بۆچی کوڕە بەرپرسەکان بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بۆ چەک دەبەن؟

شنە بەرزنجی

2022-10-31

کاردانەوەی کوڕە بەرپرسەکان لەماوەی ڕابردوودا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان و پەنابردنیان بۆ چەک دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پەروەردەیەکی باشی خێزانیان نەبینیوە، ئاخر چۆن دەکرێت بە جۆرێکی گوندە ئاسا و بە بەرچاوی خەڵک و لە شوێنە گشتیەکان هەر ڕۆژە و گوێبیستی هەواڵی دڵتەزێنی برینداربوون یان کوشتنی گەنجێکی خێرلەخۆنەدیوی ئەم کوردستانەبین هەرجارە و بە دەستی کوڕی یەکێک لە بەرپرسە حزبی و حکومیەکان، دواجاریش سوڵحی دیوەخانەکان جێگەی یاسا دەگرێتەوە، بەمەش یاسا نەک سەروەرنابێت بەڵکو دەخرێتە ژێر پێوە.

کێشەی کۆمەڵایەتی دیاردەیەکی نائاسایی و بەردەوامی نێوکۆمەڵگاکانە لەبری یەکلاکردنەوەیان بە چەک و توندوتیژی، ڕێکاری یاسایی و هێمنی بۆ چارەسەرکردنیان بگرنەبەر، کاتێک چەک و توندوتیژی دێتە باس هێندەیتر کێشەکە قورستر و قوڵتردەکات زۆرجار قوربانی و ژیان ئاوایی بەدوادادێت، بۆئەوەی دیاردەی پەنابردن بۆ چەک لەم کوردستانە کەمکرێتەوە پێویستە دایک و باوک هەروەها حکومەت چەند هەنگاوێک بەدژی بگرنەبەر لەوانە: دەبێت دایک و باوک باشتر منداڵەکانیان پەروەردەبکەن بۆ ئەوەی لە کێشەکۆمەڵایەتیەکان چەک نەکەنە هێڵی یەکلاکەرەوە و دوورکەونەوە لە هەر توندوتیژیەک کە ڕەنگە هاوشێوەی ڕووداوەکانی پێشوو قوربانی لێبکەوێتەوە، هەروەها دەبێتە دروستبونی ئاڵۆزی و کار لە هێمنی ئاسایشی هاوڵاتیان و شاردەکات هۆکارێکیش دەبێت بۆ ترساندنی ڕایگشتی و ناجێگیری دەرونی لێدەکەوێتەوە و وادەکات سەروماڵی هاوڵاتیانیش پارێزراونەبێت.

لەلایەکیترەوە دەبێت حکومەت بەجدی هەوڵی بنبڕکردنی دیاردەی چەکداری بدات، سزای قورس بۆ ئەنجامدەرانی دانێت، ڕێگربێت لە چارەسەری عەشایەری چارەسەرە یاساییەکان ڕۆڵی خۆی وەربگرێت، هاوکات خاڵی جەوهەریش بۆ کەمکردنەوەی ئەم کارەساتانە پێویستە سەرۆک و بڕیاردەری حزبەکان هەر کوڕە بەرپرسێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی پەنای بۆ چەک برد خۆی و باوکی لە بەرپرسیارێتی دوورخەنەوە گەر لە هەر پلەوپۆستێکدابێت، گەرنا هاوشێوەی ڕابردوو کارەساتەکە بەردەوام دەبێت و تادێت زیاتردەبێت.

لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم بەشێکی زۆری خەتاکە لەخودی کوڕی بەرپرسەکە نیە و زیاتر خەتاکە لە ئەستۆی دایک و باوکی و دەوروبەرەکەیەتی، بەهۆی ئەو سیاسەتە چەوتەی لە هەرێمی کوردستاندا برەوی پێدەدرێت کە ژمارەیەک لە دایک و باوکە بەرپرسەکان پەروەردەی باشی نەوەکانیان ناکەن، هەروەها مامەڵەی دەوروبەر کە وەکو خزمەتکاری کوڕەبەرپرسەکان تەعامولیان لەگەڵ دەکەن ئەمەش لە بیر و زەینی کوڕە بەرپرسەکەدا چەکەرەدەکات کە تەواوی خەڵک دەبێت لەخزمەتیابن و کەس قسە لە قسەیاندا نەکات، هەروەها پاڵپشت بە دەسەڵاتەکانی باوکیشی ڕووبەڕووی سزای یاسایی نابێتەوە و لەبری دادگا دیوەخان چارەسەری کێشەکەی بۆدەکەن.

ئیدی دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی پەروەردەی (خێزانی- حزبی- سەروەربونی یاسا) لە چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کارەساتانەدا دەوری باش لە کەمکردنەوەیان دەبینن.