دەربارەی ئاڵای شۆڕش‌و مەلا بەختیارو سالار عەزیز

2022-01-30

لە بەرگی پێنجەمی كتێبی "ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەك"دا محەمەدی حاجی مەحمود نامەیەكی مام جەلال بڵاودەكاتەوە كە لە 2 – 12 – 1985دا بۆی ناردووەو وەكو لە سەرەتای نامەكەشدا نوسراوە، مام جەلال بە ڕەزامەندی نەوشیروان مستەفاو مولازم عومەر ئەو نامەیەی بۆ محەمەدی حاجی مەحمود ناردووە كە ئەوكاتە ئەندامی سەركردایەتی حیزبی سۆسیالست بووەو ماوەی سێ ساڵ بووە لە یەكێتی جیابووەتەوە.


هەر لەسەرەتای نامەكەیدا بۆ محەمەدی حاجی مەحمود، مام جەلالدا ئەوەی پێووتووە ئەگەر نەشیروان مستەفاو مولازم عومەر زۆریان پێخۆش نەبوایەو پێیانباش نەبوایە ئەو نامەیەی بۆ نەدەنووسی.


لە ناوەرۆكی نامەكەیدا بۆ محەمەدی حاجی مەحمود، مام جەلال داوای دۆستایەتی‌و بتەوكردنی پەیوەندییەكانی لێدەكات‌و هاوكات داوای لێدەكات كە هاوكاری یەكێتی بێت بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانداو نامەكەی بۆ بگەیەنێت بە ئایەتوڵا مونتەزەری.


بەشی زۆری ناوەرۆكی نامەی مام جەلال بۆ محەمەدی حاجی مەحمود باس لە " ئاڵای شۆڕش"‌و مەلا بەختیارو سالار عەزیزو بەرپرسانی ئەو گروپەكە دەكات كە لەناوەڕاستی ئەو ساڵەدا لە یەكێتی جیابوو بوونەوەو لە لایەن یەكێتییەوە دەستگیركران.


مام جەلال لە نامەكەیدا دەربارەی مەلا بەختیارو سالار عەزیزو مامۆستا جەعفەر نووسیوویەتی:

،،
" خۆت باشدەزانی " سالارو جەعفەرو مەلا بەختیار" چ وەزن‌و قیمەتێكیان هەیەو خۆشت دەزانی چ دەورێكیان لە گێرە شێوێنی‌و خراپەكاری‌و شەڕی براكوژی‌و تێكدانی شۆڕشدا هەیە".


دواتر مام جەلال لە نامەكەیدا، لە میانی سێ خاڵدا زۆرتری دەربارەی مەلا بەختیارو سالار عەزیزو بەرپرسەكانی ئاڵای شۆڕش نووسیووەو بە محەمەدی حاجی مەحمودی وتووە، ئەوانە زۆر خۆیان پێ زل بووەو زۆر خۆیان هەڵكێشاوەو ئێمەش زۆر كەسمان ناردبوویە ناویان‌و پێمان گوتبوون لەگەڵیان بڕۆن، تەنانەت مەلا بەختیار كاك ڕۆستەم‌و كاك وەهاب‌و كاك حامیدی حاجی غالی بەهی خۆی دەزانی‌و پێیسەیربووە لەگەڵ كاك شەوكەتدا چووبوون بۆ گرتنی.


لە خاڵی دووەمدا دەربارەی مەلا بەختیارو ئاڵای شۆڕش مام جەلال وتویەتی:" ئەوانە هەندێك كادیری ترسنۆك‌و بەزیویان لەگەڵدا بووەو هەندێك كۆنە سەرتیپی پاشەڵ پیسیان لەگەڵدا بووە كە پەیوەندییان لەگەڵ ئیستیخباراتی بەعسدا هەبووەو هەندێكیشیان لەسەر دزی‌و ساختەچێتی خۆمان لامان بردبوون.


هەر دەربارەی ئاڵای شۆڕش، مام جەلال لە نامەكەیدا بە محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، لەناو شاریشدا تاقمێك منداڵ‌و لاوی موتەتەریفن كە شەیدای وشەی شیوعیەت‌و كۆمۆنیزم‌و ماركسیزمن بێئەوەی تێیان بگەن، بەڵام هەموویان بە سالارو مەلا بەختیاریشەوە دەیانەوێ حزبێكی كۆمۆنیستی عێراقی تازە دا بمەزرێنن، چونكە حیزبی شیوعیان پێ تەحریفییە، ئەو تاقمە لای هەر یەكێك ئەوە دەڵێن كە خۆیانی پێبەرنە پێشەوە، لای حیزبی شیوعی دەڵێن دۆستی ئێوەین‌و لە دواڕۆژدا دێینە ناوتان و لای كۆمەڵەی ئێران دەڵێن باوەڕمان بە ماركسیزمی ئینقلابییەو هەرچی ئێوە دەیڵێن پشتیوانی دەكەین‌و لا ئێرانیش دەڵێن دۆستی ئێوەین‌و لای هەندێك لە دۆستی حكومی زاتیش دەڵێن ئێمە عێراقین.


لە شێوەی نوكتەدا، مام جەلال باسی هەڵوێستی مەلا بەختیار دەكات لە میانی گفتوگۆی یەكێتی‌و حكومەتی عێراقی لە ساڵی 1984داو دەڵێت:

،،

" بۆ ئاگاداریت مەلا بەختیار خاوەنی نەزەریەیەك بوو دەیگوت دەبێ هەتا دوا چۆڕی گفتوگۆ لەگەڵ عێراقیدا گفتوگۆ ئیدامە پێبدەین، بۆیە لای ئێمە ناوی نەزریەكەی " نەزەریەی دواچۆڕ" بوو.


لە ناورەۆكی ئەو نامەكەیەدا كە مام جەلال لە كۆتایی ساڵی 1985دا بۆ محەمەدی حاجی مەحمودی ناردووەو لە خاڵی سێیەمیدا دەربارەی ئاڵای شۆڕش نووسیوویەتی:" كە بە سوكو سانایی مەلا بەختیارو خولە كەشكۆڵ‌و پشكۆ گیران‌و هەندێك لایەنگریان چەككران حەجمی حەقیقیان دەركەوت‌و دەرزییەكمان بە باڵۆنە پفدراوەكەیاندا كردو فش بوونەوەو هاتنەوە سەر حەجمی خۆیان، بەڵام هێشتاماویانە كەمترو بچوكترو سوكتریش دەبن، جارێ سەرەتای گلۆر بوونەوەكەیانە هەتا دەگەنە ناو چاڵی نەمان".


دواجار مام جەلال سەبارەت بە ئاڵای شۆڕش‌و مەلا بەختیارو سالار عەزیز بە محەمەدی حاجی مەحمودی وتووە:" باوەڕ بكە زۆر سوك‌و ڕیسوان لەناو خەڵكدا، بەڵام خۆت سالار و مەلا بەختیار دەناسی، بەكورتی ئەوانە تاقمێكی گێرە شێوێن‌و سەرلێشێواون".