حیجاب وناحیجاب و هەڵەی کەمەرشکێن!

عومەر عەلی غەفور

2022-09-22

ئێران و تورکیا دوو وڵاتی هاوسنوورن و هەردووکیشیان موسڵماننشین بە دوو سیستم و ئایدیۆلۆژیای حوکمڕانی جیاوازەوە..
لە یەکەمیاندا لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ١٩٧٩ بەپێی یاسا حیجاب واجبە و لادانی سزای هەیە، لە دووەمیاندا لە پاش دەمەزرانی دەوڵەتی عەلمانیی ئەتاتورکەوە تا هەڵگرتنی لە سەردەمی ئەردۆگاندا، بەپێی یاسا بێحیجابی واجب و حیجابکردن سزای هەبوو، بەتایبەت لە ناوەندە رەسمییەکاندا، بینیمان کاتێ ژنە پەرلەمانتاری حزبی فەزیڵە مەروا قاوەقچی لە سەردەمی بولەند ئەجەویددا چووە ناو پەرلەمانی تورکیا، چ هەرایەک بەرپا بوو و بەزۆر کرایە دەرەوە.. کچانی باڵاپۆشی قوتابی ناچار بوون لەبەردەم دەرگای زانکۆدا سەرپۆشەکانیا لاببەن و بیخەنە ناو جانتاکانیان، تا دێنە دەرەوە..

لە یەکەمیاندا هەزاران ئافرەتی ناحیجاب بەزۆر ناچار بە حیجاب دەکرێن، لە دووەمیاندا هەزاران ئافرەتی حیجابدار ناچار بە لابردنی حیجاب دەکران، لە هەردوو بارەکەدا یاسا بەزۆر جۆرە پۆشینێکی بەسەر ئافرەتاندا دەسەپێنێ جیاواز لەوەی باوەڕیان پێیەتی و حەزیان لێیە.. بەڵام ئەم یاسای سەپاندنە هیچ کێشەیەک بۆ ئەوانە درووست ناکا کە خۆیان وەک قەناعەت لەگەڵ سرووشتی یاساکەدان، واتە ئافرەتانی سافیرە لە تورکیای عەلمانی بەو یاسایە هیچ فشارێکیان لەسەر نەبوو، بگرە زۆر ئاسوودە بوون، چونکە لەگەڵ حەز و قەناعەتیاندا دەگونجا، یاساکەیش بێحیجابی نەسەپاندایە ئەوان هەر بێحیجاب دەبوون، یاساکە بۆ ئەو ئافرەتانە کێشە بوو کە حەزیان لە حیجاب بوو..

لە ئێرانیش ئافرەتانی ئاینپەروەر هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یاسای حیجابدا نیە، چونکە ئەوان خۆیان باڵاپوشن،جا یاساکە هەبێ یان نەبێ، لە سەردەمی شایشدا کە هاوشێوەی سیستمە تورکییەکە بوو ئافرەتانی بەحیجاب هەر هەبوو.. تەنانەت د.عەبدولڕەحمان بەدەوی کە لە سەردەمی شادا ماوەیەک لە تاران ژیاوە، لە یاداشتەکانیدا کە خۆم وەرمگێڕاوە دەڵێ راست نیە دەڵێن ئافرەتانی ئێرانی کراوەن، ئەوان موحافیزەکارن.

واتە یاساکە بۆ ئەوانە کێشەیه کە حەزیان لە حیجاب نیە، واتە لە دەرچوونی هەر یاسایەکدا (بەشێک لە خەڵک) نەیارن، نەک هەموو..

من ناڵێم سەپاندن بەهیچ شێوەیەک سەرناگرێ، زۆر یاسا هەن لە وڵاتانی دنیا بە دڵی (بەشێک لە خەڵک) نین و دەیان ساڵ خەڵک ناچار بە پەیڕەویکردنیان بوون، بەشێوەیەک دووای چەند نەوەیەک ئیتر دەقی پێوە دەگرن و رەنگە پاش نەمانی یاسا سەپێنەرەکەیش وا بەئاسانی لەژێر سێبەر و هەژموونی دەرنەچن، بەڵام ئەو شتانەی پەیوەندییان بە ئازادییە کەسییەکانەوە هەیە، زۆرلێکردن تێیاندا زۆر ناقۆڵایە و بەردەوام لەبەردەم تەکانی ناڕەزایی خەڵکدا دەبن، تا سەرەنجام چۆک دادەدەن و ئازادیی ئیرادە سەردەکەوێ، جا بە حیجابکردنی ئازادانە بێ یان حیجابنەکردنی ئازادانە، دەبێ ئەو شتانە بۆ ئیرادەی تاک یان لانیکەم کولتوور و نەریتی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکە بەجێ بهێڵرێ، لە هەندی شوێن سەرپۆش یان جۆرە جلوبەرگێ دەبێتە بەشێک لە نەریت و کولتووری نەتەوە یان خیڵ و ئەندامانی پێیانەوە پابەند دەبن وەک نەریتی نەتەوە یان خیڵ یان بنەماڵە، نەک وەک دینداری..

