مەسعود بارزانی: مالیکی ئەگەر هێزی هەبوایە لە سەددام خراپتری دەکرد

2022-02-01

مەسعود بارزانی، کە ئێستا کاردەکات و لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی نوری مالیکی ببێت بە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشتر بەوپەڕی خراپی باسی نوری مالیکی دەکردو دەیووت لە ساڵی 2008وە دەستم لە مالیکی شۆردووەو دەیشیووت ئەگەر مالیکی هێزی هەبوایە لە سەددام حسێن خراپتری دەکردو سەددامی تێدەپەڕاند.

،،
مەسعود بارزانی دەڵێت، لە كۆبوونەوەیەكدا بە حەیدەر عەبادی"م وت، ئەگەر مالیكی ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران سەربەخۆیی ڕادەگەیەنم، پرس‌و ڕاش بەكەس ناكەم، جا چی دەبێت با ببێت.


" هەڵدێرانی عێراق لە ڕوانینی بارزانی"یەوە، قسەو لێدوان و هەڵوێستەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەماوەی ساڵانی 2010 تا 2017.

كتێبەكە بە هەر سێ زمانی كوردی‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی چاپ‌و بڵاوكراوەتەوەو، ناوەرۆكی كتێبەكەش كۆمەڵێك دیداری مەسعود بارزانییە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتانی جیهان‌و ڕۆژنامە بەناوبانگەكان‌و كۆمەڵەو دەستە كوردی‌و عەرەبییەكان‌و بەرپرسانی عێراقدا.

لە كێتێبەكەدا سێجۆر هەڵوێستی مەسعود بارزانی دەربارەی دۆخی سیاسی عێراق‌و پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغداد خراوەتە ڕوو.

لە هەڵوێستەكانی سەرەتایدا، مەسعود بارزانی باسی گرنگی دەستووری عێراق دەكات‌و دواتر باسی شەراكەتی ڕاستەقینە دەكات‌و دواجاریش ڕایدەگەیەنێت كە هیچ بوارێك بۆ پێكەوە ژیان لەگەڵ عێراقدا نەماوە.

بە پێی قسەو پێشبینییەكانی مەسعود بارزانی بوایە كە لەو كتێبەدا خراوەتە ڕوو، دەبوو ئێستا عێراق دابەش ببوایەو بەپێی هەڵوێستەكانیشی بوایە كە دیسان لەو كێتێبەدا باسكراوە، دەبوو مەسعود بارزانی‌و پارتی بە هیچ شێوەیەك ڕوویان لە بەغداد نەكردایەتەوەو بەقەولی خۆی دوو دراوسێی باش بونایە.

لە 28 – 1 – 2010 لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ڕەوەندی كوردی لە ئەمەریكا، مەسعود بارزانی بەوانی وتووە كە بە سەرۆك ئۆباماو بەرپرسانی ئەمەریكای وتووە، تاكو عێراق خاوەنی ئەو دەستورە بێت بە یەكپارچەیی دەمێنێتەوە.
لێرەدا بارزانی خواستی مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی دەخاتە ڕوو.

لە 15 – 3 – 2012دا مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لاوانی هەر چوارپارچەكەی كوردستاندا ڕایگەیاندووە كە بەغداد هی هەموومانەو تا عێراق خاوەنی ئەم دەستورە بێت، هیچ كێشەیەك ڕوونادات.

كەمتر لە دوو مانگ پاش ئەو هەڵوێستەی لە 5 – 1 – 2012، لە دیدارێكی لەگەڵ ئاژانسی " بی بی سی" فارسی، مەسعود بارزانی ڕایگەیاندووە ئەگەر گروپەكەی مالیكی كێشەكان چارەسەر نەكەن ئەوا ئێمە هەموو ئەگەرێك لەبەردەماندا كراوەیە.

