ئاسایشی نەتەوەیی ھەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟

2021-06-26

پەروێز محمود


خودی چەمكی (ئاسایش - الامن) جیا لە ئاسایشی نەتەوەیی، ھەڵگری پێناسە و لێكدانەوەی جیاوازە، ھەندێك ئاسایش وەك ئامراز دەبینن لەو ڕەھەندەوە كە ئاسایش پێشمەرجە و ئامرازە بۆ گەشەسەندنی بوارەكانی تر و بە بێھەبوونی ئاسایشێكی پتەو قورسە كاركردن لەسەر ھەر بوارێكی تر. ھەندێكی تریش ئاسایش وەك ئامانج دەبینن لەو ڕەھەندەوەی كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە ڕێگەی دابینكردنی خزمەتگوزاریی و ژیانی شایستە و ماف و ئازادییەكانەوە بۆ چین و توێژەكان و ھەروەھا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە ڕێگەی ھاوسەنگی ھێز و مامەڵەكردنی دروستەوە دەمانەوێت بگەینە ئاسایش.

(ھێنری كیسنجەر) ی وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا لە پێناسەی ئاسایشدا دەڵێت: ئەو شێوازە لە سیاسەت و ھەڵسوكەوتە كە گرەنتی مانەوەی كۆمەلگاكەت دەكات و مامەڵەكردنە لەگەڵ وڵاتانی تر بە شێوەیەك كە نەبێتە مایەی لە ناوچوونی خۆت، ھەر وەك چۆن ھەولدانیشە بۆ زیاتر بەھێزبوون و پێشكەوتنی گەل.

لە قورئانی پیرۆزیشدا پێناسەی وشەی ئاسایش ئاماژەی پێكراوە، خوای گەورە دەفەرمووێت: ( فلیعبدوا رب ھذا البيت الذي اطعمهم من جوع و ءامنهم من خوف)
ئەم پێناسەیان وردترە چونكە وشەی (خوف) بە مانای ترس دێت بە ھەموو جۆرەكانیەوە، ترسی گیان، ترسی ئابوری، ترسی كۆمەڵایەتی و سیاسی.

سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی، ئەتوانین بە پارێزگاریكردن و بەھێزكردنی ستراتیژی نەتەوەیی و ھەروەھا پاراستنی نەتەوە لە ھەرەشەی دەرەكی و ناوەكی پێناسەی بكەین بە ھەموو جۆرەكانی مەترسییەوە .


ئاسایشی نەتەوەیی چەمكێكی فراوانە و تەنھا بە یەك ڕەھەند بەدی نایەت، بەڵكو چەند لایەنێكی سەرەكی لە خۆدەگرێت كە بریتین لەمانە:

١- ئاسایشی سەربازی: ئەم جۆرە لە ئاسایش بریتییە لە گەشەپێدانی ھێزێكی سەربازیی تۆكمە و ھەبوونی ھێزێكی نیشتیمانیی و دامەزراوەیی كە لە ژێر بەڕێوەبردنی دامەزراوەییدا بێت نەك كەس و حیزب.

٢- ئاسایشی سیاسی: بریتییە لە ئاسایشی ڕژێمی سیاسیی و یەكدەنگی نیشتیمانیی و ھەروەھا ھێنانەدی سەقامگیری سیاسیی.

٣- ئاسایشی ئابووری: مەبەست لە توانای ئابوری دەوڵەتە كە بنچینەیەكی سەرەكییە لە ڕێخۆشكردن بۆ گەشەپێدانی بوارەكانی تر، بە بێ ئابوریەكی بەھێز ئاسایشی نەتەوە لە مەترسییەكی گەورەدا دەبێت و توانای سەربەخۆیی و بەرەوپێشچوون لاوازدەكات.

٣- ئاسایشی ئاو و خۆراك: خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی خۆراك و ئاو بۆ سەرجەم دانیشتوان و كاركردن لەسەر گەشەپێدانی بەرھەمی ناوخۆیی، بەشێوەیەك كە قەیران و دۆخە ناھەموارەكان نەبنە مەترسی بۆ سەر دابینكردنی خۆراك و ئاو.

٤- ئاسایشی كۆمەڵایەتی: بریتییە لە دروستكرنی ھەستی ھاوڵاتیبوون و پێكەوەیی و ھەروەھا پاراستنی یەكپارچەیی كۆمەڵگا و پێدانی مافی ڕەوا بە چین و توێژە جیاوازەكان.

