کاریگەری دابەزینی تمەن لەسەر بازارەکانی هەرێمی کوردستان چییە ؟

2018-08-11

تمەنی ئێرانی لە دەستدانی بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی دیکە بەردەوامە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە کاتژمێر ٤ی بەیانی رۆژی سێشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سزاکانی بۆ سەر وڵاتی ئێران خستە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش نەک تەنها بۆ ئێران بەڵکو مەترسی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و ئەو وڵاتانەش دروست کردووە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن لەوانەش عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

هەرێمی کوردستان بەشێکى زۆری پێداویستییەکانی لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەکات، بەڵام بەوتەی لایەن پەیوەندیدارەکان ئەگەرچی تمەن بەهاکەی زۆر دابەزیوە بەڵام تائێستا گاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بازارەکانی هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمیش دەڵێت لەمەودوا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران کەم دەبێتەوە. 

 

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە دیپلیۆماتیک مەگەزینی ڕاگەیاند: دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە لەبەر دوو هۆکار هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی کاڵاو شمەکە هاوردەکراوەکانی ئێران نەکردووە.

یەکەم: لەگەڵ دابەزینی بەهای تمەن نرخی کاڵاکان لە ئێران بەرزبووەتەوە.

دووەم: کارخانەکانی ئێران مادەی خام لە دەرەوەی وڵاتەکە بە دۆلار هاوردە دەکەن، لەبەرئەوە نرخی بەرهەمەکانیان بەرزکردووەتەوە.

،،

بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی:

لە ئێستادا زۆربەی بەرهەمەکانی ناوخۆ پێگەیشتوون و سەدا ٧٠ی سەوزە و میوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی ناوخۆیی دابین دەکرێن.

 

بەوتەی سەرۆکی چاودێری بازرگانی سلێمانی لە ئێستادا زۆربەی بەرهەمەکانی ناوخۆ پێگەیشتوون و سەدا ٧٠ی سەوزە و میوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی ناوخۆیی دابین دەکرێن.

 

DF
مەرزی باشماخ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران 

،،

 سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان: 

دابەزینی بەهای تمەن ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران ئاڵۆزکردووە، کە ساڵانی پێشوو بەبەهای ٦ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران کردووە

 

مستەفا شێخ عەبدولرەحمان  سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، بە دیپلۆماتیک مەگەزینی وت: دابەزینی بەهای تمەن ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران ئاڵۆزکردووە، کە ساڵانی پێشوو بەبەهای ٦ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران کردووە، بەڵام لەمەودوا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران کەم دەبێتەوە، چونکە کارخانەکانی ئەو وڵاتە ناتوان وەک پێشوو بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە.

 

RPT
بازاری ئالوگۆرکردنی دراو ( بازاری دۆلارەکە) ـ سلێمانی 

،،

"ئەو کاڵا و شمەکانەی پێشتر لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەکران ئێستا لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێن بۆ ناو هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە ئەوەی کە ئایا بە کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران کێشە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروست نابێت، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێم دەڵێت:" بازرگانەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن بەتایبەت هەردوو وڵاتی تورکیا و چین، لەبەر ئەوە کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران نابێتە هۆی کەمبوونەوەی کاڵا و شمەک لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا".

دەشڵێت:"ئەو کاڵا و شمەکانەی پێشتر لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەکران ئێستا لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێن بۆ ناو هەرێمی کوردستان".

 

ئەمرۆ لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان ١٠٠ تمەنی ئێرانی بە ١٢ هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکراو، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیش بەرامبەر ١٢٠ هەزار و ٧٥٠ دینار بوو، بەردەوامیش نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار لە دابەزیندایە.