چاكسازی لە بازاڕی کاری هەرێمی كوردستاندا

2018-07-01

بەشی چوارەم

ئەم نوسینە بەشێكە لە پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەی چاكسازی ئابوری و سیاسی لە كوردستاندا

كە لەلایەن هەردوو نوسەر ئامادە كراوە و بە زنجیرە لە دیبلۆماتیك مەگەزین بڵاودەكرێتەوە

بازاڕی کار لە کارمەندان و بێکاران پێکهاتوە. لایەنێک لە بازاڕی کاردا خواست دەکاتە سەر کار و لایەنێکیش خستنەڕوی کار دەکات.

 

لێکۆلەران بازاڕی کار دابەشی سەر سێ جۆر دەکەن. یەکەمیان بازاڕی کەرتی گشتییە، واتە فەرمانبەرانی حکومەت. لێرەدا حکومەت خواست دەکاتە سەر کار، واتە خاوەنکارە و کارمەند فرۆشیار. دوەمیان بازاڕی فەرمیی کەرتی تایبەتە، کە کۆمپانیایەک دەگرێتەوە لە 10 کارمەند زیاتری هەبێت. سێیەمیان بازاڕی نافەرمیی کەرتی تایبەتە کە بزنسێک دەگرێتەوە لە 10 کارمەند کەمتری هەبێت(وەک ساڵۆنی قژبڕین، دارتاشیی، دوکانی فیتەریی، فرۆشگای وشکە و کەلوپەلی کارەبایی، هتد). لە هەرێمدا هەر یەک لەم سێ جۆرەی بازاڕی کار توشی کێشەی قوڵ بونەتەوە. لەم دو جۆرەی دوایی بازاڕی کاردا خاوەن بزنسەکە خواست دەکاتە سەر کار و کارمەند خستنەڕوی کار دەکات.

 
تا ئێستاش (ناوەڕاستی 2018) ژمارەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی لە ئاستێک دایە کە داهاتی حکومەت دەرەقەتی نایەت. دامەزراندنی بەلێشاو و فەرمانبەری بندیوار فشارێکی گەورەی خستوەتەسەر خەرجییەکانی حکومەت. لەمەش ترسناکتر ئەوەیە فەرمانبەرانی حکومەت کارێک ناکەن کە تواناکانیان گەشەپێبدات، بگونجێت لەگەڵ ئاستی کارامەییاندا. ژمارەیەک لە فەرمانبەران شتێکی ئەوتۆ بۆ بەرهەمهێنان زیادناکەن، کە بە بێکاریی شاراوە ناسراوە. ئەو ئیمتیازانەی لە کەرتی گشتییدا هەیە(وەک مۆڵەتی بێ موچە، کەمیی دەوامکردن، زۆری پشو، مۆڵەتی دایکایەتیی، خانەنشینیی، پێدانی پارچە زەویی و دەرفەتی خوێندنی خۆڕایی) لە دو کەرتەکەیتری بازاڕی کاردا نییە، بۆیە زۆر لە کارمەندان خوازیاری ئەوەن وەزیفەیەکیان لە حکومەت پێبدرێت.

 


کارمەندانی کەرتی تایبەت بەراورد بە کەرتی گشتیی لە دو بواردا سودیان لە کارەکەیان بینیوە. یەکەمیان ئەوەیە بە تێکڕا موچەی کەرتی تایبەت جێگیرترە و بەرزترە. لە نەوەتەکانی سەدەی پێشودا بۆ چەندین مانگ موچەی کارمەند نەدرا و لە دوای 2014ەوە هەمان شت رویداوەتەوە. بەڵام ئەمە زۆر بەدەگمەن لە کەرتی تایبەتدا رودەدات.

 

،،

هەرچی کارمەندانی کەرتی نافەرمیی تایبەتە، نە خانەنشینیی دەیانگرێتەوە، نە مۆڵەتی دایکایەتیی و نە هیچ ئیمتیازێکی تر. ئەوەی پاراستونی ئەوەیە بزنسی بچوک پتر بەرگەی قەیران دەگرێت و شارەزان لە بوارەکەدا.

