عەبدوڵای حاجی مەحمود حیزب درووست دەكات
دیبلۆماتیك

ئێستا ئەو، عەبدوڵای حاجی مەحمود، سەرگەرمی كۆكردنەوەی ئەندام‌و لایەنگرانییەتی بۆ بەستنی كۆنگرەو ڕاگەیاندنی حیزبێك.

لەپاش شەڕو ململانێكانی لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمودی برایداو گەشتنی ناكۆكییەكان بە ئاستی شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری، عەبدوڵای حاجی مەحمود سەرگەرمی ئامادەسازییە بۆ بەستنی كۆنگرەو ڕاگەیاندنی حیزب.
بەرپرسێكی باڵای پێشووی پارتی سۆسیالست كە یەكێكە لە نزیكەكانی عەبدوڵای حاجی مەحمود، ئەوەی بۆ " دیبلۆماتیك" باسكرد، كە عەبدوڵای حاجی مەحمود لەكاردایەو ئامادەسازی بۆ بەستنی كۆنگرەو ڕاگەیاندنی حیزب دەكات.
بە وتەی ئەوكەسە، لەپاش تەقینەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمودی برایدا، لەلایەن حیزبیترەوە دەستپێشخەری بۆ عەبدوڵای حاجی مەحمود كراوە بۆ ئەوەی بچێتە ناو ئەو حیزبەوە، بەڵام ئەو ڕەتی كردووەتەوەو خۆی حیزب دروست دەكات.
بەپرسەكەی پێشووی پارتی سۆسیالست وتی:" عەبدوڵای حاجی مەحمود ڕەزامەندی بۆ دروستكردنی حیزب وەرگرتووەو لەو ڕووی مۆڵەتپێدانەوە هیچ گرفتێكی بۆ دروست نابێت".
یازدە كەس لە لەمەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی پێشووی پارتی سۆسیالست، لەگەڵ عەبدوڵای حاجی مەحموددان لەو حیزبەی كە دروستی دەكات.
هەواداران‌و لایەنگرانی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا پەڕەی نوێیان بەناوی " حسك"ەوە كردووەتەوەو لەوێوە بانگەشە بۆ عەبدوڵای حاجی مەحمود دەكەن‌و پشتیوانی لێدەكەن.
بەوتەی ئەوانەی لێیەوە نزیكن، عەبدوڵای حاجی مەحمود حیزبەكەی ناودەنێت " حیزبی سۆسیالستی كوردستان" " حسك"، مەبەست لەم ناوەش ئەوەیە كە ئەو خۆی بەخاوەنی مێژووی حسك دەزانێت‌و نایەوێت دەستبەرداربێت لێی.
سەبارەت بە كێشەی موڵك‌و ماڵ‌و دارایی‌و چۆنیەتی یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمودی برایدا، نزیەكەكانی عەبدوڵا باسیدەكەن كە ئەو موڵك‌و ماڵانەی هاوبەشن بە یاسا یەكلایی دەكاتەوەو ئەوانەشی كە تاپۆن بەناوی خۆیەوە بە یاسا وەریدەگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان جگە لە خانوەكەی گوڵەخانە كە تاپۆیە بەناوی خۆیەوە، بینای مەڵبەندی " كەركوووك‌و چەمچەماڵ‌و قەلادزێ"ی پارتەكەی محەمەدی حاجی مەحمود، بەناوی عەبدولای برایەوە تاپۆیەو یەكێك لە بیناكانی بارەگاكانی گەڕەكی " چوارباخ"ی سلێمانیش بەناوی ئەوەوە تاپۆیەو ئەمەش لە داهاتوودا گەڕێكی دیكەی ململانێی سەخت لەنێوان دوو براكەی گوڵەخانەدا درووست دەكات.
2024-05-27