واتە یاساکە بۆ ئەوانە کێشەیه کە حەزیان لە حیجاب نیە، واتە لە دەرچوونی هەر یاسایەکدا (بەشێک لە خەڵک) نەیارن، نەک هەموو..

 

لە سەرتاسەری کوردستانی گەورە ملیۆنان ئافرەت هەن سەرپۆش بەسەرن بەبێ ئەوەی هیچ یاسایەکی دەوڵەتی ناچاری کردبن، رەنگە ملیۆنانیش هەبن بێحیجاب بن بە پلەی جیاواز و ئەگەر یاسا ناچاریان نەکا حیجاب ناکەن..

واتە ئەوەی دژی سەرپۆشە، بەشێک لە کومەڵگەی کوردییە، بەشێکیشی، کە رەنگە بەشە گەورەکەیشی بێ، دوور لە بڕاری دەوڵەت سەرپۆش بەسەرە، واتە بەلایەوە پیرۆز یان رێزلێگیراوە.
رژێمەکان دێن و دەچن، بەڵام دین هەر دەمێنێ، تەنانەت پاش رووخانی ئەو رژێمانەیش کە خۆیان بە پارێزەر و پەیڕەوکاری دینەکە دادەنا، بڕوانە ئیسلام سیازده سەدە دەسەڵاتی هەبوو، دەوڵەتی لەدەستدا زوو، دەسەڵاتەکەی رووخا و نەما، بەڵام دینەکە بەبێ دەوڵەت و پۆلیسش هەر ماوە و گەورەترین دەسەڵاتی هەیە..
کاتێ حیجاب هێشتا لە تورکیا قەدەغە بوو، یەکێ نووسیبووی، لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ ئافرەتانی حیجاب زیاتر دەبینی تا لە تاران..
هەرکەس دیمەنی شێوەی حیجابی زۆربەی ئافرەتانی تاران ببینێ، کە هەربەحاڵ لەتە قوماشێکیان بە نابەدڵی زەسەریاندا داوە، سەیری بەو نیزامە دێ کە دڵی بەو جۆرە حیجابکردنە خۆشە و پێی وایە شەرعی خوا جێبەجێ دەکا، بەتایبەت کە رەنگە زۆر لەوانە نەک موحافیزەکاریش نەبن بگرە هەڵگری فیکری دژەئاینیش بن.. لەبەرئەوە سەپاندنەکە دینەکە لای خەڵک بێنرخ دەکا نەک بەنرخ، لەکاتێکدا دین خۆی هێندە هێزی زاتیی خۆی هەیە بتوانێ بەبێ زەبری پۆلیسیش زۆر تا کەم حزوری خۆی لە ژیانی خەڵکدا فەرز بکا..

ماوەتەوە بڵێین: ئەگەر حیجابنەویستان مافی خۆیان بێ رێز لە ئیختیاریان بگیرێ و بەزۆر حیجابیان بەسەردا نەسەپێنرێ؛ حیجابویستانیش مافی خۆیانە رێز لە بیڕوباوەڕ و ئیختیاریان لە باڵاپۆشیدا بگیرێ و بەناوی دژایەتیکردنی یاسایەکی رژێمێکەوە، سووکایەتییان پێ نەکرێ.
سووتاندنی سەرپۆش هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە شەڕەکە لە شەڕ دژی رژێمەوە دەکاتە شەڕ دژی دینی خەڵک، واتە تۆ شەڕەکەت لەگەڵ رژێم دەگوێزیتەوە بۆ ناو ماڵەکەی خۆت کاتێ سووکایەتی بە قەناعەت و ئیختیاری بەشێک لە هاوزمان و هاوڵاتییەکانت دەکەیت کە خۆویستانە و وەک دینداری، یان تەنانەت وەک نەریتیش بێ سەرپۆش دەپۆشن..

رژێمەکان دێن و دەچن، بەڵام دین دەمێنێ، گۆڕینی دژایەتیی رژێم بۆ دژایەتیی دین هەڵەیەکی کەمەرشکێنە!!