بۆچی کازمی بەشداری كرد؟

2021-06-27

گروپەكانی حەشدی شەعبی ئەمڕۆ لە پارێزگای دیالە نمایشێكی سەربازییان وەك جەژنی حەشد ئەنجامدا، لە نمایشەكەدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئامادەی بوو، كە لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەیدا چەندین جار ناكۆكی كەوتۆتە نێوانیانەوە تا گەیشتۆتە ئاستی گەمارۆ و پێكدادان، بێگومان ئامادەبوونی كازمی و نمایشەكە لەم كاتەدا پەیامی سەربازی و سیاسی-یش لەخۆ دەگرێت.

كازمی بۆچی بەشداری كرد؟

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بە مەرجی ئەوەی لە بەغداد نمایشەكە ئەنجام نەدرێت، بەشداری لە نمایشەكەی حەشدا كرد.
ئەحمەد فەراجی رۆژنامەنوسی عێراقی لەو بارەیەوە دەڵێت:" ڕێكەوتنێك لە نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و حەشدی شەعبی كراوە، بۆ ئەوەی ئاهەنگەكە لە بەغداد ئەنجام نەدرێت، ئەمەش بە فشاری كازمی بووە".
دەشڵێت:" كازمی بەڵێنی پێداون، ئەگەر نمایشەكە بگوازنەوە، ئەوە ئەویش بە شەخسی خۆی بەشداری لە ئاهەنگەكەیاندا دەكات".

،،

كازمی ویستی لەڕێگای بەشداری لە نمایشەكەی حەشد، بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپات بكاتەوە، كە چەكەكانی دەستی حەشد لەژێر فەرمانی خۆیدایە و سعودیە و وڵاتانی دراوسێی و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عیراق ناكەنە ئامانج.


ئەم مەبەستەی كازمی بە ئاشكرا دوای بڵاوكردنەوەی پۆستێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر زیاتر دەركەوت، كە حەشد و سوپا و پۆلیسی لەگەڵ یەك باس كرد، كازمی دەڵێت:" لە 6ی كانووندا بەشداریمان كرد لە نمایشی سوپای پاڵاوانمان، هەروەها پۆلیسی قارەمان، ئەمرۆش بەشداریمان كرد لە نمایشی كەسەكانمان لە حەشدی شەعبی.. دووپاتی دەكەینەوە كە كاركردنمان لەژێر ئاڵای عیراقدا دەبێت، هەروەها پاراستنی خاك و گەلەكەی واجبی سەرشانمانە".
ئەم وتانەی كازمی دوای بەشداری لە نمایشەكەی حەشد دێت، كە بەبۆنەی حەوت ساڵەی دامەزراندنیانەوە سازیان كردبوو، كە ئەوان بە " جەژنی حەشد" ناویان برد.

،،

پەیامێکی دیکەی کازمی لە بەشداری لە نمایشەکە ئەوەبوو تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو پەیوەندییەکی ئاسایی و سەقامگیری دوور لە ململانێ و پێکدادانی لەگەڵ حەشدا هەبێت،چونکە لە ئێستادا ململانێ لەگەڵ حەشد خزمەتی داهاتووی سیاسی کازمی ناکات.

پەیامی حەشد چی بوو؟

حەشدی شەعبی بە سازكردنی ئەم نمایشە سەربازییە فەرمیە، بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، پایەمی سیاسی و سەربازی خۆی هەیە.
لەڕووی سیاسیەوە، حەشد دەیەوێت بە هەمووان بە تایبەت ئەمریكا بڵێت، هەموو هێرشەكانی حەشد بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا وا بۆچوونی عیراقیشی لە پشتە، باشترین گەواهیش بۆ ئەم بۆچوونە ئەوەیە، كە ئەوەتا سەرۆك وەزیرانی عیراق وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارییەكان بەشەخسی خۆی بەشداری لە ئاهەنگی دامەزراندنیان دەكات و حەشد هێزێكی فەرمیە.
پەیامێكی دیكەی حەشدی شەعبی لە یادكردنەوەی دامەزراندنی ئەوەیە، كە دامەزراندنی حەشد گرنگ و پێویست بوو، یادكردنەوەشی پەیامی بەردەوامی حەشدی شەعبیە،فالح فەیاز سەرۆكی دەستەكەش ئەم ئامانجەی نەشاردەوە، كاتێك باسی لەوە كرد، حەشدی شەعبی لە ڕووی جل و بەرگ و تابلۆوە لە هێزەكانی دیكەی عیراق جیا دەكرێنەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە نەك نیازێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی نیە، بەڵكو زیاتر بە فەرمی دەكرێت.

،،

هەروەها لەڕووی سەربازیشەوە، پەیامی زۆری تێدابوو، لەوانە ئەوەیە حەشد ئامادەی هەموو بەرپەرچدانەوەیەكی ئەمریكایە،بەتایبەت كە لە نمایشەكەیدا چەكی دروستكراوی ئێران دەركەوتن.


هەروەها پەیامێكی دیكە ئەوەیە، كە حەشدی شەعبی ئێستا هێزێكی گەورەی حساب بۆكراوە، چونكە لەنمایشەكەیدا زیاتر لە 20 هەزار چەكدار بەشداریان تێدا كرد، سەركردەیەكی حەشدیش باس لەوە دەكات، كە سەرەتا وا بڕیار بوو نمایشەكە لە سەربازگەی " اشرف" ئەنجام بدرێت،بەڵام ئەو سەربازگەیە توانای لەخۆگرتنی هێزەكەی نەبوو، ئەم وتەیە هێندەی پەیامێكە بۆ هێزی حەشد،ئەوەندە بۆ راستی بابەتەكە نیە، كە سەربازگەكە بچووكە.