چین ده‌یه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر نه‌وتی عێراقدا بگرێت

2022-05-20

ئومێد قەرەداغی

چین یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ گه‌وره‌ترین بڕی سه‌رمایه‌گوزاری له‌ عێراقدا هه‌یه‌، له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه‌ به‌ رێگای جیاواز بوونی خۆی له‌ عێراقدا چه‌سپاندوه‌، به‌تایبه‌ت دوای راگه‌یاندنی پرۆژه‌ی ( پشتوێن و رێگا ) كه‌ پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چینه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و جیهانیش، له‌ میانه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا چین به‌ بری 10.1 ملیار دۆلار بۆ عێراق خه‌رج ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ میانه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و دروستكردنی كاره‌با و چاككردنی فرۆكه‌خانه‌كان.

،،

عێراق له‌ناو سه‌رجه‌م وڵاتانی عه‌ره‌بیدا چواره‌م گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانی چینه‌ ، 44% سه‌رجه‌م هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق به‌ چین ده‌فرۆشرێت، به‌ته‌نها له‌ ساڵی 2021 ، قه‌باره‌ی بازرگانی نێوان چین و عێراق 32 ملیاردۆلاری تێپه‌راندوه‌.

چین ته‌نها له‌ بونیادنانی ژێرخان و كه‌رتی كاره‌با و رێگاوبان و سه‌رچاوه‌كانی وزه‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌وڵی هه‌یه‌ گۆره‌پانی وزه‌ی عێراق به‌تایبه‌ت نه‌وت كۆنترۆڵ بكات، ئێستا كۆمپانیا چینیه‌كان له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی (الأحدب) كارده‌كه‌ن كه‌ كۆمپانیای نه‌وتی نیشتیمانی چینی به‌رێوه‌ی ده‌بات ،هه‌روه‌ها كێڵگه‌ی حلفایه‌ له‌ پارێزگای عه‌ماره‌ كه‌ یەکێکە لە گەورەترین بیرە نەوتەکانی عێراق كۆمپانیای CNPC كاری تێده‌كات.

له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2021، كۆمپانیای چینیه‌كان هه‌وڵیانداوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر سێ گه‌وره‌ترین بیری نه‌وتی عێراقدا بگرن و سه‌رجه‌م پشكه‌كانی كۆمپانیاكان بكرنه‌وه‌ ، له‌وانه‌ ئه‌وانیش كۆمپانیای لۆك ئویلی روسی و ئیكسون موبیلی ئه‌مریكی و كۆمپانیای بی بی به‌ریتانیه‌، كۆمپانیای نیشتیمانی چین پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی پێشكه‌شی ئه‌و سێ كۆمپانیایه‌ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پشكه‌كانیان له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی عێراقی بكڕنه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی نه‌وت و حكومه‌تی عێراق له‌مه‌ نیگه‌رانن، هه‌ردوكیان پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی وزه‌ی عێراق بۆیه‌ خودی وه‌زیری نه‌وت ئیحسان عه‌بدولجه‌بار هاتۆته‌ سه‌ر خه‌ت تا قه‌ناعه‌ت به‌ كۆمپانیای لۆك ئۆیلی روسی بكات پشكی خۆی له‌ كێڵگه‌ی رۆژئاوا قرنه‌2 نه‌فرۆشیت به‌ كۆمپانیای سینوبكی چینی، 

،،

هه‌روها خودی وه‌زیری نه‌وت قه‌ناعه‌تی به‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئیكسۆن مۆبیل و بی بی كردوه‌ كه‌ پشكه‌كانیان نه‌فرۆشن به‌ كۆمپانیا چینیه‌كان.

خه‌ونی گه‌وره‌ی چین جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی رێگای ئاوریشمه‌، كورتكردنه‌وه‌ی رێگاكان و گه‌یاندنی كاڵاكانێتی به‌ هه‌موو جیهان به‌ كه‌مترین تێچوون و زۆرترین ده‌سكه‌وت، چین وه‌ك زلهێزێكی ئابووری له‌ رێگای توانای گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنان و سه‌رمایه‌گه‌زاری و مرونه‌تی گه‌وره‌ی له‌ مامه‌ڵه‌ داراییه‌كاندا له‌ زۆر شوێن جێگای بە ئه‌مریكا و خۆرئاوا لێژكردوه‌ و رێگای ئاوریشم ده‌كات به‌ ئه‌مری واقع.