 

  دوەمیان کەرتی تایبەت ئایدیاکانیان لێ وەردەگرێت، لە بواری کاری خۆیان دەیانخاتەگەڕ و بەشدارییان زیاترە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. بەڵام وەک وتمان کەرتی تایبەت کەمترین ئیمتیازیتر بۆ کارمەندان دابیندەکات. هەروەها، هەر کات خاوەنکار ویستی گرێبەستی کارمەند کۆتایی پێدەهێنێت، بەتایبەت کە رێژەی بێکاریی بەرزە. لە کەرت یتایبەتدا، بەڕێوەبەران و خاوەن کۆمپانیاکە دەتوانن بێڕێزیی بکەن بەرامبەر بە کارمەندان و نەبونی کار وادەکات قبوڵی بکەن.
هەرچی کارمەندانی کەرتی نافەرمیی تایبەتە، نە خانەنشینیی دەیانگرێتەوە، نە مۆڵەتی دایکایەتیی و نە هیچ ئیمتیازێکی تر. ئەوەی پاراستونی ئەوەیە بزنسی بچوک پتر بەرگەی قەیران دەگرێت و شارەزان لە بوارەکەدا.

 
دۆخی ژن لەناو هەر یەکێک لەم جۆرانەی بازاڕی کاردا زۆر خراپە. لە کەرتی گشتییدا، ئەوان زیاتر بێبەشن لە دەرفەتی خوێندن، ئیفادکردن و پۆستوەرگرتن. بەشێک لە بێبەشبونیان پەیوەندیی بە دۆخی کۆمەڵایەتییەوە هەیە لە هەرێمی کوردستاندا. ژنان دەبێت لە قۆناغی سەرەتای ژیانیاندا کە هەڕەتی کارکردن و بەشدارییکردنیانە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان بیر لە هاوسەرگیریی بکەنەوە دەنا هەر دواکەوتنێک سزای هەیە و رەنگە هاوسەرگیریی دەستنەکەوێت. لە کەرتی تایبەتدا .

 ژنان مۆڵەتی دایەکایەتییان پێنادرێت یان بۆ ماوەیەکی زۆر کەمە. نەبونی رەوزە و حەزانە وادەکات ژنان بۆ ماوەیەکی کاتیی لە بازاڕی کاردا ئیشبکەن و ئیدی لە ماڵەوە چاوەڕێی هاوسەرەکانیان بن ئێواران بگەڕێنەوە. ژنان کاتێک رودەکەنە بازاڕی کارکردنیش، لە زۆر ئیش بێبەشدەکرێن، لەوانە شۆفێری تاکسیی، بەو ناوەوە ئیشی ژنانە نییە. یان ناهێڵن ئیشی شەوانە بکەن. ئەمانەش وایانکردوە ژنان پتر هەژار دەبن و هەژارییش دەردێکی ترسناکە. لەبەرئەوەی ژنان لە خوێندن و کارکردن بێبەشن و ئەگەر دەستیشیان بکەوێت ئەوا ئازادیی فێربونیان کەمە، ئەوا تواناکانیان وەک پێویست گەشە ناکات. بۆیە پۆستی بەرزیش وەرناگرن و هەمیشە پیاوان زوتر سەردەکەون. لە هەر سێ جۆرەکەی بازاڕی کاردا، ە ئاسایشی تاکەکەسیی هێندە لاوازە کە خێزانەکان بە دڵێکی خۆش و ئارامەوە کچەکانیان نانێرن بۆ کارکردن.

،،

 دۆخی بازاڕی کار وادەکات ژنان پتر لە ماڵەوە بمێننەوە، بۆیە رێژەی لەدایکبونیش کۆنتڕۆڵ ناکرێت و زۆر بەخێرایی زیاددەکات.

