سینان ئۆگان هەر دروستکەری پادشا نیییە..

د.ئارام ڕەفعەت

2023-05-18

مەرجی سینان ئۆگان بۆ پشتیوانی ئەردۆغان یان کلیچدار ئۆغڵو ئەوەیە کە هیچ سازشێک بۆ کورد نەکەن. واتە دەنگەکانی دەداتە ئەو لایەنەی کە سیاسەتە فاشیستەکانی ئەو دەرهەق بە کورد قەبوڵ بکات.
کەمال کلیچدارئۆغڵو یەکسەر ئاماژەی دڵی کاتی هەڵبژاردنەکانی گۆڕی بۆ ئاماژەی "دێڵە گورگ" کە هی فاشیستەکانی مەهەپەیە.
بە کردەوەش لە دوو رۆژی رابردوودا، لە دوو وتاری فاشیستانەدا، کلیچدارئۆغڵو هەوڵی داوە، بە ئۆگان بڵێت، ئەو فاشیستەیە کە ئەو دەیخوازێت.
وتاری یەکەمی بە رۆحێکی فاشیستانەوە دژی ئاوارە سوورییەکان و پەنابەرەکان بوو.
وتاری دووەمیشی، بەهەمان رۆحی فاشیانە و نەژادپەرەستانە، دژی کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازەکەی بوو.
بەڵام مەیلی ئۆگان بەلای ئەردۆغان دایە...
تا ئێستا دوو ئاماژە هەن بۆ ئەو مەیلە.
یەکەم ئاماژەی ئەوەبوو کە گوتی هەڵوێستەکانی ئەردۆغانم بەدڵە، بەڵام تاکڕەوییەکەییم بەدڵ نییە. 
هەڵبەت مەبەستی لە هەڵوێستی ئەردۆغانە بەرامبەر کورد.
دووەم ئاماژەشی ئەوەبوو کە گوتی، تا جێگری سەرۆک هەبێت من بۆ وەزیری هەڵبژێرم... 
هەڵبەت دیارە ئەردۆغان سۆزی جێگری سەرۆکی پێداوە و کلیچدار ئۆغڵوش وەزیر. ئەم مەزەندەیە لەوێیوەیە، کە کلیچدارئۆغڵو دوو جێگری بۆ خۆی دیاری کردووە، کە مەنسور یەڤاش و ئەکرەم ئمامئۆغڵون و ناتوانێت دەسبەرداری هیچییشیان بێت.
پێدەچێت ئەو بازەی سینان ئۆگان هەڵی دەدات لەسەر شانی ئەردۆغان بنیشێتەوە. بەتایبەتی لە پرسی کورددا، ئەردۆغان بژاردەی ئۆگانە.
تا ئەو بازە ئەنیشێتەوە، کلیچدارئۆغڵوو هێندە روودەچێتە ناو زەلکاوی فاشیزم، باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆگان تێدەپەڕێنێت.
سینان ئۆگان، کە لە گورگە بۆرەکانە، ئەمجارەیان هەر پادشا دروست ناکات، فاشیزمیش دەخاتە قۆناغێکی مەترسیدارتر.