بۆچی نەوشیروان مستەفا بەرگەی زەمەنی نەگرت و پڕۆژەکەی تێکشکا؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-05-17

مرۆڤ دەبێت بە ویژدانە بژیت، بدوێت و تەنانەت لەکاتی نووسینیشدا باڵانس بپارێزێت، هەروەک چۆن نەکردەیە لەسەر ئەساسی عاتیفە و عیشق بۆی نەوشیروان مستەفا ببرێتە کەشکەشانی فەلەک و وەک سیاسییەک شیعری دڵداری بۆ بهۆندرێتەوە، بەهەما جۆر نابێت ڕقی شەخسیی بکرێتە دەستکەلا بۆ لێدان لە کەسایەتی و سوکایەتیکردن پێی لەکاتێکدا خۆی لە ژیاندا نەماوە وەڵام بداتەوە، لەهەمانکاتدا ناشبێت لە مەسەلە ئەخلاقییەکاندا بێلانی هەڵبژێرین. ڕەخنە کردنی فیکر و بەتایبەتیش فیکری سیاسی ڕێگا ڕاستەکەیە هەمیشە هەم بەرهەمی دەبێت و هەمیش لانی کەمی باڵانس تێیدا پارێزراو دەبێت.

🔹  قسەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە دەدرێتە پاڵ خانمە سیاسیی ئەمریکیی ئێلانۆر ڕۆزفێڵد کە دەڵێت: عەقڵی گەورە لە فکر و عەقڵی مامناوەند لە کەسایەتی و عەقڵی بچوکیش لە شتەکان دەدوێت و لێیان دەکۆڵێتەوە. لەسەر هەمان قافییەی ڕۆزفێڵد منیش دەڵێم عەقڵی گەورە گەورەیی بەرامبەرەکانیان ئەبینن، عەقڵە مامناوەندەکان بەشوێن گەورەیی خۆیانەوەن، عەقڵە بچوکەکان گەورەیی خۆیان لە بچوککردنەوە و سوکایەتیکردن کردن بەوانی تردا دەبیننەەوە، لەم نووسینەدا ئەوەی دەیڵێم هەرگیز مامەڵەی عەقڵێکی بچوک نییە و کاک نەشیروان وەک بەردەبازێک ناکەمە ئەداتی گەورە نیشاندانی خۆم، بەڵکو ڕەخنەیەکی سیاسییە لەو پیاوە کە گەر خۆی لە ژیاندا بمایە لەوانەبوو خودی خۆی ئەمڕۆ  ئەم قسانەی بکردایە.

🔹گەر دوقسەی دوور لە کاریزمایی کەسایەتی و دنەدانی عاتیفەی هەژارانە و ڕەجاڵانەی ڕەشۆک بکەین تێدەگەین خەباتی سیاسیی و چەکداری هەشتا ساڵی ڕابردووی ئێمە بەردەوام شتەکان لە ئەوەلیەتی ئامانج و  بیرکردنەوەی سەرکردەکانی ئێمەدابووە نەوەک فیکر و بیرکردنەوەیەک بووبێت لە ناوەندەکانی بیرکردنەوە گەڵاڵە بووبێت و دواتر خەڵکی جوڵاندبێت، زۆر جاریش ئەم جوڵانە خۆیان لە بەدەستهێنانی پارە و ماڵ و شتی شەخسییدا بینیوەتەوە نەوەک بەرژەوەندی گشتی. هەر ئەمەیە وایکردووە هیچ یەکێک لەوانە بەرگەی نیو دەیەی پاش مەرگی خۆیا نەگرن و بپوکێنەوە. 

🔹 ئەمڕۆ لەساحەی سیاسییدا ئەوەی  دەسەڵاتی هێشتۆتەوە وڵاتانی هەرێمیی و مشتێ پارە و جۆرێک لە زەبروزۆری سەربازییە، پێم سەیرە تا ئێستا ئەکادیمیسیان و منەویرەکانی حیزبەکانی کوردستان ناتوانن قەناعت بە سەرکردەکانیان بهێنن کە چ داهاتوویەکی خراپ چاوەڕێیان دەکات بەهۆی ئەوەی وەک عەقڵێکی بچوک بەقەولی ڕۆزفێڵد شتەکان نەوەک بۆچوونەکان لە سەنتەری بیرکردنەوەیاندان، نەک هەر نامێننەوە و بەرگەی زەمەن ناگرن بەڵکو  زۆر بە خراپیش مێژوو یادیان دەکاتەوە و کەس ڕەحمەتێک بۆ گۆڕی بابانیان نانێرێت. خۆ دۆخی ئۆپۆزسیۆنیش زۆر باشتر نییە لەوەی دەسەڵات. خوێندنەوە بۆ گۆڕانەکەی نەوشیروان مستەفا و تێکشانی پاش خۆی کتومت بۆ هەموو جوڵەیەکی دژە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش ڕاستە.