 
بەگشتیی، پیاوانیش بەشخوراو و ستەملێکراون. پۆستی کار لە فەرمانەگەکاندا پتر لەسەر بنەمای حزبیی و خێڵەکییە. ئەمەش وادەکات نە ژنان و نە پیاوان بایەخ بە خوێندن و فێربون نەدەن. سەختیی کارکردن لە کەرتی تایبەت و کەرتی تایبەتی نافەرمیی دواجار وادەکات فەرمانبەران پتر روبکەنە کەرتی گشتیی، بەتایبەت ژنان. دۆخی بازاڕی کار وادەکات ژنان پتر لە ماڵەوە بمێننەوە، بۆیە رێژەی لەدایکبونیش کۆنتڕۆڵ ناکرێت و زۆر بەخێرایی زیاددەکات.
لە کورتکردنەوەدا، بەشێکی بازاڕی کار بەدەست حکومەتەوەیە و بەشەکەی تری فەرامۆش کردوە. حکومەت لە شوێنێکدایە کە نابێت ببێت و شوێنێکی فەرامۆشکردوە کە دەبو لەوێ بێت.

 
گۆڕینی ئەم واقیعە گرنگە. هەندێکی پەیوەندیی بە سیاسەتی ئابوریی و بازرگانییەوە هەیە. ئەمەی خوارەوە بەشێکی چاکسازییەکانی بازاڕی کارە:


1- ساڵانە روپێویی لەسەر بازاڕی بکرێت، تیایدا داتا لەسەر ژمارەی کارمەندان بە کۆ، پاشان بەپێی ئەو سێ کەرتەی سەرەوە دیاریی دەکرێت. لەم روپێوییەدا گرنگە دەربخرێت چەند کەس تەمەنیان گەنجە، چەند کەس بەساڵاچون، چەند نێرینەیە و چەند مێیینە، ئاستی خوێندن و ساڵی خزمەت بە تێکڕا چەندە. دواتر بەو پێیە دەردەکەوێت چەند کەس لەم بازاڕە لە ساڵی داهاتوتردا خانەنشین دەبن یان لە تەمەنی کارکردندا نامێنن، چەند کەسیش بۆی هەیە بێتە بازاڕی کارەوە.

 
2- ساڵانە روپێوییەک لەگەڵ کارمەندانی کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەتیی و کەرتی تایبەتیی نافەرمیی ئەنجامبدرێت، تیایدا دۆخی چینی کارمەندان و فەرمانبەران دەربخرێت. ژینگەی کار لە کام فەرمانگە لە باشترین دۆخدا بو، لە کام کۆمپانیا لە باشترین دۆخدا بو بەراورد بەوانیتر، وە لە کام فەرمانگە و کام کۆمپانیا لە خراپترین دۆخدا بو، ئەوا رادەگەیەنرێت. ئەمە دەبێت بەهۆی ئەوەی فەرمانگەگان و کۆمپانیاکان لە سزای رای گشتیی بترسن و خۆیان باشتر بکەن. هەروەها زانیارییش دەدات بە کارمەندان کام کۆمپانیا یان فەرمانگەیە هەڵبژێرن. هەروەک لە مەسەلەی خوێندنی باڵادا باسمانکرد، ژینگەی کارکردن لە سێ ئاستدا دیاریی دەکرێت: ئاستی بەرز، ستاندارد، نزم. هەرگیز فەرمانگە و کۆمپانیاکان ناتوانن بگەنە بەرزترین ئاست، بەڵام کێبڕکێی دەکەن. گرنگ ئەوەیە لە ئاستی ستاندارد نەیەنە خوارەوە. هەمان شتییش دەتوانن بۆ هاوڵاتیان و بەکاربەران بکرێت تا بزانرێت کام فەرمانگە و کۆمپانیا زۆرترین گلەیی لەسەرە.

 3- دامەزراندن لەسەرەوە و بە لێشاو پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت. هەر فەرمانگەیەک خۆی پێداویستیی کارمەندی خۆی دیاریی دەکات، دەرفەتی کار رادەگەیەنێت، کارمەندان داواکاریی پێشکەش دەکەن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت و پاشان کاندیدەکان بەرزدەکرێنەوە بۆ وەزارەتی پەیوەندیدار بۆ رەزامەندیی. ئەگەر وەزارەتی پەیوەندیدار گومانی هەبو لەوەی گەندەڵیی لە پشت دامەزراندنەکەوەیە، ئەوا دەستوەردەداتە پرۆسەکەوە دەنا رۆڵێکی لاوەکیی دەبێت. تا ئەمڕۆ دامەزراندن بەمەرکەزیی دەسەپێنرێت، ئەمەش وایکردوە بەرپرسی حزبیی و حکومیی باڵادەستبن و بە کەیفی خۆیان ئەو کەسانە دابمەزرێنن کە لای کەم دواتر دەبن بە دەنگدەریان.

