قاسم موسڵیح چۆن ئازاد كرا؟

2021-06-10

نزیكەی دوو هەفتە، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان حكومەتی عێراق و حەشدی شەعبی لە خراپترین دۆخیدا بوو، كە نزیك بوو لە پێكدادان، هۆكاری ئەم ناكۆكیەی ئەمجارە بەهۆی دەستگیركردنی " قاسم موسڵح" فەرماندەی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بوو، كە بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیر كرابوو، بەڵام بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی دادوەری، هیچ بەڵگەیەك لەسەر تێوەگلانی موسڵح لەبەردەست نەبووە، بۆیە ئازاد كراوە.

،،

لە كاتی دەستگیركردنی قاسم موسڵیح، شەقامەكانی بەغداد گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، لایەنگرانی حەشد بە ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتنە سەر شەقام و تا گەیشتنە ناوچەی سەوزو نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و دروشمیان دژی مستەفا كازمی دەوتەوە.

رۆژی چوارشەممە لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا، قاسم موسڵیح ئازاد كرا، هەروەها چەندین وێنەو گرتەی ڤیدیۆی بڵاو كرایەوە، كە بە شەقامەكانی شاری كەربەلادا دەسوڕایەوە، هەروەها لایەنگرانی حەشدیش بە سەربڕنی حوشتر و بزن، خۆشحاڵیان بە ئازاد كردنی دەربڕی، لەم كاتەشدا زۆرترین پرسیار دروست بوو، كە بۆچی قاسم موسڵیح لە تۆمەتێكی گەورەوە بێ تاوان دەرچوو، چۆن دەكرێت ئەو دادوەرەی فەرمانی گرتنی بۆ دەكردووە، هەرخۆی فەرمانی ئازاد كردنی بۆ دەربكات، ئەگەر بێ تاوانە بۆ دەستگیر كرا، ئەگەر تاوانبارە بۆ ئازاد كرا؟

حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری:
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق لە سەر ئازاد كردنی قاسم موسڵیح لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" ئازادكردنی قاسم موسڵیح بەهۆی ئەوەوە بوو، كە هیچ بەڵگەیەك لە دژی بەردەست نەبوو"، ئاماژە بەوەش دەكات كە" كاتێك تاوانی كوشتنی ئەیهاب وەزنی چالاكوانی كەربەلایی ئەنجامدرا، موسڵیح لە دەرەوەی وڵات بوو".

ئەنجومەنەكە دەشڵێت:" بنەماڵەی وەزنی لەكاتی وەرگرتنی وتەكانیاندا، هیچ بەڵگەیەكەی یاساییەكان لەسەر ئەو نەوتووە، ئەمە جگە لەوەی لیژنەكانی لێكۆڵینەوە هیچ بەڵگەیەكیان دەست نەكەوتووە، هەرچەندە هەوڵێكی زۆریان داوە".

،،

بەڵام سەرچاوەیەكی فەرمی بە ماڵپەڕی " الحرە"ی وتووە كە" ئازادكردنی موسڵیح بەهۆی فشارەكانی سەر ئەنجومەنی باڵای دادوەریەوە بووە"، دووپاتیشی دەكاتەوە" حكومەتی عیراق بەڵگە و تۆماری پێویستی پێشكەش كردووە، كە قاسم موسڵیح تاوانبار دەكات، هەروەها خودی خۆیشی دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، بەڵام دادوەر ئەو بەڵگانەی بە بەڵگەی پێویست دانانەوە".


ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت:" ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە هەر ئەو دادوەرەی فەرمانی گرتنی بۆ دەركرد، هەرخۆی فەرمانی ئازاد كردنی دەكردەوە،ئەگەر بەڵگەی پێویست نیە،بۆ هەر لە بنەڕەتدا دەستگیر كرا"
سەرچاوە فەرمیەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە" حكومەتی عیراق بە كاری خۆی هەستا، بەڵام لەلایەم دادگاوە دەستی بەسرا".
ئەو دادوەرەی فەرمانی ئازادكردنی بۆ قاسم موسڵیح دەركرد، دادوەرێكی سەر بە لیژنەی ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵیە كە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پێكهێنراوە،كە لەلایەن ئەحمەد ئەبو رەغیف وەزیری ناوخۆوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
سەرچاوەكەی كەناڵی " الحرە"، دووپاتی دەكاتەوە، كە كەیسەكە كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو" حكومەتی عیراق بەدوای بەڵگەی نوێدا دەگەڕێت".
ئەوەی ڕوویدا، بەشێك بوو لە موراوەغەی دوور مەودای حەشد، هەروەها مامەڵەی گروپە چەكدارییەكان بەڵگەیە لەسەر ئەو فشارە زۆرەی كە خستویانەتە سەر حكومەتی عیراق.


لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی حكومەتی عیراق بە ئاژانسی " فرانس پرێس"ی وتووە، كە "دادگا بەرپرسە لە ئازاد كردنی قاسم موسڵیح، ئێمە وەك حكومەتی عیراق بەڵگەی تەواومان خستۆتە بەردەستی دادگا، بەڵام ئەو دادوەرە كە بڕیری ئازادكردنی داوە، ئەمەش بەهۆی فشارێكی زۆرەوە بووە".
ئەو بەڵگانەی كە حكومەتی عیراق پێشكەشی كردوون، بریتی بووە، لە " پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان قاسم موسڵیح و بكوژی ئەیهاب وەزنی، هەروەها شایەتحاڵ و وتەی كەسوكاری قوربانیەكە و نامەی هەڕەشە لێكردن دراوە بە دادگا"،بەڵام دادگا ئەمانەی بە بەڵگەی پێویست بۆ هێشتنەوەی قاسم موسڵیح دانەناوە.
لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا، قاسم موسڵیح " پشتگیری هەموو ئەو لایەنانە دەكات كە پشتگیریان كردووە، بە تایبەت خەڵكی رۆژئاوای عیراق"

،،

موسڵیح لە لێدوانێكیدا بۆ فرانس پرێس دەڵێت:" دەستەی دادوەری گەیشت بە حەق، كارەكانی بە زوترین كات تەواو كرد، ئەمڕۆ حەق ڕێگای خۆی گرتەوەو ئازاد كرام".


هەروەها سەعد ئەلسەعدی بەرپرسی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق لە كەربەلا ، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا، دەڵێت:" ئازادكردنی قاسم موسڵیح سەركەوتن بوو بۆ حەشدی شەعبی".
ئازادكردنی قاسم موسڵیح، وا دیارە لای ئەو لایەنەش جێگای تێڕامانە كە دەستگیریان كردبوو، چونكە ئاگاداری ئازادكردنەكەی نەبوون.
لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەڵێت:" ئێمەش ئەوەمان بینیوە كە لە میدیاكانەوە بڵاو كراوەتەوە، لە راستیدا ئاگاداری ئازادكردنەكەی نەبووین،چونكە هیچ شتێكی فەرمی بە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان نەگەیشتووە".

كاردانەوەكان:

دوای ئازادكردنی قاسم موسڵیح، لایەنگرانی حەشدی شەعبی چەندین گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەیان بڵاو كردەوە، كە پێشوازی لێدەكەن و ئاژەڵ سەردەبڕن، هەروەها بە وتنەوەی دروشمی ئاینی پێشوازیان لێدەكرد.
بەڵام بنەماڵەی ئەیهاب وەزنی، ئاماژە بەوە دەكەن، كە قاسم موسڵیح پێش كوشتنی ئەیهاب هەرەشەی كوشتنی لێكردووە.
دایكی ئەیهاب دەڵێت:" موسڵیح بە ئاشكرا هەڕەشەی لە كوڕەكەم دەكرد و دەیوت دەیكوژم".
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تاكو ئێستا نویكەی600 كەس بوونەتە قوربانی، هەروەها 70 چالاكوانیش ڕووبەڕووی كوشتن یان هەوڵی كوشتن بوونەتەوە،ئەمە جگە لەوەی دەیان كەس ڕفێنراون.