رووسیا خەمی چییەتی؟

2022-03-02

مــحـــەمەد بـــەکــــر

ڕووسیای زەبەلاح، ورچە سپییەکەی سەر کۆڵی ئەوروپا و ئاسیا، لە خەوی زستانەی "هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت" بەئاگا هاتۆتەوەو لەئێستادا خەریکی چەپۆک وەشاندنە، جوڵەی ئەم زەبەلاحە خاوەن ئەتۆمە، شەپۆلێکی سیاسی و سەربازی و ئابووری هێند گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەگەر بەحیکمەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێ دوورنیە جیهان نەخاتەوە نێو جەنگێکی دیکەی جیهانی، ئەمەش لەسەر هەڵوێست و پەرچەکرداری دۆست و نەیارەکانی وەستاوە، بەتایبەتیش چین و ئەمەریکا.

ڕووسەکان لە مێژوودا بیرەوەری گەلێکی ناخۆشیان هەیە لەگەڵ ئەو تەختاییە فراوانەی کە بە دەشتی باکووری ئەوروپا ناودەبرێت و ئۆکرانیا بەشێکە لێی، هێرشی سوپاکانی "ناپلوێن و هیتلەر" بەشێکن لەو بیرەوەرییە تاڵانە، ڕەنگە ئەگەر چەند زنجیرە چیایەک لە ئۆکرانیادا بوونی هەبووایە، ئیتر ئەو پانتاییە تەختە ئەوەندە هاندەر نەبووایە کە لێیەوە جار لەدوای جار هێرش بکرێتە سەر ڕووسیا. ئەو بیرەوەرییە تاڵانە ڕووسەکانی ترساندووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئۆکرانییەکان ویستی خۆیان بۆ چونە نێو ناتۆ ئاشکرا کرد. لە سۆنگەی ئەم خەمە جیۆپۆلۆتیکییەی ڕووسەکانەوە بوو کە هەرزوو شارەزایانی بواری جوگرافیای سیاسی و لەنێویشیاندا "تیم مارشاڵ" ڕایانگەیاند: "پۆتین هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە داگیرکردنی ئەو دەشتاییە بەرەو خۆرئاوا کە ئۆکرانیا بەشێکە لێی، تا بتوانێت قوڵاییەکی بەرگری بۆ ئاسایشی پایتەختی وڵاتەکەی دروست بکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە ناوبراو پێشەکی کتێبەکەی (زیندانییەکانی جوگرافیا ) بەم دێڕە دەست پێدەکات: " لەوانەیە هەموو شەوێک کە پۆتین دەچێتە ناو جێگاوە لە خودا بپرسێت: خودایە بۆچی هەندێک (چیا) ت لە ئۆکرانیا دروست نەکرد؟"

یەکێکی دیکە لە گرفتە جیۆپۆلۆتیکییە ڕاستەقینەکانی ڕووسیا دەسڕانەگەیشتنیەتی بە ئاوە گەرمەکان، ئەگەرچی وڵاتی ڕوسیا زۆرترین کەناراوی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەناراوەکانی، لەسەر دەریای جەمسەری بەستەڵەکی باکورن، بەکەڵکی کەشتیڕانی نایەن. بۆیە بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان پێویستی بە تێپەڕبوونە بە گەرووە ئاوییە جیهانییەکاندا کە بەگشتی لەژێر هەیمەنەی دوژمنەکانیدایە، بەتایبەت گەرووە تورکییەکان کە ڕووسەکان لێیەوە دەتوانن لەدەریای ڕەشەوە بگەنە دەریای ئیجەو ناوەڕاست، کە بەپێی بەندەکانی پەیماننامەی "مۆنترۆ" تورکیا دەتوانێ ڕێ لە کەشتییە جەنگییەکان بگرێت ئەگەر هاتوو جەنگەکە لە بەرژەوەندی نەبوو، لە ئێستادا ئۆکرانیا ئەو داوایەی لە تورکەکان هەیە کە ڕێگە بە هاتوچۆی کەشتیە جەنگیەکانی ڕووسیا نەدەن، تا هەنوکە تورکەکان وەڵامێکی ڕوونیان بۆ ئەم داخوازییە نەداوەتەوە،

،،

بەڵام دوورنیە پەیوەندی تورک و ڕوسەکان تێک نەچێت، لەبەرئەوەی تورکیـا ئەندامی ناتۆیە و پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئۆکرانیەکاندا هەیەو وە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی کە تورکیا بە ئۆکرانیای فرۆشتووە چەکێکی کاریگەرو خاوەن ڕۆڵە لەم جەنگەدا.

