڕوونەدانی گەڕێکی تری شەڕی ناوخۆی کوردیش، لە نێوان پەکەکەو پارتی و ھەرێم، ئەرکێکی ھاوبەشی نێوان پارتی و پەکەکەو یەکێتیە. دوای ئەوەش ئەرکی ھەموو ھێزو کەس و ناوەندێکی نیشتیمانپەروەرە. دژایەتی شەڕیش، تەنھا بە بانگەشە ناکرێت، بەڵکو بە کارکردن بۆ نەھێشتنی زەمینەی شەڕو ڕێکەوتنێکی نوێ لە نێوان ئەو سێ لایەنەو ھەرێم و پەکەکە، دێتەدی.

لایەنگری کوێرانە بۆ لایەنەکان و مامەڵەی پڕوپاگەندانەو نەفرینکەرانە لەگەڵ پارتی و پەکەکە ش خزمەت ناکات. بەڵکو بەگشتی دەچێتە خزمەت نەیارانی پڕۆژەی کوردستانیی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا. دۆخەکە لێپرسراوێتی لە ئەستۆگرتنی سیاسی و نیشتیمانی دە خوازێت. ھەر ئەوەشە ڕێگا لە گەڕێکی نوێی شەڕو داڕوخاویەکان دەگرێت.