ئایا لە هەرێمی کوردستان ڕای گشتی دروستبووە ؟!

محمد خۆشناو

2023-07-22

ڕای گشتی بریتیە لە پێکهێنانی بیرۆکە یان حوکمدان لەسەر باباتێک یان کەسێک ، هەروەها کۆمەڵێک لە بیروباوەڕ دەگرێتەوە کە قابیلی گفتووگۆن بۆ ئەوەی بزانرێت ڕاستە یان هەڵەیە و ، هەروەها پەیوەستیشە بە ئەندامان لە کۆمەڵ و گروپەکان یان میللەتێک کە بەشدارن لە ڕەئی وێڕای جیاوازی چینایەتی یان کلتووری یان کۆمەڵایەتی ، ڕای گشتی جیایە لەگەڵ ڕای تایبەت کە ئاماژەیە بەکاروباری کەسی کە پەیوەستە بە تاکەکەس ، کەواتە ڕای گشتی گوزارشتێکی ئاشکرا و ڕوونە کە ڕەنگدانەوەی بۆچوونی زۆرینەی کۆمەڵە بەرانبەر کێشەیەکی دیاریکراو و لەکاتێکی دیاریکراودا.
ڕەئی یان بۆچوون یان دیدگا بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی مرۆڤ ، منداڵی چوار یان پێنج ساڵان ڕەئی خۆی هەیە ، ئەگەر ڕێزی ڕەئیەکەی نەگری تووڕە دەبێت ، هەتا لەناو ئاژەڵانیش ئەو شتە هەیە ، سەرۆکی مەیمونان ، ئەگەر بینی وا مەیمونێکی غەریب  بێئاگادارکردنەوە دێتە مەملەکەتەکەی ، ڕەئیەکی تری دەبێت و ، بەهەموو دڕندییەوە  هێرشی دەکاتە سەری ، زانینی ڕای گشتی بۆ وڵاتان و دەسەڵاتداران گەورەترین بایەخی هەیە ، دەتوانین بڵێین کە ئەو وڵاتانەی ڕای گشتی یان مەزاجی گشتی کۆمەڵگەکەیان دەزانن و کۆنتڕۆلی دەکەن ، ئەمە ئەو وڵاتانەن کە پاریزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکات و گەلەکەی دەناسێت کە چی دەوێت و چی ناوێت…ئەمە یەکەمین هەنگاوە بەرەو ڕێگای بەختەوەری ، ئەوڕۆ  وڵاتان ملیارەها دۆلار خەرج دەکەن بۆ زانینی ڕا و بۆچوونی خەڵکی و ، ئەمە سندوقی دەنگدانە کە ڕێگەیان پێدەدات کە گوزارشت لە ڕای خۆی بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەکانیان .
زانا و فەیلەسوفی مەزن «دیکارت» دەڵێت 🙁 من بیر دەکەمەوە ، کەواتە من هەم ) بەمانایەکی تر( من خاوەن ڕەئیم ، کەواتە من هەم ) لەبەر ئەوەی بیر بکاتەوە کەواتە خاوەن ڕەئیە و ، ئەگەر بیر نەمێنێت مانای ڕاوەستانی مێشکە لەکاردا دواجار واتە مردن .
ڕاوەرگرتنی گشتی یان ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان پێنەگەیشتووە و تووشی دەیان نەخۆشیش بووە ، بەو پێنەگەیشتنەشی پەرشوبڵاو و لێکترازاوە کە زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەو دابەشبوونەی ئەو گەلەیە کە حزبەکان سەبەبکارن ، نەخۆشیەکی تری دەڵەمەی ڕای گشتی ئەوەیە کە ئەم چەمکە لەکن ئێمە نامۆیە چونکە داهێنانێکی ڕۆژئاواییە و غەریبە بە کلتوورمان و کاڵایەکی هاوردەکراوە و ، ئەمە لەباوەشی دیموکاسیەت نەشونومای کردووە کە بڕوای بە یەکسانیە و ، بڕوای بەوە هەیە کە تاکەکەس لەسەروی کۆمەڵە ، بەڵام لەکن ئێمە پێچەوانەیە کۆمەڵ لەسەروی تاکەکەسە و ، یەکسانیش لەنێوان کەسەکاندا نیە ، ڕای گشتی یان وەرگرتنی ڕای گشتی لەو ئیمانەوە هاتووە کە تاکەکانی کۆمەڵگا « گەل» ئەوە ئەوانن ڕەسمی سیاسەتی وڵاتەکە دەکەن بە هەلبژاردنی نوێنەری حزبەکان و جێبەجێکردنی داواکاری دەنگدەران ، بەڵام لەکن ئێمە ڕای گشتی میوەیەکی هاوردەکراوە نرخەکەی گەلێک زۆرە و ، بێ ئەویش دەتوانین بژین و ، ڕاوەرگران لە خۆرهەڵات ناتوانن ڕەئی ڕاستەقینەی ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە