كامیان دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان؟ مەحمود مەشهەدانی یان سالم عیساوی؟
دیپلۆماتیک

ئەمڕۆ، شەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان كۆدەبێتەوە، بەو پێیەی كوتلەكان‌و ئەندامانی پەرلەمان بەسەر هەردوو كاندیدەكەدا دابەشبوون، پێدەچێت كۆبوونەوەكە پڕ پڕ بێت لە بارگرژی و ململانێی توند.

پاش تێپەڕبوونی نزیكەی حەوت مانگ بەسەر دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بڕیارە ئەمڕۆ، شەممە، 18ی ئایار،  سەرۆكێكی نوێ بۆ جێگرەوەی حەلبووسی هەڵبژێردرێت.
ڕۆژی 14ی مانگی یازدەی 2023، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخرایەوە، لەوكاتەوە تا ئێستا پۆستەكە بەوەكالەت لەلایەن " موحسن مەندەلاوی" جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە پاش لادانی محەمەد حەلبووسییەوە لە سەرۆكی پەرلەمان، بەو پێیەی كە بەركەوتەی ئەوانە، ململانێیەكی توندو درێژخایەن لە نێوان سووننەكاندا بۆ جێگرەوەی حەلبووسی هەیەو بڕیارە پێدەچێت لە كۆبوونەوەی 18ی ئایاری پەرلەماندا یارییەكە بەلایەكدا بكەوێت.

ئەمڕۆ بۆ چوونە سەر كورسییەكەی محەمەد حەلبووسی، مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی كێبركێی توند دەكەن، یەكەمیان لە لایەن محەمەد حەلبووسی‌و نوری مالیكی‌و دووەمیان لە لایەن خەمیس خەنجەرو موسەننا سامەڕائی‌و هاوپەیمانی عەزمەوە پشتیوانی لێدەكرێت.

چاودێرانی سیاسی لە عێراق‌و میدیا عێراقییەكان پێشبینی ئەوە دەكەن كە سبەینێ 18ی ئایار، مەحمود مەشهەدانی كە لە ساڵی 2006 تا 2009 سەرۆكی پەرلەمان بووە، بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و بازەكە لەسەر سەری ئەو بنیشێتەوەو بەسەر سالم عیساویدا سەر بكەوێت.

مەحمود مەشهەدانی تەمەن 75 ساڵ، لە لایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حیزبی تەقەدوم و زۆرینەی پەرلەمانتارە سووننەكان‌و نوری مالیكییەوە پشتیوانی لێدەكرێت‌و مەشهەدانی بە كاندیدی دڵخوازی هێزە شیعەكانیش بۆ سەرۆكی پەرلەمان دێتە هەژمار.
 هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، دووڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند كە مەحمود مەشهەدانی كاندیدی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیكییە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران.

" مەحمود حەیانی" ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند،  هاوپەیمانی دوو لایەنەی حەلبووسی‌و مالیكی كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان لەگەڵدایە بۆ كاندیدكردنی مەحمود مەشهەدانی، تا ئاستێكی زۆر سەركەوتنی مەشهەدانی مسۆگەر دەكات.

 ئیسماعیل حەدیدی، كە یەكێكە لە كارەكتەرە سیاسییە عێراقییەكان‌و هاوكات ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمارە، دەڵێت:" مەحمود مەشهەدانی دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان، چونكە جاران كاندیدی هێزە شیعەكان بوو بۆ ئەو پۆستە، ئێستا كە لەلایەن محەمەد حەلبوسییەوە كاندیدكراوە، شیعەكانیش پشتگیری لێدەكەن".

فیراس موسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشبینی ئەوە دەكات كە لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك، پێدەچێت 290 پەرلەمانتار ئامادە دەبن، بەوپێیەش كاندیدی براوە دەبێت 145 دەنگ بەدەست بهێنێت.
بەپێی لێكدانەوەی ئەو پەرلەمانتارە، پێدەچێت مەحمود مەشهەدانی 180 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبێنێت.
موسەوی بە ئاژانسی " شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاندووە چوارچێوەی هەماهەنگی 140 دەنگیان هەیە، زۆرینەیان دەنگ بە مەشهەدانی دەدەن، هەروەها پارتەكەی حەلبووسیش 40 دەنگیان هەیە، ئەمە جگە لەوەی كە پێدەچێت مەشهەدانی 50 دەنگی پەرلەمانتارە كوردەكانیش بەدەست بێنێت.

لەبەرانبەر مەحمود مەشهەدانیدا، سالم عیساوی، كاندیدی بەرەیەكی فراوانی سوننەكانە لەلایەن هاوپەیمانی " عەزم‌و سیادەو حەسمی وەتەنی"یەوە پشتیوانی لێدەكرێت‌و خەمیس خەنجەرو ئوسامە سامەرائی، ڕابەرایەتی سەرخستنی سالم عیساوی دەكەن.
بەپێی پێشبینییەكان، بەوپێیەی كە سالم عیساوی لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەماندا، توانی 97 دەنگ وەدەستبێنێت،  پێدەچێت لە هەڵبژاردنەكەی ڕۆژی 18ی ئایاریشدا، بتوانێت كێبركێی مەحمود مەشهەدانی بكات‌و ژمارەیەكی زۆر دەنگی پەرلەمانتارانی سووننەو شیعەو كوردیش بۆ خۆی مسۆگەر بكات
2024-05-18