،،

ئاسایشی نەتەوەیی ھەرێمی كوردستان، بە بەراوردكردن بە پێناسەی ڕەگەزە سەرەكییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی لە دۆخێكی باشدا نییە.


لە ڕووی ئاسایشی سەربازییەوە ھەرێمی كوردستان تا ئێستا خاوەنی ھێزێكی سەربازی نیشتیمانیی و یەكگرتوو نییە و زیاتر بەلای فۆرمێكی میلیشیاییدا دەڕوات، جوڵاندنی ھێز بە دەست كەس و لایەنی سیاسییە و بە دامەزراوەیی نەكراوە، ھەر وەك چۆن لە چەند ڕۆژی پێشوودا بینیمان كە نەبوونی ھێزێكی دامەزراوەیی دەكرێت ببێتە ھۆكاری چ مەترسییەك.

لە ڕووی ئاسایشی سیاسییشەوە چونكە خاوەنی دەستورێك نین، ھەمیشە جۆرێك لە ناسەقامگیری سیاسیی ھەستی پێدەكرێت، ھەروەھا خاوەنی دامەزراوەی بەھێز و كاریگەر نین و دەسەڵاتەكانی یاسادانان و دادوەری لاواز و بێڕۆڵكراون و حیزبی سیاسیی جێیان گرتۆتەوە، تەنانەت لە ڕووی ئیدارییشەوە بە ناوەرۆك دوو حكومەتییە و دوو ئیدارەییە.

سەبارەت بە ئاسایشی ئابووری، ھەرێمی كوردستان لە ماوەی سی ساڵدا تەنھا چەند سالێكی زۆر كەم بە بێ كێشەی ئابووری بووە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا و تا ئێستاش بە جۆرێك بارودۆخی ئابووری ھەرێم لاواز بووە كە تەنانەت نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەرانیشی وەك و پێویست دابینبكات. ھۆكاری كێشە ئابوورییەكانی ھەرێم كەمی سەرچاوەی داھات نییە، بەڵكو سیاسەتی ئابووری ھەڵە و ئیدارەدانی لاواز و ھەروەھا گەندەڵی زۆرە.

ھەرچی لە ڕووی ئاسایشی ئاو و خۆراكیشەوەیە ھێشتا حكومەتی ھەرێم نەیتوانییوە گرنگیەكی ئەوتۆ بدات بەم لایەنە و ھەوڵی بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ بدات، ھەم بیكاتە سەرچاوەیەكی داھات و بازاڕی بۆ بدۆزێتەوە، ھەمیش پێداویستی ناوخۆیی پێ پڕبكاتەوە، لە ڕووی ئاسایشی ئاویشەوە تەنھا خاوەنی دوو بەنداوی گەورەین و توانای یەدەگی ئاویی ناتوانێت پێداویستی ناوخۆیی پڕبكاتەوە و لە مەترسی وشكە ساڵی و بێ بارانی بیپارێزێت. ئەمە سەرەرای ئەوەی كە ئاسایشی ئاوی ھەرێم ئەكرێت مەترسی بخرێتە سەر لە لایەن وڵاتانی دراوسێ.

سەبارەت بە ئاسایشی كۆمەڵایەتیش بەداخەوە ئەكرێت بلێین لە سەرجەم بوارەكانی تر زیاتر جێگای مەترسییە و نەك كاری پێویست نەكراوە بۆ دابینكردنی بەڵكو حكومەت خۆی ھۆكارێكە لە ھۆكارەكانی نەبوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و چەندپارچەیی كۆمەڵگا

،،

جیاوازیی ئینتیمای سیاسیی بووەتە ھۆكاری دابەشبوونێكی قوڵی كۆمەڵگا و زیاتر كردنی توندوتیژی كۆمەڵایەتی.

ھێنانەدی ئاسایشی نەتەوەیی بە كاری جددی و بەردەوامبوون دەبێت، پێویستی بە ناسینی سەرچاوە و ھۆكارەكانی مەترسییە و پاشانیش بە دانانی نەخشە و ستراتیژیەتی گونجاوە بۆ چارەسەركردنیان، ھەروەھا بە دیاریكردنی سەرچاوەكانی ھێز و گەشەپێدانانیان.