لە 3 – 12 – 2012داو لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ ڕۆژنامەی " ئەلزەمان"دا، مەسعود بارزانی دەڵێت:" كە لە ساڵی 2008، نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتەی عێراق، هێزی بەرەو كەركوك جوڵاند دەستم لێشووشت.

وەكو لە كتێبی هەڵدێرانی عێراق لە ڕوانینی مەسعود بارزانییدا خراوەتە ڕوو، لە بەهاری ساڵی 2014وە مەسعود بارزانی چووەتە سەر هێڵی باسكردنی جیابووەنەوە لە عێراق‌و لە 9 – 3 – 2014داو لەكاتی هێنانەوەی ڕووفاتی بارزانیەكاندا وتوویەتی هیچ بەهانەیەك بۆ هاوبەشی‌و پێكەوەژیان لە عێراقدا نەماوەو لە 5 – 4 – 2014شدا بە ڕۆژنامەی " حەیات"ی ڕاگەیاندووە كە عێراق بەرەو ترازان دەڕوات.

هەر لە میانی چوونە هێڵی باسكردنی جیابوونەوە لە عێراق، لە 16 – 5 – 2016داو لە وتاری یادی سەد ساڵەی پەیمانی سایكس بیكۆدا، مەسعود بارزانی ڕایگەیاندووەو وتوویەتی:" مەمنون دەبم یەكێك پێمان بڵێت گەلی كوردستان چیتر بكات، یان چیتری بكردایە بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمینێتەوە".

مەسعود بارزانی كە دەڵێت هەموو شتێكمان لە پێناو یەكپارچەیی‌و یەكگرتوویی خاكی عێراقدا كردووە، خۆی‌و بەرپرسانی حیزبەكەی دەیانجار ڕایانگەیاندووە كە ئەوان شەست ساڵە لە پێناو سەربەخۆیی كوردستاندا تێدەكۆشن.
هاوكات لە 11 – 7 – 2017 لە وتارێكیدا لە پەرلەمانی ئەوروپا، مەسعود بارزانی باسی لە تێكۆشانی كورد كرد لە پێناو عێراقێكی یەكگووداو ڕایگەیاند كە سەد ساڵ زیاترە هەوڵدەدەین عێراقێكی فیدڕاڵی بنیات بنێین، موسڵمان خستە سەر عێراق‌و نەمانهێشت بكەوێتە سەر توركیا، ئیتر بەسە با دوو دراوسێی باش بین.

لە 23 – 1 – 2017دا، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی " شەرقولئەوسەت"دا، مەسعود بارزانی وتوویەتی، بەسەرۆكوەزیران " حەیدەر عەبادی"م وتووە، ئەگەر مالیكی ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران، سەربەخۆیی ڕادەگەیەنم‌و پرسیش بەكەس ناكەم‌و چی دەبێت با ببێت.

،،

ئەو زیاتر بۆ ڕۆژنامەكە دواوەو وتوویەتی:" نامەوێت لە عێراقێكدا بمێنمەوە كە مالیكی حكومی بكات، مالیكی خیانەتی كرد، ئەگەر هەمان هێزی سەددامی هەبوایە، قۆناغی حكومداری سەددامی تێدەپەڕاند".

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە باسكردنی جیابوونەوە لە عێراقدا، مەسعود بارزانی لەكۆی ئەو هەڵوێستانەی كە لە نێوان ساڵی 2010 تا كۆتایی ساڵی 2017 خستویەتییە ڕوو، وەكو كاردانەوە باسی جیابوونەوە لە عێراق دەكات نەك خواستی گەلی كوردو ویستی ڕاستەقینە بۆ سەربەخۆیی، وەكو لەو كتێبەدا خراوەتە ڕوو، چەندجارێك پرسی جیابوونەوەی گرێداوە بە هەڵوێستەكانی نوری مالیكییەوەو وا دەردەكەوێت كە مالیكی كەڵكەڵەی ڕیفراندۆمی خستبێتە هزی مەسعود بارزانییەوە.