 
4- دەبێت بازاڕی کەرتی تایبەت و کەرتی تایبەتی نافەرمیی لەڕووی خانەنشینیی، مۆڵەتی دایکایەتیی و باوکایەتیی، رێزگرتنی فەرمانبەر، لێکۆڵینەوە لە دەرکردنی فەرمانبەر یان ناچارکردنی بە جێهێشتنی ئیشەکەی رێکبخرێت بە یاسا و رێنمایی و توانا هەبێت یاساکان جێبەجێ بکرێت بە یەکسانیی بەسەر هەمویاندا.

 
5- دەبێت هاریکایی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا بکرێت بۆ دامەزراندنی کارمەندانی بێکار و ئەوانەی تازە دێنە بازاڕی کارەوە. لەم پرۆسەیەدا دەتوانرێت نیوەی موچەی کارمەند بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر حکومەت بێت بە مەرجێک کارمەندەکە بۆ کەمتر لە ساڵێک دانەمەزرێنرێت. واتە بۆ ساڵێک و زیاتر بێت. ئەمەش کێبڕکێ لەناو کارمەنداندا دروستدەکات و هانیان دەدات زیاتر کۆشش بکەن بۆ ئەوەی بمێننەوە، بێکارییش کەمدەکاتەوە.

 6- لێکۆڵینەوە لە ژینگەی کاری کارمەندان و سەلامەتییان تا رۆڵەی خێزانەکان بە بەلاش لەکیسیان نەچن زۆر گرنگە. سزای توند بەسەر خاوەنکاردا دەسەپێنرێت ئەگەر سەلامەتیی کارمەند فەرامۆشبکات.

 
7- سەنتەری کار دروست بکرێت. ئەم سەنتەرە زانیاریی کۆدەکاتەوە لەسەر دەرفەتی کار لە بازاڕدا و بێکاران تۆماردەکرێن و دەرفەتیان پێدەدرێت لەو سەنتەرەدا بەدوای ئیشدا بگەڕێن. هاوکات فەرمانگەی تایبەت بە دۆزینەوەی ئیش دادەنرێت یان چالاکدەکرێت.

 
8- پاداشتێکی مادیی هەر بێکارێک بکرێت کە ئیش دەدۆزێتەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ دەمێنێتەوە.

 
9- بیمەی بێکاریی هەرگیز نابێت یەکسان بێت بۆ هەموان، ناشبێت تا ئەبەد بێت، چونکە تەمبەڵیی دروستدەکات. بیمەی بێکاریی دەبێت بەپێی ساڵی خزمەت و ئاستی باجدان بە حکومەت و تەمەن و پێداویستیی بێت. کارمەندێک کەمئەندامە، بۆ ماوەیەکی زیاتر بیمە وەردەگرێت وەک لە کارمەندێک لەشساغە. بەهەمان شێوە، کارمەندێک بەساڵاچوە ماوەی بیمەکەی زیاتر دەبێت وەک لە کارمەندێکی گەنج. هاوکات ئەو ماوەیەی کارمەند بیمەی بێکاریی وەردەگرێت، دەبێت مەشقوەرگرێت لە بواری تایبەتدا تا ئاسانتر و زوتر خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕی کاردا بگونجێنێتەوە. لە هەمو بارێکدا، بیمەی بێکاریی گرنگە هەبێت تا کارمەندی بێکار بێبەش نەکات لە ژیان.

 
10- پێویستە ژینگەی کار هەمەڕەنگ بکرێت، کورد و عەرەب و کارمەندی پەنابەر و تورکمان و ئاشوریی و مەسیحیی و ئیسلام لەگەڵ یەکتر بگونجێنێت و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان فەراهەم بکات و نەهێڵێت ستەمی جێندەریی و قەومیی و تایفیی گەشە بکات.
ئەم پلانە وەزارەتی کار لێی دەکۆڵێتەوە، بژاری دەکات، گەشەی پێدەدات و جێبەجێی دەکات.