شکانی بایکۆت لەبەردەرگای پارتیەوە

عوسمان گوڵپی

2023-05-14

ململانێکانی یەکێتی و پارتی پەنجا ساڵی تێپەڕ کرد بەبێ ئەوەی کەسیان بتوانن بەتەواوی دەستی ئەویتریان بشکێننەوە، هەرچەند ململانێکە هاوسەنگی لەدەستداوە و ئەوە نزیکەی پازدە ساڵە یەکیەتی سەرقاڵی شکانەوەی دەستی خۆیەتی، هەر بۆیە دەکرێت بڵێن ئەوەی یەکێتی لاواز کردوە کێشە نێوخۆییە بەردەوامەکانیەتی، بەرلەوەی پارتیبێت

نزیکەی شەش مانگە قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردوە و زۆر جار تەئکیدی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بایکۆت ناشکێنێت تا ئەو کاتەی پارتی گرفتەکان چارەسەر دەکات، ڕاستیەکەی چ قوباد تاڵەبانی و چ نزیکەکانی گرفتەکانیان بەستۆتەوە بەکێشەی خەڵکەوە کە من پێموانیە یەك خاڵ هەبێ بەرژەوەندی خەلكبێت و لە پێناویدا ئەو بایکۆتە کرابێ تا لە پێناوی خەڵکا بشکێ! ئەوە قسەی جوانی ڕیزکراون بۆ ڕایگشتی و میدیا، وەك چۆن هیچ بەرژەوەندیەکی خەلك لەو فشارانەدا نیە کە پارتی خستونیەتە سەر یەکێتی، هەردووکیان ناکۆکیەکانیان لەسەر ئەو خاڵانەن کە بە ئاشکرا باسیان ناکەن!

لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵکا بایکۆت نەکراوە تا لە پێناوی خەڵکا بشکێ! ئەوە قسەی جوانن بۆ ڕایگشتی

یەکێتی لەبەردەرگای پارتیدا

بایکۆتی قوباد تاڵەبانی ئەگەرچی شەش مانگی خایاند و توانی هەندێك نا بە ڕووی پارتیدا بەرزکاتەوە بەڵام کۆتایی ئەو بایکۆتە بەدڵی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی نەبوو، تەنانەت بۆ یەك جاریش سەرۆکی حکومەت بۆ خۆی ئامادە نەبوو سەردانی سلێمانی بکات و داوای گەڕانەوە و شکانی ئەو بایکۆتە لە جێگرەکەی بکات، تا قوباد تاڵەبانی ناچار نەبێت لە هەولێرەوە بڕیاری شکانی بایکۆتەکەی بدات.

لە هەندێك وێستگەدا گرفتە نێوخۆییەکان وایان لە یەکێتی کردوە بە ناچاری لەدەرگای پارتی بدات، ئەگەرچی باجەکەی لاوازبوونیش بوە، هەر بۆیە دەکرێت بڵێین ئەوەی یەکێتی لاوازکردوە پارتی نیە بەڵکو خودی یەکیەتی و باڵەکانی بوون کە بەشێکیان بە تەنیشت پارتیەوە فشارن لەسەر بەشەکەیتری یەکیەتی، هەمیشە بەشێك لە جەستەی یەکیەتی باربوە بەسەر بەشەکەیتری جەستەیەوە، هەربۆیە کاتێك پارتی سەرقاڵی شکاندنی دەستێکی یەکیەتی بووە، بەشێك لە یەکیەتیەکان سەرقاڵی شکانی دەستەکەیتری خۆیانن، بۆیە هیچ کاتێك پارتی لەیەکیەتی دانەبڕاوە بە ئێستاشەوە (مانگەشەولەدوورەوە دیارە و پێویست بە دەستدرێژکردن ناکان)

توانای چارەسەرنەکردنی گرفت لە یەکێتی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکان وایکردوە کە هەمیشە یەکێتی سەرقاڵی خۆیبێت نەك سیاسەت و ڕکابەرەکانی، لە ڕابردوودا دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و جیابوونەوەی بەشێك لەسەرکردەکان وایکرد کە یەکێتی بە ناچاری لەدەرگای پارتی بدات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نێوخۆییە، قەیرانەکە تێپەڕی و دواجار بەزیانی یەکیەتیش و بزووتنەوەی گۆڕانیش شکایەوە، هێشتا برینی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکێتیدا خوێنی لێدەچۆڕا، گرفتی باڵی ناوەندی بڕیار سەری هەڵدا و یەکیەتی سەرقاڵ کردەوە.

نوێترین برینی یەکێتی کە سارێژبوونی ئاسان نیە، ڕووداوەکانی ٨ی تەمووزە، کە بەتەواوی بریاری ئەو حیزبەی خستەوە دەست دوو براکە، ئەگەرچی ڕوون نیە تا ئێستاش لێکەوتەکانی لێدان لە لاهور شێخ جەنگی و ئاراستەکەی چ کاریگەریەك لەسەر داهاتووی یەکیەتی و جەماوەرەکەی دادەنێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە بڕیار بەدەستانی ئێستای یەکیەتی وایانکرد کە بەرامبەرەکانیان ناچاری دۆستایەتی پارتیبن، ئەم دۆستایەتیە ناچاریە وایکرد جارێکیتر ببێتەوە فشار لەسەر خودی یەکێتی تا قوباد تاڵەبانی لەدەرگای پارتی بداتەوە و تەواوی خواستەکان لەو بازنەیەدا بخولێنەوە، کەواتە قوڵبونەوەی کێشەکانی یەکیەتی هەردوولای ناچارکرد کە لەدەرگای پارتی بدەن ئەوە وێڕای دۆستەکانی خودی پارتی لە نێویەکێتیدا، لە کاتێکدا بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتی دەیانتوانی بە چارەسەرکردنی گرفتەکانیان وابکەن پارتی لەدەرگایان بدات، لێرەدا پرسیارە جدیەکە ئەوەیە بۆچی بڕیار بەدەستانی یەکێتی هەمیشە لە گرفتە نێوخۆییەکاندا ئامادەن لەدەرگای پارتی بدەن باجەکەی هەرچیبێت، بەڵام ئامادەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی خۆیان نین؟ بۆچی تەنازولیان بۆ پارتی پێ باشترە تا هاوڕێکانی خۆیان؟

لە کۆتایدا ئەوە ماوە بڵێین، ململانێ نێوخۆییەکانی یەکێتی و چارەسەرنەکردنی گرفتەکان لە پانزە ساڵی ڕابردوودا بەزیان بۆ ئیدارەی سلێمانی شکاوەتەوە، ئێستا یەکیەتی ئیدارەیەکی هەیە کە شەکەتی بە سیمایەوە دیارە، بازار کوشتەی ناجێگیری سیاسی و ئەو هەموو قەلەقیەیە کە دروستیانکردوە، سەرمایە گەورەکان تێیدا هەست بە دڵنیایی ناکەن و کۆچ دەکەن، بێکاری تەنگی بە گەنجەکانی هەڵچنیوە و زۆرینەی پرۆژەکان وەستاون و دەستی ئاوەدانی تێیدا پەکی کەوتوە، ئەوەی هەیە بەئاسماندا چوونی هەندێك باڵەخانە و مەغزەنە کە بەناوی وەبەرهێنانەوە زۆربەیان دەبنە داهاتێکی زەبەلاح و دەچنە گیرفانی هەندێك لە بەرپرسان و گەندەخۆرەکانیانەوە، لە کاتێکدا نەخەڵکی کوردستان شایستەی ئەم حکومڕانیەن نەسلێمانی شایەنی ئەم هەموو فڕکان فڕکانەیە.