پەیامەکانی ماکڕۆن!

2021-08-29

کـــارۆخ خـــۆشناو

هاتنی (ئیمانوێل ماکڕۆن) سەرۆک کۆماری فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و پێشوازی لێکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) جێگای شانازی و هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە هاتنی (ماکڕۆن) پەیامگەلێک لەخۆ دەگرێت لە ئاستەکانی (سیاسی و دیبلۆماسی و ئەمنی و ئاسایش و ئابوری و کەلتوری...هتد)


لە خوارەوە بە کورتی ئاماژە بە بەشێکیان دەکەین:

یەکەم پەیامی سیاسی و دیبلۆماسی:
کۆماری فەڕەنسا (وەک وڵاتێکی زلهێزی ئەوروپی و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش) پشتگیری و پاڵپشتی خۆی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەم سەردانەی (ماکڕۆن) پەیامێکی ڕوونی فەڕەنسایە بۆ هەماهەنگی (سیاسی و دیبلۆماسی) لەگەڵ هەرێمی کوردستان

،،

واتە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی دەبێت لە سیاسەت و ستراتیژی دەرەوەی فەڕەنسادا

هەروەک چۆن فەڕەنسا لە ڕابردوودا پشتگیری ڕاستەوخۆی دەرکردنی بڕیاری (688)ی کردووە، بەهەمان شێوە لە ئێستا و داهاتووشدا فەڕەنسا گرنگی دەدات بە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

دووەم لە ئاستی ئەمنی و ئاسایش:
هاوکاریەکانی فەڕەنسا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن بەتایبەت بۆ شەڕی تیرۆر و پشتگیریکردن لە پێگەی سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هەروەها فەڕەنسا لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتودا بەردەوام دەبێت لە مانەوی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان لە دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵ.

سێهەم لە ئاستی ئابووری و ووزە:
فەڕەنسا گرنگیەکی زۆر بە فراوانکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات لەسەر ئاستی ئابووری و ووزە، چونکە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەسەر نەخشەی ووزەی جیهانی.

چوارەم لە ئاستی کەلتوری و پێکەوەژیان:
فەڕەنسا گرنگیەکی تایبەت بە پێگەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەدات، چونکە ئەم پێگەیە (پێگەیەکی یونیک و بێ وێنەیە) لەسەر ئاستی عێڕاق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم سەردانەی (ماکڕۆن) بە هەموو پێوەرەکان سەردانێکی گرنگ و مێژووییە، چونکە وێڕای پەیامگەلی سەرەوە، پەیامێکی تایبەت ئاراستەی عێڕاق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەکات و پێیان دەڵێت کەوا پێگەی جیۆپۆڵەتیکی هەرێمی کوردستان بەلای فەڕەنساوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە و حکومەتی فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە ئەرکی پاراستنی ئەم هەرێمە وەک پێگەیەکی سەقامگیر و قەوارەیەکی دەستوری و یاسایی.

کـــارۆخ خـــۆشناو
(سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)