حزبوڵڵا دەمرێت، فەیروز نامرێت

2021-08-04

لوقمان غەفور


چەند ساڵێك لەمەوبەر رێمكەوتە پارێزگای جەبەل لوبنان، هاووڵاتییەك لە سیاسەت زۆر نیگەران بوو و دەیویست هەموو سەرئێشەی سیاسی ئەو وڵاتە بكاتە ملی حەسەن نەسروڵڵا و بە حزبوڵڵا-ی لوبنانی-ەوە ببەستێتەوە. پێمگوت: "حەزت لەدەنگی فەیروزە؟" بەوپەڕی شەیداییەوە وەڵامی دایەوە، كە زۆریش عاشقی دەنگی فەیروزە. پێمگوت كەواتە حزبوڵڵا دەمرێت، بەڵام فەیروز نامرێت. تێمگەیاند لوبنان موڵكی حزبوڵڵا و حەسەن نەسروڵڵا و سەركردەكانی نییە، بەڵكو موڵكی فەیروز و نموونەی وەك فەیروزە.

ئەگەر لە نیشتماندا ئەم تێڕوانینەمان هەبێت بۆ ژیان؛ ئەوا دوورمان دەخاتەوە لەوەی وڵات بە موڵكی سیاسی و حزبی سیاسی بزانین. وامان لێدەكات نیشتمان بە مۆڵكی گشتی بزانین و خۆشمان بوێت، بەقەد خۆشەویستی دایك.

،،

بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانەی هەمیشە نیشتمان لەچاوی سەركردە و حزبی سیاسی-دا كۆدەكەنەوە، لەهەر ساتێك بێت دەیانەوێت ئاگرێك لە نیشتمان بەردەن.

سەیركەن بەشێك لەوانەی كە روودەكەنە هەندەران، نە كوردستان بە نیشتمانی خۆیان دەزانن نە ئەو شوێنەی لێی نیشتەجێن. نهێنی ئەم كارە شاراوەیە لەدەروونی مرۆڤی دڵشكاو و پەنابەردا ئەوەیە كە بە دڵێكی شكاوەوە وڵاتی بەجێهێشتووە، هەموو نیشتمانی بەجێماوی لەچاوی یەكێتی و پارتی و سەركردەكانیدا بینیوەتەوە و بووە بە كەسێكی دڵ مردووی پەرگیر بەرامبەر نیشتمانی دایك و نیشتمانی نوێی.

چەند رۆژێكە لە شتێكی سەیر دەڕوانم، بەشێكی زۆری گەنجانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵن بە سووتانی ئەو سەدان هێكتار زەوییەی كە لە توركیا ئاگری تێبەربووە. ئەم تێڕوانینە زۆر خراپە، ئەمانە پێیانوایە توركیا موڵكی ئەردۆگان و ئەو سەدان سەركردە سەربازییەیە، كە هێرشی دڕندەیان كردە سەر عەفرین یان رۆژانە فرۆكەكانیان موڵك و باخ و پاوانی كوردستان دەسوتێنن بەهۆی بوردومانەوە. بەڵام توركیا موڵكی رەجەب تەیب ئەردۆگان-ی سەرۆكی توركیا نییە تا خۆشحاڵ بین بە سووتانی دار و درەختی ئەو وڵاتە. توركیا ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆگان-ی بەرهەم هێنا بێت؛ ئەوا كەسێكی وەك سەلاح دەمیرتاش و لەیلا زانا-شی بەرهەمهێناوە. ئەگەر ئێمە توركیا بە مۆڵكی ئەردۆگان بزانین، كە ئێمە بەشێكی گەورەی خاكی كوردستانی باكوور-یشمان پێشكەش بە ئەردۆگان كردووە بێئەوەی بەخۆمان بزانین.

هەموو بیرمانە وامدەزانی بۆ ئەبەد سەدام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراق دەمێنێت، كە تێكڕای ژیانی بە دیكتاتۆری بەسەر برد. بیرمە منداڵ بووین بەوە پەروەردە دەكراین كە پەنجەرەی قوتابخانە و گڵۆپی هەڵواسراوی دارتەلی شەقامەكان بشكێنین

،،

چونكە بە موڵكی سەدام و رژێمەكەیمان دەزانی. بەڵام سەدام مرد، كەچی قوتابخانە و دارتەلی شەقامەكان و گڵۆپەكانیان وەك خۆیان مان و بوون بە موڵكی نەوەیەكی دیكەی ئەم نیشتمانە.

ئەمەوێت كۆتایی ئەم تێڕوانینە بەوە بێنم، كاتێك دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بوو پێش جۆو بایدن، هەندێك خەڵكی كوردستان پێیانوابوو كە ئەمەریكا موڵكی ترەمپ-ە و ئەمەریكایان لە چاوی ترەمپ-دا دەبینییەوە، بەڵام ترەمپ رۆیشت و ئەمەریكاش نەبوو بە موڵكی ترەمپ و ناشبێت. رەنگە زۆرێك لە سەركردەكان لە ماوەی دەسەڵاتیاندا كۆمەڵێك سەروەت و سامان بپێچنەوە لەگەڵ خۆیان، بەڵام هەرگیز ناتوانن نیشتمان بپێچنەوە لەگەڵ خۆیان. بۆیە نیشتمان موڵكی سیاسییەكان نییە، موڵكی هەموانە.