بەدەست بێنن بەڵکە «وەڵامە پەسندکراوەکانی کۆمەڵایەتی » بەدەست دەهێنن ، ڕای گشتی پێویستی بە لێکۆلەری بەتوانا لە زانستی ئامار و پسپۆر و شارەزایانی نەخشە و پلانی لێکۆلەری ڕای گشتی و شیکردنەوەی ئەنجامەکان هەیە ، ڕاوەرگرتنی گشتی و ڕای گشتی بۆ هەموو کۆمەڵگاکان وێڕای ئاستی هۆشیاری گەلەکەیان  شیاوە و دەبێت ، هەربۆیەش کۆمپانیای فرەڕەگەزەکان ساڵانە بەسەرکەوتوویی ملیارەها دوڵار خەرج دەکەن بۆ ڕاوەرگرتنی گشتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ، ئەمەش بەیارمەتی کۆمپانیای پیشەگەریی ڕاوەرگرتنی گشتی ، چارەسەری نەخۆشی دەروونی لەسەر ئاستی هۆشیاریەکەی ڕاناوەستێت ، بەڵکە لەسەر پێشکەوتنی زانست و لێهاتوویی پزیشکەکە دەوەستێت ، هۆشیاری گەل مەرجێک نیە بۆ وەرگرتنی ڕەئیەکەی ، بەڵکە هۆشیاری تایبەتمەندان « المتخصصين» لە ڕاوەرگرتن بریتیە لە یەکێک لەو مەرجانەی کە دەبیتە مایەی بەرەوپێشبردنی هەموو کۆمەڵگا ، کە بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردستان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە تەیبەتمەندانی ڕاوەرگرتنمان هەبێت ؟!
نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە ڕاگەیاندن بە هەموو ئامرازەکانیەوە کاریگەری لەسەر ڕای گشتی هەیە و ئامرازێکی کاریگەریشە بۆ دروستکردنی ڕای گشتی ، ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگە هۆشیار و ڕۆشنبیرەکاندا چیرۆکی سەرکەوتن دەخاتەڕوو و بۆ ڕای گشتی دەگوازێتەوە ، بەڵام لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانی  وەک ئێمە ، تۆ دەتوانیت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە گەمە بە هەستوسۆزیان بکەیت ، ئێمە پێویستیمان بە بەردەوام زانینی ڕاستەقینەی ڕای گشتی هەیە ، هەڵەیە گەر بڵێین سۆشیالمیدیا بۆتە بەدیلی ئەوەی کە لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی چ دەگوزەرێت و ببێتە پێوەرێکی قبولکراو بۆ زانینی پلەی ڕازیبوون یان ڕەتکردنەوە یان پێوانی ڕای گشتیی ، لەوێ هەموو بەشدارن بە ڕەئی خۆی و ، هەمووش دەیانەوێت باری سەرنج بۆ ئەو ڕەئیە ڕاکێشن ، بەداخەوە وای لێهاتووە هەموو « ترند» ێک ببێتە ڕای گشتی و ، ئەوەی زیاتر جێی داخە هەندێک لایەن بەدوای ئەو ڕەئیە دەڕۆن بەو پێیەی کە ئەمە ڕای گشتیە  ، کەس وکو ڕۆمانووس و فەیلەسوفی  ئیتالی «ئۆمبییرتۆ ئیکۆ » وا جوان و واقيعی وەسفی بەشدارانی سۆشیالمیدیای نەکردووە کە دەڵێت « پێگەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕێگەی بە لەشکرێک لە گێلەکان داوە ، ئەوانەی تەنها لە باڕەکان دوای خواردنەوەی مەی قسەدەکەن بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان بە کۆمەڵگە بگەیەنن ، بەڵام ئێستا مافی ئەوەیان هەیە وەکو ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی هەلگرتووە قسەبکەن ، ئەمە هێرشی گەمژەکانە…) ، پێویستیمان بەزۆرێک لە ئارامی هەیە بۆ مامڵەکردن لەگەڵ سۆشیالمیدیا ، ئەوەی لە لەوێ دەگوزەرێت پێوەر نیە بۆ ڕای گشتی ، پێوەرەکانی ڕای گشتی دەبێت بە پێوەری عەقلانی و ڕوونیی و ، لەهەمووشی گرنگتر دەبێت پشت بە شێوازی زانستی نوێ ببەستێت کە بگونجێت لەگەڵ ئەو زەمەنەی ئێستا .