تەنانەت ئەگەر تورکەکانیش ڕێگە بە کەشتییە ڕووسییەکان بدەن و بگەنە دەریای ناوەڕاستیش، ئەوا بۆ گەیشتن بەزەریای ئەتڵەسی ڕووسەکان ناچارن گەرووی جەبەل تارق ببڕن، بەهەمان شێوە بۆ دەستڕاگەشتن بە زەریای هندی و ئارام ناچارن بە نۆکەندی سوێسدا تێپەڕن، کە زیاتر ئەم نۆکەند و گەرووانە لەژێر کۆنترۆڵی ڕکابەرەکانیدایە، بۆیە ئەگەر هاتوو جەنگەکە فراوانبوو "جیهانی گرتەوە" ئەوا ئەمە دەبێتە خاڵی لاوازی ڕووسەکان و ئەو ئامادەییە کەمەی کە لەبەندەری "تەرتووس"ی سوریا هەیانە ئەو کات گرنگیەکی ئەوتۆی نابێت بۆیان. وە لەدەریای بەلتیکدا دیسان ڕووسەکان ناتوانن بگەنە زەریای ئەتڵەسی چونکە ناچارن بە گەرووی "سکاگێرا" تێپەڕبن کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هەردوو وڵاتی نەرویج و دانیمارک کە دوو ئەندامی ناتۆن، کەواتە دەسڕانەگەشتن بە ئاوەگەرمەکان خاڵێکی دیکەی لاوازی جیۆستراتیجی و جیۆپۆلۆتیکییە بۆ ڕووسەکان کە خۆیان دەمێکە درکیان پێکردووە، ئەوەتا لە وەسیەتنامەکەی پیتەری مەزندا "١٧٢٥" بەم جۆرە ئامۆژگاری نەوەکانی دەکات: "تا دەتوانن لە قوستەنتنیەو هندستان نزیک ببنەوە، هەرکەسێک لەو ناوچانە حوکم بکات دەبێتە سەروەری ڕاستەقینەی جیهان، وە چێژ لە شەڕکردن وەرگرن بۆ گەشتن بە کەنداوی فارس"


هەرچی خاڵی بەهێزی ڕووسیایە لە دوای چەکە ئەتۆمیەکەی لەئێستادا سوپا و سەربازەکانی نیە، بەڵکو ئەو سامانە زۆرەیە کە لەنەوت و غاز هەیەتی، بەجۆرێک لە سەدا ٢٥./. ی وزەی ئەوروپا دابین دەکات، کە هەندێک لەوڵاتانی وەک ئەڵمانیا و چیک و هەنگاریا و یۆنان و بولگاریا و لیتوانیا و ئیستۆنیا لە سەرووی لە سەدا٥٠./. وزەی غازی وڵاتەکەیان لە ڕووسیاوە هاوردە دەکەن، ئەمە وایکردووە نەتوانن بەئاسانی دژایەتی هەنگاوەکانی ڕووسیا بکەن، لەترسی ئەوەی ڕووسیا قوفڵەکەیان لێ نەگرێتەوەو ماڵەکانیان سارد نەکاتەوە، بۆیە لەئێستادا ئەوروپییەکان لەهەوڵدان بۆ شوێنگرتنەوەی وزەی ڕووسیا پشت بە غازی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشیاندا کوردستان و قەتەر ببەستن، بۆئەوەی دەستکراوەتر بن لەبەرامبەر ڕووسەکاندا و گەمارۆی ئابووری بخەنە سەر، تەنانەت ئەمەریکا لەهەوڵدایە ئەو زیادەیەی لەنەوت و غاز هەیەتی هەناردەی ئەوروپای بکات تا لەژێر هەیمەنەی ڕووسەکان بیانهێنێتەدەر. هەرچی ڕووسیاشە دەمێکە خۆی بۆ بارودۆخێکی لەو شێوەیە ئامادەکردووەو توانیویەتی چین وەک کڕیاری جێگرەوەی ئەوروپییەکان بەکاربێنێ لەساڵی ٢٠١٨ وە ڕووسیا ساڵانە بڕی ٣٨ ملیار مەتر سێجا گاز ڕەوانەی چین دەکات و ئەم گرێبەستەش بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ و لەبەرانبەر ٤٠٠ ملیار دۆلاردا کراوە. بەڵام ئەم مامەڵەیە بە بەراورد بەسزاو گەمارۆ ئابوورییەکان ژمارەیەکی بچوکە.

ڕێسا جیوپۆلۆتیکییەکان بەگشتی لەگەڵ بەها ئەخلاقییەکاندا یەک ناگرنەوە، بۆیە لەکاتی جێبەجێ کردنیاندا جەنگ و کردەی نائەخلاقی بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەم جەنگەش بەشێک دەبێت لەو دەرئەنجامانە. بەهیواین ئەم جەنگە درێژە نەکێشێت و جیهان بایی چارەسەرکردنی ئاوا قەیرانێک مرۆڤی بەحیکمەتی تێدا مابێت. ئەرکمانە لەنێو ژاوەژاوی هەموو ئەو بازرگانانەی فرمێسک و خوێندا سەدا بەو هاوارانە ببەخشین کە لەپێناو ئاشتی و مرۆڤ و بەها باڵاکانیدا بەرزدەبنەوە.