برای هێژا مامۆستا عەلی پەرلەمان بۆی گێڕامەوە:
لە گوندەكەماندا پیاوێكی بەڕێز هەبوو، ناوی حاجی عەزیز بوو. لەدوا ساڵەكانی تەمەنیدا، رووناكی هەردوو چاوی لە دەستدا. خەڵكی دێ پێیان دەگوت: حاجی گیان گۆچانێك بە دەستەوە بگرە، یان مناڵێك با دەستت بگرێت، دیارە چاوت كز بووە و بەرپێی خۆت باش نابینیت، ئەو دەیگوت: بێقەزا بیت ! چاوم هیچ عەیبی نییە!
ئەوەندەی نەدەما خۆی بە دیوارێك دا بكێشیت، دەمانگوت: حاجی ئاگاداری ئەو دیوارە بە، دەیگوت: دەزانم خۆ كوێر نیم !
رۆژێكیان حاجی عەزیز بە تەپە تەپ
دەركەوت، ئێمە چاڵێكمان بینی و دەمانزانی، حاجی تێدەكەوێت. بڕیارمان دا، ئەمجارەیان ئاگاداری نەكەینەوە . ئەو رێك بۆ ناو چاڵكە سەرەنگرێ بوو، گوتمان حاجی دارێك، گۆچانێك، دەستێك دەتپارێزێت لە تێكەوتن، حاجی بەو وەزعەش هەر دانی پێدا نەنا و هەر دەیگوت: دەزانم ! دەزانم !چاوم باش دەبینێت ! )
یەك ساڵی رەبەقە زۆربەی ئەوانەی ناویان لێنراوە: ”سەركردایەتی ” دەڵێن : ( ..یەكێتی یەك كاندیدی هەیە ! ) تا رۆژی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ، یەكێتی تەنیا یەك كاندیدی هەبوو . پاش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ د. لەتیف رەشید . هەر ئەو كەسانەی لە سەر تاكە یەك كاندید زۆر سووربوون، هەر زۆر بە پەلە ، بەلای د.لەتیف رەشید بایاندایەوە ، گوایە : گرنگ ئەوەیە كاندیدێكیتری یەكێتی دەرچووە .
هەر بەڕاستی حەز ناكەم ! سەرجەمی چیرۆكی پێش
رۆژی دەنگدان بنووسم : بۆ دوا ئەنجام بەو شێوەیە دەرچوو ؟
( بە وردی راستییەكان دەزانم ، بەڵام بۆ من جوان نییە ، چی رووی داوە وەكو خۆی بینووسمەوە ..!)
من لە ناخەوە هەموو ئەو پۆست وكۆمێنتە
ساردوسڕانم پێ ناخۆشە، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، بە نەرێنی بەرانبەر د .بەرهەم بڵاودەكرێنەوە . دەستاودەستكردنی دەسەڵات ، هەروا بووە و هەروا دەبێت . عەیبەیەكی گەورەیە قسە بە كەسێك بكرێت ، هەر لە بەر ئەوەی دەنگی پێویستی وەدەستنەنەهێنابێت .
من دەمەوێت ، بە راشكاوانە بە پاژێك لە سەركردایەتی یەكێتی بڵێم : دەبوایە : هەر لە سەرەتاوە خوێندنەوەتان بۆ
رووداوەكان هەبوایە !
دەزانن خوێندنەوە چەند گرنگە ؟
لە ئۆروپا و ئەمریكا دامزراوەی گەورەی خوێندنەوە هەیە ! دەیان پسپۆری گەورە لەو دامەزراوەیە كاردەكەن و ئەنجامی كارەكانیان رادەستی حزب و حكومەت دەكەن. ... بە گوێرەی ئەو خوێندنەوەیە ئەوان بڕیارەكانیان دادەڕێژن .
پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە: دەتانزانی د.بەرهەم دەردەچێت یان دڵنیابوون ، كە بە هیچ شێوەیەك
دەرناچێت؟
ئەگەر دەتانزانی چانسی دەرچوونی باش نییە، بەرژەوەندی خۆتان و دڵسۆزی ئەوە بوو ، بەڕاشكاوانە راستییەكانی پێ بگوترایە ... كاكە بۆ كەسایەتی خۆت و پلە و پێگەت جوان نییە ، دەنگی پێویست نەهێنیت ..
سەدی سەد لە دڵنیابوون لە دەرچوونی ، بە گوێرەی حیساب و كیتابی خۆتان ، ئەوە دیارە لە خوێندنەوەی رووداوەكان دا ، بە گوێرەی پێویست ، ورد نەبوون .
سیاسەت بە مەنتیقی عینادی و ئینكاری ناكرێت..
سیاسەت زانستە واتە : دەبێ بە شێوەی مەنتیق و عەقلانی حیساب و كیتابی خۆت بكەیت ، ئەگینا سەركەوتوو نابیت ...
هیوادارم سەركردایەتی یەكێتی ، لە بری سووربوون لەسەر هەنگاوی هەڵە ، بە خۆی دا بچێتەوە.. هەرچەند دڵنیام زۆر كەس ، بەدەست خۆی نییە ، تا زیانێكی قورس بە خۆی نەگەێنێت ، ناتوانێت بە هەڵەكانی خۆی دا بچێتەوە....