 ‌🔹گۆڕانەکەی نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک دروشمی بێ تیۆریی بوون خۆیان لە ڕەتکردنەوەی سیستم و بکەرەکانیدا دەبینییەوە. هەموو تێز و دۆکترینەکەیان لە ڕەتکردنەوەی ئەکادیمی و سیاسی و بازاڕیی دەسەڵاتدا خۆی دەبینیەوە، گۆڕان خاوەنی جوڵەیەکی لەخۆ و سروشتی و سەربەخۆ نەبوو، ڕاستە ئایدۆلۆژیی سەنتەر نەبوون، بەڵام خاوەنی تیۆریایەکی سیاسیی نەگۆڕیش نەبوون. 
گەر گۆڕان سەرکەوتووش بوایە لە قڵپکردنەوەی سیتمەکە و گوریسی حوکمڕانیی بگرتایەتە دەست، دۆخی خەڵک ئەمڕۆ لەوەی ئێستا باشتر نەدەبوو، چونکە هەموو جیهانبینیی گۆڕان ئەنەرژیی لە نەفیکردنی بەرامبەرەوە وەردەگرت بە بێ ئەوەی  پێشتر خۆی خاوەنی تیۆریایەکی پتەو بووبێت. گۆڕان باوەڕی بە سیستمە ڕزیوەکە هەبوو بەڵام بکەرەکانی ڕەتدەکردەوە. نەفیکردن و ڕەتکردنەوەی زوڵم گرنگە و دەشێت ببێتە خاڵی دەستپێک، بەڵام نەکردەیە بتوانێت ئیدامە بە خۆی بدات و بەرگەی بەرزی و نزمیی ڕۆژگار بگرێت. جیهانبینی گۆڕان بۆ ئایندەی سیاسیی لێڵ و ناڕون و کەسی یەکەم پەرەستبوو وەک ئەوەی یەکێتی و پارتی. گۆڕان تەنهاوتەنها نەفیکردنەکەی ڕوون بوو. ئەوەی هەیبوو دنەدانێکی هەیەجان و  سۆزو عاتیفەی جەماوەر بوو بەهەمان مۆدێلە ستالینییەکەی حیزبی تەقلیدی کوردی. دیارە ئەمەندەش بەس نەبوو بۆ سەرڕێخستنی پارادایمێکی نوێی سیاسیی. هەڵگەڕانەوەی وەزیر و پەرلەمانتار و کاربەدەستانی گۆڕان بۆ مشتێ ماڵی دونیای پارتی هۆکاری سەرەکی پشت کەوتنی گۆڕان نەبوون، ئەوەی گۆڕانی کردە پەندێکی سیاسیی بۆ جوڵانەوە ڕادیکاڵ ئیسڵاحییەکانی دیکە نەبوونی ڕوئیاو تیۆرییایەکی پتەوی سیاسیی بوو بۆ جوڵە سیاسییەکانی، واتە گۆڕان نەیتوانی کاریزما بۆ سیستم تێپەڕێنێت.

🔹چارەسەر چییە؟ 

ئەوانەی ئەمڕۆ لەجۆری ئەحزابی وەک نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان  کە دەیانەوێت پاردایمێکی نوێ سەرڕێبخەن بۆ سیاسەتێکی جیاواز دەبێت  سەرەتا لەمسەرەوە تەواوی قسەی خۆیان بکەن، تەسلیم بە واقیع نەبن، هەوڵی تەسلیمکردنی واقیع بدەن بۆ ئەو سیستمەی بانگەشەی بۆدەکەن. گەر واقیع تەسیلم بە بیرکردنەوەکان نەکرێن، دواجار بیرکردنەوەکان خۆیان خودبەخود تەسلیم بە واقیعەکە دەبن. کەسایەتی سەرکردی سیاسیی پێش هەموو شتێک دەبێت خاوەنی پارادایم و دۆکترینێکی تۆکمەی سیاسیی بێت کە لە هەناوی خۆی و کۆمەڵگاکەیەوە سەرچاوەی گرتووە و هاوردەی هیچ شوێنێکی دیکە نییە. هەنگاو بە هەنگاو خۆی ڕەخنەی بکات و خاڵە لاوازەکانی دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی بەڕاستی پێش خەڵک خۆی تێبگات لەوەی کە چی دەوێت و هەنگاو بۆ کوێ دەهاوێت.

