پارتی و سەدرییەکان و حکومەتی نوێی عێراق

2021-06-10

لەم دوایانەدا زنجیرەیەك چاوپێكەوتن و دیدار لە نێوان نوێنەرانی ڕەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، ئامانج لەم دیدارانە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە، بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی هەردوو لایەن كۆتایی پێبێت و سەرۆكایەتی حكومەتی عیراق بە ویستی سەدر بێت و سەرۆكایەتی كۆماریش بۆ پارتی بێت، بەمەش كۆتایی بە پشكی پارتەكان و تەوافوقی لایەنەكان دەهێنن.


لێكتێگەیشتنە یان هاوپەیمانی؟

هەرچەندە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانەكانیاندا باس لەوە دەكەن، كە پێش هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانێتی لەگەڵ هیچ لایەنێك نابەستن، بەڵام چاودێرانی دۆخی عیراق ئاماژە بەوە دەكەن، كە نزیك بوونەوەیەكی گەورە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕەوتی سەدر ڕوویداوە، جوڵەكانیشیان باشترین گەواهیدەری ئەم بۆچوونەیە.

ماجید شەنگالی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، لەگەڵ ئەوەی دووپاتی دەكاتەوە، كە هیچ هاوپەیمانێتیەكیان نەبەستوە،

،،

بەڵام ئاماژە بە نزیكبوونەوەی پارتەكەی لەگەڵ ڕەوتی سەدر دەكات و دەڵێت:" ڕەوتی سەدر جۆرێك لە میانڕەوی تێدایە، ئەوان دەیانەوێت ئەمجارە حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنن"، ئاماژە بەوەش دەكات كە" رەوتی سەدر لە ڕووی بڕیاری مەركەز و كۆنترۆڵ كردنی ئەندامەكانی تا ڕادەیەكی زۆر لە پارتی دەچێت".


شەنگالی لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت:" ئەوەی لە نێوان ئێمە و سەدر ڕوویداوە، نزیك بوونەوەی تێڕوانیەكانە و ئامادەكاریی و سەرەتایەكە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنەكان"، شەنگالی دووپاتی دەكاتەوە كە پارتەكەی لە چەكی سەدرییەكان ناترسێت، بەڵكو" لە چەكی گروپە چەكدارییەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەترسێت، كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەو ناوچانە ڕۆڵێكی كارا و یەكلاكەرەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبینن".
لە بەرەی هۆكاری نزیك بووەنەوەی پارتی و ڕەوتی سەدر، ریاز عەوادی سەركردە لە رەوتی حیكمە دەڵێت:" مەسعود بارزانی دەیەوێت بڕیاری كورد وەك پێشوو بیگێڕێتەوە بۆ لای خۆی".

وتاری نوێی كوردی:

ئەمە یەكەمجار نیە كە پارتە كوردییەكان لێكتێگەیشتیان لەگەڵ پارتە شیعی و سونیەكان هەیە، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانێتی ببەستن،كە ئەم هاوپەیمانێتیە بە " تەوافوقی لایەنەكان" ناسراوە، ئەم جۆرە تەوافوقە لە ساڵی (2003)ەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت و دابەش كردنی پۆستەكان پشتی پێدەبەسرێت.
بەڵام ئەوەی نوێیە، وتاری كوردییە كە باس لە كۆتاییهاتنی تەوافوق و پشك پشكێنە بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكات، لەوەش زیاتر ئێستا پشتگیری لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە دەكەن.
شەنگالی دەڵێت:" پارتەكەی حكومەتی زۆرینەی بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن دەوێت، پێویستە تەوافوقی بەجێبهێڵین".
لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و بەشداری لایەنەكان، شەنگالی باس لە پێكهێنانی حكومەت لە نێوان سەدر و پارتی و رەوتی حیكمە و هێزە سونیەكان دەكات و دەڵێت" زۆرینەی حكومەت بەم شێوەیە پێكدەهێنرێت، ڕەوتی سەدر 75 كورسی بەدەستدەهێنن، پارتی دیموكراتی كوردستانیش 30 كورسی، ئەم كارە دەبێتە هۆی ئەوەی كە لەگەڵ لایەنە شیعیەكانی دیكە هاوپەیمانی ببەستین، وەك رەوتی حیكمە بە 20 كورسی، لەگەڵ هێزە سونیەكان بە 40 كورسی، بەمەش كۆی كورسیەكان دەبێتە 170 و حكومەت پێكدەهێنرێت".
ئەو سەركردەیەی پارتی پێیوایە، حكومەتی تەوافوقی دەبێتە مایەی داڕمانی پرۆسەی سیاسی و لەو بارەیەوە دەڵێت:" ناكرێت لەسەر حكومەتی تەوافوقی بڕۆین،وە ئەگەر حكومەتی تەوافوقی پێكهێنرا، ئەوا واتای داڕمانی پرۆسەی سیاسیە".
هەر لەو بارەیەوە، ریاز عەوادی سەركردە لە رەوتی حیكمە هاوبۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پێیوایە" بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی پێویستە لە رێگای زۆرینەی نیشتیمانیەوە بێت، ئەمەش لە ڕێگای هاوپەیمانێتی لایەنەكانەوە دەبێت كە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكان ببەزێنێت"، ئەم بۆچوونەش هەمان بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانە.


لە كۆتایشدا ، هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە تویتێكیدا كە لەسەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوی كردەوە، ڕایگەیاند لە میانەی 14 سەردانی نوێنەرانی پارتی بۆ لای سەدرییەكان، پارتی پێشنیاری بۆ سەدرییەكان كردووە، كە

،،

پارتی وەك تاكە مەرجەعی سیاسی ە بڕیاری شیعەكان مامەڵە لەگەڵ موقتەدا سەدر دەكات، لە بەرامبەریشدا سەدرییەكان بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ مەسعود بارزانی بكەن، بەوەی كە تاكە مەرجەع و بڕیاردەری كوردە.

ئەوەی ماوەتە بڵێین، ئایا ئەم هاوپەیمانێتیە و دەركردنی هێزە سەرەكیەكان دۆخی سیاسی عیراق و كوردستان بەرەو كوێ دەبات، دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد سەرۆكایەتی كۆمار وەربگرێت و لە كوردستانیش سەرۆكایەتی حكومەت و هەرێم و دادوەری و ئاسایشی بەدەستەوە بێت، لەم كاتەدا هەڵوێستی لایەنەكان بەتایبەت یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان چۆن دەبێت، بەم دابەش كارییە ڕازی دەبێت، كە لە كوردستان و عیراقدا رۆڵی نەمێنێت؟