مام جەلال بۆ گرتنی هێرۆخان ناڕەحەت بوو

2021-09-02

" شەو سەردانی كاك كۆسرەتم كرد، شێخ جەعفەریشی لەگەڵدا بوو، پێمووتن چیتان كردووەو چ بەرنامەیەكتان هەیە، كاك كۆسرەت وتی هێزمان بۆ هەموو جێگاكان ناردووەو وەكو چیچانییەكان لەناو شاردا مقاوەمە دەكەین‌و شەڕی كۆڵانەو كۆڵان دەكەین".
وەكو خۆی لە بەرگی چوارەمی كتێبی " ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەك"دا باسیكردووە، محەمەد حاجی مەحمود، شەوی 30ی ئابی 1996، لەناو هەولێردا چووەتە لای كۆسرەت ڕەسووڵ‌و دەربارەی هێرشی سوپای عێراق‌و پارتی بۆ سەر هەولێر پرسیاری لێكردووە.


لە كۆتایی بەرگی چوارەمی بیرەوەرییەكانیدا، محەمەدی حاجی مەحمود، باسلە ڕووداوی 31ی ئاب دەكات‌و ئاماژە بەوە دەدات كە شەوی 30ی ئاب، چووەتە لای كۆسرەت ڕەسووڵ‌و پرسیاری لێكردووە كە چ بەرنامەیەكیان هەیەو دەیانەوێت چی بكەن، " پێموتن چیتان كردووەو چ بەرنامەیەكتان هەیە، وتیان هێزمان بۆ هەموو جێگاكان ناردووە، وتم هێزەكانتان لەڕووی چەندایەتی‌و چۆنایەتییەوە چۆنە؟

،،

وتیان حەڤدە هەزار پێشمەرگەمان لەم سنورە هەیەو هێزێكی باشمان لە پێشەوە داناوە، ئێمەش وەكو چیچان لەناو شاردا مقاوەمە دەكەین‌و سێ چوار مانگ شەڕی كۆڵان بە كۆڵان دەكەین".


محەمەدی حاجی مەحمود باسلەوەش دەكات كە كۆسرەت ڕەسووڵ بە دڵنیاییشەوە پێیووتووە كە ئەمەریكا ڕێگا نادات عێراق هێرش بكاتە سەر هەولێرو وتووشیەتی ئەگەر سوپای عێراق بێتە ناو هەولێرەوە هەلیكۆپتەری ئەمەریكی دێت‌و هەڵیان دەگرێت‌و دەربازیان دەكات.


محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، جارێكیتر كاك خورشیدم ناردەوە بۆ لای كاك كۆسرەت، بەڵام ئەو لەوێ نەبوو، كاك سەعدی پیرە لەوێ بوو، چەند پێشمەرگەیەكی لەگەڵدا مابوو، كاك خورشید وتی، كاك سەعدی كڵاشینكۆفێكی پێبووەو لەگەڵ پێشمەرگەكان چووەتە سەربان‌و وتوویەتی وا دامەزراین بەرانبەریان.
پاش ئەوەی خورشید دەگەڕێتەوە بۆ لای محەمەدی حاجی مەحمودو دیمەنەكەی بۆ دەگێڕێتەوە، وەكو خۆی باسیدەكات محەمەدی حاجی مەحمود وتوویەتی:" كار گەشتە ئەوەی كاك سەعدی لەسەربان بێت‌و كڵاشینكۆفی پێبێت‌و بەرانبەر سوپای عێراق دامەزرابێت، كەواتە با ئێمە چاوەڕوانی یەكێتی نەكەین‌و بڕیاری خۆمان بدەین".

وەكو محەمەدی حاجی مەحمود باسیدەكات، درەنگانێكی شەو لای بنەسڵاەوەو دارەتوو، كۆسرەت ڕەسووڵ‌و مولازم عومەرو ئەرسەلان باییزو مەلا بەختیارو سەعدی ئەحمەد پیرە دەبینێت‌و ئەوان پێیان ووتووە كە لە كاتی هەوڵدانیان بۆ دەرچوون لەناو هەولێر، فواد مەعسوم‌و دكتۆر كەمال فوادو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدكەوتوونەتە كەمینەوەو دەستگیركراون.

وەكو محەمەدی حاجی مەحمود باسیدەكات، كسرەت ڕەسوولچ وتوویەتی، عومەر فەتاح‌و كەمال فوادو فواد مەحسوم‌و هێرۆخان دیارنین‌و ئاگامان لێیان نییە، بۆیە من ناڕۆم كە ئەوان دیارنەبن.

،،
محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، مەلا بەختیار پێیووتم كە بە كاك كۆسرەت بڵێ با لەشار دەربچین‌و ئەو لە لای كاك كۆسرەت وتیشی كاكە حەمە لە كارەساتی هەكاری دەچووەو بە ئازایەتیش بۆی حساب كراوە.


پاش ئەوەی لە هەولێر دەردەچن، كۆسرەت ڕەسووڵ داوا لە محەمەدی حاجی مەحمود دەكات كە لەگەڵ مولازم عومەردا بچنە لای مام جەلال‌و بارودۆخەكەی بۆ باسبكەن، " بەر لەوەی بچینە لای مام جەلال، مولازم عومەر وتی قابیلە مام جەلال خەفەت بخوات، چەندین ساڵە ماڵی مەلا مستەفا هەر باسی 66 دەكەن، مام جەلال ئەمە بە پارە دەكڕێت‌و شتی وای دەستنەدەكەوت كە ماڵی مەلا مستەفاو دەبابەی عێراق پێكەوە پەلاماری یەكێتی‌و شاری هەولێر بدەن".

بە وتەی ئەو، كاتێك چوونەتە لای مام جەلال، بۆ گیرانی هێرۆخان ناڕەحەت بووە، بەڵام ناڕەحەتییەكەی دەرنەبڕیوە.


محەمەدی حاجی مەحمود لە بەرگی چوارەمی بیرەوەرییەكانیدا، دەربارەی ڕووداوی سیویەكی ئاب ئەوەشی نووسیووە كە مەكتەبی سیاسی پارتی لە 31ی ئاب‌و ڕۆژانی دواتریشدا مەسئول‌و چەكدارانی پارتییان ئازاد كردبوو بۆ هەمو جۆرە تاڵانییەك‌و هێزی پارتی لەبەر تاڵانی ئاگایان لە هیچ نەبوو، ئەوەی توانیان‌و لەدەستیان هات كردیان.