ئەو سەرکردانەی بانگەشەی پارادایمی نوێ دەکەن دەبێت زۆر وریا بن، بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق موسوڵمانن دەبێت سەرەتا بەڕوونی لەمسەرەوە ئازایانە و بە بێ موجامەلە و خاترگرتن قسە لەوە بکەن ئایا دین و سیاسەت، دین و حکومەت، دین و تاکەکەس، مینبەر و ستەیج چ ڕۆڵێکیان دەبێت لە جوڵە سیاسییەکەی ئەماندا، ئایا دوو شتی لێک جیاوازن  یا دوشتی تەواوکارین و پێکەوەبوونیان مەیسەر و گونجاوە؟ گەر جیاوازن چۆن، گەر کۆک و تەبان چۆن؟ ڕۆڵی دین چی دەبێت لە سیاسەت و ئاڕاستەکردنیدا؟
ئەوان دەبێت لە پرسیاری کێ وە بگوازنەوە بۆ پرسیاری چۆن، لە پرسیاری" کێ چ شوناسێکی هەیە حوکم دەکات" ەوە بگوازنەوە بۆ پرسیاری "چۆن حوکم بکرێت"
 دواتر دەبێت  بەڕوونی دیدی خۆیان لەمەڕ چەمکەکانی گۆمەڵگای مەدەنیی، عەدالەت، ئازادیی بێمەرج، مافەکان، پەروەردە، ئەخلاق لە کۆمەڵگایەکی موحافیزکار و مولتەزیم بە ئایین، دۆز و مافەکانی ژنان و پێودانگەکانی لەگەڵ دونیای نوێ و مەبادیئەکانی دیموکراسیی، سیستمی ئابووریی و بانک، سەرچاوە سروشتییەکانی ژێر زەوی و سەرزەوی، هتد دەرببڕن.
بەبێ ئامادەسازییەکی لەم جۆرە هیچ هێزێکی سیاسیی ناتونێت یەک هەنگاو بچێتە پێشەوە. گەر شتێکی کەمتر لەمە سەرڕێ بخرێت هەر لەمناڵدانی دایکیدا لەبار دەچێت وەک چۆن ئەزمونی گۆڕان لەبارچوو. 

🔹ئایا تاکە کەس دەتوانێت چاکسازی بکات؟
" شاسوار عەبدولواحید بەنموونە"

چاکسازیی هەمیشە و لە هەمووشوێنێک دەبێت دەلیلیی بن نەوەک عیللەتیی، واتە پشتئەستوور بن بە ئەزموونکردن، ڕەخنەکردن و سەلماندن نەوەک پشتئەستووربن بە کارزیمای کەسی یەکەم یا سەرکردە.  دەلیل سەلماندنی دەوێت لەکاتێکدا عیللەت کەسی خاوەن کاریزمای پێویستە، سەرمایەدار، دیکتاتۆر، یا کەسێکی هەڵقوڵاوی نێو دامەزراوەی سەربازیی دەوێت.
لە قوتابخانە تەسەوفییەکاندایە شێخ یا سەرکردەی تەریقەت ڕۆڵەکەی ڕۆڵێکی عیللەتییە، بەهۆی کاریزمیی خۆی و  کاریگەرییە ڕۆحییەکەیەوە شێخ مورید و دەروێشەکەی دەخاتە نێو داوی خۆیەوە و بە بێ ئەوەی بوارێک بۆ پرسیار و وەهم و گومان بهێڵێتەوە سەراپا ژیان و بیرکردنەوە و جیهانبینیی کەسی سالیک یان مورید دەگۆڕێت.  قاڵیان دەکات بە حاڵ، بە پێچەوانەوە لە قوتابخانە فەلسەفیی و  سیاسیی و فیکرییەکاندا دەلیل ڕۆڵی سەنتەر دەبینێت. کەسی سەرکردە دەبێت توانایی ئەوەی هەبێت بە دەلیل قەناعەت بە شوێنکەوتووەکانی بکات کە دەیەوێت چ گۆڕانکارییەک لە دید و جیهانبینی و ژیانی ئەواندا بخوڵقێنێت و بە ئەزموون ئەمەشیان نیشان بدات. 
گەرهاتوو چاکسازییەک عیللەتی و شەخسپەرەست بوو، ئەوا ناتوانێت پارادایم و تێۆریایەکی پتەو سەرڕێبخات، بەنەمانی کەسی یەکەم هەموو جوڵانەوەکە دەگەڕێتەوە خاڵی سفر و لە باشترین حاڵەتیشدا بەپاساوی مانەوەیەکی لاوازی خۆی دەبێت تەسلیمی "زۆر و زێڕ و تەزویری" ئەو سیستمە ببێتەوە کەسەرەتا دژی دەوەستایەوە.

🔹ئەنجام:
ئەوانەی ئەمڕۆ نیازی جوڵەی نوێیان هەیە نابێت هەڵەی هەشتاساڵی ڕابردوو دوبارە بکەنەوە، نابێت بێ تیۆریا جوڵە بکەن و بیر کردنەوە بکەنە دەرەوەی جوڵانەوەکانیان، جوڵەکانیان دەبێت پشتئەستووربێت بە مەعریفە و دەلیل نەوەک عیلەت و کاریزما و سامان و زەبروزۆر و چاوسوورکروونەوەی کەسی یەکەمی هەڕەمەکە.