نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە

2021-11-10

ئاژانسی ڕۆیتەرز
و. محەمەد ڕەحمان

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بوویەوە و دریژەی دا بە بەرزبوونەوەی ئەم ماوەیەی دوایی، ئەوەیش دوای ئەوەی ئامارەکان نیشانیان دا کە ئاستی کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزیوە، هاوشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواستی نزیك مەودای گەشتە ئاسمانییەکان و شلبوونەوەی رێکارەکانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

نرخی نەوتی خاوی برێنت بە بڕی 32 سەنت، یاخود %0.4 بەرز بوویەوە و گەیشتە 85.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، لەکاتێکدا دوێنێ سێشەممە بەڕێژەی 1.6% بەرزبوونەوەی تۆمار کردبوو. نرخی نەوتی خاوی ئەمریکاش بە بڕی 9 سەنت، یاخود ڕێژەی 0.1% بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و گەیشتە 84.24 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، لەکاتێکدا دوێنێ سێشەممە بەڕێژەی 1.6% بەرز ببوویەوە.

،،
نرخی هەردوو جۆرەکەی نەوت نزیك بوونەتەوە لە بەرزترین ئاستی خۆیان لە دوای 26ـی مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردووەوە

ئەوەش پاڵپشت بە کەمبوونەوەی ئاستی نەوتی کۆگاکان لە سەرانسەری جیهاندا لە چەند مانگی ڕابردوودا و، دوایین ئاماری ئینستیتیوتی نەوتی ئەمریکاش ئەو بۆچوونە دووپات دەکاتەوە کە ئاستی خستنەڕووی نەوت سنووردار دەمێنێتەوە.

بەپێی سەرچاوەکانی بازاڕی نەوت، داتای ئینستیتیوتی نەوتی ئەمریکا نیشانی داوە کە لە هەفتەی ڕابردوودا و تا ڕۆژی 5ـی مانگ، ئاستی نەوتی خاوی کۆگاکانی ئەمریکا بە بڕی 2 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دابەزینی تۆمار کردووە، ئەوەیش لەکاتێکدایە کە شرۆڤەکاران لە ڕاپرسییەکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزدا پێشبینیی بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی خاوی کۆگاکانی ئەمریکایان بە بڕی 2 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل کردبوو.

ئاڤتار ساندوو، بەڕێوەبەری باڵای کاڵاکان لە کۆمپانیای فیلیپ فتوچەرز دەڵێت، "لەسایەی پابەندبوون ڕێکخراوی ئۆپیك بە کارتەکانی دەستیەوە، ئاستی بەرهەمهێنان تووند بووە" کە لە دوایین ڕێککەوتندا لە نێوان ڕێکخراوەکە و وڵاتانی هاوپەیمانی، بڕیار لەسەر درێژەدان بە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا درا بۆ مانگی دیسەمبەردا.

،،

ناوبراو دەشڵێت کە زیادبوونی گەشتە ئاسمانییەکانیش بەهەمان شێوە یەکێك بووە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی خواست لەسەر نەوت.

بازاڕی نەوت لە چاوەڕوانیی ئاماری هەفتانەی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا دەمێنێتەوە ئاخۆ پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئاستی نەوتی خاوی کۆگاکانی ئەمریکا کەم بوونەتەوە یاخود نا.

لەلایەکی دیکەشەوە، دوێنێ سێشەممە ڕۆسێڵ هاردی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گشتیی گەورە کۆمپانیای ڤیتۆڵ، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئاستی خواست لەسەر نەوت بۆ ئاستی پێش هاتنی کۆرۆنا بەرز بۆتەوە و ئەگەر هەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022ـدا ئاستەکانی ساڵی 2019 تێپەڕێنێت.

هاردی ڕاگەیاند، "ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەئارادایە".