ئاسایشی ئەلکترۆنی بۆچی گرنگە؟

هەڵۆ ئەبوبەکر

2022-09-29

ئاسایشی ئینتەرنێت گرنگە لەبەرئەوەی هەموو جۆرەکانی داتا و زانیاری لەمەترسی زیان و دزین و دەست پێگەیشتن لەلایەن کەسانی ترەوە دەپارێزێت. بەبێ بوونی پرۆگرامێکی ئاسایشی ئینتەرنێتی تۆکمە و پێویست، ڕێکخرا و دەزگاکەت ناتوانێت خۆی لە خروقات و دزینەکانی داتا بپارێزێت و ئاسایشی دەزگاکەت دەکەوێتە مەترسیەوە و کارەکانت توشی زیانی ماددی و مەعنەوی دەبن.

لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی کەسەرجەم جیهان لەڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندی ئینتەرنێتی و ئەلکترۆنی بەیەکەوە بەستراونەتەوە لەناویشیاندا خزمەتگوزاریەکانی کلاود و ئامازۆن و داتا کەسیەکان و گرنگەکان، مەترسیەکان زیادی کردووە. ڕێکخستنی خراپ و بەربڵاوی خزمەتگوزارییەکانی کلاود و تاوانبارانی ئەلیکترۆنی  تادێت ئاڵۆزتر دەبن، ئەمەش  بەو مانایە دێت کە ڕێکخراوەکەت بەدەست هێرشێکی ئەلیکترۆنی سەرکەوتوو یان پێشێلکردنی زانیارییەکانەوە دەناڵێنێت و مەترسیەکان لە زیادبووندان.

بازرگان و سەرکردە ئابوری و ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکان و دەزگاکانی تری حکومی ناحکومی چیتر ناتوانن بە ڕێگە تەقلیدیەکانی ئاسایشی ئەلکترۆنی ببەستین وەک بەرنامەکانی دژە ڤایرۆس و فایەروۆڵەکان، لەبەرئەوەی تاوانبارە ئەلکترۆنیەکان تادێت زیرەکتر و فێڵبازتر دەبن و تاکتیکەکانیان بەرپەرچی پارێزگاریە تەقلیدیەکانی داتا دەبێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە سەرجەم لایەن و بوارەکانی ئاسایشی ئەلکترۆنی بزانیت و بایەخی پێبدەیت بۆ ئەوەی بەباشی خۆت بپارێزیت.

هەڕەشە ئەلکترۆنیەکان لەهەموو ئاست و لایەنەکانەوە دێن و هەموو ئاستەکانی ڕیکخراوەکەت دەکەنە ئامانج. بۆیە دەبێت سەرجەم ستافی کارەکەت لە ڕێکخراوەکەتدا لەڕێی ڕاهێنان و کردنەوەی خولی ئاسایشی ئەلکترۆنی هۆشیار بکەیتەوە و ئاستی تێگەیشتنیان بۆ مەسەلەی هەڕەشە ئەلکترۆنیەکان بەرزبکەیتەوە لەوانەش فێڵەکانی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی و فیشینگ و هێرشی ڕانسۆمێر (وەک WannaCry)، یان بەرنامە زیانبەخشەکانی تر کە بۆ دزینی موڵک و ماڵی فیکری یان زانیاری کەسی داڕێژراون.

 بەربڵاوی پێشێلکردنی زانیارییەکان بەو مانایە دێت کە ئاسایشی ئەلیکترۆنی تەنیا پەیوەندی بە پیشەسازییە گەورەو  ڕێکخراوەکانەوە نییە، وەک چاودێری تەندروستی، بەڵكو تەنانەت بزنسە بچووکەکانیش لە مەترسیدان چونکە دەتوانرێن لەڕووی ناوبانگەوە زیانیان پێ بگەیندرێت و جارێکی تر زانیار و داتاکانیان ناتوانن وەرگرنەوە.

هەر بۆیە بۆ ئەوەی بەباشی لە گرنگی ئاسایشی ئەلکترۆنی تێبگەین، دەبێت سەرجەم لایەن و ڕەگەز و توخمەکانی بناسین و ئاگاداری هەموو ئەو تاوانانەنش بین کە کراوان و ئێمە لێی ئاگادارنین، کەواتە گەر تائێستا لە مەترسی و زیان و هەڕەشەکانی هەڕەشەی ئەلکترۆنی نازانیت، لەمەولا دەبێتببێتە بە بەشێک و لایەنێکی گرنگی کارەکەت.

سەرەتا دەبێت بزانین ئاسایشی ئەلکترۆنی چییە

سایبەر سکیوریتی یان ئاسایشی ئەلکترۆنی پرۆسە و حاڵەتێکە کە تیایدا سیستەمی کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و تۆڕکانی ئینتەرنێت و پرۆگرامەکانت لەهەر هێرشێکی ئەلکترۆنی دەپارێزیت. هێرشە ئەلکترۆنیەکان زۆر ئالۆز و زیرەکانە دەکرێن و مەترسی گەورە بۆسەر داتا و زانیاریەکانت دروست دەکەن. هەر جارە و جۆرێک لەڕێگە و شێواز بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خەرقی سیستەمی داتا و زانیاریە کۆمپیوتەرەکانت بکەن و بەمەبەستی مەعنەوی و ماددی بەکاریان بهێنن. لەبەرئەوەی ئێستای جیهان هەمووی پشت بە تەکنەلۆجیای زانیاری و سیستەمی ئینتەرنێتی و کۆپیوتەرەکان دەبەستن، ناتوانیت بێ ڕاهێنان و هۆشیاریەکی باش خۆت لە مەترسیەکانی هێرشی ئەلکترۆنی بپارێزیت. بۆیە بەلانی کەمەوە پێویستە چارەسەری ئاسایشی کلاودی زیرەک شانبەشانی سیاسەتی بەهێزی وشەی نهێنی وەک (multi-factor authentication) جێبەجێ بکرێت بۆ کەمکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە داتاکانت.

مەسەلەکە ئەوەیە بزنسەکەت هەرچەندێک بێت، گەورە یان بچوک، یان تەنانەت گەر تەنها خۆشت بیت ئەوا لەمڕۆی جیهاندا ڕۆژانە پشت بە کۆپیوتەر دەبەستیت و کاری پێدەکەیت. گرنگترین شتیش ئەوەیە کە خاڵی لاواز (vulnerabilities) نەدەیت بەدەستەوە تا کەسێکی تر خەرقی سیستەمی کۆمپیوتەریەکانی باکت و زیانت پێ بگەیەنێت. خاڵە لاوازەکان زۆرن و هەر لەگەڵتدان لەناو کۆمپیوتەر و مۆبایلی زیرەک و سیستەمی ئاسایشی کلاودەکەتدان. ئەم خاڵە لاوازانە دەیەیەک لەمەوبەر بونیان نەبوو، بەڵام لە ئێستادا زۆرن و دەبێت ئاگاداریان بیت و هۆشیاریت هەبێت بۆیان. 

خاڵە لاوازەکان ئەو خەوشانەن کە دەتوانرێن لەلایەن تاوانبارانی ئەلکترۆنیەوە بقۆزرێنەوە تا بە داتاکانی ناو سیستەمە کۆمپیوتەریەکەت بگەن. پاش ئەوەی کە خاڵی لاوازی زانی، هێرشبەرەکان کۆدێکی زیانبەخش دەنێرن و دەتوانن بەرنامەی زیانبەخش دابنێن و تەنانەت زانیاری هەستیاریش بدزن. بەچەندین ڕێگە ئەو خاڵە لاوازانە دەتوانرێت بقۆزرێنەوە لەڕێگەی بۆ نمونە وەک (SQL injection, buffer overflows, cross-site scripting (XSS), and open-source exploit kits) کە بەدوای لاوازییە ناسراوەکان و لاوازییە ئاسایشییەکان لە بەرنامەکانی وێبدا دەگەڕێن.

زۆر لەم لاوازیانە کار دەکەنە سەر پرۆگرامەکانی سۆفتوێر و زۆربەی بەکارهێنەرانیان توشی مەترسی دەستگەیشتن بە داتاکانیان دەکەنەوە، بۆ نمونە وەک (zero-day exploits).

بەڵام چی وا دەکات لاوازی هەبێت؟

لاوازیەکان زۆر شت دەگرنەوە بۆ نمونە وشەی تێپەڕی لاواز، زۆر مانەوە لە پەیوەندیدا، بەشێوەیەک تا زۆر بمێنیتەوە مەترسی زیاتر دەبێت، یان ئالۆزی و کۆدی بەرنامەکان. هەروەها هەڵە لە ئۆپەرەیتین سیستەمەکاندا، لەهەموو مەترسیدارتریش بونی کەسێکە لەناو ئەو ڕێکخراوە کە هەڵدەستێت بە دزینی شتەکان.

ڕێگەکان زۆرن بۆ ئیدارەدان و زاڵبون بەسەر لاوازی و مەترسیەکاندا، بۆیە باشترین چارەسەر ڕاهێنان و شارەزابونە لەو ڕیگەیانە لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی ستافەوە.